بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى یەکەم
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى یەکەم
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/06/07     546 جار بینراوە    


لەدايكبوونم:

لە ساڵی 1368 کۆچی بەرانبەر ساڵی 1949زاینی، له ‌گه‌ڕه‌كی به‌ركێوی شاری پێنجوێن و له‌ خێزانێكی خواناس و پارێزكاردا چاوم  بە دنیا هه‌ڵهێناوه، پێم ناوه‌ته‌ ناو جیهانی هه‌ست و ڕووم له ‌ژیانی پڕ نشێو و ته‌لان كردووه‌.  ٣/ ڕەجەب /١٣٦٨= بە  ١/ مایس/١٩٤٩.

بەدیققەت ڕۆژ و مانگەکەم لە یاد نەماوە، بەڵام دەزانم بابم کەشکۆڵێکی دەستخەتی هەبوو، لە بەرگی ناوەوەی ئەو کەشکۆڵەدا بەرواری لەدایکبوونی هەموومانی نووسیبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو کتێبە و کتیبخانەکەی باب و خانووەکەشمان بە دەستی سوپای سۆشیالیستەکانی فەرمانڕەوای عێراق سووتێنرا.

٣ڕەجەب = 1/5.

لەو سەردەمەشدا کە سەرژمێری کراوە، لیژنەکان بڵاو بوونەتەوە بە ماڵاندا بۆ نووسینی ناو و ڕۆژی لەدایکبوونی خەڵکی، کەرەستە ئاسانکارییەکانی ئەمڕۆیان پێ نەبووە، تا لە چاوترووکانێکدا مێژووەکەیان لە هیجرییەوە بۆ بکات بە میلادی. ئەو سەردەمە خەڵکی تەئریخی هیجرییان بە کار دەهێنا، بەتایبەت مەلاکان، و ئەوانەی خوێندەواری مزگەوتەکان بوون. من باش لە بیرم دێت، تا کۆتایی پەنجاکانیش، تەنانەت بۆ کات هەر سەعاتی ئێوارانیان بە کار دەهێنا، کە لە بانگی مەغریبدا دەبوو بە دوانزە، نەک ئەم سەعاتەی کە لە بانگی نیوەڕۆدا سەعاتەکەی دەبێتە دوانزە. 

لیژنەکانی ناونووسینیش دوو بەرواریان پێ داون، بە مەزەنەی خۆیان لە کامیانەوە نزیک بووبێت، ئەوەیان بۆ نووسیوە. ١/١  و ١/٧ .

بە پێی ئەو بەروارە بێت کە باوکم لە بەرگی کەشکۆڵەکەیدا نووسیبووی من لە ساڵی  ١٣٦٨هیجری لە دایک بووم، بەرانبەر بە ساڵی 1949زاینییە.

بەڵام (مانگی ٧/١٩٤٩ بەرانبەر بە مانگی ڕەمەزانی ١٣٦٨)ە، و هیچ کاتێککیش دایکم بە ڕەحمەت بێت، باسی نەکردووە کە من لە ڕەمەزاندا لە دایک بووبم. گومان دەبەم کە لە ڕەجەبدا لە دایک بووبم، کە بەرانبەری مانگی مایسی (١٩٤٩)یە. خوایش ئاگادارترە.

بۆچی باوکم ناوی ناوم حەسەن؟

ڕۆژێک لە ڕۆژان من لە باوکم نەپرسی: ئەوە بە چ بۆنەیەکەوە منت ناو ناوە حەسەن؟ لەگەڵ ئەوەدا کە مامۆستایانی مزگەوت، ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشی زۆریان، ناوی یەکەم کوڕیان دەنێن: محمد.

لە دوای وەفاتی باوکم بیرم لەوە کردەوە، بە مەزەنەی خۆم وام خەمڵاند کە: پێشەوای شەهید حەسەن بەننا لە ١٢/ ٢/١٩٤٩دا بە فیتی ئینگلیز تیرۆر دەکرێت، لەو سەردەمەشدا زۆر ئەم دەنگوباسە بڵاو دەبێتەوە، کە: ئەم پیاوەی کوژراوە چ پیاوێک بووە، چ خزمەتێکی گەورەی بە ئیسلام و موسوڵمانان کردووە! منیش سێ مانگ دوای ئەوە لە دایک بووم، بە مەزەنەی خۆم، بە ناوی ئەوەوە منی ناو ناوە حەسەن (واللە أعلم). بۆ ئەم بۆچوونەم دوو بەڵگەم هەیە:

یەکەم:  باوکم – بە ڕەحمەت بێت- هە‌رچەند سۆفی و موریدی شێخ علاءالدین-ی بیارە بوو، بەڵام برایانی موسوڵمانی زۆر خۆش دەویست و بەشی زۆری کتێبەکانی دەخوێندنەوە، لە ساڵانی ٦٠-٦١ دا ڕۆژنامەی (الحیاد)ی حزبی ئیسلامیی عێراقی بۆ دەهات. 

دووەم:  کاتێک خوا کوڕی دووەمی پێ دەبەخشێت ناوی دەنێت محمد! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە وەک باوی مامۆستایانی ئەو سەردەمەی مزگەوتەکان دەبوو ناوی منی بنایە: محمد، کە ئەم ناوەی هەڵگرتووە بۆ کوڕی دووەمی، نیشانەی ئەوەیە پاڵنەرێک هەبووە بۆ ئەم کارەی. ئەمە تەنیا مەزەندە و بۆچوونە، خوا ئاگادارترە بە حەقیقەتەکان.

دوودایکی:

 كاتێک من چاوم كرده‌وه‌ من دوو دایكم هه‌بوو، دایكی خۆم و دایه‌ گه‌وره‌م، دایه‌ گه‌وره‌م نه‌نكم نه‌بوو، بەڵکوو ئه‌و ئافره‌ته‌ خواناسه‌ پارێزكاره‌ی خێزانی باوكم بوو، كه‌ دایكمی به‌سه‌را هێنرابوو، باوكم دوو ژنی هه‌بوو، له ‌خێزانی یه‌كه‌می ته‌نیا دوو كچی بۆ مابوو، ته‌لیعه‌ و ڕابیعه‌، له‌پێش ڕابیعه‌وه‌ كوڕێكی جوانی هه‌بووه‌ به ‌ناوی عه‌بدولكه‌ریم و مردووه‌، من ساڵێک دوای ڕابیعه‌ له ‌دایك بووم و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێكه‌وه‌ شیرمان خواردووه‌، واته‌: باجیم هه‌ر وه‌ك خێزانی باوكم بووه، دایكی شیرییشم بووه‌، گوایه‌ باوكم كوڕی بۆ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ژنی دووه‌می هێناوه‌، من نۆبه‌ره‌ی دایكی خۆم بووم، كوڕی گه‌وره‌ی ماڵ بووم، من له‌ دایكی خۆم، سێ برا و دوو خوشكم هه‌بوو، ئه‌مه‌ش ته‌رتیبیان بوو: تووبا، موحه‌ممه‌د، حوسه‌ین، مه‌لیحه ‌(مه‌لیعه‌)، ئه‌حمه‌د، ئه‌م برا بچكۆله‌یه‌م له ‌ساڵی 1959دا له ‌دایك بوو، پاش وه‌فاتی باوكم به‌ شه‌ش مانگ وا‌ته: له مانگی يانزەی 1962 دا له‌ دێی (بایه‌وه‌ی ئێران)مرد.

ئێمه‌ (مناڵه‌كانی دایكی خۆم) هه‌موومان زۆر باجیمان خۆش ده‌ویست، هه‌رگیز پێشمان نه‌ده‌گوت باجی، هه‌ر پێمان ده‌گوت: دایه ‌گه‌وره‌، به ‌حساب دایكی خۆم دایكی بچكۆله‌یه‌ و ئه‌ویش له ‌دایكم گه‌وره‌تره‌، دایه‌ گه‌وره‌م خوا عه‌فووی بكات و ڕۆحی پاكی به‌ به‌هه‌شت شاد بێت، تا بڵێیت ئافره‌تێكی ڕوو له‌ خودا و ساڵح و پارێزكار بوو، له‌ڕاستیدا زۆر له‌ دایكی خۆمان خۆشترمان ده‌ویست، هه‌رگیز دوعای شەڕی لێ نه‌ده‌كردین، ئه‌گه‌ر زۆر عه‌زێتمان بكردایه‌، ئه‌ویش دوعای لێ بكردینایه‌ ده‌یگوت: ده‌ك ڕۆڵه‌ خوا عه‌مرتان درێژ بكات! ده ‌دانیشن، ئیتر واز بێنن.

خوێندنی منداڵيم: خوێندنی منداڵیم زۆر سەیر بووە!

له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكدا باوكم قورئانی پێ خوێندم تا سووره‌تی یاسین، گوتی: ئیتر خۆت ده‌یزانی پێویست ناكات من پێت بڵێم، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵی له‌و كتێبه‌ كوردییانه‌شی پێ گوتم، كه‌ له‌ باره‌ی ڕه‌وشت و عه‌قیده‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌خوێنران، و كتێبی "گوڵـستانی سه‌عدی"ی شیرازییشی پێ گوتم، كتێبی "ئه‌حمه‌دی"یشی پێ له‌به‌ر كردم، كه ‌بریتی بوو له‌ فه‌رهه‌نگێكی كوردی-عه‌ره‌بی، كاك ئه‌حمه‌دی شێخ به‌ڕه‌حمه‌ت بێت  كاتی  منداڵ بووه‌، شیخ مارفی باوكی (شیخ مارفی نۆدێ) به‌ڕە‌حمه‌ت بێت، به‌ هۆنراوه‌ بۆی داناوه‌ و ناوی ناوه‌ ئه‌حمه‌دی‌، بۆ له‌به‌ركردن زۆر ئاسان بوو، ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كیه‌تی:

(رأس): سه‌ره‌، (عین): چاوه،    (بدن): قاڵب، (إسم): ناوه‌.

(أنف) لووته‌، (حاجب): برۆ،    (فخذ) ڕانه‌، (رکبە): ئه‌ژنۆ.

پێش ئه‌وه‌ی باوكم دووكان دابنێت، ته‌نیا به‌ئیمامه‌تی مزگه‌وت و ده‌رسگوتنه‌وه‌ی فه‌قێكانه‌وه‌ مه‌شغووڵ بوو، ئه‌ڵبه‌ته‌ باخ و دێبه‌رێكیشمان هه‌بوو، خۆی سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرد و به‌رهه‌می ده‌هێنا، زۆر جار له ‌ته‌ك خۆیا ده‌یبردم بۆ ناو باخه‌كه‌مان، باخه‌كه‌مان له‌ (دێكۆن)دا بوو، ده‌بوو به‌ كه‌لی دێكۆندا سه‌ر بكه‌وتینایه‌ و له‌وێوه‌ بڕۆیشتینایه‌، له ‌ڕووی پێنجوێنه‌وه‌ به‌رزاییه‌كی سه‌خت بوو، له‌ ڕێگه‌دا ده‌وری پێ ده‌كردمه‌وه‌، كاتێك به‌و به‌ره‌وژووره‌یه‌شدا سه‌ر ده‌كه‌وتین هه‌ناسكه‌بڕكێم پێ ده‌كه‌وت، كه‌چی نه‌یده‌گوت: كوڕم به‌سه‌، با ئێستا ئیسراحه‌تێك بكه‌یت! له‌ناو باخه‌كه‌دا ده‌رسی پێ ده‌گوتم، له‌ ده‌رسوتنه‌وه‌دا په‌له‌ی لێ ده‌كردم، ده‌یویست زوو ده‌رسه‌كه‌ له‌به‌ر بكه‌م، زوو بیزانم، زوو پێبگه‌م، ئه‌مانه‌ش شوێنه‌واری سه‌ختیان له‌سه‌ر من هه‌بوو. له‌و ســـه‌رده‌مه‌دا ده‌ترســا بمنێرێته‌ قوتابخانه‌ ڕه‌سمییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌ترسا كافر ببم، چونكه‌ بەشی زۆری ئه‌وانه‌ی ده‌رچووی ئه‌و مه‌كته‌بانه‌ بوون، قوماریان دەكرد، شه‌رابیان دەخوارده‌وه‌، دوور بوون له‌ مزگه‌وت و خواپه‌رستی، زۆر به‌ده‌گمه‌ن ڕێک ده‌كه‌وت دەرچووی مەکتەب بێت و وا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه، ‌ڕووله‌خوا بووایه‌، له‌ناو خه‌ڵكیدا زۆر خۆشه‌ویست بوو. ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت به‌رنامه‌ی خوێندنی عێراق ئینگلیز داینابوو، دیاره‌ ئینگلیزیش نه‌ك هه‌ر دین دوژمنی بوو، بەڵکوو وەک دەوڵەت و سیستمیش دوژمنی ئینسان بوو.

 باوكم دووكانی دانا‌: له‌و سه‌رده‌مه‌دا باوكم معاشێكی زۆر كه‌می له ‌لایه‌ن ئه‌وقافه‌وه‌ هه‌بوو، له‌وه‌وپێش ژیانمان زۆر خۆش نه‌بوو، به‌ڵام له‌ ماڵه‌وه‌ قه‌ناعه‌تمان هه‌بوو، بۆیه‌ خۆمان به ‌هه‌ژار نه‌ده‌زانی. وا بزانم له‌ ساڵی 1956دا بوو كه‌ باوكم دووكانی كرده‌وه‌، چۆن بوو باوكم دووكانی دانا؟

باوكم خۆی ده‌سەڵاتی نه‌بوو دووكان دابنی، پیاوێكی گه‌رمیانی هه‌بوو به‌ ناوی مه‌لا موحه‌ممه‌د خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك بوو، له‌و دێهاتانه‌ی گه‌رمیاندا مه‌لایه‌تیی ده‌كرد، پاره‌یه‌كی كۆ كردبووه‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوكمدا په‌یوه‌ندییه‌كی كۆنی فه‌قێیه‌تییان هه‌بوو، هات بۆ ماڵمان و باسی خۆی كردبوو، كه‌ پاره‌یه‌كی هه‌یه ‌و ده‌یه‌وێت بیدات به ‌كه‌سێك ئه‌مین بێت و كاسبی پێوه‌ بكات، له‌ ته‌ك باوكمدا ڕێك که‌وتن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قازانج به‌شه‌راكه‌ت بیگێڕێت. له‌ یه‌كه‌م جاره‌وه‌ سه‌د دیناری بۆ هێنا، و باوكم دووكانێكی له‌ میرزا موحه‌ممه‌د (حه‌مه‌ی میرزا فه‌تاح) به‌كرێ گرت، دووكانه‌كه‌ی له‌نێوان چایخانه‌ی ده‌روێش كه‌ریم و حاجی ئه‌حمه‌دی چاییچیدا بوو، شوێنه‌كه‌ی زۆر باش بوو، دووكانه‌كه‌ی دووكانی عه‌تاری بوو كتێبیشی له‌گەڵدا ده‌فرۆشت.

باوكم له‌ دووكاندارییه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوو، دووكانه‌كه‌ گه‌شه‌ی كرد و مه‌لا موحه‌ممه‌دیش ده‌ستمایه‌كه‌ی گه‌یانده‌ دوو سه‌د دینار. دووسه‌د دیناری ئه‌و كاته‌ كه‌م نه‌بوو، كرێكارێك تا ئێواره‌ كاری ده‌كرد ڕۆژی سه‌د و په‌نجا فلسی هه‌بوو، كیلۆی گۆشتی مەڕ به‌ سه‌د و په‌نجا فلس بوو.

خوێندنی سە‌رە‌تاييم:

له ‌ساڵی (په‌نجا و شه‌شدا 56-57) باوكم بردمی بۆ قوتابخانه‌ی پێنجوێنی سه‌ره‌تایی، لەوێ ئیمتیحانێكیان کردم و له‌ پۆلی سێدا دایاننام، له‌ خوێندنه‌وه‌دا زۆر باش بووم، چونكه‌ باوكم فێری خوێندنه‌وه‌ی كردبووم، به‌ڵام نووسین نه‌، بۆیه‌ له‌ نووسیندا باش نه‌بووم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌وڵم ده‌دا ده‌ستوخه‌تم خۆش بكه‌م، چاوم له ‌نووسینی خه‌ڵكی تر ده‌كرد و لاساییم ده‌كردنه‌وه‌، ده‌مویست منیش وه‌ك ئه‌وان بنووسم، زۆر جار ته‌ماشای تابلۆی سه‌ر دووكان و پیشانگاكانم ده‌كرد و ده‌مویست وه‌ك ئه‌وان بینووسم، كاتێك نووسینه‌كانم پیشانی باوكم ده‌دا، باوكم ده‌سخۆشی لێ ده‌كردم، و ئافه‌رینی پێ ده‌گوتم، خوا هه‌ڵناگرێت منیش زۆرم پێ خۆش بوو. سێ-چوار مانگێك خوێندم، به‌ڵام باوكم ده‌ری هێنام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایا: ئه‌و معاشخۆره‌ و معاشخۆریش نابێت دووكان دابنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر بیانوو بوو، وا بزانم له‌ باره‌ی عه‌قیده‌مه‌وه‌ ده‌ترسا.

له‌ ساڵی (57-58)دا جارێكی تر خستمیه‌وه‌ مه‌كته‌ب، له‌ قوتابخانه‌ی بلكیان و له‌ پۆلی سێدا دایاننام، جارێكی تریش نه‌یهێشت ته‌واوی بكه‌م و ده‌ری هێنام. پاش ئه‌وه‌ی ڕژێمی پاشایی له ‌عێراقدا پێچرایه‌وه، ‌و بوو به‌ كۆماری، له‌ ساڵی خوێندنی په‌نجا و نۆ و شه‌ستدا، تازه‌ مه‌كته‌بی ئێواران كرابووه‌وه، سێ باره‌ خستمیه‌وه‌ مه‌كته‌ب، له‌ پۆلی چواردا دایاننام، ئه‌وساڵه‌ پۆلی چوارم ته‌واو كرد و ده‌ر چووم بۆ پۆلی پێنچ، بەڵام له‌ ساڵی شه‌ست-شه‌ست و یه‌كدا قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌وقافی سه‌ره‌تایی له‌ هه‌ڵەبجه‌ كرایه‌وه‌، باوكم جارێكی تر ده‌ری هێنامه‌وه‌ و ناردمی بۆ ئه‌و قوتابخانه‌ ئیسلامییه‌ له‌ هه‌ڵەبجه‌دا.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure