دروستکردنی زەمینە و بەستێنێکی فەرهەنگیی بۆ گفتوگۆی ورد و قوڵ لەسەر نەتەوە و چۆنێتی داڕشتنەوەی لە گوتار و فیکری ئیسلامیدا و قسەکردن لە مومکین بوونی دیدگا و گوتارێکی ئیسلامیی ئاگادار لە بابەتی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوە، ئەرکێکی گرنگ و چارەنوسسازە.
گرنگییەکەی لەوەدایە کە دەکرێ ڕۆڵی هەبێ لە کۆکردنەوەی ئەو هەموو پەرتیەی کە هەم لە ئاستە ئیسلامییەکەداو ، و هەم لە ئاستە سکۆلار و نادینییەکەدا بوونی هەیە، بە جۆرێک ڕەنگە وا هەست بکەیت نەتوانی چیرۆکێکیشی لێ دروست بکەیت.
لەمڕووەوە سەبارەت بە کورد و باشووری کوردستان هەندێک بابەتی زەینی و هەندێک کردەیی لەوانەیە شتێکمان بە ئاڕاستەی بەرچاوو ڕوونی زیاتر بۆ بکات، تەنها دووخاڵ ئاماژە پێدەکەم:
۱. لە ڕووی زەینییەوە باسی کووردبوون و قەوارەی سیاسی کورد، خۆداڕنینە لە بەستێنێکی ڕەقی فیکری و مێژوویی دوورو درێژ، خۆ جیاکردنەوەیە لەو نەتەوانەی کە خۆیان بە موسڵمان و لە ئێمە بە موسڵمانتریش دەزانن. بۆیە بۆ ئەم خۆداڕنینە، پێویستمان بە بنچینەداڕشتنێکی دینی هەیە هەر لە هەناوی ئیسلامەوە، تا بتوانێ بەرامبەر گوتاری ئەوانیتر بوەستێ و ترسی شەرعیەتی نەبێ، تەنانەت ڕەخنەکاری گوتاری بەرامبەرەکانی بێت.
۲. بۆ ئەوەی ئەو خاڵەی سەرەوە سەرکەوتووتر بێ، گوتاری حەماسی و ئایدۆڵۆژیای سەتحی بەکار نایەت، بەڵکو پێویستە زانستە ئیسلامییەکان و شارەزایانی ئەو بوارە و مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵیان هەبێت، بۆ ئەوەی لە دوورمەودا دوو ئامانج بپێکرێ:
یەکەم: دڵنیابوون لە شەرعیەتی مافی ئەم نەتەوەیە بۆ حوکمی خۆکردن و دەرهێنانی ڕۆڵەکانی لەژێر ستەمی ئەوانیتر، پشت بەستن لەمڕووەوە بە ئیسلام و زانستە ئیسلامیەکان.
دووەم: نامۆ نەبوونی کورد لە نێو گەلانی تری ناوچەکەدا بەوەی هەموومان لە ئاستە گشتییەکەدا ئیسلام کۆمان دەکاتەوە، بەڵام هەر کەس بە سەروەریی خۆیەوە،وەک برای هاوشان نەک برا گەورەو برا بچوک، یان کۆیلەو سەروەر.
بۆ ئەمەش وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن بۆ فەراهەمکردنی ئەو زەمینە فەرهەنگیێەی ئاماژەی پێدرا، هەروەها دورستکردنی پردی پەیوەندی نێوان زانستە ئیسلامییەکان و زانستە مرۆڤایەتییەکان.