پێچەوانەی تێڕوانینە باوەکان، سیستەمی سیاسی عێراق لە لێواری داڕمانێکی هەڕەمەکیدا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە قۆناغێکی پێگەیشتووی خۆبەڕێوەبردن لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان. کاتێک هەموو هێزەکان ناتوانن پێگەی خۆیان لە لوتکەی دامەزراوەکاندا بپارێزن، وەک ستراتیژێکی بەدیل، دەوڵەت دەکەن بە دوکانێکی وەکالەتی، یان کۆمپانیایەکی پشکداری هاوبەش.
ئەم دۆخە نیشانەی شکستێکی کاتی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئاگایانەیە و نوخبەی سیاسی و میلیشیاکان بۆ خۆپاراستن لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ دەیگرنەبەر. لەم مۆدێلەدا، هێزە ڕاستەقینەکان هەنگاوێک پاشەکشە دەکەن لە ڕیزی پێشەوە، دەموچاوێکی لاواز دەخەنە پێشەوەی حکومەت، و لە پشت پەردەوە ئیدارەی هەژموون، نفوز و سەرمایە دەدەن>
ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، لوتکەی بەرجەستەبوونی ئەم مۆدێلەیە، کە تێیدا دەوڵەت بۆ نوخبە ڕێکدەخرێتەوە، نەک بۆ هاوڵاتیان.
ئەنجام؛ مەترسییەکە لێرەدا، تەقینەوە و داڕمانێکی لەناکاو نییە، بەڵکو مردنێکی هێواش و بێدەنگی دەوڵەتە. نوخبەی سیاسی بە سەرکەوتوویی توانیویانە دامەزراوەکان بکەن بە قاوغێکی بەتاڵ، کە لە ڕواڵەتدا وەک دەوڵەت دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەنها کۆمپانیایەکی پشکی هاوبەشە بۆ دابەشکردنی سامانی گشتی لە نێوان هێزە چەکدار و سیاسییەکاندا، دوور لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەکی یاسایی یان جەماوەری. ململانێی ڕاستەقینە لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران نییە، بەڵکو لەسەر کۆنترۆڵکردنی وەزارەتە سیادییەکان، دەستە سەربەخۆکان، و گرێبەستە گەورەکانە؛ ئەمەش جەوهەری سیستەمی محاصصة یە کە دەوڵەتی کردووە بە دوکانێکی شەراکەت.