دادگاییکردنمان:
لە ماوەی زیندانیماندا سێ جار بردینیان بۆ دادگا: لە سەرەتای تەمووزدا بردینیان بۆ دادگای شۆڕش لە ئەبووغرێب.. جارێکی تر دەستیان ب لێکۆڵینەوە کرد لە تەکماندا. بەڵام لە بارەمانەوە ھیچ حوکمێکیان دەر نەکردو گەڕاندینیانەوە بۆ زیندان، بەڵام زیندانێکی نوێ کە وەک ئەوەی پێشوو نەبوو. لەوانەیە بڵێم لە ھەندێ ڕووەوە لەو باشتر بوو! چونکە ئەم زیندانە نوێیە وەک قەفەزێکی ئاسنین وا بوو، دەمانتوانی لەناو ژوورەکانی ترا یەکتر ببینین، چونکە دیواری ژوورەکان لە ئاسن دروست کرابوو، وەک ئەوە زیندانەکە قەفەزێکی ئاسنین بێت وەھا بوو!
بۆ دووەمین جار بردینیان بۆدادگا:
لە ١٦ /٠٧ / ١٩٨٧دا، جارێکی تر بردینیانەوە بۆ دادگای شۆڕش لە ئەبووغرێب، کاتێک بەرەو دادگایان دەبردین ئەم نەشیدەمان دەگوت:
أخی انت حرٌ وراءَ السدُود أخی انتَ حرٌ بتلک القیــود
إذا کنتَ باللە مُستــَـــعصما فماذا یضیرُکَ کیدُ العبید؟!
واتە: برام! تۆ هەرچەند لە پشتی بەربەستەکانەوەیت بەڵام ئازادیت، برام! تۆ بەو زنجیرانەوە ئازادیت!
ئەگەر تۆ پەنات ئەڵڵا بێت ئیتر فێڵ و تەڵەکەی کۆیلەکان چ زیانێکت پێ دەگەیەنێت؟
لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەکاندا دەستمان دەدا بە یەکدا، زڕەی زنجیرەکان دەهات، کاریگەرییەکی عەجایەبی لە دەروونەکاندا هەبوو!
ماوەی چەند کاژێرێک لەوێ چاوەڕوانیمان کرد، بەڵام لەبەر سەرقاڵبوونیان بە دادگاییکردنی کۆمەڵێک زیندانیی ترەوە! نەیانتوانی دادگاییمان بکەن، پاش ئەوە کە زیاتر لە چوار کاژێر چاوەڕوانیمان کرد، جارێکی تر گەڕاندینیانەوە بۆ زیندان.. بەڵام ئەم جارەیان بۆ زیندانە تاک نەفەرییەکانی پێشووتر!
دواین دادگاییمان:
لە ڕۆژی ٢٣/٠٧دا بۆ جاری سێیەم بردینیانەوە بۆ دادگاکەی ئەبووغرێب و ئەم جارە دەستیان کرد بە دادگاییمان. ھەرکەسە و پرسیاری خۆی لێ دەکرا، کاتێ گەیشتە نۆرەی من، حاکم لێی پرسیم:
کاتێ عیسام ھات بۆ ماڵ ئێوە، بۆ خەبەرت لێ نەدا؟
گوتم: بەڕێز! من لە ماڵەوە کەوتبووم و نەخۆش بووم! تەلەفۆنمان نەبوو. ئەگەر ساق بوومایە و تەلەفۆنیشمان ھەبووایە و شکاتم لێ بکردایە، بمگوتایە چی؟ بمگوتایە: پۆلیس وەرن، کابرایەک ھاتووە باسی سەبر و خۆگریم بۆ دەکات، لەو بارەیەوە ئایەت و حەدیسم بۆ دەخوێنێتەوە؟ ئەو کاتە پۆلیس بە منیان دەگوت: کاکە! ئەوە تۆ شیت بوویت؟ بۆچی ئێمە کافرین؟ ئێمە دژی قورئان و حەدیسین؟ تا ھەرکەس باسی قورئان و حەدیس بکات ئێمە بیگرین، و موحاسەبەی بکەین؟ ئەم کابرایە باسی سیاسەتی بۆ من نەکردووە تا من بڵێم: ئەمە باسی سیاسەت دەکات، دژی دەوڵەت قسە دەکات، من پۆلیسم لە چی ئاگادار بکردایەتەوە؟
پاش ئەوەی کە لێپرسینەوە و وەڵام تەواو بوو، مەحکەمە لە بارەی خۆم و ھاوەڵەکانمەوە بەم جۆرەی خوارەوە بە پێی ئەحکامی تایبەت فەرمانی دەر کرد:
حوکمی کوشتن (ئیعدام):
حوکمی کوشتن بەسەر ئەم پێنچ برایەدا: ١- عصام کاظم الراوی، ٢- محمد فاظل السامرائی، ٣- صبار مھدی السامرائی، ٤- ماھر عیسی نجم عبد اللە، ٥- محمد حمزە البصراوی. لەگەڵ داگیرکردنی ھەموو ماڵ و سامانیانیاندا. کاتی خۆی من ناوی شەش کەسم لە لابوو بۆ ئیعدام، ئەویش لە لیستی مەحکەمەکەوە وەرم گرتبوو، ئەو برایەی تر بە ناوی: عبد الحمید حسون -، بەڵام مامۆستا شەمێرانی گوتی پێنچ کەس بوون، ئەو ناوەم نەدیوە، پرسیاری کردبوو لە یەکێکی تر لە برا گیراوەکان، ئەویش هەر گوتبووی پێنچ کەس بوون، بەڵام من ئەوە هات بە خەیاڵمدا کە لەوانەیە حوکمی غیابی بەسەرا درابێت.. بۆ ئیحتیات من ناوەکەم لە لیستا هێنایە دەر.
زیندانی ھەمیشەیی:
زیندانی ھەمیشەیی بۆ ھەریەک لەم ھەشت برایە: ١- نصیر عایف التکریتی، ٢-محمد علیان عطیە، ٣- محمد عبدالرحمن نافع، ٤- محمد عبدالرحمن سعید، ٥- علا و مکی عبد الرزاق، ٦- عبد العزیز حمید لطیف،٧- عمر إسماعیل صالح، ٨- زکریا وجیە أحمد السوری. . و داگیرکردنی ھەموو ماڵ و سامانێکیان.
پانزە ساڵ زیندانی:
پانزە ساڵ زیندان بۆ ھەریەک لەم برایانەی خوارەوە: ١- عبد الرحمن عبد الصمد محمد سعید، ٢- وائل شامل محمد، ٣- وئام عبد الحمید، ٤- عماد عبد الواحد، ٥- عواد یعقوب، ٦- حسن محمود شمیرانی،٧- عبد الرضا عباس طعمە، ٨- ستار محمد عباس، ٩- محمود عبد محمد موسی، ١٠- إسماعیل مجید محمد، ١١- مازن عیسی نجم، ١٢- ڕعد عبد الوھاب عبد القادر، ١٣- أحمد شنتر سرحان، ١٤- ریاض یوسف عبود، ١٥- حسین رشید، ١٦- عبد الستار عبد الجبار، ١٧- محمد رحمە اللە، و داگیرکردنی ھەموو ماڵ و سامانیان.
دە ساڵ زیندان:
دە ساڵ زیندانی بۆ ئەم شانزە برایەی تر و داگیرکردنی ھەموو مال و سامانیان: ١- عبد الستار محمد ٢- محمد إبراھیم عزیز خلف، ٣- سھیل نجم عبد اللە ، ٤- نوفل عبدالباقی، ٥- محمد سراج الدین (محمد معصوم)، ٦- عبدالکریم محمدی، ٧-أمین أحمد صبار، ٨- یوسف غضبان مبارک، ٩- نعمان یوسف علوان، ١٠- عامر عبد الواحد، ١١- منظر ناصر محمود، ١٢- شاکر محمود لطیف، ١٣- أحمد لفتە یاسین، ١٤- منصف نافع فاضل، ١٥- خالد ھادی حامد، ١٦- عباس یوسف عبد اللە..
پێنچ ساڵ زیندان:
پێنچ ساڵ زیندانی بۆھەر یەک لەم چوار برایە: ١- حقی إسماعیل، ٢- فاتح عبد المحمد، ٣- حارث عبدالرزاق، ٤- عبدالکریم علی یاسین.
بەر بوون:
ئەم سێ برایەی خوارەوەش، لەبەر ئەوەی دانیان بە ھیچدا نەنابوو، ھیچیان لە سەر سابت نەبوو، حوکم درا بە بەربوونیان:
١- (بەندە) حەسەن محەممەد ئەمین پێنجوێنی، ٢- دکتۆر ئیبراھیمی ئەرمەنی، ٣- موھەندیس قاسم تورکمانی.. ئێمە ئەم سێ برایە بە ھیچ شێوەیەک لە تەحقیقدا دانمان نەنابوو بەوەدا، کە لە ڕێکخراوێکداین، ئەوەش تەنیا لوتفی خوا بوو.
ئەو شەش برایەی حوکی لەسێدارەدانیان دەر چوو خۆیان شادمان بوون، بەڵام ئێمە ھەموومان دڵمان پڕ بوو، دەستمان کردە گریان بۆیان.
لە بارەی زیندانییەکەمەوە لە سایتەکەمدا بە ١٨ ئەڵقە باسم کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر دەتوانی سەری لێ بدەیت.
# # #
حوکمی ئیعدامەکان گۆڕا بە ئەبەدی:
ئەو شەش برایەی حوکمی ئیعدامیان بۆ دەر چووبوو، پاش سێ چوار هەفتە حوکمەکەیان گۆڕا بە ئەبەدی.. چۆن گۆڕا؟
لە ئەڵقەی (٢٣)دا گوتمان: ((باوکی محمد سامەرائی یەکێک بووە لە بەعسییە کۆنەکان و ئەفسەرێکی پایەبەرزی پۆلیس بووە، پلەی (لیوا- سەرلەشکر)ی بووە و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی بەغدا بووە، ڕۆژێ لە ڕۆژان پەروەردەی حیزبایەتیی سەدامی کردووە و مامۆستای بووە! ھەر وەک (م، س) دەیگوت: بەم ڕژێمە قایل نییە، چونکە دەڵێ: ڕژێمێکی دیکتاتۆرییە، نەک ڕژێمێکی حیزبی!))
بەڵام کاتێ کە حوکمی ئیعدامی محمدی کوڕی دەر دەچێت، سۆزی باوکایەتی ناچاری دەکات سەر بە ماڵی ناحەزیدا بکات، بۆیە دەچێتە لای سەدام و داوای لێ دەکات کە ناڵێم مەرەخەسی بکەن بەڵکوو بۆی بکەن بە ئەبەدی!
سەدامیش یەکسەر حوکمەکەی دەگۆڕێ لە ئیعدامەوە بۆ زیندانی ئەبەدی.
پاش ئەوە برایانی عێراق داوا لە برایانی خەلیج دەکەن کە هەوڵێک بدەن بەڵکوو ئەو پێنچ براکەی تریش وەک "محمد سامرائی" حوکمەکەیان سووک بکرێت.. ئەو کاتەش سەدام خۆی بە پارێزەری خەلیجییەکان دادەنا، لە بەرانبەر تەماحی ئێرانەوە، لەبەر ئەوە داواکەیانی قبووڵ کرد و حوکمەکەیانی سووک کرد، لە ئیعدامەوە بۆ زیندانی هەمیشەیی، ئەوانیش بران بۆ لای ئەو برایانەی تر.
ئەو برایانەی کە کورد بوون وەک: مامۆستا حەسەن شەمێرانی و کاک عومەر ئیسماعیل و کاک فاتح عەول محمد. بەر لێبوردنی گشتیی کوردی کەوتن، تەنیا ساڵێک و مانگێک دوای دادگایی لە ئەبووغرێبدا مانەوە ئیتر بەر بوون.
بەڵام ئەو برایانەی تر کە عەرەب بوون ئەوانیش بەر لێبوردنێکی تری گشتی کەوتن و ڕزگاریان بوو.. سەدام عادەتی وا بوو زوو زوو لێبوردنی گشتیی دەر دەکرد.
ئازیزان ئەڵقەکانی بەسەرهاتی زیندانەکەم لێرەدا تەواو بوو.. ئەگەر خودای میهرەبان تەمەنی ئەمانەتی هێشتینەوە، ئەوا ئینشا ئەڵڵا هەندێک لە شتە عەجایبەکانی دوای زیندانیشتان پێشکەش دەکەم.
کۆتایی............. لە ١٧/٣/٢٠٢١ لەسەر فەیسبووک بڵاوم کردەوە.
رَبَّنَا فَاغْفِرْ لنَا زُنُوبَنَا وکَفِّرْ عَنَّا سَیِّئَاتِنَا وتَوفَّنَا مَعَ الأبْرَار..