ئامانجتان لە سیاسەت چیە؟
ئامانجتان لە سیاسەت چیە؟
  ڕابەر تەڵعەت     2024/11/02     147 جار بینراوە    


ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات؛ بەبێ دەستنیشانکردنی ئامانج لە سیاسەتدا، ناتوانن هیچ بایەخێک بۆ پڕۆسەی سیاسی زیاد بکەن، بگرە زۆرجار دەتوانن لاواز یان ناکاریگەری بکەن! بۆیە پرسیاری وجودی بۆ هەموو هێزەکان، بە دەسەڵات و غەیرە دەسەڵاتەوە دەبێ یەک شت بێ؛ ئامانج چیە لە سیاسەت؟

ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، ئیدیعای نارەزایەتی و دژایەتی دەسەڵاتی ئێستای (پ.د.ک/ ی.ن.ک) دەکەن؛ دەبێ وڵامی ئەوە بدەنەوە! ئایا گوتاری ریتۆریکی ئۆپۆزسیۆن، دژایەتی سیستەم و بەڵێنی ناڕوون، رەتکردنەوە و مانەوە لەدەرەوەی سیستەم، چاوڕوانی بەدەستهێنانی دەسەڵات و روخاندنی پارتی و یەکێتی، یان هیچ، لای ئێوە ئامانجی سیاسەتە؟

بۆ (پ.د.ک/ی.ن.ک)؛ ئایا بەردەوامبوون لە کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات، ململانێی یەکتری بە ئامانجی لەناوبردن، تا ئاستی لەناوبردنی کۆمەڵگا و لاوازکردنی خەڵک و دامەزراوەکان و تەنها مانەوەی خۆتان، ئامانجی سیاسەتە؟

گریمان وڵامی هەردوو لا بەڵێ بوو! دەبێ بڵێین هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی لەبەردەم تونێلێکی تاریکدان! خەڵک و خاک و هەموو ئەزموونەکەمان، بارمتەی دەستی گروپێکی نابەرپرسیارە، لەژێر ناوی کوردبوون، و لەپێناو مانەوەی خۆیاندا، ئامادەن تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنن! ئەوان (ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات)، هەموو شتێکن، تەنها خەڵک هیچ نیە!

وڵام کە نەخێرە! چونکە دەزانم هیچ یەکێک لەم دووانە؛ (بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات) ە، ئیدیعای ئەوە ناکەن! ئەوکات دەبێ بزانین گرفتێک لە گوتار و تێگەیشتنی هەردوو بەرەکەدا هەیە بۆ سیاسەت و حوکمڕانی! ئەوەی لە بەرنامە و سیاسەتی هەردوولادا غائیبە؛ خەڵکە! راستە هەردوو لا قسە بۆ خەڵک دەکەن، ژیانی خۆیان، و بە تەنهاش دڵی خەڵک خۆش دەکەن!! جەماوەر دروست دەکەن و گەورەی دەکەن، بەڵام هاوڵاتی و کۆمەڵگا لەناو دەبەن! دەبێ بزانن؛ ئامانج لە سیاسەت؛ راگرتن و دروستکردنی جەماوەر نیە، بەڵکو دروستکردنی کۆمەڵگا و هاوڵاتیە، ئەمەش بە حوکمڕانی باش Good Governance، و رۆڵی یاسا Rule of Law و خۆشگوزەرانی ئابووری Economic Prosperity دێتە دی!

بۆ ئەکتەرە سیاسییە نوێیەکان؛ ئێستا دەرفەتێکی ناوازەیان هەیە بۆ گۆڕینی متمانەی گشتی لە گوتنەوە و بەردەوامیدان بە گوتار و سیاسەتی سۆزداریی بێ ئامانجەوە، بەرەوە بەشداریکردنێکی کارا لە دەسەڵات؛ ئەوەش بەئامانجی وەدیهێنانی حوکمڕانی باش و سەروەری یاسا و پابەندبوونێکی ڕوون بە بوژانەوەی ئابووری. لەبری ئەوەی بەڵێنی ناڕوون بدەن، ئەم لایەنانە دەبێ پلانی تایبەت و کرداریی بۆ چاکسازیی سیستماتیک لە حوکمڕانیدا نیشان بدەن - کە دەتوانن رەگوڕیشەی ناکارایی و گەندەڵی لاواز بکەن، کە خەریکە بە تەواویی دەنگدەری ئەم هەرێمە بێهوا دەکات! ئەم هەنگاوانە تەنیا گوتار نین؛ ئەوانە دەتوانن ببنە بەردی بناغەی داڕشتنی ستراتیژییەکی سیاسیی باوەڕپێکراو بۆ گۆڕانکاریی کە رەنگدانەوەی پەرەسەندنی داواکاری گشتی خەڵکی ئەم هەرێمەیە بۆ لێپرسینەوە و پێشکەوتن لە گوزەران و دۆخی حوکمڕانیدا.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure