ئایین و ئایینداری لەژیانی مرۆڤایەتیدا
ئایین و ئایینداری لەژیانی مرۆڤایەتیدا
  کامیل مەحمود     2023/02/27     325 جار بینراوە    


بەشى دووەم

ئه‌م پێداویستییه‌ی مرۆڤ بۆ ئایین سه‌رچاوه‌ی له‌پێویستی ئه‌و بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كانییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌درێژایی مێژوو بۆی دروست بووه‌، ژیانی چه‌نده‌ پێش بكه‌وێت و ئه‌زموونی تا كوێ ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت ناتوانێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ به‌عه‌قڵ و زانسته‌كه‌ی خۆی بداته‌وه‌ ته‌نها له‌رێگای وه‌حی و ئایینه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت.

ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ فه‌یله‌سوف و حه‌كیمه‌كانیشی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌و مرۆڤه‌كان به‌گشتی وه‌ڵامی دڵخوازی خۆیان ده‌وێت بریتین له‌: (له‌كوێوه‌؟، بۆ كوێ؟، بۆچی؟).. له‌كوێوه‌ خۆی و ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ به‌رفراوانه‌ په‌یدابوون؟ خۆی دروست بووه‌ یان خوڵقێنه‌رێكی هه‌یه‌، كامه‌یه‌و په‌یوه‌ندی من پێیه‌وه‌ چییه‌؟.

بۆچی مرۆڤ خوڵقێنراوەو عه‌قڵ و ئیدراك و ئیراده‌ی پێ دراوه‌و له‌ئاژه‌ڵ جیاكراوه‌ته‌وه‌؟ ئایا ته‌نها بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ خوڵقاوه‌؟ دوای ئه‌م ژیانه‌و له‌پاش مردن چی هه‌یه‌و چاره‌نووسی مرۆڤ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و ئه‌م ئه‌زموونه‌ كورته‌ كۆتایی وێستگه‌كه‌یه‌ یان دوای ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌ ده‌ره‌نجام دێت و پاداشت و سزایه‌ك له‌ئارادایه‌؟.

پێویستی مرۆڤ به‌ئایین له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ ئەم مرۆڤە پێویستی به‌تێگه‌یشتن و زانیاری هه‌یه‌ له‌سه‌ر خودی خۆی و حه‌قیقه‌تی بوونه‌وه‌ر، پاشان له‌سه‌رووی هه‌موویه‌وه‌ خالق و به‌دیهێنه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مانه‌شی ته‌نها له‌رێگای ئایینه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت و له‌وێوه‌ میتۆدی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ خالق و خۆی و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت، وه‌ڵامی هه‌موو ئایینه‌ راست و ئاسمانییه‌كانیش وه‌ك یه‌ك بوون و ته‌نها لادان و زیاده‌ڕه‌وی و كه‌مڕه‌وی له‌یه‌ك دووریخستوونه‌ته‌وه‌ .

له‌نێوان مرۆڤه‌كانی ئێستاو رابردوودا گۆڕانكارییه‌كی زۆر رووی داوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌رك و هۆشیاری و ئه‌زموونی ژیان، زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ زه‌ق ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌نێوه‌ندی ئه‌م پانتاییه‌ به‌رفراوانانه‌ی گۆڕانكارییه‌كاندا ئایین چۆن ده‌توانێت هه‌مان رۆڵی رابردوو ببینێت و ببێته‌ هه‌مان پێویستی ئه‌مڕۆ و وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه‌؟

ئه‌م روانینه‌ بۆ زه‌مه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئاییندا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ژیانی مرۆڤدا گۆڕاوه‌ په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌ به‌سرووشته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌گۆڕانكارییه‌ مادییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ كشتوكاڵ كه‌ كه‌ناڵی په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌ به‌زه‌وییه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، مرۆڤ هه‌ر مرۆڤه‌و و زه‌وی هه‌ر زه‌وييە، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه‌ ئامڕازی په‌یوه‌ندیكردنه‌كه‌ی نێوان ئه‌و دوانه‌یه‌.

به‌ڵام په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ خالقی خۆیه‌وه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌مرۆڤه‌وه‌ به‌درێژایی مێژوو ئیشكال و گرێی خۆی هه‌بووه‌، ئایین پێویستییه‌كی چه‌سپاوه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ حاڵه‌ته‌ مرۆییانه‌و به‌رده‌وام چاره‌سه‌ره‌ بۆ گشت كێشه‌كانی مرۆڤ. مرۆڤی سه‌رده‌می زه‌ڕه‌و ئه‌تۆم ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌موو پێویستییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌سه‌ر كێشه‌كانیدا زاڵ ببێت و حاڵه‌تێكی ده‌روونیی سه‌قامگیر بۆ خۆی بخوڵقێنێت پێویستی به‌دینداری(تدین) هه‌یه‌و ده‌بێت دین ئاوێته‌ی ژینی بكات، ئایین پێویستییه‌كی سانه‌وی و په‌راوێزیی نییه‌، به‌ڵكو پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌و په‌یوه‌ندی به‌ كرۆك و ماهیه‌تی مرۆڤ و نهێنییه‌كانی بونیه‌وه‌ هه‌یه‌.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure