" بەڕاستی باوەڕ ناكەم لە سەدەی بیستەمدا كەس هەبێ هێندەی من ناخۆشی و ناهەمواری خوێندنی دیتبێ."
ڕێدار ئەحمەد
خوێندنی ئایینی لە كوردستاندا ڕیشەیەكی قوڵی هەیە و خوێندنگە ئایینییەكان چەندین زانای گەورەیان لە بوارە جیاوازەكاندا پێشكەشی كۆمەڵگهی كوردی كردووە، بۆیە كاتێ ئاوڕ لە ژیاننامەی ناسراوترین سەركردە سیاسییەكان، بەناوبانگترین شاعیر و ئەدەیبەكان، زاناترین زانایانی ئایینی دەدەینەوە دەبینین پەروەردهی خوێندنگە ئایینییەكانن.
دكتۆر مستەفا زەڵمی (1924-2016) یەكێك لەو زانا ناودار و ناسراوانەی جیهانی ئیسلامییە كە پەروەردەی مزگەوتە و توانیوویەتی خزمەتی بەرچاو لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی لە چەندین بواردا پێشكەش بكات، (كاروانی ژیانم) كە ژیاننامەی دكتۆر مستەفا زەڵمییە گەنجینەیەكی پڕ بەهایە لەپاڵ بەرهەمە ناوازەكانی دیكەیدا جێگای وردبوونەوە و سوودلێوەرگرتنە، یەكێك لەو بابەتانەی لە كاروانی ژیانمدا ئاوڕی ڕەخنەگرانەی لێدراوەتەوە بریتییە لە خوێندنی ئایینی و خوێندنگە ئایینییەكان، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم بەگەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەكانی دكتۆر مستەفا زەڵمی و ئەزموونی شەش ساڵ خزمەتكردنی ئاوڕێكی خێرا لەم بابەتە بدەمەوە.
دكتۆر مستەفا زەڵمی سەرەتای بەرگی یەكەمی كتێبی (كاروانی ژیانم) بە باسكردنی سەردەمی فەقێیەتی خۆی (1934-1946) دەستپێدەكات، پاش خستنەڕووی ئەو سەختی و نەهامەتيیانەی لەپێناوی بەدەستهێنانی زانستە شەرعییەكاندا هاتووەتە ڕێگای و چۆنییەتی زاڵبوونی بەسەریاندا (كە ئەمەیان پێویستی بە تویژینەوە و بابەتی سەربەخۆ هەیە و لێرەدا جێی نابێتەوە) تا دەگاتە ئەوەی ئیجازهی دوازدە عیلمى وەردەگرێت و دەبێتە مەلا، لەپاڵ ئەم بڕوانامەیەدا كە ڕێزێكی زانستی تایبەت هەبووە دەچێتە خوێندنی فەرمیشەوە و بەتاقیكردنەوەی دەرەكی قۆناغی سەرەتايی تەواو دەكات و پاش پۆلی شەشی سەرەتای درێژە بەخوێندنی ناوەندی و دواتریش دواناوەندنی دەدات تا لە كۆلێژی یاسا وەردەگیرێت و پاشان لە هەردوو بواری یاسا و شەریعەت لە عێراق و میسر دەبێتە خاوەنی سێ بڕوانامەی ماستەر و دوو بڕوانامەی دكتۆرا و بڕینی پلە زانستییەكان تا دەگاتە لوتكە كە ئەویش ئوستازی موتەمەڕیسە.
كاروانی ژیانم ساڵی 2001 نووسراوە، واتە پاش ئەزموونێكی دەوڵەمەند لە بواری خوێندن و وانەوتنەوەدا بووە، لەم بابەتەدا پوختەی ئەو تێبینیانەی لەسەر خوێندنی قوتابخانە ئایینیيەكان بەگشتی و مامۆستا و فێرخوازانی ئەم بوارە بەتایبەت دەخەینە ڕوو.
خەسڵەتەكانی فێرخوازی زانستە ئایینییەكان
خوێنەر بەڕامان لە كتێبی (كاروانی ژیانم) دەتوانێت ئەم خەسڵەتانە لە فێرخوازی زانستە ئایینيیەكان بەدی بكات:
1- ئارامگر بێت: زانستە ئایینیيەكان بەهۆی ئەوەی بەزمانی عەرەبین بۆ فێربوونیان پێویست به هەوڵ و ماندووبوونی زۆر دەكات، ئەمانەش پێویستیان بە ئارامگری هەیە.
2- فێرخواز لە خوێندنی ئایينییدا عەشقێكی هەبووە بۆ خوێندنەكەی، ئەو خۆشەویستی و ئەوینە وایلێكردووە هەردەم بەشوێن مەلای باشدا بگەڕێت كە زانستەكەیان فێر بكات نەك تەنها وانەیەك بێت و بخوێندرێت و نمرەی لەسەر وەربگیرێت، لە زانكۆكاندا ڕەنگە هەندێ جار گرفتی قوتابی ئەوە بێت هەڵبژاردنی مامۆستا لە دەستی خۆیدا نییە.
3- زانستە ئایینییەكان پەیوەندییان بەژیانی دونیا و قیامەتەوە هەیە، فێرخوازی ئەم زانستانە فێربوونەكەی تەنها بۆ وەرگرتنی بڕوانامە نییە، بەڵكو ئەركە سەختەكەی سەرشانی لەنێو كۆمەڵگادا لە پاش وەرگرتنی بڕوانامە دەستپێدەكات.
4- خوێندنی ئایینی جاران لە كوردستان جیاوازییەكی جەوهەری هەبووە لەگەڵ ئێستا، لە قۆناغەكانی سەرەتای خوێندنی فەقێدا بۆ وەرگرتنی زانستەكان لای مامۆستایانێكی كارامە چەندین ناوچەی جیاواز گەڕاوە، ئەمەش لەڕووی فراوانبوونی بیركردنەوە و تێكەڵبوونی خەڵكی جیاواز كە ئەو سەردەمە تێكەڵاوبوونی خەڵك بەمشێوەیەی ئێستا نەبوو، كاریگەری ئەرێنی لەسەر پێگەیشتنی هەبوو.
تێبینیيەكانی لەسەر خوێندنی مزگەوت
ئەم تێبینیانەی لێرەدا دكتۆر مستەفا زەڵمی دەیانخاتە ڕوو بەشێكیان تایبەتن بەو سەردەمەی ئەو تێیدا لە مزگەوتدا خوێندوویەتی، لێرەدا وەك ئەوەی لە (كاروانی ژیانم)دا تۆماری كردوون دەیخەینە ڕوو، بەو ئومێدەی ئەگەر هەندێك لەمانە لە ئێستادا هەبن چارەسەر بكرێن.
"لە ماوەی (12) ساڵی خوێندنم لە قوتابخانە ئایينیيەكاندا، هەندێك تێبینیم بۆ دروستبووە لەسەر خوێندنی حوجرە و لەم بەشەدا تۆماریان دەكەم:
یەكەم: جۆری وتنەوەی بابەتی منداڵ لە مزگەوتدا زۆر هەڵە بوو -وەك باسم كرد-، زۆر ناڕەوا بوو، لە (100) منداڵ دووان دەردەچوون، هەندێك لەو مەلایانە یان ئەو میرزایانەی كە قوتابخانەیان دادەنا، توڵە هەنارێكی ئامادە دەكرد، یان بە زستاندا مقاشێكی سورەوەكراوی بەكاردەهێنا بۆ سزادانی ئەو قوتابيیەی هەڵەیەكی دەكرد لە وشەیەكدا، ئەگەر جگەرەكێش بوایە جگەرەكەی دەنا بە پەنا گوێی منداڵەكەوە، وەك میرزا (فتح الله) جگەرەكەی نا بە پەنا گوێی (محەمەد)ی ئامۆزامەوە، مامیشم وتی ئەگەر ببیت بە ئیمامی شافعی نایەڵم بخوێنیت.
دووەم: قورئانی پیرۆز گرانترین كتێبێكە بە زمانی عەرەبی، لە هەموو دانراوێكی عەرەبی (بلیغ) تر و گرانترە، قوتابی بۆ یەكەمجار لەبری ئەوەی شتێكی ئاسانی پێ بڵێن، بۆماوەی یەك ساڵ تەنها قورئانی پیرۆزی پێ دەڵێن، ئەویش نەیدەزانی مانای وشەكانی ئەم قورئانە چییە، لەبەرئەوە زۆر قوتابی هەبوو هەر لە سەرەتاوە وازی لە خوێندن دەهێنا، قوتابی مناڵ وردە وردە گەورە دەبێت و بیركردنەوەی گەشە دەكات، دەبێت لە ئاسانترین زانستەوە بچێت بۆ قورسترین زانست، قوتابی ئێستا لەناو قوتابخانەكاندا ڕێژەیەكی كەمی واز لە خوێندن دێنێت یان دەرناچێت، چونكە خوێندن پلە پلە سەردەكەوێت، بەپێچەوانەی خوێندنی مزگەوت كە ڕێژەیەكی زۆر كەم خوێندنی تەواو دەكرد.
لە دێی زەڵمدا بەتەنها من خوێندنم تەواوكرد، ئەویش لەبەر لاساریم و هەستم بە ئێش و ئازار نەكردنم، بەرگەی هەموو لێدانێك و هەموو توانجێكم دەگرت، بەرگەی سەرما و گەرما و برسێتی و دووریم دەگرت.
سێیەم: جۆری ژیانی فەقێ:
ئەوكاتە ئەو جۆرە ژیانە عەیب نەبوو لەبەر دوو شت:
1- لەبەرئەوەی عورف و عادەت بوو.
2- لەبەرئەوەی فەقێ زۆر بەڕێز بوو لەسەر ئەو بنچینەیەی كە بۆ خوا دەخوێنێت و خزمەتی ئایین دەكات، هەموو ئێوارەیەك فەقێیەك وەك سواڵكەر دەگەڕا بە ماڵاندا هەر ماڵەی نانێكی دەدایە، یان لە بەهاراندا دەچوون بۆ دێهاتەكان و دەوارەكان دەگەڕان و ڕاتبەی كەرەیان دەكرد و دەیانفرۆشت بۆ كڕینی شەكر و چا، زۆرجار سەگ دەوەڕی و ئەو كولەكەیەی وەك گۆزە بەكاردەهێنرا بۆ هەڵگرتنی كەرێیەكە دەكەوت و كەرێیەكە لەگەڵ خاك و خۆڵەكە تێكەڵ دەبوو، ڕێسی فەقێ دەبووەوە بەخوری، باشتر بوو بەشێوەیەكی تر ئەو ئیشە بكرێت، یان یەكێك لە ئاواییەكە نانەكەی كۆ بكردایەتەوە، یان هەموو شتەكان لە جێگەیەك كۆ بكرایەتەوە.
چوارەم: جیاوازییەكی زۆر لە نێوان سوختە و مستەعددا هەبوو، بە جۆرێك كە مستعد سوختەی بە بەندە و خزمەتكار دەزانی و بەئارەزووی خۆی بەدڵی بوایە ڕای دەگرت یان دەری دەكرد، زۆرترین كاتی سوختە بە خزمەتكاری مستعد تەواو دەبوو، كە ئەمە نە لە ئیسلامدا هەیە و نەشتێكی مرۆڤایەتیيە و جۆرێك بوو لە كۆیلایەتی.
پێنجەم: مەلای مزگەوت لەگەڵ فەقێكان لە ڕێگەی خوێندندا كاتێكی زۆر و ئازارێكی زۆر و هیلاكیيەكی زۆریان دەكێشا، لەگەڵ ئەوەش بەرهەمەكەیان زۆر زۆر كەم بوو ئەگەر بەراوورد بكرێت لەگەڵ ماندووبوونەكەیان، بۆ نموونە ئەگەر مەلایەك چوار مستعدی هەبوایە هەریەكە بەتەنها كتێبێكی دەخوێند و ئەو مەلایە بۆماوەی دوو كاتژمێر لەگەڵ خوێندنی ئەو فەقێیە خەریك دەبوو، واتە ڕۆژی بەلای كەمەوە هەشت كاتژمێر وانهى بەو چوار فەقێیە دەوتەوە، كە هەریەكە فێری یەك كتێب دەبوون، وتنەوەی ئەو كتێبە بە لای كەمەوە ماوەی یەك ساڵی دەبرد.
ئەم جۆرە وانه وتنەوەیە گەورەترین هەڵە بوو، كە ماندووبونێكی زۆر بەرامبەر بە سودێكی كەم، ئەگەر ئەو مەلایە لە ماوەی (8) كاتژمێر هەر چوار فەقێكە بەیەكەوە چوار ماددەی جیاوازی پێ بوتنایە، لە جیاتی (12) عیلمە دەبوون بە (4) عیلمە، هەروەك خوێندنی كۆلێجەكان و پلەكانی تری خوارەوەی خوێندن لە سەرەتایی و ئامادەیی، جگە لەوە دەیتوانی ژمارەیەكی زۆرتر فەقێ فێر بكات.
لە زانكۆی ئەزهەر هەمان ئەو كتێبانەی مەلاكانی كوردستان دەیانخوێند دەوترایەوە، بەڵام بەشێوەیەكی ڕێكخراو بوو، (50) قوتابی بۆماوەی یەك كاتژمێر گوێیان لە یەك مامۆستا دەگرت، زۆرتر بابەتی خوێندن و ژمارەیەكی زیاتر دەبوون، ئەم هەڵەیە هێشتا لە خوێندنی حوجرەی مزگەوتەكاندا هەرماوە.
شەشەم: گرنگی نەدان بە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر و فیقهی ئیسلامی، هەرچەندە یەكەم كتێب دەخوێنرا قورئانی پیرۆز بوو، زۆر فەقێ هەبوو (12) عیلمەیان تەواو دەكرد بەبێ ئەوەی یەك لاپەڕە تەفسیری قورئان بخوێننەوە یان فەرموودەیەكی پێغەمبەر بزانن، وەك باسی خۆمم كرد، مەلا هیچی نەدەزانی لە بابەتی شەریعەتی ئیسلامەوە.
حەوتەم: ئەو مەلایانەی كە لە پاش مەلایەتی هەوڵیان دەدا بۆ خۆیان تۆزێك فێری فیقهی ئیسلام ببن، جگە لە مەزهەبی شافیعی -خوای لێ ڕازی بێت- نەیاندەویست فێری شتێكی تر ببن لە مەزهەبەكانی تر، لایان وابوو ئەوەی شافعی فەرموویەتی هەمووی ڕاستە، هیچ ڕۆژێك بیریان لەوە نەكردووهتەوە كە ئیمامی شافعی ئەم حوكمەی لە چ سەرچاوەیەكەوە هێناوە تا ئەمیش بچێت سەیری ئەو سەرچاوەیە بكات تا بزانێت قسەكەی ئیمامی شافعی ڕێی تێ دەچێت كە ڕاست بێت، یان مەلاكان دەیانتوانی حوكمی زۆر شت لەو خوێندنەی خوێندوویانە یان قورئانی پیرۆز یان فەرموودەكانی پێغەمبەر وەربگرن، ئیمامی شافعی (54) ساڵ ژیاوە تەنها چوار عیلمی خوێندووە، كە بریتی بوو لە عیلمی(قورئان)، عیلمی(فەرموودەی پێغەمبەر)، علمی(أصول الفقە)، عیلمی (بلاغە)، كەچی مەلا (12) عیلمی دەخوێند و زیاتر لە ئیمامی شافعی دەژیا و زیاتر ئەم عیلمانەی بە خوێندن بەفەقێ دەوتەوە، كە پرسیاریان لێ دەكرد ئەگەر وەڵامی بدایەتەوە لە بۆچوونی ئیمامی شافعی زیاتر هیچی تری پێ نەبوو، قەت نەی دەوێرا بڵێت ئەمە ڕای خۆمە بەپێی قورئان.
هەرچی فەرموودەی ئیمامەكان هەیە (شافعی، حەنەفی، حەنبەلی، مالیكی، ظاهری، أباضی، شیعەی ئیمامی، شیعەی زەیدی)، هەموو ئەوانەی لە هاوەڵانی پێغەمبەرەوە وەرگیراون یان لەوانەی دوای ئەوان هاتوون، قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر بە ئاشكرایی باسی كردوون.
مامۆستای ئایینی كوردستان، لەبەرئەوەی هیچ بەرهەمێكی لە (فقە)ی ئیسلامی بەجێ نەهێشت و لە زۆر مانای قورئانی پیرۆز تێ نەگەیشت، كە كۆچی دوایی دەكرد وەك چرایەكی ڕووناك دەكوژایەوە، هیچ ڕووناكیيەكی بەجێ نەدەهێشت، چونكە هەموو تەمەنی خەریكی خوێندنی ئەو حاشیانە بوو كە باسی كتێبەكەی دەكرد كە دەیخوێند، بێ ئەوەی بزانێت سەرچاوەی ئەو كتێبە لەكوێوە هاتووە، یان زۆرجار لە كتێبەش تێ نەدەگەیشت.
ئەو مامۆستایانەی وەك (مامۆستا عهبدولكهريمى مودهڕيس، مەلای پێنجوینی، قزڵجی، نۆدشە، مامۆستا شێخ عومهرى قەرەداغی، مەلا قادری گەورەی بیارە، مەلا ئیبن ئادهم، مەلا محەمەدی جەلی زادە، مەلای تر) لەم مامۆستا زیرەكانە وێنەیان كەم بوو.
ئەم مامۆستایانە سوودیان لە خوێندنەكەیان وەرگرت بەتایبەتی زۆر زانستی وەك (منطق) لەوەو پێشتر نەبوو، چونكە وەرگێڕابوو، جگە لە مامۆستا ئەبوبەكری مصنف كە كتێبی (وضوح)ی بەجێهێشت، مامۆستا عهبدولكهريمى مودهڕيس تەفسیری باشی كردووە لەسەر قورئانی پیرۆز، ئەو نوسراوانەی لەسەر ئایينی ئیسلام بەجێهێشتووە، مامۆستا سەید عارف ڕوونكردنەوەی زۆر دوور و درێژی نوسیوە لەسەر (وضوح) و چەند مامۆستایەكی تر، كەس هیچی نەنووسی یان شتێكی بەجێ نەهێشت كە كورد یان ئایینی ئیسلام سودی لێوەربگرێت.
بەڵام لەخوا بەزیاد بێت ئێستا زۆر لە زانایانی ئایینی كوردستان، بەتایبەتی مامۆستا گەنجەكان بوون بە پسپۆڕ، زۆریان دكتۆرا یان ماستەریان وەرگرتووە و، زۆرێكیشیان خەریكی خوێندنی باڵان لە دەرەوە، زۆر پەیمانگای ئایینی لەكوردستان كراونەتەوە. زۆر وتاربێژمان هەیە بەجوانی فەرمودەكانی خوا و پێغەمبەرمان بۆ ڕوون دەكەنەوە، هیوادارین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوو بەزیادی بن بۆ خزمەتی ئایینی ئیسلام و نەتەوەكەیان.
كلیل ئەگەر دەرگای پێ نەكرێتەوە بۆچی باشە؟
رۆژێك لە حوجرەی فەقێیەكان دەرسی كتێبی (كلنبوی برهان)م لە زانستی (منطق)دا بە فەقێیەك دەوتەوە، لەوكاتەدا شێخ حسێنی بۆسكێن كە پیاوێكی زۆر دەوڵەمەند و زۆر زیرەك و زۆر ژیر بوو، هەرچەندە خوێندەوارییەكی كەمی هەبوو، ئەو ڕۆژە بەدیدەنی هاتبوو بۆ لای ئیسماعیل ئاغا، هات بۆ لام بۆ حوجرەی فەقێیەكان، منیش ویستم دەست لە دەرسەكە هەڵگرم، ئەو سوێندی خوارد وتی: دەبێت دەرسەكە تەواو بكەیت، منیش دادەنیشم گوێ دەگرم.
كاتێك لە دەرسەكە بومەوە، وتی: مامۆستا ئەگەر پرسیارێك بكەم پێت ناخۆش نیيە؟، وتم: زۆرم پێ خۆشە.
وتی: ئەم دەرسە كەڵكی چیە كە ئێوە وا خۆتانی پێوە ماندوو دەكەن، هەروەها عیلمەكانی تر كە پێی دەوترێت دوازدە عیلم؟
وتم: ئێمە بەهۆی ئەم عیلمانەوە دەتوانین لە ئایينی ئیسلام بكۆڵینەوە، لە قورئانی پیرۆز و فەرمودەكانی پێغەمبەر و حوكمی ئەو شتانە بدۆزینەوە كە لە ژیاندا هەیە و لە پاشە ڕۆژدا پەیدا دەبن، چونكە قورئانی پیرۆز باسی هەموو شتێكی بە كورتی كردووە لەلایەن دروستی و نادروستیيەوە.
وتی: وتەكەت ڕاستە، بەڵام ئێوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم عیلمانە بەكاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی ئەو شتانە؟ ئەگەر شتی وا هەبێت بۆچی هەر مەلایەك پرسیاری لێ دەكرێت ناتوانێت وەڵام بداتەوە تا پەنا نەبات بۆ یەكێك لە كتێبەكانی فیقهی شافعی.
لە پاشا وتی: مامۆستا تۆش و مامۆستاكانی تریش لە كوردستان لەمەوپێش و لەمەودوا بە درێژایی ساڵ خۆتان ماندوو دەكەن بۆ دروستكردنی كلیلێك كە دەرگایەكی پێ بكەنەوە، كە ئەویش دەرگای قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرە (د.خ)، بەڵام بەداخەوە ئەمرن و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو كلیلە بەكارناهێنن، كەوا بوو سودی كلیل چیە ئەگەر دەرگای پێ نەكرێتەوە. بوون و نەبوونی هەروەك یەك وایە ئەگەر بەكارنەهێنرێت.
بەڕاستی ئەو وتەیە كە لە مانگی حوزەیرانی 1948 بوو تا ئێستا (12-8-2001) هەردەم ئەم وتەیە كە شێخ حسێن بۆسكێن پێی وتم بەو كەم خوێندەوارییەی خۆی لە گوێمدا دەزرنگێتەوە.
بەراوردێك لە نێوان مامۆستایانی ئایينی كوردستان و مجتهدەكانی (فقە)ی ئیسلامیدا
ئەگەر تەماشای ژیانی مامۆستای ئایينی كوردستان و مجتهدە گەورەكانی ئایینی ئیسلام بكەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە ئەو سەرچاوانەی كە مجتهدەكان (فقە)ی ئیسلامیيان لێ دەرهێناون مامۆستا ئایينییە چاكەكانی كوردستان بەدەرس وتویانەتەوە بە فەقێی زۆر زیرەك، وەك لە كتێبەكانی (أصول الفقە)دا، ئەو زانستانە كە هەردەم یارمەتی مجتهدیان داوە بۆ دەرهێنانی حوكمە شەرعيیەكان لە سەرچاوەكانیانەوە، مامۆستای ئایينی كوردستان دەستێكی باڵایان هەبووە تیایاندا، وەك زانستی (عیلمی بلاغە)، (معان وبیان وبدیع ونحو وصرف) و زانستی (منطق) و (أصول الفقە)و (فلسفە) بابەتەكانی تر كە بە وردی لە مەدرەسە ئایینیەكان لە كوردستانی ئێران و عێراق و توركیا بە دەرس دەوترانەوە و بەحاشیيەی وردەكاری لەسەر ئەم زانستانەیان دەنووسی و دەچونە ناو قوڵاییانەوە كە ئەمانە پێیان دەوترێت (العلوم الالیة) واتە (زانستە ئامێرییەكان)، بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی ئەم بەراوردە بە پێویستی دەزانم بە كورتی باسی ئەو سەرچاوانە بكەم كە مجتهدەكان (فقە)ی ئیسلاميیان لێ دەرهێناوە، دوای ئەوە باسی ڕابەری ئەو مەزهەبانە بكەم بۆ ئەوەی ڕوونی بكەمەوە كە هەندێ مامۆستای ئایينی باش هەمیشە لە كوردستاندا بوون پایەی زانیارییان هیچ وەخت لەو (مجتهد)انە كەمتر نەبووە.
سەرچاوەكانی (فقە)ی ئیسلامی
1-قورئانی پیرۆز: یەكەم سەرچاوەیە كە هەموو حوكمێكی شەرعی لێ وەردەگیرێت، لەو ئایەتانەدا كە باسی ئەو حوكمانەیان كردووە بە ئاشكرایی.
2-فەرمودەكان و كردەوەكانی پێغەمبەر(د.خ): زۆرجار حوكمی شەرعی بە ئاشكرایی باس نەكراوە لە قورئاندا بەڵام پێغەمبەر (د.خ) یان لە فەرمودەكانیدا باسی كردووە یان بە كردەوە خستویەتیيە ڕوو.
ئەم دوو سەرچاوەیە بنچینەی هەموو حوكمێكی شەریعەتی ئیسلامن، سەرچاوەكانی تر هەموویان دێنەوە سەر ئەم دوو سەرچاوەیە.
3-الاجماع: واتە كۆدەنگی (اتفاق)ی هەموو زانا پێشوەكانی ئیسلام لە یارانی پێغەمبەر و ئەوانەی لە دوای ئەوان هاتوون لە (مجتهد)ەكان.
4-(القیاس): ئەگەر دوو شت هەبوون وەك یەك وابوون لە هۆی حوكمەكانیاندا، بەڵام یەكێكیان قورئانی پیرۆز یان (حدیث الشریف) باسی كردبوو ئەو حوكمە دەدرێت بەوی تریان، چونكە هەردوولا وەك یەك وان لە هۆی هاتنی ئەم حوكمە، بۆ نمونە: پێغەمبەر (د.خ) فەرمویەتی: (لایرث القاتل)، واتە: ئەگەر میرات گرێك میرات لێ گیراوەكەی خۆی كوشت بێ بەش (محروم) دەكرێت لە میراتەكەی، ئینجا (مجتهد) یان قازی یان مفتی دەتوانێت بڵێت ئەگەر یەكێك وەسیەتیان بۆ كرد وەسیەتكەرەكەی كوشت بێ بەش دەكرێت لەو وەسیەتە، هەروەها ئەگەر یەكێك ماڵێكیان بۆ (وقف) كرد (وقف)كەرەكەی كوشت ئەویش بێ بەش دەكرێت لەو (وقف)ەدا، چونكە هۆی بێ بەشكردنەكە لە میراتدا لەم دوو نمونەیەشدا دێتە دی.
كە ئەوەش بریتییە لە پاراستنی گیانی مرۆڤی بێتاوان، چونكە ئەگەر میرات گرەكە یان وەسیەت بۆ كراوەكە یان ئەوەی وەقفێكی لەسەر كرابێت بزانێت بەكردەوەی كوشتن بێ بەش دەبێت ئەو كردەوەیە ناكات.
5-(المصلحة) بەرژەوەندی: مەسڵەحەت لە ئایینی ئیسلامدا بریتییە لە ڕاكێشانی سود و نەفعێك (جلب المصلحة) یان دوورخستنەوەی زیان و زەرەرێك (درء المفسدة)، حوكمەكانی خوا هەمووی بۆ بەدیهاتنی ئەم دوو مەبەستە هاتووە.
من زیاتر لە (60) ساڵە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام دەژیم بە خوێندن و وانهوتنەوە و كتێب دانان و بەراوردكردن لەگەڵ یاسادا، لەم ماوەیەدا بۆم ڕوونبوويەوە هەرشتێك سودی تێدابێت بۆ ئادەمیزاد ئەوە لە ئایينی ئیسلامدا حەڵاڵە ئەگەر ئەو سوود و نەفعە زیانێكی تیادا نەبێت بۆ یەكێكی تر. هەروەها هەر شتێك زەرەر و زیانی تیادابێت بۆ ئادەمیزاد ئەو شتە خوا حەرامی كردووە، ئەگەر ئەو زەرەرە یان ئەو زیانە سودێكی گەورەی تێدا نەبێت بۆ كۆمەڵی ئادەمیزاد، وەك سزای تاوانبار بە حەپس یان بەجۆرێكی تر، زیانی تێدایە بۆ خۆی بۆ خێزانەكەی بۆ گەلەكەی، بەڵام هەموو ئایینەكان و یاساكانی جیهان ئەم سزایەیان پەسەند كردووە و بڕیاریان لەسەر دروست بوونی داوە، چونكە سودێكی گەورەی لێ پەیدا دەبێت ئەویش بریتییە لە پاراستنی گیان و ماڵ و شەرەفی مرۆڤ لەناو كۆمەڵدا، چونكە ئەگەر پرسینەوە و سزا نەبێت بۆ تاوانبارەكان مرۆڤی خراپ ژیان تاڵ دەكەن لە كۆمەڵگەكەیان.
6-(الاستحسان): خوای گەورە بۆ هەموو شتێك دوو حوكمی داناوە لەسەر ئادەمیزاد، یەكێكیان پێویستە لەسەری ئەنجامی بدات لەكاتێكدا هیچ عوزرێك و تەنگ و چەڵەمەیەكی نەبێت ئەمەش پێی دەوترێت (العزیمة)، حوكمەكەی تریان بۆ ئەوەیە كە پێویستە لەسەر ئادەمیزاد لەكاتێكدا كە عوزرێكی هەبێت یان لە ژیانێكی ئاسودەیی دا نەبوو ئەوا دەتوانێت پاش لاچوونی عوزرەكە ئەنجامی بدات، بۆ نموونە خوای گەورە ڕۆژووی ڕەمەزانی واجبكردووە لەسەر هەموو مرۆڤێكی باڵغ و ژیر، بەڵام ئەگەر كەسێك نەخۆش بێت یان شیر بەمنداڵ بدات یان سەفەر بكات دەتوانێت ڕۆژوو نەگرێت لە ڕەمەزاندا لەو ماوەیەدا كە ئەو عوزرەی هەیە.
ئەنجامدانی حوكمی دووەم لە كاتی عوزردا هەروەك پێی دەوترێت ڕووخسەت، واتە هەڵسان بەم حوكمە لەلای خوا شتێكی چاك و جوانە، هەروەك لەم ئایەتە پیرۆزەدا دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (183) أَيَّامًا مَعْدُودَاتٍ فَمَنْ كَانَ مِنْكُمْ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ).
هەروەها خوای گەورە گۆشتی مردوو و بەراز و خوێنی ئادەمیزاد یان ئاژەڵی حەرام كردووە لەسەر مرۆڤ لەكاتێكدا عوزرێكی نەبێت ئەمە پێی دەوترێت (عزیمە)، بەڵام بۆی حەڵاڵ كردووە لەكاتی عوزردا، ئەمە پێی ئەوترێت ڕووخسەت، هەروەك لەم ئایەتەدا فەرموویەتی: (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنْزِيرِ) لە كۆتایی ئەم ئایەتەدا دەفەرموێ: (فَمَنِ اضْطُرَّ فِي مَخْمَصَةٍ غَيْرَ مُتَجَانِفٍ لِإِثْمٍ فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ ڕحِيمٌ).
واتە: لە كاتی ئاسودەیی و بێ عوزریدا گۆشتی مردوو و بەراز و خواردنەوەی خوێن حەرامە لەسەر ئادەمیزاد، چونكە تووشی نەخۆشی و دەردەداری دەكات، بەڵام لەكاتێكدا كە گرانی بێت و خواردنی تری دەستنەكەوێت، دروستە ئەمانە بخوات بەمەرجێك ئەم خواردنە لە سنووری پێویستی تێ نەپەڕێت.
لە (فقە)ی ئیسلامیشدا ڕێسا دانراوە: (الضرورات تجیز المحظورات)، واتە: زەرورەت شتی حەرام ڕێگە پێدەدات-بۆ ماوەیەكی كاتی-. ئینجا هەڵسان بەم حوكمە دروستە لەكاتی پێویستیدا پێی دەوترێت (ڕووخسەت)، زاناكانی (أصول الفقە)ی ئیسلامی وتویانە: استحسان: (استثناء بعض الجزئیات من القاعدة الكلیة، لما یوجب ذلك). واتە: (استحسان) بریتییە لە حوكمێك كە وەك حوكمی ڕووخسەت وایە بەكاردەهێنرێت لەكاتی عوزر و پێویستیدا، ئەم حوكمە لە جێگای حوكمە ئەسڵییەكەدا دادەنیشێت لەكاتی پێویستی و عوزردا.
7-(العرف): ئەگەر شتێك لە كردەوە یان وتە زۆرجار بەكارهێنرا لەنێو گەلێكدا یان لەناو هەموو گەلاندا ئەوە پێی ئەوترێت عورف، ئینجا ئەم عورفە ئەگەر دژی ئایینی ئیسلام و یاسا نەبێت (مجتهد) یان قازی یان موفتی ئەتوانێت حوكمی لەسەر بنیات بنێت. وەك ئێستا لە عێراقدا مارەیی ژن نیوەی بە پێشەكی دەدرێت بە ژنەكە نیوەكەی تری لە پاش مردنی مێردەكەی پێ دەدرێت، یان لە پاش تەڵاقدانی ئەگەر تەڵاق درا.
بەڵام ئەگەر عورفەكە دژی ئایین یان یاسا بوو ئەوە دروست نیيە حوكمی لەسەر بنیات بنرێت، وەك ئەو قاعیدە فیقهیەی دەڵێت: ( العرف محكم) وەك كڕین و فرۆشتن ناكرێت بەبێ مامەڵە.
وەك سەرقوفڵانە كە ئێستا لە عێراقدا باوە یان دروستكردنی خواردن لە ڕۆژی سێیەمی پرسەدا لەسەر ئەركی خاوەن مردووەكە، ئەمجۆرە عورفە نابێت پەیڕەوی بكرێت.
8-(سد الذرائع): ئەگەر شتێك خۆی دروست بوو، بەڵام ئەنجامەكەی نادروست بوو ئەوا خۆشی بە نادروست دادەنرێت و قەدەغە دەكرێت، وەك كەسێك دیاريیەك بنێرێت بۆ ئافرەتێك مەبەستی لەم دیاريیە ئەوە بێت پەیوەندیەكی ناڕەوای لەگەڵ ببەستێت ئەو دیاریيە بە حەرام دادەنرێت و دەبێ قەدەغە بكرێت، هەرچەند دیاری بۆ خۆی شتێكی زۆر باشە، بەڵام ئەگەر بەكارهێنرا بۆ گەیشتن بە ئامانجی ناڕەوا خۆشی بەناڕەوا لە قەڵەم دەدرێت.
9- (الاستصحاب): مرۆڤ كە لەدایك دەبێت بێ تاوان و بێ گوناهە و گەردنی ئازادە لە هەموو مافی مرۆڤێكی تر، لەبەرئەوە هەر كاتێك گەورە بوو یەكێك داوایەكی لەسەر تۆمار كرد پێویستە لەسەر قازی یان موفتی بەو جۆرە كە لە دایك بووە تەماشای بكات، نابێت ڕازی بێت بەو داوایە تاوەكو خاوەنەكەی بەتەواوی ساغی نەكاتەوە، سەرچاوەی ئەمەش ئەو قاعدە شەرعیەیە كە دەڵێت: (الاصل فی الانسان براءة ذمته من جمیع الالتزامات المدنیة والجنائیة حتی یثبت خلاف ذلك).
هەر لەسەر ئەم سەرچاوەیە قاعیدەی شەرعی یاسایی كە دەڵێت: (المتهم بريء حتی تثبت إدانته)، واتە: هەموو كەسێك تۆمەتێك بدرێتە پاڵی پێویستە لەسەر قازی بەبێ تاوانی بزانێت تا تۆمەتەكەی ساغ دەكرێتەوە بە بەڵگەی شەرعی و یاسایی.
ئەگەر ژنێك شووی كرد بە پیاوێك لە پاش ماوەیەك داوای كرد لە قازی یان مامۆستای ئایينی مارەی بكات لە پیاوێكی تر پێویستە لەسەر ئەو قازیيە یان ئەو مامۆستا ئایينی یە بڕیار بدات كە هێشتا ئەم ژنە پەیوەندی ماوە لەگەڵ مێردە پێشووەكەی هەتا بیسەلمێنێت كە مێردی پێشووى مردووە یان تەڵاقی داوە و عیدەی تەواو بووە.
بەڵگەی قازیيەكە و مامۆستا ئایينی یەكە، سەرچاوەكەی (استصحاب)ە، واتە: (استصحاب) ئەوەیە كە هەرشتێك حوكمێكی هەبوو لەوەو پێش دادەنرێت ئەو حوكمە هەر بەرپایە تاوەكو پێچەوانەی ئەوە ڕوون بكرێتەوە بە بەڵگەی شەرعی و ئایینی.
ئینجا ئەم سەرچاوانە كە ئیمامەكانی هەموو مەزهەبەكانی ئیسلام حوكمیان لێ دەرهێناون لەڕێگای (اجتهاد)ەوە، مامۆستا ئایينيیەكانی كوردستان بە ساڵەهای ساڵ بەدەرس دەیان وتەوە لە مەدرەسە ئایینيیەكاندا، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم سەرچاوانەیان بەكار نەدەهێنا بەوجۆرەی كە ئیمامەكانی مەزهەبەكان بەكاریان هێنا، بەڵكو هەركەسێك هەر پرسیارێكی ئایینی لێ بكردایە هەڵمەتیان دەبرد بۆ كتێبێك لە كتێبەكانی مەزهەبی شافعی بۆئەوەی بزانن وەڵامەكەی لەناو ئەم كتێبەدا چۆنە. بەپێی ئەوە ئەوانیش وەڵامیان دەدایەوە بەمەرجێك كە ئەم مامۆستا ئایينی یە هەندێك جار گەلێك زاناتر بووە لە خاوەنی ئەو كتێبە.
ئینجا هەر بەم جۆرە زاناكانی ئایینی ئیسلام لە كوردستاندا، هەریەكێك وەك چرایەك وابوو لە ماوەی ژیانیدا كاتێك دەكوژایەوە بەكۆچی دوایی لە پاش خۆی هیچ ڕوناكییەكی بەجێ نەدەهێشت كە ئایینی ئیسلام یان گەلەكەی سوودی لێ وەربگرێت مەگەر لەدوای خۆیان نووسینێكیان بەجێهێشتبێ....
بەراوردێك لە نێوان خوێندنی زانكۆ و مزگەوت
دوای ئەوەی خوێندنی زانكۆم دەستیپێكرد، پاش ماوەیەك بیرم كردەوە و لەگەڵ خوێندنی مزگەوت بەراوردم كرد دیم جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو جۆرە خوێندنەدا.
لەم كۆلێجی یاسایەدا بە ماوەی (4) ساڵ (40) بابەتی یاسام خوێند، كە هەریەكێك باسی جۆرێكی ژیان دەكات، مرۆڤ لە هەموو جۆرە ژیانێك شارەزا دەكات.
من ناڵێم خوێندنی فەقێیەتی مزگەوت بێ سوودە، بەڵام جۆری خوێندنەكە و جۆری وانەوتنەوەی وای لێ دەكرد كە سوودێكی زۆری نەبێت لە بابەت ژیان و ئایینەوە، چونكە هەر مەلایەك بەپێی پلەی زانیاری خۆی قوتابخانەیەكی هەبوو، بەدرێژایی ڕۆژ وانەی بەدوو یان چوار یان شەش فەقێ دەوتەوە لەوە زیاتر نەبوو، هەریەكە بە جیاواز دوو سەعات لەگەڵیان خەریك دەبوو، تا ئێوارە خۆی ماندوو دەكرد، وەرگێڕانی كتێبەكەی دەكرد لە عەرەبییەوە بۆ كوردی، فێری وتەی خاوەن كتێبەكەی دەكردن، بیری لەوە نەدەكردەوە ئەو قسانە ڕاستن یان هەندێكیان هەڵەن، چونكە ئەم نوسراوانە هەمووی بە (اجتهاد) دانراون، هەموو موجتەهیدێك وەك ڕاستی هەیە هەڵەشی هەیە، مەلای وا هەبوو ئەگەر كتێبەكەیان لێ بگۆڕیایە لە هەمان كتێب دانەیەكی تریان بدایەتێ نەیدەزانی وانەكەی تیا بڵێتەوە، چونكە كتێبەكەی خۆی وەك خۆیان دەڵێن خۆش كردووە بە سەرو بۆرو ژێر و نیشانەكانی تر، ئەگەر وشەكەی (مبتدأ) بوایە لەژێریدا دەینووسی (م)، ئەگەر (خبر) بوایە لە ژێریدا دەینووسی (خ)، واتە مامۆستا بە درێژایی ساڵ كتێبی دەوتەوە، ئەو بیروڕایەی كە لەناو كتێبەكەدایە نە خۆی فێری دەبوو نە فەقێیەكەی، مەگەر مەلایەكی زۆر چاك بوایە، بۆ ماوەیەكی زۆر دەرسی بوتایەتەوە. ئەم جۆرە خوێندنە تەنها سوودی ئەوەیە كە بیروڕای مرۆڤی تیژدەكردەوە و فێری وردەكاری دەكرد، ئەم جۆرە سودەش مرۆڤ هەستی پێ ناكات تا نەچێتە ناو خوێندنی زانكۆوە.
بەڕاستی من سوودم زۆر لێوەرگرت لە خوێندنی یاسادا، بەڵام ئەگەر هەر مەلا بومایە تا ئێستایش هیچ سودێكم لە خوێندنەكەم و وانەوتنەوەكەم وەرنەدەگرت، چونكە من بۆ خۆم (جمع الجوامع)م لای باشترین مەلا خوێندووە، هەشت جار لەلاپەڕەی یەكەم تا دوالاپەڕە بەدەرس وتمەوە، كەچی فێری زانستی (أصول الفقه) نەبووم، تا بۆخۆم چووم (اصول الفقه)ی هەشت مەزهەبم خوێندەوە و لەگەڵ یاسادا بەراوردم كرد، توانیم ناوەڕۆكی هەموویان كۆبكەمەوە لە كتێبێكدا كە ناوم نا (اصول الفقه الاسلامی فی نسیجة الجدید).
داخی زۆر لە دڵمدایە لە بابەت خوێندنی مزگەوتەوە، چونكە باوەڕ ناكەم لە چەرخی بیستەمدا هیچ ڕۆڵەیەكی كورد هێندەی من ناخۆشی و ماندووبوونی دیبێت لە ڕێگای ئەم خوێندنەدا -هەروەك لە بەشی یەكەمی ژیاننامەكەمدا باسم كرد-، ئەگەر هەر لە مەلایەتی بمامایەتەوە هیچ سودێكم نەدەبوو بۆ ئایینی ئیسلام و بۆ كورد و كوردستان، چونكە هەر دوای قسەی ئەم و ئەو ئەكەوتم، خۆم هیچ بیروڕایەكم نەدەبوو، هیچ كاتێك باوەڕم بە خۆم نەدەبوو كە وتەیەك یان بیروڕایەك بخەمە سەر لاپەڕەی مێژوو، بۆ موسڵمانەكان و نەتەوەكەم سوودی هەبێت.
نرخی كات لە ژیاندا
گرنگترین شتێك كە مرۆڤ دەسەڵاتی هەبێت بەسەریدا بریتییە لە كات، پێشینان وتوویانە: (الوقت كالسیف ان لم تقطعه یقطعك)، واتە: كات وەك شمشێرێكی تیژە ئەگەر تۆ نەیبڕی ئەو تۆ دەبڕێت. لەكاتی خوێندنەكەمدا لەسەر ئەم بنچینەیە بناغەی ژیانم دانا، لە ماوەی ئەو چوارساڵەدا لە كۆلێجی یاسا بووم و، ئیمامیش بووم لە سوپا كە بەپلەی ئەفسەر دادەنرێت، هەموو ڕۆژێك لە كاتژمێر حەوتی بەیانییەوە تا دووی پاش نیوەڕۆ لە فەرمانگە بووم، ئیش و كاری فەرمانگەم تەواو دەكرد و لە پاشاندا دەچوومە شوێنێكی كەنار كە كەس نەمبینێت، ئەو وانانەی كە ڕۆژی پێشوو خوێندبووم بە مانا لەبەرم دەكرد نەك بە (عبارة الفاظ)، چونكە شت لەبەركردن بە مانا باشتر مرۆڤ لە بابەتەكە دەگات و درەنگتریش لە بیری دەچێتەوە، هەر بەم جۆرە خۆم فێركرد كە بیروباوەڕی یاسایی تێبگەم، نەك خۆم فێری كتێبی مامۆستاكان بكەم، چونكە ئەگەر لەسەر كتێب بڕۆم خوێندنەكەی كۆلێجم هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ خوێندنی حوجرە نابێت، بەدرێژایی ساڵ دەبێت هەر فێری كتێب ببم و، دووربم لە ڕاستو چەوتی ئەم كتێبانەوە، بیروباوەڕم وابێت كە هەرچی نوسراوە هەمووی ڕاستە، باوەڕم بەخۆم نەبێت كە منیش بیروباوەڕێكی تایبەتیم هەبێت لەم بابەتەدا.
هەرچیم دەخوێندەوە لە كتێبەكانی یاسا لە هەموو جۆرە بابەتێك پێشەكی لە دڵی خۆمدا بڕیارم دەدا كە ئەمە ڕاست نییە، ئینجا دوایی دەستم دەكرد بەلێكۆڵینەوەی، تا چاك و خراپەی بكەوێتە بەرچاوم بۆ ئەوەی چاكەكەی بگرم و خراپەكەی لە خۆم دوور بخەمەوە.
ئامۆژگاريی و ڕاسپاردەی بۆ زانایانی ئایینی
لەو ماوەی عومرمە 35 ساڵ لە جامیعەكانی عێراق مقارنەم كردووە لە بەینی شەریعەتی ئیسلام و قانوونەكانی دوەلی عالەما، قەناعەتم پەیاكرد بەبێ تەعەسوب بە قەناعەتێكی علمی یەقینی كە بەدیل بۆ شەریعەتی ئیسلام نییە، بەدیل بۆ قورئانی كەریم نییە، جا لەبەرئەوە داوا ئەكەم لە مامۆستاكان تەمەنی خۆیان بەزایەع نەدەن.
دوو وەسیەتی گەورەی گەورەكانی ئیسلام ئەگەیەنم بەو مامۆستایانی ئایینیە، یەكەمیان فەرموودەی حەزرەتی عەلی (خوا لێی ڕازی بێت)، ئەفەرموێ: (انظر الی ما قیل ولا تنظر الی من قال) هەرچیەكت خوێندەوە، هەرچیەكت بیست، تەماشای قسەكە بكە، تەماشای ساحێبی قسەكە مەكە، غەیری خوا و پێغەمبەر نەبێ، چونكە ئەگەر تەماشای ساحێبەكەیان بكەی غەڵەت بێ یان صەحیح بێ، تەسلیم ئەبی، بەڵام ئەگەر تەماشای قسەكەت كرد، شی ئەكەیتەوە لە ناحیەی مەنتیق و عەقڵ و فەلسەفەوە، ئەگەر زانیت شتێكی ڕاستە دوای ئەكەوی، ئەگەر زانیت شتێكی غەڵەتە پاڵی پێوە ئەنێیت.
وەسیەتی دووەم، وەسیەتی فەیلەسوفی ئیسلامی گەورە، ئیمامی غەزالی یە، ئەفەرموێ: هەموو شتێك غەیری قورئان و سوننەتی پێغەمبەر، بەشك وەربگرە، دایبنێ ئەم شتە ڕاست نیە، جا هەركەسێك هەیە، ئەفەرموێ: (من لم یشك لم ینظر) هەركەس نەكەوێتە شكەوە لە شتێكدا كە ئەیخوێنێتەوە، نەزەر ناكا، مەبەستی تەفكیری دەماغە، (ومن لم ینظر لم یبصر) ئەوەش كە نەزەر نەكا بەصیرەت بەكار ناهێنێ، بەصیرەتی دەماغ، (ومن لم یبصر بقی فی العمی والظلال) ئەو كەسەش كە بەسیرەت بەكارنەهێنێ لە نەزانیدا ئەژی.
من لەپاش ئەو هەموو عومرە، ئەو هەموو تەدریسە، پاش ئەو هەموو تەئلیفە، كە مەصدەری حوكمی شەریعەتی ئیسلام سێ شتە، مەصدەری مونشئ، ئەو مەصدەرەی كە حوكمەكەی دروست كردووە، ئەوە تەنها قورئانە، خوا خۆی ئەفەرموێ (ان الحكم الا لله)، كەواتە حوكمی بەشەری تەنها خوا دایئەنێ، سوڵتەی بە هیچ بەشەرێ نەداوە كە بێت حوكمی شەرعی دابنێ، موجد و مونشئی حوكمی شەرعی تەنها قورئانە، تەنها خوایە.
وەزیفەی پێغەمبەر چیە؟ خوا دوو وەزیفەی داوەتێ، یەكەمیان وەزیفەی بەیان، بەیانی قورئان: (وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ) النحل : 44.
دووەم وەزیفەی تەبلیغە، (وما علی الرسول الا البلاغ).
كەوابوو لەگەڵ ئەو هەموو عەزەمەت و گەورەییە، سوڵتەی ئەوەی نەدراوەتێ حوكم دروست بكا.
مەصدەری سێیەم مەصدەری كاشیفە، كە ئیجتیهاداتی فوقەها و موجتەهیدینە. وەزیفەی ئەم مەصدەرە كەشفی حوكمەكەیە، ئەگەر حوكمەكەی خوای دۆزیيەوە ئەوە موصیبە، ئەگەر نەیدۆزیيەوە ئەو موختیئە.
لەبەرئەوە، مامۆستاكان، هەمووتان گوناهبارن كە قسەی یەكێك نەقڵ ئەكەن بەبێ ئەوەی كە دەلیلەكەی بزانیت، ئەمە زۆر هەڵەيەكی گەورەیە، چونكە ئەوانە ناتوانن حوكم دروست بكەن، ئەوانە كەشفی حوكم ئەكەن، كەوابوو هەر موفتییەك یا قازییەك ئەگەر هاتوو ڕەئی لە ئارائی موجتەهیدین هێنا دەلیلی قورئان و سوننەتی پێغەمبەری لەگەڵ نەبوو، ئەوە گوناهبارە فتوا بدا بەو كتێبە یان بەو مەزهەبە.
دەرئەنجامی ئەزموونی ژیانی:
1- پەشیمان نیم لەو (12) ساڵەی خوێندن كە بە ماندووبوون و برسێتی و ڕووتی و دوورە وڵاتی و گەڕانی دێ و شاران تەواوم كرد، هەرچەندە پێم وابوو كە هیچ سوودم لە خوێندنەكە نەبینیوە، بەڵام بۆ دواڕۆژ لە زانكۆدا سوودم لێ وەرگرت، ئەو بابەتانەی كە لە حوجرەكان دەخوێنران، ئاستی بیركردنەوەی مرۆڤ فراوان دەكەن، كە بیر بكاتەوە و بەدوای زانیاری زیاتردا بگەڕێت.
2- ساڵی 1960 لە كۆلێجی یاسا لە زانكۆی بەغدا وەرگیرام، مامۆستاكان كە بابەتێكی یاساییان ڕوون دەكردەوە، بۆ من تێگەیشتنی زۆر ئاسان بوو، بەپێچەوانەی ئەو قوتابیانەی لەگەڵمدا بوون كە نەیاندەتوانی بەباشی بابەتەكە بهێننە بەرچاوی خۆیان، ئەو توانایەی من بەهۆی خوێندنی مزگەوتەوە بوو، كە دواتریش توانیم سێ ماستەر و دوو دكتۆرا بەدەست بهێنم و زیاتر لە (60) دانراوم هەیە و هێشتا چەند دانراوێكم هەیە كە بڵاو نەكراوەتەوە، زۆری دانراوەكان بەراوردە لە نێوان فقهی ئیسلامی و یاسادا.
3- ئەو خوێندنەی كە لە مزگەوت و دواتریش ئەوەی كە لە زانكۆ خوێندم وایلێكردم كە زۆر شتی ورد هەبوو لە یاسادا یان لە باسكردنی حوكمە شەرعیيەكاندا بیان بینم، كردم بەو دانراوانەی كە ئێستا لە كۆلێژەكانی یاسادا دەخوێنرێن:
لە قۆناغی یەكەمدا: (المدخل لدراسة الشریعة الاسلامیة).
قۆناغی دووەم: (احكام الزواج والطلاق).
قۆناغی سێهەم: (أحكام المیراث والوصیة وحق الانتقال فی الفقه الاسلامي).
قۆناغی چوارەم: (أصول الفقه الاسلامی فی نسیجه الجدید).
لە قۆناغی ماستەردا: (موانع المسؤلیة الجنائیة فی الشریعة الاسلامیة و التشریعات الجزائیة العربیة).
لە قۆناغی دكتۆرادا: (الالتزامات فی الشریعة الاسلامیة و التشریعات المدنیة العربیة).
دانراوی (أصول الفقه الاسلامی فی نسیجه الجدید) لە زانكۆكانی وڵاتی ئوردن و یەمەن و ئەندەنوسیا و ئێران دەخوێندرێت.
ئەمانە هەمووی بەهۆی وردەكاری قۆناغی خوێندنی مزگەوتەوە بوو.
4- قورئانی پیرۆز لە (49) ئایەتدا فەرمانی بەوە داوە كە ژیری (عەقڵ) بەكاربهێنرێت، ئەگەر میللەتی عەرەب بەتایبەت و موسڵمانان بەگشتی دژی ژیری نەبووایەین، ئێستا لەجێگەی ئەمریكا ئەبوون لە داگیركردنی بۆشایی ئاسماندا.
5- من كە زیاتر لە (60) ساڵە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا دەژیم، زیاتر لە (40) ساڵە لەگەڵ یاسای هەموو وڵاتان دەژیم، زیاتر لە (25) ساڵە بەراورد دەكەم لە نێوان یاسا و شەریعەتی ئیسلامدا، ئێستاش بیروباوەڕێكی جوان و ڕوون نەبووە لە یاساوە وەرمگرتبێت، كە جوانتر یان ڕوونتر بێت لەوەی كە شەریعەتی ئیسلام باسی كردووە.
ئەوەی باوەڕ ناكات ئەتوانێ خۆی بەراوردی بكات ئەزانێت نە (مبالغە)ی تێدایە و نە (تعصب).
6- "لە ماوەی ژیانمدا لە نێوان بەراوردكردنی ئایینی ئیسلام و هەموو یاسای دەوڵەتان و بیروباوەڕی جیاواز و ئایينەكانی تر زیاتر لە چل ساڵ، تێكەڵاویم لەگەڵ خەڵكی جیاوازی جۆر بەجۆر، ئەم بیروباوەڕەم بۆ دروست بوو، شتێكم نەدی ئیسلام بڵێت مەیكە ژیری بڵێت بیكە، هەروەها بەپێچەوانەی ئەوەوە شتێكم نەدی ئیسلام بڵێت بیكە ژیری بڵێت مەیكە".
دەرئەنجام: بەخوێندنەوەی ئەم دێڕانە لە كتێبی "كاروانی ژیانم" دەگەینە ئەم دەرئەنجامانە:
1- قوتابی زانستە شەرعییەكان دڵسۆزییەكی زۆریان هەبووە و هەیە بۆ ئەو زانستانەی دەیخوێنن و ماندووبونی زۆریان لەپێناودا چەشتووە.
2- ئەو زانستانەی قوتابی زانستە شەرعییەكان دەیخوێنێت تەنها تایبەت نییە بە ژیانی دونیای مرۆڤەكانەوە، بەڵكو پەیوەندی بە قیامەتیشیانەوە هەیە.
3- كورد خاوەنی چەندەها زانای ئایینی پایەبەرز بووە كە مەدرسەی گەورەیان هەبووە و وانەیان بەفەقێ وتووەتەوە و كەم گوندی كوردستان هەبووە فەقێی تێدا نەبێت.
4- خەڵكی كوردستان فەقێ و قوتابی زانستە شەرعییەكانیان خۆشویستووە و خزمەتیان كردوون و ڕێزی تایبەتیان لێ گرتوون.
5- ڕێزگرتنی تایبەت هەبووە لەنێو قوتابی و مامۆستادا لە خوێندنی زانستە شەرعییەكاندا.
6- دكتۆر مستەفا زەڵمی ڕەخنەكانی لە ڕوانگەی دڵسۆزییەوەیەتی بۆ ئایینی ئیسلام و قوتابخانە و مەدرسە شەرعییەكان.
7- بەداخەوە زۆربەی زانایانی ئایینی ئەو زانستەی خوێندبوویان تەنها بۆ فێركردنی نەوەی دوای خۆیان بەكاریان هێناوە و كەمتر توانیویان لە دەرهێنانی حوكمە شەرعییەكاندا لێی سوودمەند بن.
8- ئەو مامۆستایانەی زانستە شەرعییەكانیان خوێندووە لە هەر بوارێكی دیكەدا كاریان كردبێت توانیوویانە بەهۆی ئەو زانستە شەرعییانەوە قوڵتر ڕۆبچنە نێو بابەتەكانەوە و داهێنان بكەن، نموونەش لێهاتوویی زەڵمی لە بواری یاسادا كە باڵادەستبوونی بۆ ئەو زانستە شەرعیيانە دەگێڕێتەوە كە لە حوجرەی مزگەوتدا خوێندوویەتی، بەهەمان شێوە دەتوانین ئاماژە بە مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس بكەین كە بەهۆی ئەو زانستە شەرعیيانەی خوێندوویەتی توانیوویەتی بە جوانی لێكدانەوە بۆ شیعری شاعیرانی كلاسیكی كوردی بكات.