فەرمانی دامەزراندنی موفتییەکانی لیوای سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا
فەرمانی دامەزراندنی موفتییەکانی لیوای سلێمانی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا
  2026/01/19     35 جار بینراوە    


د. سەعدون حسەین ئەحمەد

   موفتی لە چوارچێوەی یەکە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا جێگە و پێگەی دیاریکراوی هەبووە، بەشێوەیەك پۆستی موفتی وەک پۆستە کارگێڕییەکانی تری دەوڵەت ڕەهەندێکی کارگێڕی فەرمی هەبووە، موفتی لیوا و قەزاکان بە فەرمانێکی ناوەندی لەلایەن دامەزراوەی مەشیخەت و خودی شێخولئیسلامی دەوڵەتەوە فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەردەکرا، هەمان دامەزراوەش لە کاتی کەموکوڕیدا مافی لێپرسینەوەی لە موفتییەکان هەبووە. دوای فەرمانی دامەزراندنیان موفتی شارەکان ڕاستەوخۆ دەبوونە ئەندامی ئەنجومەنی شارەکان، وەڵامی پرسیارەکانی خەڵکی و فەتوادەرکردن بۆ چارەەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە کاری ڕۆژانەی موفتییەکان بوو، بەمەش بەشدارییەکی کارا و ڕاستەوخۆیان لە ئاڕاستەکردنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا هەبووە.

لیوای سلێمانی و شارۆچکەکانی وەک بەشێک لە سنووری کارگێڕی ویلایەتی موسڵ موفتی تایبەت بە خۆیان بۆ دامەزرێنراوە، ناوی موفتییەکان بە پێشنیازی ئەنجومەنی شارەکان بۆ ویلایەت و لەوێشەوە بۆ ناوەند بەرزكراونەتەوە و پاشان فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە، هەربۆیە کەسانی خاوەن پێگەی زانستی و کۆمەڵایەتی بەهێز پێشنیازی ئەو جۆرە شوێنانەیان دەکرا.

بەكورتی، موفتییەکان کەسە بەهێزەکانی کۆمەڵگە بوون، ئێمە لەم وتارەدا وردەکاری دامەزراندنی موفتییەکانی سنوری لیوای سلێمانی دەخەینە ڕوو.

لیوای سلێمانی کە لەڕووی کارگێڕییەوە بەشێک بووە لە ویلایەتی موسڵ لە چەند قەزا و ناحیەیەک پێكدەهات، هەریەک لەو ناوچانە موفتی تایبەت بەخۆیان هەبووە، لێرەدا وردەکاری تایبەت بە هەریەک لەو کەسایەتییانە باس دەکەین، کەوا ئەرکی فەتوادانیان لە ناوچەكانی خۆیان لەئەستۆدا بووە.

١- موفتی ناوەندی لیوای سلێمانی

   دامەزراندنی موفتی بۆ ناوەندی لیوای سلێمانی بە فەرمانێک لەلایەن ئەنجومەنی باڵای زانستییەوە جێبەجێکراوە، بڕیارەکە تایبەتە بە دامەزراندنی موفتی ناوەندی لیوای سلێمانی بەناوی (عەزیز ئەفەندی)، ناوبراو کوڕی مەلا محەمەد ئەمینی کوڕی مەلا ئەحمەدی موفتی ناسراو بە چاومارە، لە خزمەت باوکی خوێندوویەتی دواتر چووەتە مەدرەسەی بیارە و لە خزمەت مەلا عەبدولقادری مودەڕڕیس درێژەی بە خوێندن داوە، لە کۆتاییدا لە خزمەت مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێندا مۆڵەتی زانستە شەرعییەکانی وەرگرتووە، دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و لە جێگەی باوکی کاری مەلایەتی کردووە، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەفەری ١٣١٦ لە فەرمانێکی میریدا ئاماژە بە نووسراوی ویلایەتی موسڵ کراوە بەوەی ناوبراو لە جێگەی باوکی دانراوە  بەناوی حاجی ئەمین ئەفەندی، کە پێشتر موفتی لیوای سلێمانی بووە و كۆچی دوایی کردووە. هەر لە درێژەی بەڵگەنامەکەدا هاتووە ناوبراو لەلایەن دەوڵەتەوە (ئیزمیر پایەسی) پێبەخشراوە کە ناونیشانێکی زانستی بووە و تایبەتە بە زانایانی ئایینی لە دەوڵەتی عوسمانیدا. لە هەمان فەرماندا ئاماژە بە بڕی مووچەكەی کراوە، کە لە (٧٠٠) قرووشەوە دەستپێدەکات هەتا (١٢٥٠) قرووش.

لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا کە ڕێکەوتی ٢١ی سەفەری/١٣٢٦ کۆچی لەسەرە، ئاماژەی بە داواکاری موفتی سلێمانی (عەزیز ئەفەندی) کراوە بەوەی لە ئەرکی موفتی لیوای سلێمانی بیبەخشن و کەسێکی تر بۆ ئەو ئەرکە ڕابسپێرن.

لە بەڵگەنامەیەکی تردا کە هی ساڵەکانی دواترە، باسی (جەلالەددین) ناوێک دەکات کە موفتی ناوەندی لیوای سلێمانییە، هەر لە بەڵگەنامەکەدا باسی زانیارییە کەسییەکانی ناوبراو ئەکات و دەڵێت: لە ساڵی ١٢٩٢ لە شاری موسڵ لەدایکبووە و خاوەن مۆڵەتی زانستە شەرعییەکانە، بەپێی ئەم بەڵگەنامەیەی کۆتایی دیارە دوای بەخشینی مەلا عەزیز ئەفەندی لە کاری فەتوادان مەلا جەلالەددین لە شوێنی ناوبراو ئەو ئەرکەی وەرگرتووە.

٢- موفتی قەزای بازیان

لە هەمان بەڵگەنامە و لە لاپەڕەیەکی تریدا ئاماژە بە فەرمانی دامەزراندنی موفتی قەزای بازیان ئەکات، کە ناوەندی قەزاکە لە چەمچەماڵ بووە، بەهەمان شێوەی سەرەوە فەرمانەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای زانستییەوە دەرچووە، بە ژمارەی (٦٢٣) لە ڕێکەوتی ٢ی زیلقەعدەی ١٣٢٨ موفتی قەزای بازیان بەناوی (محەمەد ئەفەندی) بە بڕی مووچەی (٧٠٠) قرووش دەستبەکار بووە، لەو خانانەی کە دیاریکراوە بۆ زانیارییە کەسییەكانی هیچ شتێک لەبارەی ناوبراوەوە تۆمار نەکراوە.

٣- موفتی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)

لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا فەرمانی دامەزراندنی موفتی هەڵەبجە بەناوی (شێخ مستەفا ئەفەندی) هاتووە، ناوبراو شێخ مستەفای کوڕی شێخ محمودی کوڕی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانییە، لە مەدرەسەی بیارە مۆڵەتی زانستە شەعییەکانی وەرگرتووە، دوای وەفاتی باوکی بووەتە سەرپەرشتیار و موفتی لە مزگەوتی گەورەی هەڵەبجە، لە پەراوێزی فەرمانەکەدا هاتووە کەوا لە ڕێکەوتی (٢٠/شەوال/١٣٣٥) بە فەرمانی شاهانە ناوبراو پلەی (ئیزمیر پایەسی) پیدراوە، ئەم نیشانە پلەیەکی تایبەت بووە بە زانایان لە لایەن دەسڵەتی ناوەندی شاهانەوە بەخشراوە بە کەسانی لێهاتوو لە کایەی فەتوا و زانستی شەرعیدا، شایەنی باسە فەرمانەکەی ئەنجومەنی زانستی لە ئەستەنبوڵ لە ڕێکەوتی ٤/٢/ ١٩١٦ دەرچووە، بڕی موچەی دیاریکراو بۆ ناوبراو وەک موفتی قەزای گوڵعەنبەر (٧٠٠) قرووش بووە.

لە بەڵگەنامەیەکی تردا کە ئاماژەی بە ناوی (شێخ مستەفا) کردووە، وەک موفتی هەڵەبجە هیچ ئاماژەیەکی بە زانیارییە کەسییەکانی ناوبراو نەکردووە، دیارە بەردەست نەبووە ئەگەرنا زانیارییە کەسییەکانی هەندێک لە موفتییەکانی تری تێدایە.

لە بەڵگەنامەی سێهەمدا پەیوەست بە (شێخ مستەفا) جگە لەوەی ناوبراو بە کەسایەتییەکی خاوەن زانست و دیندار وێنا دەکات، لەهەمانکاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پڕوپاگەندانەی لەسەر کەسێتی ناوبراو وتراون بێ بنەمان، هەربۆیە ناوبراو شایستەی ئەو ئەرکەیە كە پێی سپێردراوە.

وەک ئاماژەمان پێکرد، پێشتر موفتی شارەکان لەلایەن ئەنجومەنی شارەوە پێشنیازکراون بۆ ئەو پۆستە، دیارە ئەو پرۆسەیەش بەدەر نەبووە لە ململانێ، هەربۆیە ئەکرێت لەوچوارچێوەیەدا ڕکابەرەکان یەکتریان تۆمەتبارکردبێت و ڕاپۆرتیان لەسەر یەکتر بەرزکردبێتەوە.

٤- موفتی قەزای شارباژێڕ

لە فەرمانێکی ئەنجومەنی ناوەندی زانستیدا ئاماژە بە دامەزراندنی (شێخ جەلال ئەفەندی) کراوە بۆ موفتی قەزای شارباژێر لە لیوای سلێمانی، ڕێکەوتی ١٨ی زیلقەعدەی ١٣٣١ کۆچی بە ژمارە (١٤٠٣) فەرمانەکە دەرکراوە، لە پەراوێزی فەرمانەکەدا هاتووە کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی شەوالی ١٣٣٥ بە فەرمانی شاهانە ناوبراو پلەی (ئیزمیر پایەسی) پێدراوە، ئەم نیشانە پلەیەکی تایبەت بووە بە زانایان لە لایەن دسەڵاتی ناوەندی شاهانەوە بەخشراوە بە کەسانی لێهاتوو لە کایەی فەتوا و زانستی شەرعیدا.

لە بەڵگەنامەیەکی تردا پەیوەست بە دامەزراندنی موفتی شارباژێڕ باسی ڕێکەوتی لەدایکبوونی شێخ جەلال کراوە، ناوبراو لە ساڵی ١٢٩٢کۆچی لە شارباژێڕ لەدایکبووە. هەر لە هەمان بەڵگەنامەدا ڕێکەوتی دامەزراندنەکەی بە هەمان ڕێکەوتی پێشوو پشتڕاستکراوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە کە ناوبراو خاوەن مۆڵەتی زانستە شەرعییەکانە. لە وردەکاریی فەرمانەکەدا ئاماژە بە بڕی مووچەی ناوبراو کراوە وەک موفتی شارباژێڕ کە بڕەكەی (٧٠٠) قرووش بووە.

٥- موفتی قەزای مەرگە (مەعمورەتولحەمید)

ناوەندی قەزاکە پشدەر بووە، لە فەرمانی ئەنجومەنی زانستی باڵادا هاتووە کە لە ڕێکەوتی (٢١ی شەعبانی ١٣٢٥ بڕیاردرا لە دامەزراندنی محەمەد ئەفەندی بە موفتی قەزای مەرگە دراوە. دواتر لە پەراوێزی فەرمانەکەدا هاتووە کە بەهۆکاری كۆچی دوایی موفتی قەزای ناوبراو محەمەد ئەفەندی بە زۆرینەی دەنگی ئەنجومەنی شار بەڕێز محەمەد ئەمین ئەفەندی دادنووسی دادگای شەرعی قەزاکە کراوە بە موفتی شار، ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ٢ی تشرینی یەکەمی١٣٣٠ دەرکراوە. لە درێژەی فەرمانەکەدا بڕی مووچەی ناوبراو وەک موفتی هەر قەزایەک بە (٧٠٠) قرووش دیاریکراوە، لە پەراوێزی بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ناوبراو بەهۆکاری سەرقاڵی بە ئەرکی تێکۆشان و جیهاد ماوەی سێ مانگ مۆڵەتی بۆ درێژکراوەتەوە.

٦-موفتی بانە

لە ڕێکەوتی ٢٣ی زیلقەعدەی١٣٢٩ کۆچی بە فەرمانی ژمارە (١٠١٥)ی ئەنجومەنی باڵای زانستی لە ئەستەنبوڵەوە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەجەبی ١٣٢٩ کۆچی بڕیاری دامەزراندنی عەبدولڕەحمان ئەفەندی وەک موفتی قەزای بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە، شایەنی باسە جگە لە فەرمانی دامەزراندنی ناوبراو هیچ زانیارییەکی تر لەبارەی کەسەکەوە لە بەڵگەنامەکاندا بەردەست نییە.

٧-موفتی سەردەشت

لە درێژەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە موفتییەکانی لیوای سلێمانی فەرمانی دامەزراندنی موفتی قەزای سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەستە، وردەکاری بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای زانستی بەم شێوەیەیە: پەیوەست بە دامەزراوەی موفتی قەزای سەردەشت لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەجەبی١٣٢٩ کۆچییەوە بڕیاریاردرا بە دامەزراندنی عەبدولكەریم ئەفەندی بە موفتی قەزای ناوبراو، فەرمانەکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی زیلقەعدەی ١٣٢٩ كۆچی بە ژمارە (١٠١٥) دەرچووە.

 

 

 

 

 

 

Rounded Rectangle: موفتی (مەرگە) قەڵادزە

 

 

 

 

 

 

Rounded Rectangle: موفتی سلێمانی و بازیان

 

سەرچاوەکان

- علماؤنا في خدمة العلم والدين، ملا عبدالكريم المدرس، ط1، 1983، ص 295-567.

--OSMANLI’NIN SON DÖNEMİ’NDE VİLAYET MÜFTÜLÜĞÜ SEÇİMİ. Tülay ERCOŞKUN.82-83.

-İSTM.MŞH.DFT2.D.103-104

- İSTM.MŞH.DFT2.D.97-98

- İSTM.MŞH.DFT2.D.101-102


بابەتی زیاتر

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure