مامۆستا حەسەنی شەمێرانی:
ئێوارە بوو قوفڵەکانیان کردەوە و بردمیان بۆ ئەوبەر جادەکەوە، لە بەردەم خانوویەکدا وەستاندمیان، دوو کەسیان چاو بەستبوو بە منەوە بووین بە سیان، من عەینەکم لە چاوا بوو، ئەگەر کەمێ سەرم بەرز یا نەوی بکردایەتەوە ئەوانم دەبینی، بەڵام ئەوان منیان نەدەبینی، ئەو دووانەم نەدەناسی، ئینجا یەکێک لە ئەمنەکان گوتی: دە خێرا کەن، "حەسەن شەمیرانی" بێنن، گوتیان: "حەسەن پینجوێنی"مان ھێناوە!
گوتی: ئەو ناڵێم حەسەن شەمێرانی دەڵێم.
زۆری پێ نەچوو ھێنایان، شەرواڵێکی بیجامەی لە پێدا بوو، چۆغەیەکی لە بەرابوو بێ پشتێن، بە پەڕۆیەک چاوی بەسترابوو، ئەو کاتە زانیم کە ئەویش گیراوە! پاشان وەک فارغۆنی شەمەنەفەر یەک لە دوای یەک دەستمان بە یەکترەوە گرتبوو، بردینیان بۆ خانووە سێنھۆمەکە، نەیاندەھێشت کەس ورتەی لە دەم بێتە دەرەوە، ئەمنێک دەستی یەکەم کەسی ڕادەکێشا و منیش چونکە شەل بووم خستبوومیانە دوای ھەموویانەوە.
بە پلیکانەی خانووە سێنھۆمەکەدا سەر کەوتین، لە بەردەم ژووری لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا ڕایانگرتین، گوتیان: ڕوو بکەنە دیوارەکە و بەملاولادا نەڕوانن، چونکە من عەینەکم لە چاودا بوو، دەمزانی ئەمنەکە دوور کەوتووەتەوە یان نە.. کاتێ ئەمنەکە ئەندازەیەک دوور کەوتەوە ویستم کاک حەسەن حاڵی بکەم، کە من ئیعترافم نەکردووە، ئەگەر تۆیش ئیعترافت نەکردووە ناوی من ھەر مەھێنە.. بۆیە بەئەسپایی پێم گوت: نە تۆم دیوە و نە دەتناسم، تمەز ئەمنەکە گوێی تێوە بوو، بەعەرەبی گوتی: ئەوە چ دەڵێیت؟
گوتم: تینوومە ئەگەر زەحمەت نەبێ کەمێ ئاوم بدەیتێ!
گوتی: باشە.
ئەمنەکە ڕۆیشت ئاو بێنێت، کە دوور کەوتەوە، گوتم: کاک حەسەن! من ناوی تۆم نەھێناوە، تۆیش ئاگات لە خۆت بێ! یەکەم جار نەیوێرا وەڵام بداتەوە و قسە بکات، پاش ئەوە کە ئاوەکەم خواردەوە، منیان بانگ کردە ژوورەوە.
دوو زەلام دانیشتبوون، یەکێکیان باڵابەرز و پێکەوتوو و جوانخاس و ناوچاوتاڵ. ئەوی تریشیان گردەپیاوێکی ڕەشتاڵەی خاوەن بەزەیی بوو. سڵاوێکم کرد گردەکەیان لەژێر لچەوە وەڵامی دایەوە، بەڵام ئەوی تر ھەر لێویشی نەبزواند!
ئینجا درێژە ناوچاوتاڵەکە تۆمار (مەلەف)ەکەی منی کردەوە و گوتی: تۆ "حەسەن پێنجوێنی"ت؟
گوتم: بەڵی.
گوتی: تۆ لە ناوچەی پشدەر مامۆستا بوویت؟
گوتم: بەڵی.
گوتی: لە ڕانیە کەس دەناسی؟
گوتم: نەخێر.
گوتی: چۆن چوار ساڵ لە پەنای ڕانیەدا بوویت و کەسی تیا ناناسی؟
گوتم: من پیاوێکی گۆشەگیر بووم، لەگەڵ خەڵکیدا زۆر تێکەڵ نەدەبووم.
سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی: لەو بڕوایەدا نیم.
ئینجا گوتی: "بورھان موحەممەد ئەمین" ھەر ئەو کوڕە سوور و سپییە، تێکسمڕاوە باڵا ناوەندییە، کە تووکی پێشە سەری کەمێ ڕووتاوەتەوە؟
گوتم: نازانم ئەوە یان نا، بەڵام ئەویش ئەم سیفەتانەی تێدایە.
گوتی: ماوەی سێ چوار ساڵ لە ئێران بووە، باوکیشی مەلای مزگەوت بوو؟
گوتم: بەڵێ ئەویش وەھا بوو.
ئیتر لەسەر ئەو باسە لای دا و گوتی: جا خۆ ئەم ئیفادەیەی تۆ ھیچی تیا نییە! وەڵڵا من بە فلسێک نایکڕم!
گوتم: بۆچ تۆ دەتەوێت ملم بە پەتا بکەیت؟ چیم زانیوە، ئەوەم گوتووە.
ئیتر گوتیان: بڕۆرە دەرەوە.
گوتى: من ئیعتیرافم کردووە:
کە من ھاتمە دەرەوە کاک حەسەنیان بانگ کردە ژوورەوە، ئەمنەکە بە منی گوت: لە پەنای ئەم دیوارەوە داتدەنێم، بەملاولای خۆتا لا نەکەیتەوە! پاش ماوەیەک کاک حەسەنیشیان ھێنایە دەرەوە و ئەویشیان لە تەنیشتمەوە دانا. بە چپە چۆنوچاکیمان کرد و گوتم: ناوی منیان لێ پرسیویت؟
گوتی: بەڵێ، لێیان پرسیوم: چۆن ئەی ناسیت؟ منیش گوتوومە: چوار ساڵ لە زانکۆدا پێکەوە ھاودەرس و ھاوپۆل بووین، ئەوە نەبێ ئیتر ناسراویمان نییە.
گوتم: ھەر وا بووە و چاکت گوتووە.
گوتی: ئەی تۆ باسی منیان لێ پرسیت؟
گوتم: بەڵێ، بەڵام قسە ھات بە قسەدا و ناوی تۆیان لە بیر چووەوە، ئیتر دووبارەیان نەکردەوە و منیش ھیچم نەگوت.
گوتی: دانت بە ھیچا ناوە؟ واتە: ئیعتیرافت کردووە؟
گوتم: نە خێر.. ھیچمان نەبووە تا دانی پیا بنێم.. ئەی تۆ؟
گوتی: من دانم پیا ناوە و ئیعتیرافم کردووە!
گوتم: چۆن؟
گوتی: لێیان پرسیم: لەگەڵ دکتۆرا ڕێک کەوتن؟
منیش گوتوومە: بەڵێ.
گوتم: ھەر ئەوەت گوتووە؟
گوتی: بەڵێ.
گوتم: زۆر گرنگ نییە. ئەی ھیچ سزا و ئازاریان داویت؟
گوتی: ئەوەی لێ دەر بچێ کە لە شارەکەی خۆمانا لێم دراوە، ئیتر زللـەیەکیان لێ نەداوم و قسەیەکی ناشیرینیان پێ نەگوتووم و تفێکیان لێ نەکردووم.
ئێمە کە بەچپە ئەم قسانەمان دەکرد حەرەسەکەمان لێ دوور کەوتبووەوە، کاتێ ھەستی کرد کە بەچپە قسە دەکەین ھاواری لێ بەرز بووەوە و گوتی: بێدەنگی.. ئیتر ئێمەش بێدەنگ بووین.. پاش ماوەیەک ھەرکەسەیان بردەوە بۆ شوێنی خۆی.
حەمامی دوو دەقیقەیی!
لە بەغدا خواردنمان خراپ نەبوو، سەریان بۆ چاک کردین، ڕیشیان بۆ تاشین، بردینیان بۆ حەمام.. بەڵام چ حەمامێک؟ تەنیا دوو دەقیقە لەبەر دووشەکەدا بووم، گوتیان: یەڵڵا بۆ دەرەوە.
گوتم: خۆ ھێشتا لەشم تەڕ نەبووە؟
گوتیان: ھەر ئەوەیە یەڵڵا وەرە دەرێ. تۆ دەتەوێ لێرەدا بە ئارەزووی دڵ خۆت بشۆیت؟ شتی وا نییە. ئێرە زیندانە، خۆ ئوتێل نییە!
گوتم: بۆچی ھێناتانم بۆ حەمام؟ چ سوودێک لەو حەمامەدا ھەیە؟
بەتووڕەییەوە گوتی: من دەڵێم ھەر ئەوەیە، زوو وەرە دەرێ، تا نەمکردوویتە دەرەوە! ھاوینەھەوارت لە ئێمە دەوێ؟
پارچە جەریدەیەکم لەگەڵ خۆدا ھێنا بوو، بەناچاری بەو جەریدەیە خۆم وشک کردەوە و ھاتمە دەرەوە، بڕیارم دا ئەگەر لەمەودوا دە دەقیقە مۆڵەتی خۆشۆردنم پێشەکی نەدەنێ نەڕۆم بۆ حەمام.
ڕۆژنامە:
بەشی زۆری کاتەکانمان لەو زیندانانەدا بە عیبادەت و ویرد و ئەورادەوە دەبردە سەر، خوا خوامان بوو دوعای زۆرتر و قورئانی زیاترمان لەبەر بووایە، بۆ ئەوەی لەوێ زیاتر بیانخوێنین.. بەشێکیشم بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامە دیاری کردبوو. ھەموو بەیانییەک پێش خۆرکەوتن لە دەرچەی دەرگاکەوە ڕۆژنامەیەکی (سەورە)ی زمانحاڵی حیزبی بەعسیان بۆ دەخستینە ژوورەوە!
تەنیا بەشی حیزبایەتییەکەی نەبێ ئیتر گۆشەکانی ترم دەخوێندەوە، بەتایبەت بەشی ھەواڵ و ڕۆشنبیری و زانیاری و ئەدەبەکەی، بەوەشەوە ھەندێک کاتم دەبردە سەر.
ھەفتە و ھەفتە لەژێر ناوونیشانی ڕیشکەکان (الجزور)دا باسی گۆرانیبێژ، یا ئەدیب، یا نووسەرێکی دەکرد، لەم گۆشەیەدا ژیانی مەحموود قەپانچی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ھەڵوێستێکی زۆر پیاوانەی لە بەرانبەر ئینگلیزی داگیرکەرەوە ھەبووە، لە بەرانبەر شاڵاوی ئافرەتانی ئەوینداریەوە زۆر داوێنپاک و خۆگر بووە و توانیویەتی خۆی لە گوناح و بێئەمری خوا بپارێزێ.. ڕۆژنامە حەوت لاپەڕەی لەسەر نووسی، ھەرحەوت لاپەڕەکەیم بە ئارەزوومەندییەوە خوێندەوە.. پاش ئەویش ژیانی مامۆستا "مەسعوود موحەممەد"ی کوڕی مەلای کۆیە.