بایەخی فەتوای دامەزراوە و بەکۆمەڵ بۆ ئەم سەردەمە
بایەخی فەتوای دامەزراوە و بەکۆمەڵ بۆ ئەم سەردەمە
  کامیل مەحمود     2024/11/17     86 جار بینراوە    


کامیل مەحمود

یەکێک لە دیارترین ئەو کێشە و گرفتانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگە موسڵمانەکان بووەتەوە پرسی فەتوا و زۆری سەرچاوەکانی فەتوایە کە بۆ خەڵکی موسڵمان بووەتە مایەی سەرئێشە و سەرلێشێواندن، بەتایبەتی دوای دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسانکاری لە بڵاوبوونەوەی فەتوای جۆراوجۆر لەسەر یەک پرس و ئاریشە.

ئەم دیاردەیە فەوزا و پەرتەوازەیی لەناو کۆمەڵگەدا خوڵقاندووە و میسداقیەتی ڕۆڵی ئایین و زانایانی ئیسلامی خستووەتە ژێر پرسیارەوە، لەکاتێکدا زانایانی ئایینی لە ڕابردوودا سونبولی تەبایی و یەکڕیزیی و فاکتەری چارەسەری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە و وەڵامدەرەوەی بابەتیانە و شەرعی پرسیارە شەرعی و ئایینیەکانی خەڵک بەشێوەیەکی دڵنیاکەرەوە بوون.

فەوزای فەتوا و دەخالەتی زۆر کەسی ناپسپۆڕ و نەشارەزا لە هەندێ بابەت و پرسی ئایینیدا حاڵەتێکی‌ دەروونی ناسەقامگیری بۆ خەڵک دروستکردووە، کە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارێک موفتییەکانی سەردەم چەندین پرس و پرسیاریتریان بۆ دەخوڵقێنن و لەناو حاڵەتێکی دەروونی نائاساییدا نغرۆی گومان و دوودڵییان دەکەن.

کۆمەڵگەی ئێمە بارگاوییە بە ئایین و دیاردەی پابەندی ئایینی، بواری فەتواش کایەیەکی هەستیارە کە زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگە بەهەند وەریدەگرێت و لە ژیانی تاکەکاندا کاریگەری بەرچاوی دەبێت، تەنانەت زۆربەی ئەوانەش کە لە ئەنجامدانی پەرستشەکاندا پابەندیی تەواویان نییە، لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و خانەوادەییاندا فەتوا و گوتاری ئایینی کاریگەری لەسەر ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە.

بۆیە ئەم کایە گرنگەی کە پەیوەستە بە ئایین و بزووتنەوەی ژیانی کۆمەڵگەوە دەبێت بەئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تێکەڵ بە ویست مەرام و بەرژەوەندی هیچ کەس و چین و گرووپ و دەسەڵاتێک نەکرێت و بە پێوەر و پرانسیبی شەرعی و ئوصولی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

فەتوا کارێکی سادە و ئاسایی نییە کە تەنها دەربڕینی بیروڕایەک بێت لەسەر پرس و بابەتێکی شەرعی، بەڵکو ئەو کارە بەرپرسیاریەتییەکی گەورە و هەستیارە، چونکە کاریگەریی و دەرەنجامی مەیدانی لێ دەکەوێتەوە لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە، مامەڵەی نابەرپرسانە لەگەڵ ئەم کایە ئاینییەدا، یان ئەدای فەتوا لەلایەن کەسانی ناپسپۆڕ و نەشارەزا فەوزا و پشێوی لەناو کۆمەڵگەدە دەخوڵقێنێت.

هەر بەهۆی ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییە گرنگەی فەتوای ئاینییەوە لەسەر تاک و کۆمەڵگە و دەوڵەت، لەهەموو کاتێکدا ئەم فەتوایە ڕۆڵەکەی دوو سەرەیە، دەکرێ ئاگرێکی فیتنە و ئاشوب بکوژێنێتەوە، دەشتوانێت ئاژاوە و فیتنەیەک بخوڵقێنێت، ئەگەر لە کەسانی زانا و بە ئەزموونەوە سەرچاوەی نەگرتبێت.

لە حاڵەتی مامەڵەی ناروست و ئەداکردنی فەتوا لەلایەن کەسانی نەشارەزا و بێ ئاگا لە ئوصوڵ و مەقاصاید و نەخوێندنەوەی پێوەرەکانی خۆلادان لە (مەفاسید) و گەیشتن بە سوود(مەنافیع)، لەوانەیە فەتوایەکی هەڵە وڵاتێک  وێران و پڕ لە ئاژاوە بکات، بۆیە قورئانۍ پیرۆزیش ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە مرۆڤ نابێت بە نەزانی و نە شارەزایی حوکم بدات( وَلاَ تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولـئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً) الٳسراء:۳٦.

بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بێ بایەخکردنی فەتوا و خوڵقاندنی فەوزایە لەناو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا کە کاریگەری فەتوا و حوکمە شەرعییەکان لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی هەیە، ئەم کاریگەرییە لەگەڵ فرەفەتوایی و جورئەتی فەتوادان لەلایەن کەسانێکەوە کە زۆربەیان شارەزا و پسپۆڕی ئەو بوارە نین جۆرێک لە ناسەقامگیری دەروونی بۆ خەڵک دروستکردووە، کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت شوێنەواری زۆر خراپ لەسەر ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵایەتیش دروست دەکات.

گونجاوترین چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بەفەوزای فرەفەتوایی بریتییە لە وەرگرتنەوەی ئەو مافە لە کەسانی نا ئەهل و کاراکتەرەکانی ناو سۆشیالمیدیا و ڕێکخستنەوەی کایەی ئایینی فەتوا لەچوارچێوەی دامەزراوەیەکی زانستی و پیشەییدا کە ببێتە مەرجەع بۆ بەیانکردنی حوکمی شەرعی لەسەر پرس و پێشهاتەکان و وەڵامی شەرعی هاووڵاتیان.

ئەم دامەزراوەیە بەهەر شێوازێک پێکبهێنرێت کێشە نییە، گرنگ ئەوەیە بابەتەکە لەکاری تاکەکەسی و هەرکەس بۆ خۆیەوە بکرێتە کارێکی بە کۆمەڵی ڕێکخراو کە دڵنیایی بۆ هاوڵاتی مسوڵمان بگێڕێتەوە و لەکۆتاییدا دەروونی ئاسوودە و دڵنیابێت بەو وەڵامە شەرعیانەی لە دەزگا ئاینییەکەی فەتوا و حوکمی‌ شەرعی وڵاتەوە دەردەچێت.

کاری بەکۆمەڵ و دامەزراوەیی لە بواری فەتوادا بەو واتایە نییە کە فەتوای تاکەکەسی شەرعیی نییە و زانایان بۆیان نییە‌ لە هیچ حاڵەتێکدا دەست لە فەتوا وەربدەن، نەخێر، بنەمای ڕەوایەتی فەتوا زانست و زانیارییە و زانستی شەرعی و ئایینی لای هەرکەس هەبێت مافی فەتوادانی هەیە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ پێویستمان بەڕێکخستنەوەی پرۆسەکەیە لەچوارچێوەیەکی ڕێکخراوی هاوچەرخدا لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە:

یەکەم: لەسەر ئاستی تاک متمانە بە فەتوا و کاری زانستی زانایان دروست دەبێت کاتێک فەتوا بەشێوەیەکی‌ دروست دێتە بەردەستی و سەقامگیری دەروونیی بۆ دەگەڕێتەوە. تاکیش یەکەی یەکەمی کۆمەڵگەیە و یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵگەش مەبەست و ئامانجی ئیسلامە، بۆیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی موسڵمانیش سەقامگیری تاکەکان دەبێتە گرنتی بۆ تەبایی و یەکڕیزی کۆمەڵگەش، بۆ ئێستا کە کۆمەڵگە ڕووبەڕووی گرفتی زۆری سەرچاوەکانی فەتوا بووەتەوە و فەوزای خوڵقاندووە، ناچاری ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت کە پرۆسەی فەتوا لە کاری تاکەکەسییەوە بگۆڕین بۆ کاری بەکۆمەڵ و دامەزراوەیی، لەسەر ئاستی دەوڵەتیش کاتێک کۆمەڵگە بە بایەخەوە فەتوای لێوەردەگرێت، ئەویش ناچار دەبێت وەک مەرجەعی ئایینی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بکات.

دووەم: سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی کاری دامەزراوەیی خاوەن میتۆد و دیسپلینە و سەردەمی کاری تاکەکەسی لە بوارە گرنگ و هەستیارەکاندا کە پەیوەندیان بەکاروباری گشتی کۆمەڵگەوە هەیە هەموو گرفتێک چارەسەر ناکات.

 سێیەم: عەقڵی دەستەجەمعی سەرکەوتووترە لە کردنەوەی گرێ کوێرەکان و چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە، ئەم جۆرانە لە کاری دامەزراوەیی زیاتر لە هەڵە و کاری تاکڕەوی پارێزراو دەبێت و کەسە تایبەتمەندەکان تیایاندا لەسەر بنەمای پسپۆڕیی و پیشەیی کارەکەیان ئەدا دەکەن.

چوارەم: لەبەرئەوەی حوکمە شەرعییەکان و پرۆسەی فەتوادان لەسەر کێشەکانی ژیانی کۆمەڵگە فرەڕەهەندن و ئوصولی گەیشتن بە حوکمی شەرعیش تێگەیشتنی دروست و بابەتی دەوێت لە واقیعی کۆمەڵگە و سروشتی کێشەکان، دەکرێت سوود لە پسپۆڕییە زانستییەکانی دەرەوەی زانستە شەرعییە باوەکانیش وەربگیرێت و کەسانی پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی و زانستە هاوچەرخەکانی تر وەربگیرێت و لەناو دامەزراوەی فەتوای وڵاتدا ڕۆڵێکی یارمەتیدەریان پێ بدرێت وەک ڕاوێژکاری تایبەت.

بێگومان فیقهی ئیسلامی زیندوێتی و جووڵەیەکی بەردەوامی تیایە کە لە هەموو سەردەمێکدا بە کەرەستە و ئالییەتی خۆی وەڵامی هەموو پرس و پێشهاتە نوێیەکان دەداتەوە و کۆی ئەو وەڵامانە کە فەتوا و ئیجتیهادی زانایانە سەرمایەیەکی گەورەی فیقهیی بۆ مسوڵمانان بەرهەمهێناوە، بەردەوامیش ئەم فیقهە جوڵاوە لەگەڵ جووڵەی کات و تایبەتمەندی شوێن و ژینگەدا لەگەڵ بزووتنەوەی ژیانی کۆمەڵگەدا ڕێ دەکات.

ئەم بزاوتە فیقهییە بەرهەمی دەرک و عەقڵی زانستی و ئوصولی فەقیهەکانە و پڕە لە جەدەلی زانستییانەی بەڵگەکاری، فەتوا و ئیجتیهادەکان پرۆسەیەکی گونجێنەر نەبووە لەگەڵ دۆخە تایبەتەکان و بەرژەوەندی کەس ولایەن و دەسەڵاتەکاندا.

موفتی و موجتەهیدەکانی سەردەمی زێڕینی ئیسلامیش هەریەکە بۆ خۆیان مەوسوعەیەکی هەمەچەشنی زانستی و مەعریفی بوون و لەیەک کاتدا لە چەندین بواری مەعریفیدا ئەسپی خۆیان تاوداوە، واتە هەریەکەیان ڕۆڵی دامەزراوەیەکیان بینیوە بە حوکمی فرە پسپۆڕیان لە چەندین بواردا، کە ئێستا چەندین کەسی پێویستە.

بۆ ئەم سەردەمە کە پسپۆڕییەکان جیاکراونەتەوە و زانای مەوسوعی وەک ئەوانەی پێشینمان نییە، پێویستمان زیاتر بە کۆدەنگی و هەماهەنگی زانایانە بۆ ئەدای فەتوا و هەڵێنجانی حوکمی شەرعی بۆ پێشهاتە نوێیەکان، ئەم پرۆسەیەش بە کۆبوونەوەی زانایانی پسپۆڕ و شارەزا لەگەڵ یەکتر و پرس و ڕاوێژ و گفتوگۆی زانستی ئەنجام دەدرێت، کۆبوونەوەی ئەم زانایانەش بەپێی بەرنامە و پلانی زانستی و بۆ تاوتوێی باس و پرسە نوێیەکان لەچوارچێوەی هەیئە و دامەزراوەیەکی ئایینی گەورەدا گرفتی فەوزای فرەفەتوایی و دەستوەردانی نەشارەزایانە لە فەتوای شەرعی تاڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەکات.

یەکەمین جار هاوەڵانی پێغەمبەر(د.خ) فەتوای بەکۆمەڵیان مومارەسە کرد، خەلیفەکانی ڕاشیدین کە پرس و پێشهاتێک ڕوویدەدا و حوکمی شەرعی دەویست بۆ مامەڵە لەگەڵیدا، زانا و شەرعزانەکانیان کۆدەکردە و پرس و ڕاوێژیان پێ دەکردن و گفتوگۆیەکی زانستییان بۆ ڕێکدەخستن هەتا دەگەیشتن بە حوکم و فەتوایەکی شەرعی، دنیای ئەو سەردەمە وەک ئەمڕۆ ئاشنا نەبوون بە بنیاتنانی دامەزراوەی زانستی و پیشەیی تایبەتمەند، بەڵام مەبدەئی شورا و پرس و ڕاوێژی دەسەڵات لەگەڵ کۆدەنگی زانایان و ئەهلی فەتوا تاڕادەیەک ئەو ڕۆڵەی بۆ دەگێڕان کە ئەمڕۆ هەیئە و لیژنە تایبەتەکان و دامەزراوەکان دەیبینن.

بۆ ئەمڕۆی وڵاتانی ئیسلامی و بەتایبەتیش هەرێمی کوردستان پێویستی زۆرمان بەکاری دامەزراوەیی هەیە لەسەر هەموو ئاستەکان و بۆ تێکڕای کاروبارە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگە، بەتایبەتی لەمەڕ کایەی ئایینی پرسی فەتوا و لیژنە و دەستە و دامەزراوەکانی فەتوا وەک پێویست نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی پرسیارە شەرعییەکانی خەڵک بن، بۆیە لە دەرەوەی ئەوانەوە هەریەکە و بەجۆرێک فەتوا لەسەر پرس و بابەتێک دەدات و فرەفەتوایی بووەتە یەکێک لەگرفتەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێمەش.

دەبێت بایەخێکی زۆر بە بابەتی فەتوا بدرێت و لەچوارچێوەیەکدا ڕێکبخرێت کە جێگای متمانەی خەڵک بێت و ئەو فەراغەش پڕ بکاتەوە کە کەسانێکی نەشارەزا وەک موفتی جووڵەی خۆیانی تیادا دەکەن.

بەوپێیەی فەتوا و هەڵێنجانی حوکمی شەرعی لەناو دەق و سەرچاوەکانی ئاییندا بابەتێکی زانستییە، دەبێت بەمیکانیزمی زانستی و کەرەستەی مەعریفی پێویست کاری لەسەر بکرێت، فەتوای سەرپێیی و دابڕاو لە بنەما و پێوەری زانستی و ئوصولی خۆی خەڵک و کۆمەڵگە بەهەڵەدا دەبات، زۆرجار ئەو فەتوایانەش لەگەڵ مەقاصیدی شەرع و شەریعەتدا ناتەبایە، بۆیە لەم ڕووەشەوە دەبێت دەرەنجامی فەتواکان لەسەر بنەمای توێژینەوە و میتۆدی زانستی بێت و هەموو ڕەهەندەکانی ئەو پرسەی که حوکم و فەتوای شەرعی دەخوازێت بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی وردەوە هەتا دەگاتە هەڵێنجانی حوکمی شەرعی دروست، ئەمەش لە ئەمڕۆدا بەدام و دەزگای زانستی و دامەزراوە زانستییەکانی فەتوا دەکرێت کە هاوکاری هەر زانا و شارەزایەک بکەن وەڵامی شەرعی بۆ پرس و پرسیارێکی خەڵک ئامادە دەکات.

بەدامەزراوەییکردنی کردەی فەتوادان و سوودوەرگرتن لە توانا و پسپۆڕی زانایان لەچوارچێوەی دامەزراوە و هەیئەتێکی پیشەیی و زانستیدا بۆئەوەیە ئەم دامەزراوە ئایینیە ڕۆڵی مەرجەع و سەرچاوەی فەتوا و ڕێنموونی ئایینی ببینێت بۆ خەڵک و کۆمەڵگە، بۆیە بۆئەوەی ئەم ئامانجەی خۆی بپێکێت و جێگای متمانەی خەڵکی موسڵمان بێت، پێویستە دامەزراوە ئاینییەکە ئەم تایبەتمەندییانەی تیادابێت:

یەکەم: پێویستە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن بێت و لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی هیچ کەس و لایەن و ئۆرگانێکی فەرمی و نافەرمیدا نەبێت، بۆئەوەی خراپ سوودی لێوەرنەگیرێت بۆ بەرژەوەندی لایەک، حکومەتیش دەست لە کاروبارەکانی وەرنەدات، هەر ئەمەش متمانەی بۆ دروست دەکات لای هاوڵاتی و کۆمەڵگە بەگشتی.

دووەم: ستاف و ئەندامانی ئەو دامەزراوە زانستییە لەسەر بنەمای ئاستی زانستی و ئەزموون و شایستەیی و شۆرەتی باشی ناو کۆمەڵگە دیآری بکرێن نەک وەلای سیاسی و نزیکایەتی لە دەسەڵات و حزب و لایەنەکان.

سێیەم: دەبێت ئەو هەیئەتەی ئەرکی فەتوا و وەڵامدانەوەی پرسیارە شەرعییەکانیان لەئەستۆیە ئەرکەکەیان بەشێوەی زانستی و پیشەیی خۆی ئەنجام بدەن و حەق و ڕاستی بگەیەنن بەبێ ڕەچاوکردنی ویست و بەرژەوەندی هیچ لایەک، بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسی وڵات.

چوارەم: گرتنەبەری میکانیزمی زانستی لە دەرکردنی فەتوا و وەڵامە شەرعییەکاندا، بەتایبەتی لەو بابەتانەدا کە پەیوەستن بەکاروباری گشتی خەڵک و کۆمەڵگەوە پێویستە لەچوارچێوەی توێژینەوەی زانستی و وردەکاری ڕوون و ڕاشکاو لە باتەکان فەتواکان گەڵاڵە بکەن، خۆیان لە دەربڕینی تەمومژاویش بپارێزن.

پێنجەم: ئەندامانی دامەزراوەی فەتوا پێویستە کەسایەتی خۆیان بپارێزن و نەبنە بەشێک لە هیچ کێشە و ئاریشەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەبێت پێکەوە چاودێری وردی دۆخی کۆمەڵگە بن و لەسەر بنەمای بەرچاوڕوونی فەتواکانیان دەربکەن.

شەشەم: پێویستە حزورێکی میدیایی چالاکیان هەبێت و سوود لە ئامڕازە هاوچەرخەکانی ڕاگەیاندن وەربگرن و لەناویاندا کەناڵی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.

شەشەم: پێویستە ئەو دامەزراوەیە حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ ڕاجیایی زانایان و مەزهەبەکاندا بکات و بەڵگە و میکانیزمی زانستی بکاتە پێوەر بۆ فەتوا و گەیشتن بەحوکمە شەرعییەکان.

حەوتەم: بڕیاری کۆتایی و گەیشتن بە فەتواکان لە دوای گفتوگۆی زانستیانەی وردی زانایانی تایبەتمەندی ناو دامەزراوەکە بێت، لەسەر بنەمای کۆدەنگی یان ڕای زۆرینە فەتوا لەسەر پرس و پێشهاتێک بدرێت.

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین، کۆمەڵگەی موسڵمان بەتایبەتی کۆمەڵگەی کوردەواری ئێمە هەمیشە لە مامەڵەی لەگەڵ پێشهات و ڕووداوەکان و بزاوتی ڕۆژانەیدا کاریگەری ئایینی لەسەرە، بۆیە ئەم جۆرە کایە ئایینیانە ئەگەر بەباشی ڕێکنەخرێت کەسانی نەشارەزا یان خاوەن مەرام و بەرژەوەندی بەخراپ سوودی لێ دەبینن و ڕەوشێکی پێ دەخوڵقێنن کە بەسوودی کۆمەڵگە و پێگەی مەزنی ئایین تەواو نابێت.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure