گەڕانەوەم بۆ سلێمانی:
کاتێ لە زیندان گەرامەوە لە ماڵەوە چاوەڕێم بوون چونکە ڕۆژی پێشتر لە بەغداوە تەلەفۆنم کردبوو، بۆ ماڵ شێخ فاتیحی هاوەڵم کە دراوسێمان بوو، دادە بەیانی هەڵیگرت ئەو کاتە تەمەنی بچووک بوو، گوتـم: دادە بەیان بێزەحمەت بڕۆ بۆ ماڵ ئیمە و بە خێزانم بڵێ: مامۆستا بەر بووە دەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات، خوا ڕووسووری بکات ئەویش ڕۆیشت بە شوین خێزانمدا و بۆم باس کرد، کە دراوین بە دادگا و من هیچم لەسەر سابت نەبووە و بەریان داوم و سبەینێ ئینشا ئەڵڵا من دەگەڕێمەوە.. ئای لەو خۆشییەش کە کەس بەتەمام نەمابوو من مابم، ئێستا لەناکاودا هەواڵی هاتنەوەم دەبیستن!
شەو ھاتمە ئوتێل سۆران تا بزانم کەسی پێنجوێنی لێیە، یان نا؟ گوتیان: حاجی عەتای (کوڕی حاجی کاکە حەمە) لێرەیە، زۆرم پێ خۆش بوو، حاجی عەتا پیاوێکی بەدینە و خزم و ناسراوە، چاوەڕوانیم کرد تا ھاتەوە، ئەملاولای یەکترمان بەگەرمی ماچ کرد، حاجی وای دەزانی لە عاسمانەوە کەوتوومەتە خوارەوە، زۆر کەیفخۆش و شادمان بوو. "سدیقی ئەحمەد مەریوانی" و "کاکەمینی مەجیدی حاجی"شمان لە تەکا بوو. ئەو شەوە نوستین بەیانی زوو ھەستاین و پێکەوە بەڕێ کەوتین و لە سەعات نۆی بەیانیدا گەیشتینە سلێمانی.
لە بەردەم دەرگا وەستاین و جەرەسمان لێ دا ژن و منداڵ ھاتنە دەرەوە، ئای لەو خۆشییە! من خۆمم پێ نەگیرا لە ماچکردنی یەک بەیەکی مناڵەکاندا دەستم بە گریان کرد. ئەوانیش دەگریان بەتایبەت بەھادین، ئەم گریانە گریانی خەم و خەفەت نەبوو، بەڵکوو گریانی شادی بوو.. کاتێ بە بەھادینیان گوت: تازە گریانی ناوێ، سوپاس بۆ خوا وا بەر بووە و ڕزگاری بووە، دەبێ پێبکەنیت؟
گوتی: لەو ڕۆژەوە باوکم گیراوە تا ئێستا لە بەرچاو خەڵکیدا نەگریاوم، بە بەستێکی مەحکەم فرمێسکەکانم بەند کردبوو، تا برا و خوشکەکانم خەفەت نەخۆن، دایکم دڵگران نەبێت، بەڵکوو دڵخۆشیم دەدانەوە، ئێستا ئەو کۆسپە نەماوە و کاتی ئەوە ھاتووە بەستەکە بشکێ، فرمێسکی ئەو چەند وەختە بەلێزمە بێتە خوار.
خزم و ناسراو و دۆستێکی زۆر ھاتن بۆ سەردانم، قەرەباڵغێکی زۆرمان ھەبوو، ئەوانەی لە لاقشکانەکەیشمدا نەھاتبوون لەم کاتەدا ھاتن بۆ لام.
وەفاتی شارەزووری:
دووەم ڕۆژ بوو کە ھاتبوومەوە، برای ئازیزم "شێخ فاتیحی قەرەداغی" ھاوەڵم ھات بۆ لام و گوتی: ھەواڵێکی دڵتەزێن.
گوتم: یا خوا خێر!
گوتی: "مەلا موحەممەدی شارەزووری"ی هاوەڵمان، لە تراکتۆرێکا وەر گەڕاوە و گیانی بە خوای خۆی سپاردووە.
لەویادا تاسێک بردمیەوە، وەک جامێک خۆڵ و دۆ بە سەرمدا بکرێت وام لێ ھات، زۆر ناڕەحەت بووم، خێرا بیرم کردەوە و گوتم: ( إنا للە وإنا للە راجعون)، بەڵێ شارەزووری بە ڕەحمەتی خوا ڕۆیشت و کۆچی ماڵئاوایی لە دنیای فانی کرد، بەرەو بارەگای پڕ دادی پەروەردگار کەوتە ڕێ، داواکارین خوا لە گوناھی خۆش ببێت و پلەی بەرزی شەهیدی پێ بەخشیبێت.
هاوڕێیەتی من و شارەزووری زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکان لەو کاتەدا، کە لە یەکەم پۆلی قوتابخانەی سەرەتایی ئەوقافی هەڵەبجەدا پێکەوە قوتابی بووین.. پێم خۆشە بەو بۆنەیەوە، ھەندێ لە بیرەوەرییەکانم بەرانبەر شارەزووریی ڕەحمەتی باس بکەم.
لەڕاستیدا مەلا موحەممەد لە ژیانیدا کوێرەوەری و ناخۆشیی زۆری چەشت، ژنی ھێنا تا حەڤدە ساڵ منداڵی نەبوو، ئەمە خۆی لە خۆیا خەفەتێک بوو، ماڵ بە منداڵەوە جوانە، ماڵی بێمناڵ وەک وێرانەیەک وایە، بەتایبەت لە منداڵدا مرۆڤ بەردەوامبوونی خۆی دەبینێتەوە.
خەوە کورتەکەی:
پاشان خەوێکی کورتی بینی و خێزانە نەجیبزادەکەی - مینا خان ڕووسووری دنیا و قیامەت بێت، - خۆی ڕۆیشت داوای کیژێکی جوانی بۆ کرد، ماوەی ساڵێک کەمتر یا زیاتر پێکەوە بوون، ژنی تازەی سکی پڕ بوو، بەڵام ئەم ئافرەتەی کە تا دەست ھەڵخەیت بە دڵی خۆی بوو، بەسەر سکەکەیەوە ڕۆیشت و ھیوای داھاتووی و خێزانی خۆشەویستی ھەردوو مردن، بە کۆڵێ خەفەتەوە شارەزوورییان جێ ھێشت.
ژنە پێشینەکەی پاش ئەم حەڤدە ساڵە سکی کرایەوە و سێ کوڕ و کچێکی بوو، بەڵام پاش ئەم منداڵانە دەرگای زیندانی بۆ کرایەوە، ماوەیەک بێ سەروشوێن بوو، پاشان بەر بوو، دیسان گیرایەوە، جارێکی تر بەر بوو، پاش ئەوە ئیتر ئاوارە و دەربەدەر بوو.
چەند کتێبێکی جوانی نووسی، خوا بۆی بخاتە تای تەرازووی کردەوەی چاکیەوە، بە بینینی ئەو کتێبانە، مولحیدەکانی کوردستان ئاگریان تێ بەر بوو و جاڕی دوژمنایەتییان بۆ دا.
کەسێکی زۆر نزیکی خۆی (نامەوێ ناوی بێنم)(١) گۆبەندێکی گەورەی لە شارەزوورا بۆ ساز کرد، پاشان لە بەرانبەر ئێرانییەکانیشەوە شەرمەزاری کرد، ھەر ھۆی ئەوەش بوو کە لە کاتی دەربەدەرییەکەیدا نەیتوانی ڕوو بکاتە ئێران، تووشی ئەو گۆبەندانە بوو، کە بوو.. سەرباری ئەمانە عەسکەریی یەخەی پێ گرتبوو، ماوەیەکی زۆر قاچاخ بوو لەم دێھاتەکەوە بۆ ئەو دێھاتەکە، کۆڵ بەکۆڵ بوو. ئەمە مشتێکی کەم بوو لە خەرمانی ژیانی شارەزووریی ڕەحمەتی.
من و شارەزووری:
ئەڵبەتە من و شارەزووری ھەر لە مناڵییەوە ھاوەڵ بووین، لە ساڵی نۆسەد و شەستەوە، کاتێ کە لە قوتابخانەی ئەوقافی سەرەتایی ھەڵەبجەدا پێکەوە دەمانخوێند.
شارەزووری فریشتە نەبوو، ئادەمیزاد بوو، ئادەمیزادیش ھەڵەی دەبێت، کێ ھەیە ھەڵەی نەبێ؟ پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمێت: " کلُّ ابنِ آدمَ خطاء وخیر الخطائینَ التَّوابونَ" واتە ھەموو ئادەمیزادێک ھەڵەی دەبێت، باشترین ھەڵەکار ئەوەیە کە دەگەڕێتەوە و لەسەر ھەڵەکەی بەردەوام نابێت.. بەڵام ئەگەر لەگەڵ چاکەکانیا بەراوردییان پێ بکەین، ھەڵەکانی ھەر زۆر کەم بوون، چاکەکانی زۆر زۆر بوون، ئێمەش دەڵێین: خوا لە گوناھـ و ھەڵەکانی خۆش ببێ و کردەوە چاکەکانیشی لێ وەر گرتبێ، وا ھەندێک لە کردەوە باشەکانی دەخەمە پێش چاو.
زەخیرەی پاشەڕۆژی:
لە ناوەندی ھەفتاکانا کە ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستانا لە گاگۆڵکێدا بوو، شارەزووری نامیلکە یەکی دانا، بە ناوی (ئایا قورئان دانراوی موحەممەدە؟) کە بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە "صلی اللە علیە وسلم" پێشکەشی کرد، دەورێکی زۆری ھەبوو، لە بێدارکردنەوەی لاواندا. بەتایبەت کە زانایەکی بیرکاریزانی وەک مامۆستا "محی الدین گەڵاڵی" بەڕەحمەت بێت پێشەکییەکەی بۆ نووسیبوو.
پاش ئەوە "ڕێکەوت لە ترازووی ژیریدا" و "سروشت لە ترازووی ژیریدا" و "فرۆید لە ترازووی ژیریدا"ی پێشکەش کرد، کە ئەمانە چاوپێچیان لەسەر چاوی لاوانی کورد لا برد، ھەروەھا وتارە ئاگرینەکانی ڕۆژانی ھەینیی. کە زۆر کاریگەر بوون و تۆمار دەکران و شارە و شار دەبران و پیاوان و ئافرەتان گوێیان لێی دەگرت، ھەروەھا لە دەرسی بۆ ئافرەتانا (کچە شیرینەکەم)ی مامۆستا تەنتاوی تەرجومە کردبوو، کە شتێکی زۆر ناوازە بوو. ھەروەھا شاعیری بەرزی پاکستانی و فەیلەسووفی ئیسلامی موحەممەد ئیقباڵی لاھووریی لە نامیلکەیەکدا بە میللەتی کورد ناساند، جگە لەوە کەدەستی دابووە ھەگبەیەکی قورس و گران بە ناوی (ھەگبەکەی شارەزووری)، کە وەفاتی کرد و تەواوی نەکرد.. نازانم پاش خۆی چی بەسەر ھات؟
لەڕاستیدا مامۆستا مەلا موحەممەدی شارەزووری ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕەوتی ئیسلامخوازیی کوردستان و بەتایبەت شارەزووردا ھەبوو. ھەر ئەو بوو وەک شاخی ھەورامان لە بەرانبەر پاڵەپەستۆی بەڕێوەبەرە غەربزەدەکەی قوتابخانەی کچانی شارەزوورا وەستا و بۆڕی دا، بوو بە ھۆی بڵاوبوونەوەی بەرگی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی کچانی شارەزوورا، ھەزاران ڕەحمەتی خوا لە گیانی پاکی بێت.
ڕۆیشتنم بۆ لای باوک و خێزانی شارەزووری:
کاتێ ئێمە ئەو قەرەباڵخییەمان ھەبوو، بەداخەوە من نەمتوانی بچم بۆ پرسەکەی، ئەتوانم بڵێم نەمتوانی تا ھەفتەیەک لەناو مناڵەکانی خۆما بەتەنیا دابنیشم. کاتێ ئۆتۆمبیلێکی سەربەخۆم گرت و ڕۆیشتم بۆ سەردانی باوکی و خێزانی، ھیچیان لە ماڵ نەبوون، چوو بوون بۆ چوارقوڕنە، ئینجا لەگەڵ سەید ڕەئووفی زاوای سەید نەجمەی پێنجوێنیدا ڕۆیشتم بۆ لای مامە عارفی شارەزووری، کەچی ئەویش لە ماڵ نەبوو، ئیتر بۆم ڕێک نەکەوت بڕۆم بۆ لایان، ئەوانیش بۆیان ڕێک نەکەوت بێن بۆ لام.
(١)( برایەکی لە دایکی خۆی ھەبوو پیاوێکی بەناھەق کوشت و گۆبەندێکی گەورەی بۆ ساز کرد، ھەر ئەو برایەی گوایا دوو پاسداری ئێرانی کوشت و بوو بە ھۆی ئەوە شارەزووری لە بەرانبەر ئێرانییەکانەوە شەرمەزار بکات، ھەر ھۆی ئەوەش بوو کە لە کاتی دەربەدەرییەکەیا نەیتوانی ڕوو بکاتە ئێران و تووشی ئەو گۆبەندانە نەبێ کە بوو..)