ژوورە تاک سلوولییەکەمان
ئەم ژوورە پانی و درێژییەکەی ٢م ٢،٥م بوو، بەلوعەی ئاو و ئاودەستی تیا بوو، پەنجەرەیەکی نیومەتری چوارگۆشەی تیا بوو، کە بە پلێتێکی ئاسن گیرابوو و نزیکەی پەنجا کونی وەک سەرەسووزنیان تێ کردبوو، لە دیوی دەرەوەش نایلۆنێکی تاریکیان بە ڕوویا دابوو، تا ئەگەر کەسێک ویستی بڕوانێت ئەودیوی لێ دیار نەبێت! ناو ژوورەکە چوار پەتووی کۆنی ڕزیوی تیا بوو، گوتمان: چەند بەتانییەکی ترمان بدەنێ، چونکە بەمانەوە حەتمەن ئەمشەو لە سەرمادا ڕەق ئەبینەوە.
گوتیان: ھەر ئەوەیە، قسەی زیاد نەکەن! ئیتر بەجێیان ھێشتین و بە سێ قوفڵ دەرگاکەیان لەسەر داخستین.
ژوورەکەمان زۆر سارد بوو بەتایبەت تەوژمێکی ھەوایی تیا دروست بووبوو، بە ھۆی ئەو ھەوا کێشەوە کە لەسەر دیوی دەرەوەی سەر دیواری ئاودەستەکەوە دایاننابوو، لەسەر دیوارەکەوە کونێکی ١٥ - ٢٠ سم ھەبوو، ئەم کونە دیوی دەرەوەی بە ھەواکێشەکە گیرابوو، ھەواکێشەکەمان نەدەبینی، بەڵام زۆر بەھێز بوو، ھەوای ساردی زۆر ڕادەکێشا، ئەوەندەی تر ژوورەکەی سارد کردبوو، ئیتر با ویڕەویڕ و گیڤە گیڤە ناخۆش و قەڵسەکەی بوەستێ.
دەرگای ژوورەکە دەلاقەیەکی ٢٠ بە ٢٠ سم تیا بوو، لە دیوی دەرەوە دەرچەیەکیان بۆ کردبوو، بە سورگی لەودیوە دادەخرا، ئەگەر نانێکیان بھێنایە ئەو دەرچەیان دەکردەوە و گورج دایاندەخستەوە. گڵۆپێکی نیۆنی سپی بازنەیی بە بنمیچی ژوورەکەدا ھەڵواسرابوو، شەو و ڕۆژ لەگەڵ ھەواکێشەکەدا کاریان دەکرد.. ئیتر لەو ژوورەدا تەنانەت ئاسمانیشمان لێ دیار نەبوو.. یەکی پەتوویەکمان ڕاخست و پەتوویەکی ڕزیویشمان بە خۆمانا دا.
لە تەک حاجی ڕەشیدا باسی ئەوەمان دەکرد: تۆ بڵێی ئەمشەو ڕەق نەبینەوە؟ لەو کاتەدا تەقەی قوفڵەکان ھات و دەرگا کرایەوە، زۆر بە نانەجیبانە گوتیان: یەڵڵا ھەستن، کەلەپچەیان لە دەستی حاجی کرد، منیش شەل بووم ئەگەر کەلەپچە لە دەستما بووایە بەباشی نەمئەتوانی بڕۆم و گۆچانەکە بە دەستەوە بگرم، لەبەر ئەوە تەنیا عەینەکە ڕەشەکەیان کردە چاوم و بردینیانەوە بۆ خانووە سێنھۆمەکەی ئەوبەر و بە پلەکاندا سەر کەوتین، لە پەنای ژووری چاوەڕوانیدا جامخانەیەک ھەبوو، لەو دیو جامخانەکەوە ڕاڕەوێکی دوورودرێژ ھەبوو، لە ناوەڕاستا بە دەرگایەکی جامخانەیی کرابووە دوو بەشەوە، لە بەشی دووەمدا بۆریی سێ ئینجی لەمبەر و ئەوبەری ڕاڕەوەکەوە ڕاکێشرابوو، لە ماوەی ھەرمەترێکدا قوفڵێکی ئاسنی پێوە جۆشدرابوو، ھەندێک کەسم بینی لەو ناوەدا بە چاوبەستراوی کەوتبوون و کەلەپچەکەی دەستیان بەو قوفڵانەوە بەسترابووەوە.
ئایەتی قورئانی:
ئێمەیان لە بەشی دووەمی ڕاڕەوەکە دانا و لەگەڵ ئەوەدا، کە نەیانئەھێشت پێکەوە قسە بکەین و عەینەکەکان لەسەر چاومان لا بەین، بە ئەندازەی دوو مەتریش لە یەکتریان دوور خستینەوە. لەوبەرەوە حاجی ڕەشید دەستی بە گریان کرد، منیش لە دڵی خۆمەوە زۆرم پێ ناخۆش بوو، بەزەییشم پیایا ھاتەوە، بە دەنگی بەرز ھەندێ دڵخۆشیم دایەوە و ئایەتی ٢٣ سوورەتی حەدیدم بۆ خوێندەوە: " مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الأَرْضِ، وَلا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلاَّ فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا، إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ، لِكَيْلا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ، وَلا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ، وَاللَّهُ لا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ."([1])
گوتم: برا گیان! ئێمە موسڵمانین و باوەڕمان بە قەزاوقەدەری خوا ھەیە و بگرە باوەڕ بە قەدەر بەشێکە لە ئیمانمان، ئیتر بۆچ خۆت ناڕەحەت دەکەیت؟
موسڵمانێکی یەخسیرکراو، کە دەستی بە قوڵفی بۆرییەکەوە بەسترابوو، گوێی لێ بوو، داوای لە ئەمنەکە کرد کە بە من بڵێت ئەو ئایەتەی بۆ دووبارە بکەمەوە، منیش ئایەتەکەم بۆ خوێندەوە، گوتی: لە چ سوورەتێکدایە؟
گوتم: لە سوورەتی ئەلحەدیدایە.
چەند دەمی گەرمە؟
زۆری پێ نەچوو پیاوێکی سووروسپی، باڵاناوەنجی، سمێڵپان، قەرەچەناخ و دەم بەجنێو ھات و نووکەشەقێکی تێ ھەڵدام و ڕۆیشت، زۆری پێ نەچوو ئەمنێکی بانگ کرد و گوتی: بڕۆ دکتۆر بێنە، پاش ماوەیەک دکتۆریان ھێنا، دەستی کەلەپچەکراو بوو، چاویلکەی لە چاوا نەبوو، بەبێ چاویلکەش شتی بەجوانی نەدەبینی. ئەفسەرەکە دکتۆر عیسامی بردە لای حاجی ڕەشید و گوتی: ئەمە "حەمە ڕەشید ماوەتی"یە؟ ماوەیەک لێی ورد بووەوە و گوتی: نەوەڵڵا ئەمە ئەو نییە، بەسەزمان ئەزێتی باشتان داوە!
پاشان لێی پرسی: ئەی ئەمە "حەسەن پێنجوێنی"یە؟
منیش چاویلکەیان لە چاوم کردبوو، قژم گژ بووبووەوە، ڕیش و سمێڵم تێکەڵ بووبوو، توێکێکی چڵک بەسەر ڕواڵەت و ڕوومەوە دروست بووبوو، بۆیە ھەرچی سەرنجی دام و لێم ورد بووەوە نەیناسیمەوە، ئینجا ئەفسەرەکە چاویلکەکەی لەسەر چاوی من لا برد و گوتی: ئەمە "حەسەن پێنجوێنی"یە؟
ئەویش گوتی: بەڵێ، بەڵێ، خۆیەتی.. پاشان گوتی: کاکە گیان! من چیم زانیوە گوتوومە، تۆیش چی دەزانی بیڵێ، بەڵکوو خوا دەروویەکمان لێ بکاتەوە!
ئیتر ئەفسەرەکە چاویلکەکەی کردەوە چاوم، دکتۆر عیسام بە ئەفسەرەکەی گوت: تۆ بواری ئەوەشت نەدامێ سڵاوێکی لێ بکەم و تەوقەی لەگەڵا بکەم.. ویستی دەست بێنێ تەوقەم لەگەڵا بکات، منیش لە قسەکانی زۆر تووڕە و دڵگران بووم، نەمھێشت دەست بێنێتە پێشەوە، پیایا ھەڵشاخام و بەتووڕەییەوە گوتم: ماڵ وێران! تۆ بە ملی شکاوت تەنیا جارێک ھاتوویتە ماڵی من، ئیتر من چ پەیوەندییەکم بە تۆوە ھەیە؟! تۆ دوژمنایەتیت لە تەک منا ھەیە، ئەوە بوو کاتی خۆی سوێندت خوارد و گوتت: مادام کارم لە تەکا ناکەیت، ئەگەر بگیرێم ناوت دەدەم! ئاخر باوکتم کوشتووە؟ دایکتم کوشتووە؟ خوا ماڵت کاول بکات، بۆ ئەم ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەت تووش کردم؟
دکتۆر ھاتە قسە و گوتی: بابە! کەیفی خۆتە!
ئەفسەرەکە ئەوەند تووڕە بووبوو، لە داخا کەفی دەچەراند و لێوی خۆی دەگەزی و گوتی: سەیر کە، سەیر کە چەند دەمی گەرمە! تا ھێزی تیا بوو دامیە بەر مامێزانی شەق و شەقەزلە، بە نووکەشەق بەر بووە سنگ و ڕان و باڵ و قاچم، بەوەوە نەوەستا داردەستە ئاسنینەی خۆمی بە دەستەوە گرت و گوتی: کامە لاقە شکاوەکەتە با بیشکێنمەوە؟
منیش دەستم خستە سەر ڕانی ڕاستم و گوتم: ئەم لاقەمە، لە دڵیشەوە زۆر لەوە دەترسام، تۆ بڵیی ڕاست بکات و لاقم بشکێنێتەوە، وەخت بوو لاقە نەشکاوەکەمی پیشان بدەم و بڵێم ئەمە شکاوەکەیە، باش بوو ڕاستم گوت و ئەویش ئازاری شکاوەکەی نەدا. ئیتر بە داردەستە ئاسنەکەی دەستم دانەیەکی کێشا بە قۆڵی چەپمدا، باوەڕت ھەبێ بەرچاوم تاریک بوو، ئینجا بە ئەمنێکی گوت: دکتۆر ببەوە جێگەی خۆی.
[1] - سورة الحديد /22،23.