بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى شەست
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى شەست
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/04/03     316 جار بینراوە    


سەردانى  برایان و دۆستان:

له‌و کاته‌دا که ‌هێشتا له‌ ماڵ مامۆستا مه‌لا عوسماندا بووین، کوڕێکى قه‌ڵه‌وى باڵاکورتى ڕه‌شتاڵه‌ى به‌ئه‌ده‌ب هات بۆ سه‌ردانم، من نه‌مده‌ناسى، نه‌شمزانى که‌ بۆ لاى من هاتووه‌، به‌خێرهاتنێکى ئاسایى کردم، که‌ مامۆستا به ‌کارێک ته‌شریفى برده‌ ده‌ر گوتى: من ناوم ئه‌حمه‌ده‌، دوکانى سه‌رتاشیم هه‌یه‌، له‌ چوار ڕێگاکه‌ى به‌رده‌م مانگى سووردا، کاک عه‌ره‌ب لاى من داده‌نیشێت و ده‌یه‌وێ بتبینێت.

گوتم: باشه‌، ئینشائه‌ڵڵا سبه‌ینێ سه‌عات ده‌ دێم سه‌رى لێ ده‌ده‌م.. به‌ڵێ سبه‌ینێ له‌ سه‌عات ده‌دا ڕۆیشتم بۆ دوکانه‌که‌ى کاک ئه‌حمه‌د و کاک عه‌ره‌ب له‌وێ بوو. ماوه‌یه‌ک دانیشتین و قسه‌ى خۆشمان کرد، یادگاریى کۆنمان بیری یەکتر هێنایه‌وه‌.. له‌و کاته‌شدا که ‌ڕۆیشتینه‌ ماڵ کاک شه‌ریف مامۆستا سە‌لاح و مامۆستا سه‌یید ئه‌حمه‌د به‌ جیاجیا هاتن بۆ لام، به‌ڵام نه‌ک له ‌ماڵى خۆمان، به‌ڵکوو له‌ ماڵ "مه‌لا عومه‌ردا" یه‌کترمان بینى. نه‌یانده‌ویست به‌و سه‌ردانه‌ى من دڵى مامۆستا عاجز بکه‌ن، بۆیه‌ به‌نهێنى سه‌ردانیان ده‌کردم.. چونکه‌ ڕۆژێ پێش ئه‌وه‌ى بگوێزینه‌وه‌ ماڵ "کاک شه‌ریف و  کاک نه‌وزه‌ر و مامۆستا صدیقى گه‌ڵاڵى و مامۆستا بورهانى حاجى هادى و ئامۆزاکه‌ى" هاتن بۆ لام، هه‌ستم ده‌کرد جۆره‌ بیتاقه‌تییه‌ک ڕووى کردبووه‌ مامۆستا.. مامۆستا صدیقى براى مامۆستا و مه‌لا موحه‌ممه‌دى برازاى و مه‌لا عه‌بدوڵڵاى موانییش، هاتن بۆ لام.

دەورى ئافرەتانی موسڵمان:

له‌ 11/12/87دا خێزانى مامۆستا ئەحمەدی بارامى، بۆ به‌خێرهاتنمان، هات بۆ ماڵ مامۆستا مه‌لا عوسمان و داواى کرد بچین بۆ ماڵ ئه‌وان، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى مامۆستا له‌ ماڵ نه‌بوو، نەڕۆیشتین بۆ ماڵیان. ماوه‌یه‌ک له‌ناو ئافره‌ته‌کانا دانیشتبوو، پاشان به‌ کافیه‌ى گوتبوو: ده‌مه‌وێ چاویشم به‌ مامۆستا بکه‌وێ، منیان بانگ کرد بۆ ئه‌وێ، خێزانى خۆم و خێزانى مامۆستا مه‌لا عوسمان و کچه‌کانى هه‌ردوو لامان و خیزانى مامۆستا بارامى بوون، منیش به‌خێرهاتنم کرد، ماوه‌یه‌ک له‌وێ دانیشتم، ئه‌ویش باسى وه‌زعى خۆیانى کرد، که ڕژێم چۆن زوڵمى لێ کردوون!

منیش هه‌ندێ دڵخۆشیم دایه‌وه‌ و باسى هاوه‌ڵه‌کانى پێغه‌ممه‌ر"صلی اللە علیە وسلم" و ده‌ورى ئافره‌تانى به‌ره‌ى یه‌که‌مى ئیسلامم بۆ کردن، هه‌ستم ده‌کرد خواى ته‌عالا هێز و پته‌وییه‌کى خستووەته‌ باسه‌که‌وه‌، پێ ده‌چێت کاریگه‌ر بووبێ له‌ دڵى ئافره‌ته‌کاندا، به‌ دوو شتا ده‌ڵێم: یه‌که‌میان کچه‌ گه‌وره‌که‌ى مامۆستا داواى له ‌دایکى به‌هادین کردبوو: به‌ڵکوو مامۆستا ده‌رسێکمان بۆ دابنێ و قسه‌مان بۆ بکات.

ڕۆژێکیان مامۆستا بارامیش گوتى: به‌ڵکوو ته‌کلیف له‌ مامۆستا حەسەن بکه‌ین ده‌رس به‌ خوشکانى پاوه‌ بڵێته‌وه‌، ئا به‌وه‌دا ده‌ڵێم: له‌وه‌ ده‌چێ کاریگه‌ر بووبێ.

که‌ مامۆستا بارامى له ‌تاران هاته‌وه‌ هات بۆ لامان و هه‌وڵى زۆرى دا بڕۆین بۆ ماڵیان، به‌ڵام مامۆستا مه‌لا عوسمان ئیجازه‌ى نه‌داین، ئیتر ئه‌وانیشى له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌عوه‌ت کرد، و دوو شه‌و له ماڵى ئه‌وانیش بووین، خوا پاداشتى خێرى بداته‌وه‌..

ما ڵەکەى کاک شەریف:

ئێمه‌ که‌ له ‌ماڵ مامۆستا مه‌لا عوسماندا بووین خۆمان ته‌ریق ده‌بووینه‌وه،‌ چونکه‌ هه‌شت سه‌ر خێزان بووین، ئه‌م ژماره‌یه‌ش بۆ میواندارى که‌م نه‌بوو، هه‌رچه‌ند ئه‌وان زۆر میواننه‌واز بوون و وه‌ک دایک و باوکى خۆمان ئه‌و ماوه‌یه‌ خزمه‌تیان کردین، ڕۆژ به‌ڕۆژ باشتر ڕوویان خۆش ده‌بوو به‌رانبه‌رمان. خوا بە ڕەحمەتی خۆی پاداشتیان بداتەوە، بۆیه‌ زۆر هه‌وڵمان ده‌دا خانوو په‌یدا بکه‌ین، ئه‌رک و زه‌حمه‌تمان به‌سه‌ریانه‌وه‌ نه‌مێنێت، بۆیه‌ ته‌کلیفمان له‌ مامۆستا بارامی کرد هه‌وڵى خانوومان بۆ بدات.. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ خوا هه‌ڵناگرێ ته‌له‌فۆنى هه‌ڵگرت و ده‌ستى به‌ هه‌واڵپرسینى خانوو کرد، تا له‌ ئه‌نجامدا مه‌لا "عومه‌رى کتێبفرۆش" له ‌مزگه‌وته‌که‌ى خۆى - مزگه‌وتى ئینقیلاب – بۆى پرسیبووین، براده‌رێک گوتبووى: من ته‌نیا ژوورێکم هه‌یه‌، با بێن بیبینن، ئه‌گه‌ر به‌شیان ده‌کات من ئه‌یانده‌مێ، ئێمه‌ش ڕۆیشتین، ماڵه‌که‌ له‌ گه‌ڕه‌کى چوار ده‌ستگادا بوو، که‌ له‌ناو خه‌ڵکیدا به‌ (که‌لى هه‌ره‌ تڕێنه‌) به‌ناوبانگ بوو، به‌ به‌رزاییه‌که‌وه‌ بوو، له‌وپه‌ڕ ئاواییه‌وه.‌..

ئێواره‌ بوو ڕۆیشتین بۆ چاوپێکه‌وتنى ماڵه‌که‌، خانووه‌که‌ بریتى بوو، له‌: دوو ژوور و هۆڵێکى ناوخۆیى و حه‌مام و ئاوده‌ستێک، ژوورێکیشیان ده‌رگاکه‌ى جیاواز بوو، به‌رهه‌یوانێکى داخراوی خۆی هه‌بوو، ئاو و ئاوده‌ستى سه‌ربه‌خۆى هه‌بوو، به‌نیازى خۆى ئه‌م ته‌نیا ژووره‌ى بۆ ئێمه‌ دانابوو، له‌ڕاستیدا من ژووره‌که‌م به‌دڵ بوو، چونکه‌ به‌ته‌واوى سه‌ربه‌خۆ بوو، له‌نێوان ئه‌و ژووره ‌و ژووره‌کانى تردا ته‌نیا ده‌رگایه‌ک هه‌بوو، ئه‌گه‌ر دابخرایه‌ ئیتر هیچ هاتوچۆیه‌ک نه‌ده‌کرا. ژووره‌که‌ به‌ کومبار پڕفه‌ڕش کرابوو، زۆپایه‌کى نه‌وتى زۆر چاکى تیا بوو، ئه‌م براده‌ره‌ گوتى: ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بێن نه‌ فه‌رشه‌کان لا ده‌به‌م، نه‌ زۆپاکه‌. منیش ڕۆیشتم منداڵه‌کانم هێنا سه‌یریان کرد، ئه‌وانیش به‌ دڵیان بوو.. بۆ سبه‌ینێ گواستمانه‌وه‌، نزیکه‌ى ده‌ ڕۆژێک له‌وێ ماینه‌وه‌.. ئینجا ئیجازه‌مان وه‌ر گرت و سه‌فه‌رێکى دوورودرێژمان کرد..

من و ڕاگەیاندن:

مامۆستا به‌ڕه‌حمه‌ت بێ پێى خۆش بوو له‌ ڕاگه‌یاندندا کار بکه‌م له ‌ته‌کیانا، کە تازه‌ هاتبووم فەرمووی: باش بوو هاتى ڕاگه‌یاندن پێویستى به‌ که‌سێکى وه‌ک تۆ هه‌بوو، ئه‌و شه‌وه‌ هیچم نه‌گوت، پاش نوێژى به‌یانى عه‌رزم کرد: قوربان من نامه‌وێ خۆم بخه‌مه‌ به‌ر چاو و چرا، ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌وه‌ بکردایه‌، هه‌ر له‌ سه‌رسنووره‌وه‌ مێزه‌رێکى سپیم ده‌کرده‌ سه‌رم و جبه‌یه‌کم له‌به‌ر ده‌کرد، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ یارمه‌تیتان بده‌م ئه‌ویش به‌ شێوه‌ى نووسینى وتار، هه‌رکات ویستتان من وتارتان بۆ ده‌نووسم، مامۆستا له‌ویا گوتى: باشه‌ به‌ڵام له‌دواییدا قبووڵى نه‌کرد و ده‌یویست به‌ته‌واوى ببمه‌ ئه‌ندامى بزوتنه‌وه‌، منیش نه‌م ده‌ویست.

زووتریش ئه‌م باسه‌م بۆ مامۆستا سه‌لاح باس کردبوو، ئه‌ویش به‌ نووسینى وتار ڕازى بوو، به‌ڵام له‌وه‌ زیاتر نا.

خوڵکى خەڵکى پاوە:

که ‌ڕۆیشتینه‌ ماڵ کاک شه‌ریف مامۆستا لێى پرسیم: خانووه‌که‌ت به‌ چه‌ند گرتووه‌ به‌ کرێ؟

گوتم: به‌خۆڕایى!

گوتى: چۆن؟

گوتم: به‌و براده‌ره‌ى خاوه‌ن ماڵم گوتووه‌: کرێى خانووه‌که‌ت چه‌نده‌؟

ئه‌ویش گوتوویه‌تى: هیچ نییه‌!

گوتم: پێم گوتووه‌: پێم خۆشه‌ پێم بڵێیت، ئه‌گه‌ر ناوى نه‌به‌یت نایه‌مه‌ ناو خانووه‌که‌ته‌وه‌.

ئه‌ویش  پێى گوتووم: برا! کاک حه‌سه‌ن! پاره‌ هه‌موو شتێ نییه‌! خۆ خۆت ده‌زانى کاتێ موسڵمانان له‌ شارى مه‌ککه‌وه‌ کۆچیان بۆ مه‌دینه‌ کرد، ئه‌نسار چییان له ‌ته‌کا کردن؟

گوتم: به‌ڵێ ده‌زانم.

گوتى: ده‌ى تۆ ناته‌وێت پرشه‌یه‌کى ئه‌وانمان به‌ر بکه‌وێت؟

ئیتر منیش بێده‌نگ بووم، چونکه‌ هه‌ستم کرد له‌ دڵ و ده‌روونییه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ دێته‌ ده‌ر.. عه‌رزى مامۆستام کرد: قوربان! زیاد له‌وانه‌ فه‌رشى ناو ژووره‌که‌ى لا نه‌بردووه‌، زۆپاى نه‌وته‌که‌ى هه‌ر داناوه‌ و شه‌ش سه‌رینى په‌ڕى چاکیشى پێ داوین تا له‌و ماڵه‌دا بین به‌کاریان بێنین! کاتێ ئه‌م قسه‌یه‌م بۆ مامۆستا گێڕایه‌وه‌، مامۆستا گه‌لێک دوعاى خێرى بۆ کرد و فەرمووى: به‌خوا هونه‌ره‌ له‌ناو پاوه‌ییدا شتى وا هه‌ڵکه‌وتبێ! تۆ لێى بپرسه‌ بزانه‌ پاوه‌ییه‌؟

گوتم: قوربان! لێم پرسیوه‌، گوتوویه‌تى: پاوه‌یى ڕه‌سه‌نم.. بۆچی پاوه‌یى به‌و جۆره‌ن؟

ناوبانگى پاوەیى:

مامۆستا سدیقى براى مامۆستا - بەڕەحمەت بێ- ئا لەو کاتەدا له‌وێ بوو گوتى: کوڕێکى ناسراوم له ‌هه‌ڵه‌بجه‌ بۆى گێڕامه‌وه‌ و گوتى: پیاوێکى پاوه‌یى مه‌عمیلمان بوو و هه‌موو جارێ که‌ ده‌هات بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ میوانى ئێمه‌ ده‌بوو، خه‌ڵک وایان ده‌زانى ئه‌مه‌ خزمێکى نزیکمانه‌. هه‌موو جارێکیش ده‌یگوت: خۆزگا ئێوه‌ش جارێک دێنییتان بکردینایه‌ و بهاتنایه‌ بۆ پاوه‌!

گوتى: قه‌ده‌ر وا بوو له‌ ساڵى حه‌فتاو چواردا من له‌و سه‌رسنووره‌ نه‌خۆش که‌وتم، و به‌په‌له‌ گه‌یاندمیانه‌ نه‌خۆشخانه‌ى پاوه‌ و عه‌مەلیاتیان کردم، پاش دوو ڕۆژ دکتۆر گوتى: ئه‌گه‌ر ماڵى ناسراوت هه‌بێ ده‌توانىت بڕۆیته‌ ده‌ره‌وه‌.

منیش گوتم: به‌ڵێ، باشترین که‌سم لێره‌یه‌، له‌ نه‌خۆشخانه‌ ڕۆیشتمه‌ ده‌ر و ڕۆیشتم بۆ دوکانى کابراى ناسراومان، که‌ ڕۆیشتمه‌ لاى به‌خێرهاتنێکى کردم و خوا هه‌ڵناگرێ چاییه‌کى بۆ بانگ کردم و گوتى: ئه‌وه‌ که‌ى هاتوویت؟!

منیش گوتم: عه‌مه‌لیات کراوم، و به‌سه‌رهاته‌که‌ى خۆمم بۆ گێڕایه‌وه‌، ئیتر ئه‌م پیاوه‌ نه‌یگوت: با بڕۆینه‌وه‌ بۆ ماڵ.. تا نزیکه‌ى نیوه‌ڕۆ لاى دانیشتم، له ‌ده‌ماوده‌مى نیوه‌ڕۆدا هه‌ستام، گوتى: ئه‌وه‌ بۆ کوێ ده‌چى؟

گوتم: برسیمه‌ ده‌ڕۆم پارووه‌ نانێک ده‌خۆم!

گوتى: ده‌ى دابنیشه‌ نیوه‌ڕۆ ده‌چینه‌وه‌ بۆ ماڵ خۆمان، و له‌وێ نان ده‌خۆین!!

که‌ واى گوت: زۆرتر ناڕه‌حه‌ت بووم و ڕۆیشتم.. ڕۆیشتمه‌ که‌بابخانه‌یه‌ک داواى نه‌فه‌رێ جگه‌رم کرد، نانیان بۆ هێنام، زۆرم نه‌مابوو نانه‌که‌ ته‌واو بکه‌م، دوکانداره‌که‌ هات و منیش له‌ دڵى خۆمدا گوتم: له‌وانه‌یه‌ بۆیه‌ هاتبێ پاره‌ى نانه‌که‌ى من بدات!! به‌خێرهاتنم کرد و نانى نه‌فه‌رێکم بۆ بانگ کرد، تێر نانى خوارد، ئینجا من هه‌ستام، پاره‌ى نانى هه‌ردووکمانم دا، نه‌یگوت: نه‌که‌ى، یا نابێت، دانیشتین تا چایه‌که‌یش بخۆینه‌وه‌، له‌ویادا گوتى: فڵانه‌که‌س! له‌ڕاستیدا بیرم که‌وته‌وه‌ فڵان جۆرى( گیا) پووڵی چاک ده‌کات، ئه‌گه‌ر ڕۆیشتیته‌وه‌ به‌ڵکوو هه‌ندێ له‌و گیایه‌م بۆ بنێریت!

منیش وه‌خت بوو له ‌داخا شه‌ق ببه‌م و بتڵیشێم، له ‌دڵى خۆما گوتم: وه‌ڵڵا بمزانیایه‌ قوزه‌ڵقورتم ده‌رخوارد ده‌دایت، و ئه‌و نانه‌م بۆ نه‌ده‌کڕیت!

ماموستا سدیق گوتى: مامۆستاگیان! پاوه‌یى ئا به‌و شێوه‌یه‌ مه‌شهوورن!!

گوتم: که‌وابوو فه‌زڵى ئه‌م مه‌سله‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیسلام و ئیسلامه‌ که‌ پیاوى وا جوامێر له‌ناو میلله‌تێکى وادا دروست ده‌کات!

مامۆستا مه‌لا عوسمان گوتى: وەڵڵا برا خوا لوتفى له‌گه‌ڵ تۆدا کردووه‌، و به‌تایبه‌ت بۆ تۆى ڕه‌خساندووه‌!!

منیش گوتم: سوپاسى خوا ده‌که‌م و له‌ لوتفى به‌زیاد بێ، که‌ براده‌رى واى پێ به‌خشیوم.

گوتم بە مامۆستا: قوربان وا دەبێ تەنیا کەسێک ئابڕووی شارێک یا عەشرەتێک دەبات، بە هۆی کارێکی ناجوامێرانەیەوە کە ئەنجامی دەدات، دەڵێن ئەمە خەڵکی کوێیە؟ یا لە چ عەشیرەتێکە؟ کاتێ باسی دەکەن دەڵێن: کابرایەکی فڵان شار ناجوامێرییەکی وای کرد. بەو کارەی ناوی ئەو شارە، یا ئەو عەشیرەتە ناشیرین دەکات.

هەروەها بۆ چاکەکەیش.. بۆیە ئینسان هەوڵ بدات کە ڕەوشتی جوان بنوێنێ، کاری جوامێرانە ئەنجام بدات، تا نەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ خەڵکێکی زۆر.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure