بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو هەشت
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو هەشت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/09/05     517 جار بینراوە    


پێکدادانی ترۆمبێلەکانمان:

چەند مامۆستایەکی تری عەرەبیشمان لە تەکدا بوو: مامۆستایەکی هاواری و مامۆستایەکی زەنگنەیی، دەورەکە بۆ مانگێک بوو، سێ هەفتەمان تەواو کرد و هاتینەوە بۆ سلێمانی بە سەردان، مامۆستا هیممەتی هاوەڵم گوتی: مامۆستا بەڵکوو ئەم جارە بەقەمەرە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا، منیش گوتم: مامۆستا ئێمە دەبێ سەیری گیرفانی خۆمان بکەین، ئێمە مووچەکەمان زۆر نییە، بەکولەمەرگی بەشی تا سەری مانگ دەکات،  ئێمە نابێ بە تیری دەوڵەمەندەکان خۆمان بکوژین.

گوتی: من حەز دەکەم ئەم جارە بەقەمەرە بگەڕێینەوە.

گوتم: مامۆستا قەمەرە نزمە چاومان لە دەشتودەر نییە، دنیا نابینین، بەڵام پاسەکان بەرزن زیاد لەوە کە سەفەرەکە دەکەین دەوروبەریشمان دەبینین و لەزەت لە دیمەنەکانی سروشت دەچێژین!

گوتی: وەڵڵا مامۆستا من حەز دەکەم ئەم جارە بەقەمەرە بگەڕێینەوە.

گوتم: باشە.. ئەوا لەبەر دڵێ تۆ بەقەمەرە دێینەوە.

لاقشکانەکەم:

گوتی: لەتەنیشت ماڵ خۆمان کوڕێک هەیە تەکسی هەیە و لە ڕێی بەغدا کار دەکات، تۆ هیچ خەمت نەبێ خۆم دێم بە شوێنتا.

گوتم: باشە..

بەیانی زوو هات بە شوێنمدا و دەرگای خانەی پشت سایەقم کردەوە بۆ ئەوەی لە دواوە سوار بم، بەڵام سایەقەکە گوتی: وەڵڵا مامۆستا دواوە گیراوە، وەعدم داوە دەنا بەسەر چاو، ئیتر منیش بەناچاری ڕۆیشتمە پێشەوە لەنێوان مامۆستاکەی هاوەڵم و سایەقەکەدا سوار بووم، تا توزخورماتوو، لە توزخورماتوو دابەزین ئیسراحەتمان کرد و جێگەکانمان گۆڕییەوە، هاوەڵەکەم هاتە ناوەڕاست و من ڕۆیشتمە تەنیشت قاپییەکەوە.

لە گەڕانەوەماندا بۆ بەغدا پێش ئەوەی خەوم لێ بکەوێت، قسەم بۆ سایەقەکەمان دەکرد، هەستم کرد هەندێک خێرایە، گوتم: وەستا با کورتەچیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. گوتی: فەرموو.. گوتم: پیاوێک لە تەکسییەکدا سوار دەبێت و بە سایەقەکە دەڵێ: کاکی سایەق! مەردی خوابە زۆرم  پەلەیە، بەڵکوو لەسەرخۆ بڕۆیت!

سایەقەکەش دەست بە پێکەنین دەکات و دەڵێ: ئەمە یەعنی چی، تۆ پەلەتە و داوا دەکەی لەسەرخۆ بڕۆم؟

ئەویش دەڵێ: ئەگەر لەسەرخۆ بڕۆیت، ئەوپەڕەکەی نیو سەعات دوا دەکەوین، بەڵام ئەگەر زۆر خێرا ڕۆیشتیت لەوانەیە چەند ساڵێک دوا بکەوین!

سایەقەکەی ئێمەش دەستی بە پێکەنین کرد و گوتی بەسەرچاو، ئەمە یەکەم جارە نەفەر لە تەکما سوار بێت و بڵێت لەسەرخۆ بڕۆ، هەر هەمووی داوای ئەوەی کردووە خێراتر بڕۆم.. ئەوا بە گوێم کردیت.. لەسەر سەد و بیست لێی دەخوڕی کردی بە سەد، منیش زۆرم پێ خۆش بوو.

لە کاتی دەعم و پێکدادانەکەدا من خەوم لێ کەوتبوو نەمزانی چۆن ڕووی داوە، مامۆستاکەی هاوەڵم بۆی گێڕامەوە و گوتی: کاتێ لە ناحیەی سڵێمان بەگ دەر چووین، ماوەیەک ڕۆیشتین، لۆرییەک لە ڕێی بەغداوە بەرەو توز دەڕۆیشت، واتە بەرەو ڕووی ئێمە دەهات، پاسێکی هەژدە نەفەرییش لەپشت لۆرییەکەوە دەر چوو، ویستی پێش لۆرییەکە بکەوێت، ترۆمبێلەکەی ئێمە لایتی بۆ داگیرساند، کە بگەڕێتە دواوە، چونکە ناتوانێ دەر بچێت، تەکسییەکەی ئێمە ئیحتیاتی وەر گرت و چووە سەر جادە خۆڵەکەی تەنیشتەوە، بەڵام کۆستەرەکە (پاسە ١٨ نەفەرییەکە) لە جیاتیی ئەوەی هێواشی بکاتەوە و بگەڕێتەوە دوای لۆرییەکە، هات بە بەردەم ئێمەدا و بۆ دەشتاییەکە، تەکسییەکەی ئێمە پێچی کردەوە بۆ سەر جادە قیرەکە، بۆ ئەوەی لێی نەدا، بەڵام لە لای سەکنەوە بەتوندی لە پاسەکەی دا، پێشی تەکسییەکە هاتە سەر ڕانی تۆ (مەبەستی من بوو)، تۆ ڕانت ورد بوو، منیش قولوچەی ڕانم دەر چوو.. سایەقەکەش سەلامەت و بێوەی بوو.

مامۆستاکەی هیممەت دەیگوت: ئێمە هەر خەمی تۆمان بوو، بەتەمای مانت نەبووین، ئەوەندە بەخەستی بریندار بووبوویت، ناو بەناو لە هۆش دەچوویت و دەهاتیتەوە هۆش.

ئەوەی لەو ڕووداوەدا زۆر دڵم پێ خۆش بوو مامۆستا هیممەت بۆی گێڕامەوە، کە: لەو کاتی ئێش و ئازار و لەهۆشچوونەدا هاوارم کردووەتە خودا و شایەتمانم هێناوە و تەوبە و ئیستیغفارم کردووە، هیوادارم خودا بە لوتفی خۆی سەقامگیر و دامەزراو و عاقیبەت خێرمان بکات. 

ئیتر فریاگوزاری (ئیسعاف) هاتبوو، ئێمەیان برد بۆ توزخورماتوو، بۆ تەداویکردنمان، منیش کە دەست و دەموچاوم بە شووشەی جامی تەکسییەکە بریندار بووبوو، بۆیان پاک کردبوومەوە، تەداوییان کردبوو، بەڵام ڕانی ڕاستم کە ورد بووبوو، ئێسکەکەی گۆشتی ڕانمی دڕیبوو هاتبووە دەر، ئەوەیان پاکژ نەکردبوو، بە فریاگوزاری گەیاندمیانە کەرکووک، لە خەستەخانەی جمهووری خەواندمیان، ناو بەناو دەهاتمەوە هۆش، یەکێ لە برینپێچەکان هات بۆ لام، لەو کاتی هۆشیارییەدا گوتی: مامۆستا تۆ کەس ناناسی لێرە؟ تەلەفۆنی کەسێکت پێ نییە؟

گوتم: زاوایەکمان لێرەیە، کچی مامم خێزانیەتی، ناوی شێخ ڕەئووفی کەسنەزانی، کرپچنەیە، تەکیە و خانەقای هەیە، ئەوە ڕەقەمەکەیەتی، ئیتر تەلەفۆنیان بۆ ئەو کردبوو، خوا پاداشتی بداتەوە هات بۆ لام، منیش لەو حاڵەتەدا بووم، ڕۆیشتبوو بە دکتۆرەکانی گوتبوو: ئەو مامۆستایە خەریکە دەمرێ، ئێوە چۆن وا پشتگوێتان خستووە و تەداویتان نەکردووە، دۆشەکەکەی هەموو بووە بە خوێن!

شەش مانگ کێم و چڵکی کرد:

ئەمە بووە هۆی ئەوە بێن بە دەممەوە پاکژی بکەنەوە و بە شێوەیەکی کاتی بیدروونەوە، پاش دوو هەفتە جارێکی تر هەڵیاندڕییەوە و زۆر بەوردی نەشتەرگەرییان بۆ کردم، لوولاقی ڕانمیان لە نزیک سمتەوە بە چەکوش کون کردبوو، شیشێکی پلاتینییان کردبوو بە ناو ئێسقانی ڕانمدا و پەیوەستیان کردبووەوە بە بەشەکەی تریەوە، ئەو ئێسکە وردبووانەی مابوون، بە وایەری پلاتینی بەستبوویانەوە بە دەوری پلاتینەکەدا و ئەوەشی کە نەمابوو، لە ناوچەی حەوزەوە ئێسکیان بۆ دەر هێنابوو، پاش نەشتەرگەرییەکە جێگەی شکاوییەکە چڵکی کرد، جەراحەتی لێ دەهات، بەیانی پاکمان دەکردەوە، ئێوارە وەک خۆی وا بوو، ئێوارە پاکمان دەکردەوە بەیانی وەک خۆی وا بوو! نزیکەی شەش مانگ لەنێوان سلێمانی و کەرکووکدا من هاتوچۆم کرد،  ئەو کێم و چڵکە بەردەوام بوو.

ڕاسپاردەکەی مامۆستا عابیدین:

لە خەستەخانەی کەرکووک خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ لام، خوا پاداشتیان بەخێر بداتەوە، لەناو ئەوانیشدا برایەکی دێرینی کەرکووکی هات بۆ لام – مامۆستا "عابیدین ڕەشید" - خوا پاداشتی بەخێر بداتەوە، ئامۆژگارییەکی کردم و گوتی: مامۆستا حەسەن تۆ بانگخوازیت و ئەمە فرسەتە بۆ تۆ سەبر و ئارامییەکی جوانت هەبێ، تا بەکردەوە بە خەڵکی بسەلمێنیت سەبر شتێکە لە توانای ئینساندا هەیە، بۆیە خوا داوا لە ئینسانەکان دەکات لە کاتی بەڵاو موسیبەت و نەخۆشیدا خۆگر بن، ئەوەتە خوا پاداشتیكی زۆریشی بۆ داناوە و فەرموویەتی: "إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُمْ بِغَيْرِ حِسَابٍ " الزمر/١٠ بەبێ حساب و ژمارە پاداشتیان دەداتەوە، ئەم قسەی مامۆستا زۆر کاری تێکردم و سوپاس بۆ خوا خۆگری و ئارامییەکی تەواوم بۆ دروست بووبوو.

ڕۆیشتنمان بۆ شاری پزیشکی(مدینة الطب):

ڕۆژێکیان کوڕێکی ئامۆزام گوتی: کاک حەسەن با بتبەین بۆ بەغدا، منیش پێم وا بوو کە دکتۆرەکان هەر یەکێکن ڕۆیشتنکەیشمان بێسوود دەبێت، گفتم نەدا، چەند جارێک باسی کردەوە، گوتم: باشە، پاش شەش مانگ ئێش و ئازار مەگەر هەر خوا بزانێ چەند ئازاری بوو، ڕۆیشتین بۆ بەغدا، لەوێ سێ دکتۆری ناودار گەڕاین، هەرسێکیان قسەیان یەکێک بوو، دواین کەسیان گوتی: ئەم ئێسکانە ڕزیون تۆ پێویستت بە سێ نەشتەرگەریی گەورە هەیە:

یەکەمیان تەنیا بۆ پاکردنەوە و دەرهێنان و لابردنی ئەو ئێسکانەیە کە ڕزیون و بەکارهێنانی دەرمان تا چڵکەکە وشک دەکات، لەوانەیە شەش مانگێک بخایەنێت.. ئای چەند ئازارم چەشت بە بیستنی ئەو قسەیە، یەعنی ئازاری ئەم شەش مانگە هەمووی بەخۆڕایی بووە و سەرلەنوێ بڕۆینەوە ژێر سفر!

دووەم نەشتەرگەری جارێکی تر ڕانت هەڵدەدڕینەوە و دەیکەینەوە، لە ناوچەی حەوزتەوە ئیسکی بۆ دەر دێنین و زەرعی دەکەین، تا قەرەبووی ئێسکە فڕێدراوەکانت بۆ بکاتەوە، هەردوو جەمسەری ئێسکی ڕانت یەک بگرێتەوە، ئەمەش ساڵێک تا ساڵ و نیوێک دەخایەنێ.

سێیەم نەشتەرگەری بۆ نووشتانەوەی ئەژنۆتە، بۆ ئەوەی بتوانی لەناو ترۆمبێلدا بەئاسانی دابنیشیت.

ئێمەش ڕازی بووین و نەشتەرگەریی یەکەم دەستی پێ کرد، لە (دار التمریض الخاص) لە شاری پزیشکی (مدینة الطب) لە بەغدا، چڵکەکەیان نارد بۆ زەرعە، و تەنیا ئەنتی بایۆ تیکێک بۆی باش بوو، ئەویش (ڤیوسیدین- Fucidin) بوو.. ١٨ پاکەت لەو گولاجەم بەکار هێنا، کە لەو کاتەدا پاکەتی بایی ٥٤ دۆلاری ئەمریکی بوو! سوپاس بۆ خوا چڵکەکەی نەما و دەستیان بە نەشتەرگەری کرد.

بەکورتی ئەو شکانی ڕانە زیاتر له‌ دوو ساڵ و نیو له‌سه‌ر جێگەوە خستمی، سوپاس بۆ خوا چاک بوومەوە.

هاوڕێی تەنگانە:

له‌و كاتى لاقشكانه‌دا به‌ هۆى ئیلتیهاباته‌کەوه‌ كه‌وتنم درێژه‌ى كێشا و زیاتر له‌ دوو ساڵ و نیو له‌سه‌ر جێگه‌دا بووم، ئا له‌و كاته‌دا كه‌ تازه‌ خانووم كردبووه‌وه‌ و زۆر قه‌رزار بووم، نزیکەی هەشت هەزار دیناری ئەو کات، کە دەیکردە زیاتر لە ٢٤ هەزار دۆلار، ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى ده‌ستكه‌وتیشم مووچەكه‌م بوو، فه‌رمانێك ده‌ر چوو مووچەكه‌یشم بڕا! ئه‌مه‌ شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، چونكه‌ خه‌ڵكى وازیان له‌ ده‌ستكه‌وتى باش ده‌هێنا بۆ مووچەى ڕه‌سمى و ده‌یانگوت: هه‌رچه‌ند مووچەكه‌ به‌قه‌د ده‌ستكه‌وته‌كانى تریش نابێ بەڵام واز له‌وان دێنین بۆ مووچەكه،‌ له‌به‌ر ئاینده‌ و داهاتوو!! ئینسان ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بكه‌وێ و لێى بقه‌ومێ مووچەكه‌ى هه‌ر هه‌یه‌!

جا كه‌ من ئا له‌و كاتى لێقه‌ومانه‌دا مووچە‌كه‌م بڕابوو، خه‌ڵكى زۆر به‌زه‌ییان پیاما ده‌هاته‌وه‌، باسى ڕازیقبوونى خوایان بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌ و دڵخۆشییان ئه‌دامه‌وه‌. لە کوردەواریدا دەگوترێ پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش، واتە: لە کاتێکا پارەت هەبوو، پاشەکەوت بکە بۆ ڕۆژی ڕەش و لێقەومان.. وا ئێستا ڕۆژی لێقەومانە و مووچە بڕاوە، پارەی سپی بۆ ئەم ڕۆژە ڕەشە نەماوە، نەک هەر پارە نەماوە، بەڵکوو بڕێکی زۆریش قەرزارم! ئەمە بووە هۆی ئەوە خەڵکێکی زۆر بەزەییان پیاما بێتەوە.. ئەڵبەتە وەک حیزب و کۆمەڵ هیچ یارمەتییەک نەدرام و لێیشم نەپرسرا. بەڵام وەک شەخص وەک کەسایەتی، مامۆستایەکی برادەرم هەڵوێستێکی جوامێرانەی نواند، خوا پاداشتی بداتەوە، تا ڕۆژی قیامەت مەمنوونی هەم و دوعای خێری بۆ دەکەم.

له‌و هه‌ڵوێسته‌ چاكانه‌ى كه‌ شوێنه‌وارێكى گه‌وره‌یان له ‌دڵ و ده‌روونمدا هه‌بوو، هه‌رگیز له‌ بیرم ناچێته‌وه‌، هه‌ڵوێستى ئەو مامۆستایه‌ى براده‌رم بوو، كه ‌بیستبووى موچه‌كه‌م بڕاوه‌ هات بۆ لام و گوتى:

كاك حه‌سه‌ن! هه‌ر وه‌ك ده‌زانى من و خێزانم مامۆستاین و دوو مووچەمان هه‌یه‌، و یه‌ك منداڵیشمان هه‌یه‌، ئێوەش حه‌وت کەسن و یەک مووچەتان هەیە، و مووچەكەشتت بڕاوه‌، ئێمه‌ له ‌ماڵه‌وه‌ بڕیارمان داوه‌: مووچە‌كه‌ى خێزانم بۆ خۆمان خه‌رج بكه‌ین و مووچە‌كه‌ى خۆیشم بێنین بۆ تۆ، تا كاتێ مووچه‌كه‌‌ت وه‌ر ده‌گریته‌وه‌! هیوادارم دڵئاسووده‌مان بكه‌یت، چونكه‌ هه‌واڵى ئه‌م نانبڕینه‌ى تۆ، واى لێ كردووین به‌ئاسانى پاروومان بۆ قووت نه‌چێ، باوه‌ڕ و ویژدانمان ئازارمان ده‌دات، ئێمه‌ دوو مووچەمان هه‌بێ و تۆیش به‌ حه‌وت سه‌ر خێزانه‌وه‌، له‌م كاتى نه‌خۆشى و قه‌رزارییه‌دا، بێمووچە بیت!

منیش له‌تاو سۆز و هه‌ستى پاكى برایانه‌ى ئه‌و برایه‌، چاوم پڕ له‌ فرمێسكى شادى بوو، شادى و خۆشییه‌كى كه‌موێنه‌ هه‌موو گیانمى داگیر كردبوو، به‌ خۆمم ده‌گوت: ئه‌گه‌ر ئینسان براده‌رى ئاوه‌هاى هەبێ، هه‌ست به ‌لێقه‌ومان ده‌كات؟ ناهه‌قم نه‌بوو، کێ به‌و هه‌ڵوێسته‌ مه‌ردانه‌یه‌ دڵخۆش نابێت و هه‌موو گیانى له‌ خۆشیدا پێناكه‌نێت؟ چ موسڵمانێك شتى وا ببیستێ سوجده‌ى شوكور بۆ خودا نابات، كه‌ براده‌رى واى پێ به‌خشیوه‌؟

منیش پڕ به ‌دڵ سوپاسى ئه‌و هه‌سته‌ خاوێنه‌یم كرد و گوتم: خوا به‌ره‌كه‌ت بخاته‌ ناو ماڵ و منداڵته‌وه‌، و پاداشتى خێرت بداته‌وه‌، بەڵام من پێویستم پێى نییه، ‌و سوپاس بۆ خوا موحتاج نیم، هه‌رچه‌ند قبووڵم نه‌كرد و هیچم لێ وه‌ر نه‌گرت، بەڵام  چونكه‌ قسه‌كه‌ له‌ ناخى دڵیه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ر و عه‌زمى بۆ هێنان جه‌زم بوو، وام ده‌زانى هه‌موو مانگێك ئه‌و مووچە یەم بۆ دێنێت.

 هه‌ڵوێستى ئه‌و براده‌ره‌م لێره‌دا گێڕایه‌وه‌، تا ببێته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌موو دوو براده‌رێك، خوێنه‌ریش به‌ دڵ دوعایه‌كى خێرى بۆ بكات، وه‌ك ڕێزلێنانێك و ئه‌مه‌كناسى بۆ هه‌ڵوێستى مه‌ردانه‌ى.

 سوپاس بۆ ئه‌و خوایه‌ى به‌ هۆى ئه‌م ئیسلامه‌وه‌ براده‌رى واى بۆ سازاندین، له‌ كاتى ته‌نگانه‌دا خه‌م و ته‌مى ده‌روونمانى ڕه‌وانده‌وه‌!

سەلمان و ئەیاد:

ئەڵبەتە دوو برادەری عەرەبیشم هەبوو – خوا پاداشتیان بە خێر بداتەوە- کە لە مزگەوتی ڕاوی و مزگەوتی خەتتاب بووبوونە هاوەڵم، لە ڕیزی برایاندا بوون، ئەمانە ناسراوی دەوڵەمەندیان هەبوو زەکاتیان پێ دابوون، تا بیدەن بە وانەی پێیان دەشێت و موستەحەقن. ئەوانیش لەو زەکاتەیان بۆ دەهێنام.. لەگەڵ ئەم دوو برادەرەدا پەیوەندیمان زۆر پتەو بوو. کە من بچوومایە بۆ بەغدا سەرم لێ دەدان، ئەوان بهاتنایە بۆ سلێمانی سەریان لێ دەدام.. بە بەرزترین شوێنەکان بەهەشت خوا پاداشتیان بداتەوە.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure