ئەو جەنگانەی بەردەوام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵیدەگیرسێنێت و ئەو دەستدرێژیانەی دەیکاتە سەر سەروەری وڵاتان دەری دەخات کە ئەمریکا نەزعە ئیمپریالییە هاوچەرخەکەی تێپەڕاندووەو زۆر خراپتر پەل دەهاوێ، چەند سەدەیەک گەڕاوەتەوە دواوەو لەئێستا دەسەڵاتێکی کاوبۆی نمایش دەکات کە هیچ عورفێکی دەولی و ئینسانی و ئەخلاقی تیادا ڕەچاو ناکرێت.
سیستمی کاوبۆی کە نموونەکانیمان لەسینەمای ئەمریکیدا بینیوەو بۆ هەژموون و نەزعەی دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتن پشت بە توندوتیژی بێ ڕەحمانەو تیرۆرو تۆقاندن دەبەستێت، ئێستا دەسەڵاتی ئەمریکی لەپەنای تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوودا زۆر نامرۆییانەتر پیادەی تاوانەکانی عەسابە کۆنەکانی دەکات، دەسەڵاتێکی بێ مۆراڵ کە فۆرمێک لە زلهێزیی نمایش دەکات کە کارەکانی تەنها پیادەکردنی فەوزاو جەنگ و نائارامییە لەتەواوی جیهاندا.
سستمی کاوبۆی ئەمریکی ئێستا خراپتر لە شوانەکانوانە کاوبۆیەکانی تشارۆس و فاکیرۆسی سەدەکانی حەڤدەو هەژدە مامەڵە دەکات و هەڵگری هەمان کلتوری کاوبۆی ئەو سەردەمانەن کە پاکتاوی خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەمریکایان دەکردو دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرت.
ئەو عەسابەگەرییەی ئەمریکا کە سنوور و سەروەری هیچ جوگرافیایەک ناخوێنێتەوە هەمان کلتووری وەحشیگەرانەی سەردەمی جینۆسایدی هیندییە سوورەکانە.
ئەمڕۆ کاوبۆیەکانی ئەمریکا شەبقەو ئەسپەکانیان گۆڕیوە بە تەکنەلۆژیای سەربازی سەردەم و زیاتر دەستکراوەی کردوون بۆ تێپەڕاندنی هەموو سنوورەکانی جوگرافیا و یاسا جیهانییەکان و پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانییەکان.
ئەمریکا کە خۆی بەپارێزەری دیموکراسیەت دادەنێت دەرکەوت دیموکراسیەتەکەی لەخەون خەیاڵی مرۆیانەی هیچ بیرمەندو فەیلەسوفێکەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو دەرهاوێشتەی جەنگەڵ و دارستانەکان و هوهای کاوبۆ شەبقە لەسەرەکان و عەسابە ئەسپسوارەکانی مەکسیک و ئەمریکای کۆنە کە لەسەدە تاریکەکانی خۆیاندا ژیانیان لەسەر جەنگ و ڕاوڕووت و سەرکوتی ئەوانیتر بنیات نابوو.
دواین جەنگ و دەستدرێژی ئەمریکییەکان لەئێستادا سنوورشکێنی و کودەتای سەربازی بوو بەسەر وڵاتی ڤەنزوێلادا، کودەتایەک بەدەست و هێزی ڤەنزوێلی و پلان ویستی ئەمریکی نا، بەڵکو لەم سەر تا ئەوسەری سیناریۆکە کاوبۆ ئەمریکییەکان ئەنجامیان داوە، زۆر بێباکانەو بەو پەڕی شانازیشەوە ڕایدەگەیەنن کەسەرۆکی وڵاتەکە و هاوسەرەکەیمان دەستگیر کردووە، واتە نەک تەنها شکۆمەندی وڵاتەکە بەڵکو حورمەتی ماڵەکانیشیانمان ژێر پێ ناوە، دامەزراوە کارتۆنییە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشیش هێشتا خەبەریان نەبووەتەوەو کە بەخەبەریش دێنەوە وەک من و تۆ بێ دەسەڵات و تەماشاکەرن!.