بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى هەشتەم
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى هەشتەم
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/06/21     490 جار بینراوە    


قۆناغی دووەم

لە ژنهێنانەوە تا دەرچوون لە بەغدا

من و شۆڕشگێران:

پاش تیاچوونی عبد السلام، بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیەوە، لە ١٣/٤/٦٦دا، ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٦ نیسانی ١٩٦٦دا "عبدالرحمن عارف"ی برایان بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد.

"عبدالرحمن عارف"ی تازە سەرۆککۆمار و "عبدالرحمن بەزاز"ی سەرۆکوەزیران، هەردوو دەیانویست کۆتایی بە شەڕ و ئاژاوە و خوێنڕشتن و وێرانکاری بهێنن. بۆیە دەبینین دوو مانگ و نیو بەسەر دەستبەکاربوونیدا تێ نەپەڕیبوو، کە ویستی ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ کورددا مۆر بکات، لەو کاتەشدا سەرکردایەتیی شۆڕش ببووە دوو کەرتەوە، کەرتێکی بەهێز و دەرەوەی توانای دەوڵەت، کەرتێکیشیان لاواز و لە پەنای دەوڵەتدا.

ئازیزەکانم! ھیچ بەلاتانەوە سەیر نەبێت، ئەم برا ڕیشسپییەتان لە سەرەتای ژیانەوە لەناو حیزبێکی عەلمانیی وەک جەلالیدا چەند ساڵێک کاری کردبێت، چونکە لە ناخمدا کوردایەتییەکی سەیر ھەبوو، پێش ئەوەی بچینە ناو جەلالییەوە، با نموونەیەکتان بۆ باس بکەم:

کاتێک منداڵ بووم لە ساڵەکانی ٥٩دا لەسەر دیواری ماڵان بە دێڕێکی گەورە دەمنووسی: کوردستان، شیعری زۆرم لەبەر کردبوو لە بارەی جوانی و ڕازاوەیی کوردستان، مەزڵوومبوونیم دەخوێندەوە بە دەست ھاوسێ قەومییەکانییەوە. 

لە لادێوە بزنمان بۆ ھاتبووەوە، لە پێنجوێندا ئەو ئاژەڵدارییە ھەبوو، سێ وەرز ڕایاندەگرت و وەرزی زستانیش دەیانناردە دەرەوە، بۆ یەکێک لە دێھاتەکانی دەوروبەر. بەھار بوو پیاوێکی پیر ھاتبوو حەیوانەکانی بۆ دەبڕینەوە، تووک و مەرەزەکەی لێ دەکردەوە، منیش سەری بزنەکەم بۆ گرتبوو، لەبەر خۆمەوە شیعرم دەخۆیندەوە بە باڵای کورد و کوردستاندا، مامە پیرەکەیش لێم تووڕە بوو، گوتی: کورد کوردی چیتە؟ کورد کورتە! کورت! ھەتا ماوە کورد نابێ بە ھیچ! منیش بەو منداڵییەی خۆم زۆرم پێ ناخۆش بوو، پێم خۆش بوو قەپ بکەم بە گەروویدا و بیقرتێنم، ئەوەندەم پێ ناخۆش بوو، گوتم: مام حاجی گیان! سەردەمانی زوو خەڵکەکە نەخوێندەوار بوون، ئێستا خەڵک خوێندەوارە و شەھادەی گەورە و بەرزیان ھەیە، نابێ تۆ وەک ئەوانەی پێشوو سەیریان بکەیت!

ئەویش گوتی: قەسەم بە خوا ئەمانە لەوان خراپتر دەبن، ئەوە من مردوو، تۆ زیندوو، ئەگەر ئەمانە لەوان خراپتر نەبوون، وەرە سەر گۆڕەکەم دوو تفم لێ بکە!

لێرەدا کۆتایی بە مەسەلەکە ھات، پاشان کتێبیشم دەخوێندەوە، لە بارەی کوردەوە ئەم حەزی کوردایەتییە، زیاتر بەھێز بووبوو لە دەروونمدا.

                       #   #   #

 من لەگەڵ وەستا لالۆی زەڕنگەردا پەیوەندییەکی پتەومان ھەبوو، چونکە لە پێنجوێندا دراوسێ دوکان  بووین، کوردایەتییەکیش لە ناخمدا ھەبوو، ئەویش پارتییەکی کۆنی جەلالی بوو، لەو کاتەدا کە لە بایەوە بووین پەیوەندیمان زیاتر بوو، ئەمە بووبە ھۆی ئەوە بڕۆمە ڕیزی ڕێکخستنەکانی جەلالییەوە.

لە بایەوەوە کە دەچووم بۆ سلێمانی نامەی پێچراوەی ئەمانم دەبرد بۆ سلێمانی، لەوێش تەسلیمی کاکە حەمەی حەمەڕەشم دەکرد، کە ئەویش جەلالی بوو، لە سلێمانییشەوە ھەواڵی ڕێکخستنەکانی سلێمانیم بە نووسراو دەھێنایەوە بۆ بایەوە.

ئەوە بوو کە "عبدالرحمن بەزاز" لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و "ئیبراھیم ئەحمەد" ڕێککەوتننامەیەکی ئیمزا کرد، بە ناوی ڕێککەوتننامەی ٢٩ ئازار و لەسەر ئەو بنەمایە ئەوانەی سەر بە مەکتەب سیاسیی کۆن بوون بە ناوی پارتی شۆڕشگێڕانەوە مێلیشیایان دروست کرد، کەوتنە شەڕ لەگەڵ ھێزەکانی بەرزانیدا، و ئەم مێلیشیایانەش لەناو خەڵکیدا پێیان دەگوتن: چەکدارەکانی ٦٦، یا چەکدارەکانی بەکرەجۆ، یا جەلالییەکان.

چەکدارە جەلالییەکان ھاتنە پێنجوین:

بەشی زۆری خەڵکی پێنجوێن، موعجەب بوون بە مام جەلال و کاریگەریی ئەویان لەسەر بوو، کاتێک ئەوان ھاتنە پێنجوێن، شارەکە ئاوەدانی تێ کەوت و ئەوخەڵکەی لە بایەوە و ئاسنەوە و دێھاتە سنوورییەکانی ئێران بوون، زۆرینەی زۆریان گەڕانەوە بۆ پێنجوێن، ماڵ ئێمەش جارێکی تر بایەوەمان بەجێ ھێشت، و گەڕاینەوە بۆ پێنجوێن.

لە پێنجوێن من ڕۆیشتمەوە سەر دوکان کەی خۆمان، وەستا لالۆ نزیکەی ٢٠٠ دینارێکی پێدام، قازانج بە شەراکەت کارم پێوە دەکرد، دایکم سوور بوو لەسەر ئەوە کە بخوێنم، بە شێوەیەکی لامژ ھەموو ڕۆژێک دوو دەرسم دەخوێند، دەرسێکی ڕێزمانی عەرەبی نحو و دەرسێکی شەرع فیقهیش، پاشان بە شێوەیەکی فەرمی قوتابخانەی وەسمان پاشای ئەوقاف کرایەوە.

منیش لە پۆلی چواری ئەو قوتابخانەیە دەوامم دەکرد، مامۆستا مەلا محمدی کۆڵیتانی- بەڕەحمەت بێت- بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو، مامۆستا "مەلا عبدالرحمن میرزا ڕۆستەمی" و مامۆستا "مەلا ھیبەتوڵڵا" و مامۆستا "مەلاسەید حەسەن" - بەڕەحمەت بن-، موحازیر بوون، لەڕاستیدا من ئیستیفادەم لە ھەموویان کرد، خوا پاداشتیان بداتەوە، بەڵام بۆ خوێندن ئیستیفادەی زۆرم لە مامۆستای کۆڵیتانی کرد، و بۆ مەسایلی پەروەردەیی لە مامۆستا "مەلا عبدالرحمن"، تەنیا نموونەیەک لە ڕەوشتی مامۆستا عەبدوڕەحمان باس دەکەم.

مامۆستا سەرمەشقم بوو:

لەناو پێنجوێندا ھەندێک لە مامۆستاکانی مزگەوت، ئەگەر مامۆستاکانی مەکتەب پێیان بگەیشتنایە، ھەرگیز سڵاویان لێ نەدەکردن، بەتایبەت ئەوانەیان کە عەرەقخۆر و قومارچی، یا نوێژنەکەر بوون. بەڵام مامۆستا مەلا "عبدالرحمن" سڵاوی لێ دەکردن، منیش پێم سەیر بوو، لێم ‌پرسی: ئەوە ھۆی چییە جەنابت سڵاویان لێ دەکەیت؟ خۆ مامۆستاکانی تر سڵاویان لێ ناکەن!

ئەویش دەیفەرموو: کاکە حەسەن! ئێمە بانگخوازین، دەبێت لە تەک خەڵکیدا نێوانمان خۆش بکەین، ئەگەر کەسێک ڕقی لێت بێت، چۆن دەتوانیت دوو قسەی خێری بۆ بکەیت؟! سەلامکردن پردێک لەنێوان تۆ و بەرانبەرەکەتدا دروست دەکات تا پێک بگەن، خۆ ئەگەر قسەکانیشت لە گوێ نەگرێت و نەیەتە سەر ڕێت، ئەگەر لە شوێنێکدا ناوت برا بە لای کەمەوە لە دژت نادوێت. لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە سڵاو لە ھەموو کەس بکەین. منیش دەمگوت: خوا پاداشتی خێرت بداتەوە مامۆستا بەڕاستی بۆچوونەکەت بەجێیە.

جگە لەوە مامۆستا مەلا عبدالرحمن تەنیا مامۆستایەک بوو، کە تەفسیری (فی ظلال القرآن) ی ھێنا بە پێنجوێندا و کارێکی وای کردبوو، کە ناو بەناو لە کۆڕی مامۆستایاندا ئەو تەفسیرەیان دەخوێندەوە، لای مامۆستایان خۆشەویستی کردبوو.

‌خیزانم گواستەوە:

لە سەرەتای ‌پایزی ساڵی ١٩٦٦دا خێزانم گواستەوە، بەو بۆنەوە پێم خۆشە ھەندێک باوی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمە بۆ خوێنەران باس بکەم: 

باوی بووک گواستنەوە:

ئەو کاتە باوی کۆمەڵایەتی زۆر سەیر ھەبوو، کاتێک بووکیان دەگواستەوە دەبوو کۆمەڵێ ڕیشسپی و پیاوماقووڵی شارەکە لەپێش کەژاوەکەوە بکەوێتە ڕێ، پاشان حەماڵێک ئاوێنەیەکی باڵانمای بە پشتیەوە ھەڵدەگرت، و لەپێش بووکێوە دەڕۆیشت تا بووکێ بەرچاوڕوون بێت، بووکێ دەستێ جلی بووکێنی لەبەر دەکرا و تارایەکی سوور یا پەمەیی بەسەرا دەدرا، دوو ئافرەتی خزمی نزیکی زاوا لە لای چەپ و ڕاستییەوە قۆڵی بووکێیان دەگرت و نەرمە نەرمە لە تەکیا دەڕۆیشتن. تا دەیان گەیاندە ماڵ زاوا، کۆمەڵێک لە ئافرەتانی خزمی ھەردوو لا و بەرودراوسێ، لە تەک بووکێدا دەڕۆیشتن و منداڵەوردەی زۆریش دەکەوتە شوێنیان.

ھەندێک جار بە چەپڵە و گۆرانییەوە دەبرا و ھەندێک جاریش بەبێ گۆرانی، کاتێک بووکێ دەگەیشتە بەر دەرگای ماڵی زاوا، زاوا لەسەر شوێنێکی بەرزەوە، کەڵەبابێکی بەسەر بووکێدا ھەڵدەدا، پیاوان و ھەرزەکاران ھەریەک لە شوێنی خۆیەوە ھەوڵی دەدا، تا کەڵەشێرەکە بۆ خۆی بگرێتەوە. پاش ئەوە کە نزیکتر دەبووەوە، لە سینییەکی بچکۆلەدا کە پڕ بوو لە نوقڵ و چکلێت و ھەندێ جاریش وردە پارەی تێ دەکرا، زاوا ھەڵیدەدا بەسەر بووکێدا، تا مناڵە وردە بیچننەوە ‌و دەمیان شیرین بکەن. ئینجا زاوا دەڕۆیشت بە دەم بووکێوە و تەوقەی لە تەکدا دەکرد. بەڵام پێش سەردەمی من زاوا چەپۆکێکی ماڵیوە بەسەر بووکێدا، ھەندێک جار بە سووکی و ھەندێک جاریش تا ھێزی تیا بووە.

 ھەندێک باوی تریش ھەبوون، کە لەگەڵ شەرعا زۆر نەگونجاو بوون و سوپاس بۆ خوا شوێنەواریان نەماوە، ئیتر بە پێویستم نەزانی باسیان بکەم.

ئەو کاتە نیوەی ماڵەکەمان واتە: کەلەگی و پشت ھەیوانێکمان لێ کردبووەوە، ماڵەکەمان دوو قات بوو، ھەموو خێزانەکەمان "ھەردوو دایکم و خوشکم، و ھەردوو براکەم" لە کەلەگییەکەدا بوون، من و خێزانیشم لە پشت ھەیوانەکەدا بووین، ھەرچی زەخیرەی ماڵمان ھەبوو لەم ژوورەدا بوو! تەنیا جێی دەستە نوێنێکی تیا دەبووەوە، ئێمەش ھەردووکمان مناڵ و دنیانەدیدە و بێتەجروبە بووین، زۆر بەباشی قەناعەتمان پێی ھەبوو، لەڕاستییشدا لەوە زیاتر ئیمکانات و دەسەڵاتمان نەبوو، ناچار بووین قەناعەتمان ھەبێت.

مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵا:

من کە ژنم ھێنا دوکانمان ھەبوو، کارم دەکرد، لە ھەمان کاتیشدا بە دەم دوکاندارییەکەوە دەمخوێند، خوا عەفووی بکات دایکم نەیدەھێشت واز لە خوێندن بهێنم، لەو کاتەدا تازە خەریک بوون مزگەوتی حاجی عەبدوڵڵایان دەکردەوە، حاجی کەریمی وەستا ئیبراھیم سەرپەرشتیی دەکرد، وەک متەوەللی مزگەوتەکە وا بوو، گوتی: بۆچ نابیت بە مەلای مزگەوتەکە؟ گوتم: ئەگەر ببم بە مەلای مزگەوتەکە چیم دەدەنێ؟ گوتی: سەرفیترەی ساڵانە و ھەرکەسیش ویستی زەکاتی خۆیت دەداتێ!

من نەمویست بیکەم. چونکە ھیچ پارەیەک نەبوو، ئەوەش کە ئەو باسی دەکرد بژێویی پێ بەڕێوە نەدەچوو، بەڵام دایکم خوا لێی خۆشبێت گوتی: کوڕم! خۆ تۆیش واز لە کاسبی خۆت ناھێنیت، بۆ ئەو مزگەوتە، تۆ چیت لەکیس دەچێت؟ ئێوارانە ھەر دێیتەوە، نیوەڕوانە ھەر دێیتەوە بۆ ماڵ، لە ڕێگەکەتا لە جیاتیی ئەوەی نوێژ بە تەنیا بکەیت، بە ئیمامەت نوێژەکەت دەکەیت. ئەگەر ئەوە نەکەیت شتێکی باشتر لەوە ھەیە تا بیکەیت؟

گوتم: باشە، دایە گیان! بە گوێت دەکەم. قسەکانت مەنتیقی و ماقووڵ بوون. ئیتر بووم بە ئیمام، لەو مزگەوتەدا، ماڵ خەزوورم و حاجی کەریمی ئاوەڵزاوایشم لەسەر ئەو مزگەوتە بوون.

ئەمە وای لێ نەکردم کە ھەوڵ بۆ چاکتر لەوە نەدەم، چونکە خوێندن کارێکی دەوێت دەستت نەگرێت، دوکانداریش ئەو بوارە نادات، و ئیمامەتی مزگەوتەکەش دەستکەوتێکی ماددیی وای تیا نەبوو ئینسان پێی بژی، لەبەر ئەوە ھەوڵم دەدا وەزیفەیەک بە دەست بێنم، کە لەگەڵ ئەو ئەندازە خوێندنەی خۆمدا بگونجێت.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure