بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجا
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجا
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/02/27     258 جار بینراوە    


حاکمى تەحقیق:

لە ڕۆژی ھەینی ١٠/٤/ ٨٧ دا بوو قوفڵەکانیان کردەوە و گوتیان: یەڵڵا عەینەکیان کردە چاوم و ئەمنێک دەستی ڕاکێشام و بە جادەی بەردەم ژوورە تەنیاییەکاندا ڕۆیشتین، تا گەیشتینە فولکەیەکی بچووک، لەوێشەوە ڕۆیشتین تا گەیشتینە بەردەم ماڵێک کە لەسەر شێوەی ڕۆژئاوا دروست کرابوو، ڕۆیشتینە ژوورێ، منیش ھەر وەک گوتم: عەینەکێکی ڕەش کوێرم لە چاودا بوو، کراسێکی ئاودامان (دزداشەیەک)م لە بەرا بوو، دەستێکم بە گۆچانەکەوە بوو، دەستەکەی تریشم بە دەست ئەمنەکەوە بوو، خانووەکەش لەسەر کورسی بوو، واتە: دوو، سێ پلە لە حەوشەکە بەرزتر بوو، یەکێک لە ھەیوانەکەدا وەستا بوو، گوتی: ھا ناوت چییە؟

گوتم: حەسەن.

گوتی: باوکت؟

گوتم: موحەممەد ئەمین.

گوتی: پێنجوێنی؟

گوتم: بەڵێ.

ئا لەویادا لە دڵی خۆمدا گوتم: ئای پێنجوێنی! چۆن لێم بوویت بە سێبەر و لێم نابیتەوە؟ ئەوەند باست کراوە بەو لەقەبەدا دەتناسنەوە! لەو کاتەدا پێم ھەڵکەوت، چورتمێکم دا، وەخت بوو بکەوم. ئەوەی پرسیارەکەی لێ کردم بەزەیی پیاما ھاتەوە و بەعەرەبی گوتی: گوناحە! چاوی بکەرەوە!

ئەمنەکەش عەینەکەکەی لەسەر چاوم لا برد، دیتم کابرایەکی تێکسمڕاوی، باڵا ناوەند، سمێڵپان و ناوچاوتاڵ بوو، گوتی: بیبەرە ژوورەوە، ئەمنەکە پەلی گرتم و بردمی بۆ ژوورێک، پێش ئەوەی بچینە ژوورەوە، بە لای ڕاستا ئاوڕم دایەوە سێ ئافرەتی سەرپۆش بەسەرم بینی دانیشتبوون! دڵم داچڵەکی وا حاڵی بووم ئەو خوشکانەن کە گیراون، لە واقیعیشدا ھەر وا بوو.

ئینجا بردمیانە ژوورێکەوە مامۆستا حەسەن شەمێرانی و عەلی ئیحسان و پێنچ کەسی تریشی تیا بوو. لە تەک کاک حەسەندا ئەملاولای یەکترمان ماچ کرد و ویستمان ھەندێ قسە بکەین، ئەمنەکان تێیان گورماندین کە بێدەنگ بین و پێکەوە قسە نەکەین، ئیتر مەگەر بەچپە، دەنا نەماندەتوانی قسە بکەین.

گوتم: ئەو سمێڵپانە لە ئەفسەر دەچوو  تۆ ئەیناسیت؟

گوتی: ئەوە ناوی ماجیدە و پێی ئەڵێن: ئەبو دیرع، ئەو تەحقیقی لە من کرد، زۆر لە تەکما باش بوو، تەنیا جنێوێکی نەدامێ، یا تفێکی تێ نەکردم!

گوتم: سوپاس بۆ خوا، ئەمەی تۆ پێی دەڵێن: ماجید و ئەوەی منیش پێی دەڵێن: ماجید، ھەردوو یەک ناویان ھەیە، بەڵام تەنیا خوایان یەکێکە. پاشان لە دڵی خۆیشمدا گوتم: جنێو و تف بۆ ئەوەیە کاتێ ئینسان ئیعتیراف نەکات، دەنا ئەگەر ئیعتیراف بکەیت، نە لێت ئەدەن و نە قسەت پێ دەڵێن و نە تفیشت تێ دەکەن، تۆیش ئیعترافت کردووە، من ئیعتیرافم نەدەکرد بۆیە قسەی پێ دەگوتم، بۆیە تفی لێ دەکردم! دەنا ھەر یەک کانزان.

ئەم ژوورە ژووری چاوەڕوانی بوو، پاش ماوەیەک بانگ کرام بۆ لای حاکمی تەحقیق ئیفادە و قسەکانی منی لە بەردەستا بوو، ڕووی تێ کردم و گوتی: ئەمە ئەو قسانەیە تۆ کردووتە؟

گوتم: من قسەم کردووە و وەڵامی پرسیاری ئەفسەرەکەم داوەتەوە، بەڵام نازانم ئەوە قسەی منە یان نا؟ چونکە ئەوەی ئەو نووسیویەتی نە بۆی خوێندوومەتەوە و نە ھێشتوویەتی خۆم بیخوێنمەوە، بەزۆر ئیمزایشی پێ کردووم. ئیتر نازانم چی نووسیوە؟

حاکم گوتی: تۆ "حەسەن پێنجوێنی"یت؟ گوتم: بەڵێ.

 

گوتی: خوێندنی سەرەتایت لە شارەکەی خۆت تەواو کردووە و ناوەندی و دواناوەندیشت لە سلێمانی؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: لیسانست لە زانکۆی بەغدا وەر گرتووە، کۆلیجی شەریعەت تەواو کردووە؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: لە ناوچەی پشدەر مامۆستای قوتابخانەی ناوەندی بوویت؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: ھەر قسەکانی خۆتی نووسیوە، پاش ماوەیەک گوتی: بڕۆ دەرەوە.

کە ھاتمە دەرەوە ئەبوو دیرع بە ئەمنێکی گوت: بیبەرەوە بۆ جێگەکەی خۆی و ھێنامیانەوە بۆ زیندانە تایبەتییەکەی خۆم!

دواین ڕۆژی تەنیایی:

لە ڕۆژی چوار شەممەی بیست و دووی مانگی چواری ھەشتا و حەوتا، واتە: دوو مانگی تەواو بەسەر مانەوەم لە بەغدادا، تەقەی قوفڵەکان ھات، دەرگاکە کرایەوە، ئەبو دیرع و مەجید و ئەمنێکی نەناسراو بوون، کامێرەیەکی فلاشیان پێ بوو، ئەبوو دیرع گوتی: بوەستە با وێنەیەکت بگرین، منیش دەم بەبزە و لێو بەخەندە وەستام، و وێنەیەکیان گرتم، ئینجا ئەبوو دیرع گوتی: ئەوە لەم ژوورەدا ھەر بەتەنیایت؟

گوتم: بەڵی.

ئەڵبەت بەتووڕەییەوە ڕووی کردە مەجیدی ئەمن و گوتی: چۆن تەنیایە؟ کێ گوتی: بەتەنیا دایبنێن؟ بە زویرییەوە لە تەک مەجیدا قسەی دەکرد!

ئەمنەکەش گوتی: گەورەم! ئێمە فەرمانمان پێ کراوە!

گوتم: بۆ زیادە ئاگاداریت، ئەوە پەنجا و ھەشت ڕۆژی تەواوە من بەتەنیام! دوو ڕۆژیش حاجی ڕەشید لە تەکما بوو، ئەوە شەست ڕۆژی تەواوە لێرەم.

گوتی: یەعنی ئەوە دوو مانگی تەواوە بەتەنیا لێرەدایت؟ چۆن شتی وا دەبێ؟

گوتم: وەڵڵا بووە، خوا ھەق بسێنێت.. وام داناوە لە ئەشکەوتا چلە دەکێشم! بەڵام جیاوازیم لەگەڵ چلەکێشاندا ئەوەیە:

 ١- ئەوان تەنیا چل ڕۆژ لەو تەنیاییەدا دەمێننەوە، بەڵام من شەست ڕۆژ ماومەتەوە!

٢- ئەوان بە خۆشی خۆیان و بە ویستی خۆیان دەڕۆنە ئەشکەوتەوە، من بەزۆر ھێنراوم!

من ئەم قسانەی ئەفسەرەکەم زیاتر وەک تاکتیکێک دەھاتە پێش چاو، تا حەقیقەتێک، بەڵام لە ڕواڵەتا ئاوای پیشان دا.

گوتی: یەڵڵا بۆ دەرەوە.. بڕۆرە ژووری قیادەوە، ژوورەکەی دکتۆر! ئای لە دڵەوە چەندم پێ خۆش بوو! بەڵام لە ڕواڵەتدا وام پیشان نەدا و گوتم: ناڕۆمە لای دکتۆر!

گوتی: نابێ دەبێ بچیتە ئەو ژوورە.

گوتم: ئاخر پێم خۆش نییە بڕۆمە لای دکتۆر! بمنێرە ژوورەکەی حەسەن شەمێرانی.

گوتی: ژوورەکەی حەسەن خەڵکی زۆری تیایە، بڕۆ بۆ لای دکتۆر.

ئیتر ڕۆیشتمە ژوورەکەی دکتۆر، دیتم سێ کەسن: دکتۆر عیسام و موحەممەد سامەڕائی و زەکەریا ی سووری. دکتۆر و موحەممەد ئەملاولایان ماچ کردم، بەڵام کوڕە سوورییەکە تەنیا تەوقەی لە تەکا کردم!  


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure