بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و حەوت
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و حەوت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/02/20     324 جار بینراوە    


بەربوونی حاجی ڕەشید:

پێش نیوەڕۆ ھاتن بە شوێن حاجی ڕەشیدا، ئەملا و ئەولای یەکترمان ماچ کرد و گوتم: ئینشائەڵڵا ڕاسپێرییەکانت لە بیر ناچێ، خوا حافیزت بێ و خوات لەگەڵ.

بەڵێ حاجی ڕۆیشت و بەجێی ھێشتم، خەم و پەژارەیەکی زۆر دایگرتم، چونکە بێ ھاودەنگ و ھاونشین مامەوە، بەتەنیا وەک قازی کوێرم لێ ھات، تەنیایی ھەر بۆ خوا باشە! من نەمدەزانی چیم بەسەر دێ و چیم لێ دەکەن؟ ئەمکوژن؟ ھەڵمدەواسن؟بەسەر شووشەدا ڕامدەکێشن؟ زۆر تەعزیبی تریش کە لەگەڵ زیندانییاندا ئەنجام دەدرا.. داھاتووم نادیار بوو.. ئەمە لە لایەکەوە لە لایەکی ترەوە ماوەی بیست ڕۆژ بوو لەگەڵ حاجیدا پێکەوە بووین، دڵمان بە یەکتر دەکرایەوە و ھۆگری یەکتر بووبووین، وەھا لێبڕانێکی ناکاو و لە شوێنی وایشا ئاسان نییە!

لێزمەی تف و جنێو:

ئێوارە بردمیانەوە بۆ خانووە سێنھۆمەکەی ئەوبەرەوە، تا لێکۆڵینەوەم تەواو ببێت. لە دواییدا بۆم دەر کەوت ئەم ئەفسەرەی لەگەڵ مندا تەحقیق دەکات ناوی ماجیدە و شیعەیە، ئەم جارە لەسەر کورسی داینەنام، گوتی: لەسەر کومبارەکە دابنیشە، منیش چاوەڕوانی شتێکی ناھەموار بووم.

ماجید گوتی: تۆ پیاوێکی خراپی! و ئەوەی زانیوتە باست نەکردووە!

منیش گوتم: بە قسەی ئەو درۆزەنەی (کەززابە)؟ دوور لە ئێستای خودا عەفووی بکات.

ھەر لەگەل ئەو قسەیەم لە دەم ھاتە دەر بە جنێودان تێم بەر بوو، ھەتا توانیی تفی تێ کردم و قسەی ناشیرینی پێ گوتم، و گوتی: تۆ درۆزنی، تۆ کەززابی، ئەو ڕاستگۆیە، ئەگەر زمانیشی لە بن و بێخا ببڕن درۆ ناکات!

ئینجا دەستی کردە نووسینی کورتەیەک لە ژیانم و گوتی: خوێندنی سەرەتاییت لەکوێ تەواو کردووە؟

گوتم: لە پێنجوێن.

گوتی: ناوەندی؟

گوتم: ناوەندی و دواناوەندیم لە سلێمانی تەواو کردووە.

گوتی: پاش ئەوە؟

گوتم: لە ساڵی ١٩٧٧ لە کۆلێجی شەریعە دەر چووم و خوێندنی زانکۆم تەواو کردووە.

تا ئەوکاتەی گیرابووم، بەکورتی باسم کرد و ئەویش نووسیی.

وێنەی خومەینی:

لەنێوان ئەم پرسیار و وەڵامانەدا ئەفسەرێکی ئەمنی کوردی ھەولێری، خۆی بە ژوورا کرد، بەوەدا زانیم کە ئەفسەرە سەلام و تەحیەی بۆ نەکرد، بەعەرەبی تەنیا ئەوەندەی پێ گوت: ھا چ دەکەیت؟

ئەویش وەڵامێکی ڕوون و جوانی نەدایەوە، لەوە دەچوو لە یەک ئاستا بووبن. کوردەکە نەوی لە تووکی سەرم و قژی ڕاکێشام! منیش ئاوڕێکی مۆنم لێ دایەوە و ھیچم نەگوت، وا دیار بوو ناردبوویان تا لە کاتی پێویستا تەرجومان بێت.

ماجید وێنەیەکی ئیمام خومەینی لە جوانترین شێوەدا لە پشت خۆیەوە دانابوو، کوردە بەعسییەکە بە ماجیدی گوت: ئەوە چییە داتناوە؟ دەستی بۆ وێنەکە ڕاکێشا.

ماجید شڵەژا و گوتی: ئا...ئا، ئەوە لە بیرم چوو بیخەمەوە شوێنی خۆی، ڕەسمەکەی ھێنا و تا ھێزی تیا بوو تفی لێ کرد و خستییە ژێر پێیەوە، بە منیشی گوت: دەی تۆیش تفی لێ بکە!

منیش تفم لێ نەکرد، جنێوێکی پێ دام و گوتی: دەڵێم تفی لێ بکە.

گوتم: تف لە دەمما وشک بووە، تفم بۆ لێ ناکرێ.. سەیرە لەولاوە خۆشی دەوێت و جوانترین وێنەی داناوە، لەم لایشەوە بە توقیە تفی لێ دەکات و دەیخاتە ژێر پێیەوە!

لێکۆڵینەوەکەی تەواو کرد و گوتی: وەرە ئیمزای بکە.

گوتم: بیخوێنەرەوە بزانم چیت نووسیوە، ئینجا مۆری دەکەم!

زۆر تووڕە بوو، جنێوێکی پیسی پێ دام و گوتی: ھەر قسەکانی خۆتم نووسیوە.

گوتم: بمدەرێ با بیخوێنمەوە.

گوتی: ھەی ... من دەڵێم قسەکانی خۆتن!

ئیتر بەناچاری ڕۆیشتم مۆرم کرد، نەیشمزانی چی نووسیوە و چی نەنووسیوە، ئیتر کردمیە دەرەوە و گوتی: لە دەرەوە چاوەڕوان بە.

گوناحە! ھاوەڵێکی بۆ بێنە!

ماوەیەک لە دەرەوە چاوەڕوانیم کرد، پاش ماوەیەک ئەمنێکی بانگ کرد و گوتی: بیبەرەوە بۆ جێگەکەی خۆی.. یەکێک پەلی گرتم و دەستی ڕاکێشام، لەسەر پلەکانەوە ئەفسەرە ھەولێرییەکەمان پێ گەیشت، بەکوردی لێی پرسیم: خەڵکی کوێیت؟

منیش گوتم: سلێمانی.. ئەوە تۆ کوردیت؟

گوتی: بەڵێ، من کوردم!

ئا لێرەدا زانیم کە کوردە و ھەولێرییە، گوتم: کوڕە پیاوی چاک بە، ئەگەر دەتوانی ھەوڵێکم بۆ بدە، با نەمبەنەوە ژوورە تەنیاییەکەی خۆم، بەڵکوو بمبەنە زیندانە گشتییەکەوە.

ئەمنەکەی دەستی گرتبووم گوتی: دەگەڕێم ھەوڵ دەدەم قاچاخچییەک بگرم و بۆت بێنم! تا بەتەنیا نەبیت! زیندانە گشتییەکە پڕیەتی لە قاچاخچی و پیاوکوژ و شەللاتی، ئەگەر بە گوێی من ئەکەی ھەوڵ مەدە بۆ زیندانە گشتییەکە، باوەڕت ھەبێ جێگەکەی خۆت زۆر چاکترە!

ئەفسەرە ھەولێرییەکەش گوتی: ئەرێ وەڵڵا گوناحە بەڵکوو قاچاخچییەکی بۆ بگریت و بیکەیت بە ھاوەڵی!

ئەو شەوە خەوتم، سبەینێ بەیانییەکەی تەقەی قوفڵەکان ھات، دەرگایان کردەوە و گواستمیانەوە بۆ ژووری ژمارە بیست و سێی تەنیایی، ئەوندەی تر دڵم داگیرا و ناڕەحەت بووم، چونکە یەک دوو ڕۆژێک بوو، لەگەڵ ژوورەکەدا ڕاھاتبووم، بەھەرحاڵ جڵەوی کار لە دەست مندا نەبوو، ئەوان کەیفیان لەکوێ بووایە، لەوێ دایاندەنام، ئیتر تا سەری مانگ واتە ٢٨/ شوبات لەو ژوورەدا بووم.

لەو ماوەیەدا خەوی زۆرم دەبینی، لەو خەوانەدا پۆل پۆل زانایان و پیاوچاکان سەریان لێ دەدام، ھەندێکیانم دەناسی و ھەندێکی تریشیانم نەدەناسی، وەک لە شوێنێکی دوور بووبم و ھاتبمەوە و ئەوانیش بۆ بەخێرھاتنەوەم ھاتبن ئاوەھا بوو. یا وەک ئەوە دڵخۆشیم بدەنەوە و بڵێن: ناڕەحەت مەبە.

وام زانی ئایەتەکە بۆ من ھاتووە:

بەیانی ڕۆژی یەک شەممە ١/٣/ ٨٧ تەقەی قوفڵەکان ھات، نیشانەی ئەوە بوو شتێک ھەیە، بەڵێ، دەرگا کرایەوە و گوتیان: یەڵڵا خۆت بپێچەرەوە، منیش خۆم پێچایەوە، کردمیانە ژووری ٢٤ دواین ژووری تەنیایی، لە نھۆمی دووەمدا.

تەنیایی ھەر بۆ خوا باشە.. زۆر دڵم خەمبار بوو، لە دار و دیواری ژوورەکە ورد دەبوومەوە، ژوورەکە بۆیەکەی کرابوو بە دوو بەشەوە، بەشی لای خوارووی بە بۆیەی زەیتی ڕەنگ کرابوو، بەشی لای سەروویشی بە بۆیەی ئاوی.. لەناو پشتێنە بۆیەکراوەکەیدا ئەم ئایەتە نووسرابوو: " وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الأُمُورِ " (لقمان/١٧.) واتە: لەسەر ئەو خەم و پەژارەیەی تووشت دێت، خۆگر بە و سەبرت ھەبێ، بێگومان ئەوەش لە کارە چاک و پەسەندەکانە.

ئای چەند ئاوڕشینی دڵی کردم، گوڵی ھەڵپڕووزاوی باخی ھیوای بووژاندمەوە! باوەڕتان ھەبێ وام دەزانی ئا لەو سەعات و کاتەدا ئەو ئایەتە ھاتووەتە خوارێ، تەنیا بۆ منیش ھاتووە! بەتایبەت ئایەتەکە ڕووبەڕووی ئادەمیزاد دەدوێت و فەرمانی خۆگرتنی پێ دەکات، داوای سەبری لێ دەکات، بۆیە لەو شوێنەدا دەردی منی بەتەواوی تیمار کرد و خەم و پەژارەم بوو بە شادی و دڵم بەتەواوی کرایەوە!

دوو پەنجا فلسیم پێ بوو، زۆر جار لە گرفانی کراسەکەم دەکەوتنە خوارێ، منیش لەژێر پەتووەکاندا قایمم کردبوون، ھێنامنە دەرەوە، لەسەر دیوارەکە ئەم ئایەتەم نووسی: ئەڵبەت نووسینەکە بە ڕووشاندنی بۆیەکە بوو: " مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الأَرْضِ، وَلا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلاَّ فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا، إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ، لِكَيْلا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ، وَلا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ، وَاللَّهُ لا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ" سورة الحديد /22،23.

لە پەنای ئایەتەکەدا ناوی خۆم و ڕۆژەکەم نووسی، ھۆی نووسینەکەش ئەوە بو، گوتم: چۆن من بەو ئایەتە دڵخۆش بووم و دەروونم ئاسوودە بوو، لەوانەیە کەسانێکی تریش بێنە ئەم ژوورە و بەم ئایەتە ئارامی و ئاسوودەییان بۆ بێت.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure