ژووری پێشوازی:
ئەو شەوە ئیزنی دام و گوتی: ئێستا دەتبەنە ژووری پێشوازی! ئەمشەو بەڕەحەتی بخەوە، و باش بیر بکەرەوە، بزانە کێیە و بەیانی پێمان بڵێ.
گوتم: بە پێی توانا بیر دەکەمەوە.
ئەمنێکی بانگ کرد و گوتی: ڕەحیم! کوڕێکی ئیسکسووکی ڕەشتاڵە ھات، باوەشێ کلیلی پێ بوو، پاش ئەوە کە سێ قوفڵی کردەوە کردمیانە ژوورەوە، ژووری چی! ژوورەکە ھۆڵ (قاعە)ی قوتابخانە بوو، ھەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم ئەوەندە خەڵکی تیابێت، کە چاوم بەو ھەموو خەڵکە کەوت ئەبڵەق بووم، تا ھێزم تیا بوو دەستم بەرز کردەوە و گوتم: سەلاموعلەیکوم. ئەوانیش بە جارێ گوتیان: ئەی وەعەلەیکە سسەلام و ھاتن بەرەو پیرم و لێم کۆ بوونەوە، ھەریەکە لە حەنای خۆیەوە دەیگوت: بۆچ گیراوی؟ کەی گیراوی؟ لەسەر چی گیراوی؟ دەنگوباس چییە؟ تۆپبارانی ناوشار خەڵکی زۆری کوشتووە، یان نا؟ ھەریەکە و پرسیارێکی دەکرد.
یەکێک لە ناویانا گوتی: بابە گیان! بێڵن با پشوویەک بدات و کەمێ دابنیشێ. پاش ماوەیەک پشوودان گوتم: برایان! من مامۆستای دواناوەندیم، داوایان لێ کردم بچم بۆ جەیشی شەعبی نەڕۆیشتم، شەش مانگە معاشەکەیان بڕیوم و وا ئێستاش ھێناومیان بۆ ئێرە!
ھەندێک دڵخۆشییان دامەوە و گوتیان: مامۆستا گیان! مەسەلەی تۆ ھەر زۆر ئاسانە، خۆت ناڕەحەت مەکە و دڵتەنگیش مەبە، ئینشائەڵڵا بەم زوانە ڕزگارت دەبێت!
لێپرسراوی ژوورەکە مامۆستایەکی سەرەتایی بوو، کاتی خۆی لەسەر کوردایەتی گیراوە، ددانی بە ھیچا نەناوە وئیعتیرافی نەکردووە، بەریان داوە، بەڵام کە بەریان داوە بەڵێنیان لێ سەندووە کاریان لە تەکا بکات و یارمەتییان بدات، بەڵام چونکە یارمەتیی نەداون و کاری بۆ نەکردوون ئەم جارە ھێنابوویانەوە بۆ زیندان.. ئەم ھاوڕێیە ناوی (حەمە حاصلی) بوو، گوتی: کاکە! با جێگەیەک بۆ مامۆستا چاک بکەین، ژوورەکە ھەشتا و پێنچ کەسی تێدابوو، لە پەنای ئاودەستەکەوە جێیەکیان بۆ چاک کردم، بەڵام کوڕێکی گەنج بە ناوی (ڕێبوار) - خوا ھیدایەتی بدات، بیخاتە بەھەشتێ- گوتی: کاکە! من لە پەنای خۆمەوە جێی مامۆستا دەکەمەوە، با بێتە لای من.. لەگەڵ کاک ڕێبواردا پشتمان دەنا بە پشتی یەکەوە گەرممان دەبووەوە، ئەو شەوە تا درەنگێ خەوم لێ نەکەوت، ئیتر کە شەکەت بووم چاوم چووە خەو.
مام حسێن:
پێش نوێژی بەیانی خەبەرم بووەوە، سەروگوێلاکی پیاوێکم بینی، لام نامۆ نەبوو، بە جامەدانەیەکی چڵکن چەفتەی کردبوو، برۆی سپی بوو، نێوچاوی مۆن و تاڵ بوو، سمێڵە سپییەکەی ھاتبووە ناو دەمی، ڕیشی درێژ بووبوو، چۆغە و کراسەکەی بەری لە چڵکدا بریقەی دەدایەوە، ھەندێ تێی ڕامام، ئەویش بەبێخوڵکییەکەوە سەرێکی بۆ لەقاندم و گوتی: بەخێر بێیت.
گوتم: خوا لەگوناھت خۆش بێ، سوپاست دەکەم.
لەو لاوە یەکێ بانگی کرد: ئەوە مام حسێن! دەستنوێژت شۆرد؟
گوتی: نەوەڵڵا.
کە گوتیان: مام حسێن! من سەرێکم لە خەزێنەی خەیاڵی خۆم دا و ماوەیەک لاپەڕەکانی بیرەوەریم هەڵدایەوە، کە تەماشام کرد ئەم مام حسێنە زۆر لە حسەڕەش ئەچێ، بۆیە گوتم: ئەوە تۆ کاک حسێنی؟
گوتی: کام کاک حسێن؟
گوتم: حسە ڕەش.
گوتی: حسە ڕەش چۆن دەناسیت؟
گوتم: لە ساڵانی شەست و ھەشت، شەست و نۆ سەردانی دوکانەکەی مەلا عەزیزی مەلا عەلی سەحافم دەکرد، تۆیش دەھاتی بۆ لای ئەو.
گوتی: بەڵام من تۆم نایەتەوە خەیاڵ، ناھەقیشم نییە، چونکە بیست ساڵ لەمەوبەر یەکترمان دیوە، بەھەرحاڵ من لێرە ھەر ناوم مام حسێنە.
ھەندێ پرسیاری لێ کردم و ھەواڵی دەرەوەی لێ پرسیم، لە وەڵامەکانەوە شتێ لێم حاڵی ببوو، ئیتر لێم ئەمین بووەوە، پێکەوە کەوتینە قسە و بووینە ھاوەڵێکی نوێ. ئیتر دەستنوێژمان شۆرد و ھەشت کەسیان لەو کاتەدا نوێژی دەکرد بووم بە ئیمامیان.
یەک ئاودەست:
لەو ھۆڵەدا ھەشتا و پێنچ کەس بووین و ناوبەناویش دەبووینە نەوەد کەس، کەچی تەنیا ئاودەستێکی تیا بوو، حەمامی تیا نەبوو، ئەگەر نوێژکەرەکان بیانویستایە فریای نوێژی بەیانی بکەون، دەبوو نیوسەعات پێش نوێژی بەیانی لە خەو ھەستن، و بە ڕیز سەرەیان بگرتایە، ئەوسا تا خۆرکەوتن لێ دەبوونەوە!
ئەگەر کەسێ لێی بقەومایە و شەیتان پێی پێکەنیبا، دەبوو لەناو ئاودەستەکەدا خۆی بشۆردایە، جا بیھێنە پێش چاوی خۆت لە ١/٢ دا ئاوی سلێمانی چەند ساردە! ئینسان لەرزی لێ دەھات و ددانەکانی چۆقەچۆقی پێ دەکەوت، چونکە ئاوی گەرم نەبوو.
بانگکردنەوەم بۆ ژووری تەحقیق:
ڕۆژی یەکی شوبات ھەر لە بەیانییەوە تا ئێوارێ بانگیان نەکردم، لە ئێوارەدا بردمیانەوە بۆ لای بەڕێوەبەری ئەمنی ناوشار، خەڵکەکە دەیانگوت: ناوی ڕائید ھیشامە، بە ڕوویەکی خۆشەوە بەخێرھاتنی کردم و گوتی: ھیوادارم بیرت کردبێتەوە، جێگە و شوێنی ئەو ھاوەڵەتمان پێ بڵێیت!
گوتم: وەک تارماییەک شتێ ھات بەیادما، لەو کاتەدا من نەخۆش بووم، ھەر وەک باسم کرد خەڵکێکی زۆر بۆ سەردانم دەھاتن، پیاوی بەدین و بێدین، خزم و بێگانە، جارێکیان ئەو کەسەی ناوی منی ھێناوە ھاتبوو بۆ ماڵمان و ئەو ناوبراوەش بۆ سەردانم ھاتبوو، دکتۆر عیصام دەیگوت: کار پێویستە و ئازادیش دەیگوت: کار پێویست نییە، ھەرکەس عیبادەتی خۆی بکات، ئیتر پێویست بە شتی تر ناکات. منیش تەنیا ئەو جارە ئەو کاک ئازادەم بینیبوو، نەمدەناسی، ئێستا بەو دەمەقاڵەیەدا بیرم کەوتەوە. ([1]).
گوتی: من کارم بەوەوە نییە، پێم بڵێ جێگا و شوێنی لە کوێیە؟
گوتم: نازانم.
گوتی: چۆن ھاوڕێیەکت سەردانت بکات و ھەستان و دانیشتنی لە تەکتا ھەبێت، بەڵام تۆ جێگەی پێ نەزانی!
گوتم: سەدان کەس ھاتوون بۆ لام و نەک ھەر جێگەیان پێ نازانم بەڵکوو ناویشیان نازانم.
گوتی: شتی وا ماقووڵ نییە، باشە ھەر وەک بزانی، یا گومانت ھەبێ لە چ دائیرەیەکدا کار دەکات؟
گوتم: نازانم، بەڵام کە ھەر لە خۆمەوە بڵێم لەوانەیە لە ئیدارە محەلیدا بێت.
گوتی: دە بیبەنەوە جێگەی خۆی.
بەڵێ، ھێنامیانەوە ژوورەکەی خۆم، خەڵکەکە ھاتن بە دەممەوە، گوتیان: چی بوو؟ چییان لێ پرسیت؟
گوتم: ئەوەی ناوی منی داوە ناوی کەسێکی تریشی داوە، ئێستا داوای شوێنی ئەو کەسەم لێ دەکەن، منیش پێم گوتوون: نازانم جێگەی لەکوێیە؟
خوا ھەڵناگرێ زۆر دڵخۆشییان دامەوە و گوتیان ئاگات لە خۆت بێت، نەترسیت و نەڕووخێیت، لێدان و سزاکەی شتێکی وا نییە، ئیعتیراف نەکەیت و ورە بەر نەدەیت، بوختان بۆ خۆت نەکەیت و ناوی کەسیش نەھێنیت، لەڕاستیدا ئەم قسانەی ئەوان زۆر شوێنەواری گەورەی لە دڵ و دەروونمدا ھەبوو.
دەستەکانی لە کار کەوتبوون:
لە ناو خەڵکەکەدا کوڕێکی سووروسپی، ئیسکسووک، ڕووخۆش، کورتەباڵا، زمان پسکی تیا بوو، زۆر خەمی منی بوو، ھەموو جارێ دەستەکانی دەوڵی و تەمرینی پێ دەکردن، دەیگوت: مامۆستا! نەترسیت، ھیچ نییە، ئاگات لە خۆت بێ.
گوتم: ئەوە بۆ دەستت بۆ ڕاست ناکرێتەوە؟
گوتی: لە ناوچەی بادینان سەرباز بووم، بۆیان تێ چاندبووم کە پەیوەندیم بە ڕێکخراوێکی سیاسییەوە ھەیە، لە سەربازگەکەی خۆمەوە، ھێنامیانەوە بۆ ئێرە، ماوەی حەوت ڕۆژ دەیانبردم بۆ ھەڵواسین، لەو ھەڵواسینەوە ئیتر ھەردوو دەستم لە کار کەوتوون، ھەر وەک دەبینی بەنەخوێنەکەم بۆ دەبەستنەوە، نان بە دەممەوە دەکەن، یانزە جار کارەبایان لێ داوم، ئەم (بێ ش...انە) سەرێکی وایەرەکەیان لەسەر گورچیلەم دادەنا و سەرەکەی تریشیان لەسەری زەکەرم دەبەست! تەماشای ژێر پێم بکە خۆ بینیت توێکێکی ڕۆیشتووە و پێستێکی پێوە نەماوە!
لەگەڵ ئەودا خۆم بە بەختەوەر دەزانم چونکە بوختانم بۆ خۆم نەکردووە، خەڵکی بێتاوانم تووش نەکردووە، ماڵی کەسم وێران نەکردووە، دڵی ھیچ دایکێکم ھەڵنەقرچاندووە! ئەوە دوو مانگی تەواوە دەستەکانم کار ناکەن، ئەگەر ھەر بەتەواوییش لە کار بکەون و ھەرگیز چاک نەبنەوە، ھێشتا دڵخۆشم چونکە پێم لە ھیچ شتێک نەناوە و ناوی کەسێکم نەھێناوە.
گوتی: جا ئەگەر تۆیش پێ لە ھیچ نەنێیت، ئەوا چەند ڕۆژێک ئازار و سزا دەچێژیت، لە ئەنجامدا دەمێنیتەوە و بەر دەبیت، بەڵام ئەگەر بوختانت بۆ خۆت کرد و شتت لە ملی خۆت کرد، ئەوا ملت بە پەتا دەکرێت! ماڵی چەندەھا کەسی تریش وێران دەکەیت! مامۆستا گیان! ھەرچۆنێک بێ ئازارەکە لە توانای ئینساندایە، تەحەممول دەکرێت، ھەر لە توانادا نەما ئینسان یا بێھۆش دەکەوێت یا دەمرێت، خۆ ئەگەر ئینسان لەژێر ئەو ئەشکەنجەیەشدا بمرێت جێی شانازییە.
بەڕاستی قسەکانی کاک جەزا ئەوەند کاریگەر بوون ھەرگیز لە یادم ناچنەوە، لە واقیعدا ئازایی و پاڵەوانی ئەوەیە: ئادەمیزاد بتوانێت لە بەرانبەر دوژمنی ملھوڕەوە خۆگر بێ، ئازایەتی لای ھەموو کەس سیفەتێکی پەسەند و خۆشەویستە، ئیتر لە ھەرکەسێکەوە بێت.
[1]- کابرا بە ھیچ جۆر وازی لێ نەدەھێنام، بۆیە ئەو قسەیەم کرد، دەنا لەڕاستیدا ھەرگیز دکتۆر عیصام کاک ئازادی نەبینیبوو، دەمەقاڵەشیان نەبووبوو، نازانم د. عیصام – خو لێی ببوورێ- چۆن ناوی ھێنابوو!