بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى چواردەیەم
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى چواردەیەم
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/07/03     524 جار بینراوە    


دکتۆرە‌ی بابانی:

گوتم: له‌ مانگی پێنچدا بوو، خێزانم به‌رهه‌یوانه‌كه‌ی سواق دا، بۆ ئه‌وه‌ی هاوین له‌وێ دابنیشین، به‌هادینیش له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی یانزه‌ مانگ بوو، هێشتا پێی نه‌گرتبوو، نه‌خۆشییه‌كی سه‌ختی وای تووش بوو، هه‌رچی دكتۆره‌ ناوداره‌كانی منداڵ هه‌بوو له ‌ناوشارا ئه‌م كوڕه‌مان برد بۆ عه‌یاده‌كه‌ی، بەڵام بۆیان نه‌دۆزرایه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ دكتۆر "جه‌مال حه‌ماوی" بوو، هه‌رچی ده‌رمانێكیان بۆ ده‌نووسی چرووك ده‌ر ده‌چوو، سه‌یر ئه‌وه‌ بوو نه‌شیانده‌گوت: سه‌رمان لێی ده‌ر ناچێت!! ئازارێكی زۆریان تووش كردین، كوڕ وای لێ هات تووشی باریكی و لاوازی بوو، تا وای لێ هات ته‌نیا په‌یكه‌ری ئێسكی و پێسته‌كه‌ی مایه‌وه‌، ئه‌و به‌سته‌زمانه‌، پێستی پشتی كونی تێ بوو، به‌ناچاری دایکی دۆشه‌كی هه‌رزنی بۆ دروست كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ زیاتر ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت. تمەز بە بۆنی سواقەکە کەوتبوو.. ئێمەش نەمانزانی کە بە بۆن کەوتووە. 

دایكی هه‌ژاریشی دووگیان بوو به ‌نووره‌دین، بیستمان دكتۆرەیەكی نوێ هاتووەته‌ سه‌رچنار، ئێمه‌ش به‌هادینمان برد بۆ لای، ئه‌م ئافره‌ته‌ له‌ بنه‌چه‌دا كورد و له‌ بابانییه‌كانی سلێمانی بوو، بەڵام له‌دایكبووی به‌غدا بوو، هیچ كوردیی نه‌ده‌زانی، له‌ پسپۆڕییەكه‌ی خۆیدا، دكتۆرێكی كارامه‌ بوو، كه‌ چاوی پێی كه‌وت گوتی: پێش هه‌موو شتێك بیبه‌ بۆ موخته‌به‌ر، با میز و خوێنه‌كه‌ی بپشكنن، زه‌رعه‌ی پیساییه‌كه‌یشی بكه‌ن، پاش ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ت هێنایه‌وه‌ پێت ده‌ڵێم چی بكه‌یت؟

پاش دوو هه‌فته‌ ئه‌نجامی پشكنین (فه‌حس)ه‌كان ده‌ر چوو، منیش برده‌مه‌وه‌ بۆ دكتۆر، دكتۆر گوتی خوێنی زۆر كه‌مه‌ پێویستی به ‌قاپێک خوێن هه‌یه‌، خوێنه‌كه‌ی ئه‌و (+O)بوو، خوێنی خۆم (+A) بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قاپێک خوێنمان بۆ كڕی و له ‌خه‌سته‌خانه‌ تێیان كرد، ئینجا گوتی: له‌ زه‌رعه‌كه‌دا ده‌ جۆر ئه‌نتی بایۆتیكی تیا نووسراوه‌، له‌مانه‌ ته‌نیا دووانیان بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی ئه‌م به‌كه‌ڵكه‌، ئیتر هه‌موو ئه‌وانی تر بێسوودن.

دكتۆر ناوی دوو جۆره‌ ده‌رزییه‌كه‌ی بۆ نووسیم (1- كیفلین ، 2- كیفلیكس) و ده‌رمانخانه‌كانی ناو شار گەڕام ده‌ستم نه‌كه‌وت، گوتیان: له‌ مه‌خزه‌نی كه‌ركووك ده‌ستت ده‌كه‌وێت، منیش سبه‌ینێ ڕۆیشتم بۆ كه‌ركووك، له‌وێ ده‌رزیی ژماره‌ یه‌كیان (كیفلین)ه‌كه‌م ده‌ست كه‌وت، بۆم كڕی و هێنامه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌رزییه‌كانمان لێ دا، كوڕ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و باشی ده‌ڕۆیشت، پاش دوو هه‌فته‌ بردمانه‌وه‌ بۆ لای دكتۆر، گوتی: له‌مه‌ولا ترێی ڕه‌شی بده‌نێ با بیخوات، ئێمه‌ش ترێی ڕه‌شمان بۆ ده‌كڕی و به‌باشی ده‌یخوارد و كوڕ بووژایه‌وه‌. تمه‌ز كوڕ به‌ بۆنی ئه‌و قوڕ و سواقه‌ كه‌وتبوو، ئێمه‌ش هه‌ستمان پێی نه‌ده‌كرد، كه‌سێكیش نه‌بوو پێمان بڵێ، تا پاش چاكبوونه‌وه‌ی بیرمان كه‌وته‌وه‌، كه‌ به ‌هۆی ئه‌و قوڕ و سواقه‌وه‌ به ‌بۆن كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌و پێزانینه‌ تازه‌ چ سوودێكی هه‌یه!

ڕۆژێکیان لەو دکتۆرە بابانییەم پرسیی دکتۆر تاقەتی کتێبخوێندنەوەت ھەیە؟ گوتی: بەڵی، گوتم نیازم وایە کتیبێکت بە دیاری بۆ بێنم. گوتی سوپاست دەکەم.. منیش کتیبێکی "شبھات حول الإسلامم" بۆ کڕی و بە دیاری بۆم برد.. ئیتر نازانم چی بەسەر ھات.

ئەحمەدی حاجی مەلا:

پاش عەسرێکی درەنگ دوو کەس دایان لە دەرگا، کە ڕۆیشتم دیتم ئەحمەدی حاجی مەلایە، لەتیفی عەلی مامە سەعە، ئەڵبەت ھەردووکیانم دەناسی و پێنجوێنی بوون، بەڵام میانەم لە تەک ھیچیاندا نەبوو، ئەحمەد ماڵەکەیان لە پێنجوێن دراوسێمان بوو، باوکی پیاوێکی زانا و کاسب و بەرێز بوو، بەڵام ئەم بەپێچەوانەوە پاش مردنی باوکی تووشی کۆمەڵێک لادان ھات، بەتایبەتی لە مەسەلەی پارە و چاو و ڕاودا، پاشان گیرا و ماوەیەکی زۆر لە زینداندا بوو، بەڵام بە ھۆی لێبوردنەکەی یانزەی ئازاری ١٩٧٠وە، ئەویش لە زیندان ڕزگاری بوو، بەڵام لەتیف کوڕێک بوو بەپێچەوانەی ئەوەوە، خوێندەوار، حەزی لە خوێندنەوە دەکرد، ھۆگری ئەدەب و زانیاری بوو، بەھەرحاڵ بەخێرھاتنێکی گەرمم کردن و خزمەتم وەک پێویست کردن، چونکە میوان بوون.

ئەمەشم بە ھەل زانی تا من ھەندێک قسەیان لە بارەی ئیسلامەوە بۆ بکەم، کۆمەڵێک مەسائیلی عیلمیم بۆ باس کردن، لە بارەی توانایی و دەسەڵاتی خوداوە، ئەحمەد خەریک بوو بیکات بە فیشقیات، بەڵام کە زانیی لەتیف زۆر بەباشی گوێی بۆ گرتووە، ئیتر ئەویش کڕ بوو، گوێی بۆ باسەکە بەجوانی شل کرد، ئەمە بوو بە ھۆی ئەوە، پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان من و لەتیفدا دروست ببێت،  تا لە سلێمانی بووم، بەردەوام ھاتوچۆی ھەبوو، ھەرچەند ئەم کوڕە نەبووە ھەڵگری بیروباوەڕی ئیسلامی، بەڵام دژ بە ئیسلام نەبوو، بەڵکوو دۆستیش بوو.

لەدایکبوونی نوورە‌دین:

 له یەکی ‌مانگی ده‌ی حەفتا و یەکدا (1/10/ 1971)دا خوا نووره‌دینی پێ به‌خشین، نووره‌دینیش كه‌ له‌ سكی دایكیدا بوو، به‌شی خۆی ئازاری نه‌خۆشییه‌كه‌ی به‌هادینی چه‌شت، من و دایكی بەهادینمان به‌نۆره‌ هه‌ڵده‌گرت، ده‌مانبرد بۆ لای دكتۆر، دایكیشی خه‌فه‌تی زۆری بۆ ده‌خوارد، ئه‌ویش كه‌ له سكیدا بوو، له‌و خه‌م و خەفەتە بێبه‌ش نه‌بوو.

 پرسە‌کە‌ی حە‌مە‌عە‌لی:

له‌و كاته‌دا كه‌ له ‌قلیاسان بووم پرسه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕووی دا، ئه‌ویش پیاوێكی ناوداری ئاوایی به ‌ناوی حه‌مه‌ عه‌لی بوو، كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا شارباژێڕی بوو، عه‌مری خوای كرد، له‌ دنیا ده‌ر چوو. پرسه‌كه‌ی زۆر قه‌ره‌باڵخ بوو، منیش سی ڕۆژه‌كه‌ له ‌پرسه‌كه‌یا دانیشتم، ئامۆژگاریی خۆمم ده‌كرد، براده‌رێكی زۆر خۆشه‌ویستم هه‌بوو، به‌ ناوی مه‌لا موحه‌ممه‌دی باریكه‌، پیاوێكی دڵسۆز و به‌دین بوو، كه‌ هاتبوو بۆ پرسه‌كه‌ پێی ده‌گوتم: ئه‌مڕۆ ڕۆژته‌، ڕۆژی ئه‌وه‌یه‌ شتومه‌كت بخه‌یته‌ پێش چاوی خه‌ڵكی، تا خه‌ڵكی بزانن شتومه‌كه‌كه‌ت چییه‌! سوپاس بۆ خوا ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو کردمان، كاریگه‌ریی خۆی هه‌بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ قلیاسان بووم، به‌رده‌وام هه‌موو ڕۆژێكیش ده‌ڕۆیشتم بۆ مه‌عهه‌دی ئیسلامی بۆ ده‌رسخوێندن.

هێلکە‌ پیسە‌کە‌ی ڕوانگە‌:

له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك جانه‌وه‌ری دوور له‌ هه‌موو قیه‌م و ئه‌خلاقێك به ‌ناوی ڕوانگه‌ هێلكۆكه‌یان ترووكاند و سه‌ریان قیت كرده‌وه‌، ئه‌مانه‌ زۆر بێشه‌رمانه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر خوو و ڕه‌وشت و شه‌ره‌فی میلله‌تی كورد، ده‌یانویست هه‌موو ڕه‌وشتێكی به‌رز له‌ میلله‌ته‌كه‌مان داڕنن، ڕۆژنامه‌ی هاوكارییان كردبووه‌ شانۆی خۆیان و له‌وێوه‌ هه‌رچی نه‌شئه‌هات به‌ ده‌میانا به‌رانبه‌ر به‌ دین و ڕه‌وشتی میلله‌ت دەیانوت، ئێمه‌ش كۆمه‌ڵێک قوتابیی خوێنگه‌رم له‌ مه‌عهه‌ددا بووین داوامان له‌ مامۆستاكانمان كرد كه‌ بەرپه‌رچیان بده‌نه‌وه‌، قسه‌یان نه‌ده‌كرد، وەڵامیشیان نه‌ده‌داینه‌وه‌، ئێمه‌ش قوتابییه‌كانمان هان دا، كه‌ مان بگرین و نه‌ڕۆینه‌ ژووری خوێندن، نیوه‌ی قوتابییان هاوكارییان كردین، ئێمه‌ش مانمان گرت و له ‌حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌دا گرد بووینه‌وه‌ و هه‌رچی زه‌نگی لێ دا كه‌س نه‌ڕۆیشته‌ ژووره‌وه‌، مامۆستا خه‌تیب مدیری مه‌عهه‌ده‌كه‌ بوو، له ‌یه‌كێک له‌ ژووره‌كانه‌وه‌ سه‌ری ده‌ر هێنا و هاواری كرد: یه‌ڵڵا بڕۆنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ شوێنی خۆتان ده‌نا ئاسایشتان بۆ بانگ ده‌كه‌م.

نیوه‌ی قوتابییه‌كان هه‌ر مانیان نه‌گرت، ژماره‌یه‌ك به ‌هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ڕۆیشتنه‌ ژووره‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ر نه‌ڕۆیشتین، هاته‌ خواره‌وه ‌و جارێكی تر خۆی تووڕه‌ كرد و گوتی: ئه‌ڵێم بۆ ژووره‌وه‌ كه‌س لێره‌ نه‌مێنێت.. هه‌ندێكی تریش ڕۆیشتنه‌ ژووره‌وه‌، نزیكه‌ی سی تا چل قوتابییه‌ك ماینه‌وه‌، منیش ڕۆیشتم به‌ره‌و پیری مامۆستا و ئه‌ویش به‌ره‌و ڕووی ئێمه‌ ئه‌هات، تا له‌سه‌ر به‌رده‌نوێژه‌كانی به‌رده‌م مه‌رقه‌دی كاك ئه‌حمه‌ددا یه‌كمان گرته‌وه‌، من له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ی ئیمامه‌وه‌ وه‌ستابووم ئه‌ویش له ‌خواره‌وه‌، گوتی: ئه‌وه‌ بۆ ناڕۆنه‌ ناو پۆله‌وه‌؟ (ئه‌ڵبه‌ت پۆله‌كان له ‌نهۆمی دووه‌می باڵه‌خانه‌كه‌دا بوون).

گوتم: مامۆستا گیان! بۆچ بڕۆینه‌ سه‌ره‌وه‌؟ سوود له‌ خوێندنه‌كه‌ماندا چییه‌؟ بۆ ئه‌وه ‌نییه‌ به‌رگری له‌ دین و عه‌قیده‌كه‌مان بكه‌ین؟ كه ‌ئێمه‌ نه‌توانین به‌رگری لێ بكه‌ین ئیتر بۆ بخوێنین؟

گوتی: دوژمن ئه‌یه‌وێت ئێوه‌ نه‌خوێنن.

گوتم: ئه‌وه‌ش ڕاسته‌، بەڵام ئه‌وه‌ته‌ به‌ڕێزتان خوێندووتانه‌، هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر بوونی خوا قسه ‌ناكه‌ن، هه‌زاره‌ها بێئه‌ده‌بی به‌رانبه‌ر به‌ پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌كرێت زار نابزوێنن، وه‌ك سه‌گ به‌رامبه‌ر ئاین و دینه‌كه‌مان ده‌ڕشێنه‌وه‌ ئێوه‌ وشه‌یه‌ك ناڵێن.. وا ئێمه‌ش خوێندمان و خۆ له ‌زانیاریدا ناگه‌ین به‌ ئێوه‌! ئیتر چ سوودێكی هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێنمان ده‌ده‌یتی كه‌ به‌ڕێزتان ڕۆژی جومعه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و میكرۆب و جانه‌وه‌رانه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر به‌رچاو ڕوون بكه‌یته‌وه‌، ئه‌وا ده‌ڕۆینه‌ ژووره‌وه.

كه‌ زانیی ئێمه‌ قسه‌كان له ‌دڵمان دێته‌ ده‌ره‌وه‌، دڵی نه‌رم بوو فه‌رمووی: وه‌رن بڕۆنه‌وه‌ پۆله‌كانتان، مه‌رج بێ له ‌خوتبه‌ی جومعه‌دا باسی بكه‌م.. ئێمه‌ش هه‌موو ڕوومان ڕۆشن و چاومان گه‌ش بووه‌وه‌، به‌ سوپاسێكی زۆره‌وه‌ بۆ مامۆستا ڕۆیشتینه‌وه‌ بۆ پۆله‌كانمان.

ڕۆژی هه‌ینی: ڕۆژی جومعه‌ هات و مامۆستا خه‌تیب ڕۆیشته‌ سه‌ر مینبه‌ر و به‌ شێوازه‌ ناوازه‌كه‌ی خۆی وتاری دا، وشه‌كانی گه‌وهه‌ریان لێ ده‌باری، به‌ڕاستی هه‌زار حه‌یف و مەخابن كه‌ خه‌تیبی ئاوا له‌ حه‌نای ڕێڕوونكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكێدا كه‌مته‌رخه‌می بكات، دابه‌زییه‌ سه‌ریان وه‌ك په‌ڕۆی بێنوێژی لێ كردن، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك بوونایه‌ خاوه‌ن شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت هه‌رگیز ڕوویان نه‌بوو سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه‌، له‌ناو مزگه‌وته‌وه‌ بۆ پشتیوانی له‌ قسه‌كانی مامۆستا ده‌نگی ته‌كبیر به‌رز بووه‌وه‌، دەست كرا به‌ گوتنی ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ر.

مامۆستا چی ده‌زانی باسی كرد، شۆر و شه‌وقی له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویستیی ئاین و زانایانی ئاینی په‌یدا بوو، كاتێک له ‌نوێژه‌كه‌ی بووه‌وه‌ و به‌ره‌و ژووره‌كه‌ی خۆی ئه‌یویست بڕوات خه‌ڵكی پۆل پۆل ئه‌ڕۆیشتن به‌ره‌و پیری و ده‌ستیان ماچ ده‌كرد و سوپاسیان ده‌كرد، چه‌ند جار هه‌وڵیان دا بیخه‌نه‌ سه‌ر شانیان و به‌سه‌ر سه‌ر هه‌ڵی بگرن تا شوێنه‌كه‌ی خۆی.

سە‌رە‌نجامی هاوکاری:

ئێمه‌ی قوتابییانیش له ‌هه‌رلایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵمان ده‌دا ئیمزا  كۆ بكه‌ینه‌وه ‌و به ‌سكاڵاوه‌ بینێرین بۆ سه‌رۆ‌ككۆمار و وێنه‌یه‌كیشی بۆ وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری ڕاگه‌یاندن. له‌ به‌شێكی زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی ناوشاره‌وه‌ ئیمزای جه‌ماوه‌ر له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ كۆ كرایه‌وه‌، له‌ دێهاته‌كانه‌وه‌ ئیمزا كۆ كرایه‌وه‌، منیش كه ‌له‌وكاته‌دا له ‌قلیاسان بووم ئیمزای خه‌ڵكی دێی قلیاسانم كۆ كرده‌وه ‌و به‌و كڵیشه‌ سكاڵایه‌وه‌ كه‌ باسمان كرد ناردمان بۆ به‌غدا و ناڕه‌زایی خۆمان ده‌ر بڕی، به‌رانبه‌ر بێئه‌ده‌بیی ئه‌و جڕوجانه‌وه‌رانه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ها باڵاكانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌مدرێژییان كردبوو.

پاڵه‌په‌ستۆی جه‌ماوه‌ر زۆر بوو، ڕژێم به‌ناچاری ئیجرائاتی خۆی نواند و بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌فته‌نامه‌كه‌ی ڕاوه‌ستان، بۆ چه‌ند ژماره‌یه‌ك داخرا.. له‌ڕاستیدا ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست هه‌فته‌نامه‌كه‌ دابخرێت و بوه‌ستێنرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ ماڵی میلله‌ت بوو، ئێمه‌ ده‌مانویست ئه‌وانه‌ له‌ زیانه‌خرۆیی بكه‌ون و به‌س.

ئه‌گه‌ر به ‌هۆی بوونی هه‌ندێكیان له‌ناو حیزبا نه‌بووایه‌ ئه‌وانه‌ وه‌ك وشتری گه‌ڕیان لێ هاتبوو، قێزه‌ون بووبوون، یه‌کێکیان (شێرکۆ بێکەس)بوو، له ‌به‌رده‌م سه‌رای سلێمانی به‌سه‌رخۆشی قسه‌ی کردبوو، حاجی ئه‌وڕه‌حمانی نه‌وره‌سی له‌و کاته‌دا لاوێکی خوێن گه‌رم بوو، دابوویه‌ به‌ر شه‌ق و هه‌رچی بشێ و نەشێ پێی کردبوو.  قەدەر وا بوو هەردووکیان لە  حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا (سلێمانی)ببنە وەزیر:  ساڵی ١٩٩٢ شیرکۆ لە کابینەی یەکدا وەزیری ڕۆشنبیری بوو لە لایەن یەکیەتییەوە، و "عبد الرحمن"یش لە ساڵی ٩٧دا لە کابینەی دوودا کرایە وەزیری داد لە لایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە. 


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure