مردنی حەراریی!
مردنی حەراریی!
  ڕابەر تەڵعەت     2025/07/28     72 جار بینراوە    


هەرێمی کوردستان، فەزایەکە تیایدا چەندین واقیعی سیاسی بوونی هەیە. قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆیە لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵیدا، خاوەن سیستەمێکی دیموکراسی – ئۆتۆکراسییە! جەنگ و ئاشتی تیایدا بەرقەرارە، سەقامگیریی و ناسەقامگیریی، قەیرانی موچە و گەشەی ئابووری، دامەزراوەی دەوڵەتی و هێزی نارەسمی (چەک و توندوتیژی ناوخۆیی خێڵەکان بەرامبەر بە یەکتری و بەرامبەر بە دەوڵەت)! بە هەموویانەوە؛ دۆخی پارادۆکسی سیاسەت و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان رووندەکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا تێگەیشتن لێی قورس دەکەن.

پرەنسیپی نادڵنیایی، رەنگە باشترین میتۆد بێت بۆ وەسف و پێشبینیکردنی سیستەمە ئاڵۆزەکان، وەک هەرێمی کوردستان! سێکوچکەی سیستەمی سیاسی ناوخۆیی، سیستەمی ئەمنی ناوچەیی، و سیستەمی کۆمەڵایەتی (خەڵک)؛ لەگەڵ ئەوەدا کە جێگیر نین، هاوکات گۆڕانکاریی لە هەر کامیاندا، کاریگەریی درێژخایەنی بۆسەر ئەوانیتر دەبێت. واتا هەرێمی کوردستان، فەزایەکە لەبەردەم چەندین شەپۆلی ناجێگیری هێزدا وەستاوە؛ بۆیە پێناسەکردن، یان پێشبینیکردنی پێگە و سیستەمە سیاسییەکەی قورس و نادیارە.

هێز لە داینامیکی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی ناڕێک دابەش بووە – دۆخێک تیایدا هەموو ئاکتۆرەکان بە ئەندازەی یەک (وزە) خەرج دەکەن و دەجوڵێن، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک رووبدات! زانیاری و هۆشی سیاسی، بەشێوەیەکی ناڕێک، بەڵام زۆر و لەرێگای کەناڵ و میدیای زۆر و زەبەلاحەوە بەرهەم دەهێنرێن – فەزای ناوخۆیی خەریکە لە وزە بەتاڵ دەبێتەوە، یان هیچ وزەیەکی جیاواز بوونی نامێنێ، خەریکە بەرەو Heat Death، مردنی حەراری (گەرمیی) دەیبات – تیۆرییەکە باس لە کۆتایی گەردوون دەکات، بەهۆی یەکسانبوونی وزەوە. وەک میتافۆرێکی سیاسیش بەکاردێت کە لە بنەڕەتدا هەموو (وزە) و هێزەکان بە شێوەیەکی یەکسان دابەش دەبن، و هیچ جیاوازییەک لە پلەی گەرمیدا بوونی نابێت، تاکو توانای گۆڕانکاری هەبێت – یەکسانبوونەوەی وزە و هێز، پەکخستنی توانایی جوڵە و گۆڕانکارییە.

((ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی))

نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure