یەکەم سەفەرى سەقزمان:
ڕۆژی ١٤/٣/ ٨٨ ماڵ ئێمە (ھەشت کەس) و ماڵ مامۆستا سدیق (ھەشت کەس) پێکەوە سوار مینی بووس بووین، ھەموومان جگە لە بەھادین و مامۆستا سدیق و یادگاری کوڕی لە سێڕێیانی (قازانچی) دابەزین، ئەوان ڕۆیشتن بۆ کرماشان، تا لەوێوە ترۆمبێل بگرن و جێی ئێمە بە خاڵی بیھێڵنەوە و بیھێنن.. نزیکەی سەعات و نیوێکیان پێ چوو ئەوسا ھاتنەوە، بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە شاری سنە، ھەر لەوێ لە پەنای گەڕاجەکەدا نانێکمان خوارد.
پاش نانخواردن سوار مینی بووس بووین و ڕۆیشتین بۆ (دیواندەرە)، مامۆستا سدیق گوتی: خزمێکی زۆرمان لێرە ھەیە، کاک ئەنوەری پەناھیندە یەکێکە لەو خزمانەی کە زۆر چاک و میوانپەزێرە، ئەم کوڕە کاتی خۆی مامۆستا بووە، ئێستا دەرس ناڵێتەوە و لە دایەرەی پەروەردەدا کار دەکات.
دیواندەرە:
بەڵێ، ڕۆیشتین بۆ ماڵ کاک ئەنوەر، کاک ئەنوەر کوڕێکی سپیپێست، چاوورد، قژڕەش و باڵاناوەند بوو، شوێنەواری ئاوڵەیەکی ورد بە ڕوویەوە ھەبوو، پیاوێکی ڕووخۆش، خۆشخوڵک، خۆشقسە، زمانشیرین و دەم بەبزە بوو، بەخێرھاتنێکی گەرمی کردین، خێزانەکەی ئافرەتێکی بەماریفەت، خۆش قسە و ڕووخۆش بوو، تا کلاسی نۆی خوێندبوو لەگەڵ ئەوەدا خوڵک و خووی عەشایەرانە بوو، زۆر خۆشھاتنی کردین و بەخێرھاتنی پێ گوتین.
ھەر وەک گوتم: ئێمە و ماڵ مامۆستا صدیق شانزە کەس بووین، ڕووخۆشیی لەگەڵ میوانێکی شانزە کەسی، ئاوەھا لە ئێراندا و لەو کاتی کۆپین و گرانییەدا بەڕاستی نیشانەی جوامێری و میوانپەزێری و دەروونفراوانی بوو.
ئەوشەوە لە ماڵ کاک ئەنوەر نانمان خوارد، پاش نوێژی عیشا میوانیان ھات، تومەز مامی خێزانەکەی عەمری خوای کردبوو، بۆ دڵخۆشیدانەوەی ئەو ھاتبوون، شەوێ ھەندێ باسی ئیمانی کرا و کەشوھەوایەکی ڕۆحی دروست بوو، مامی ئەنوەر و دوو ئامۆزایشی ھاتبوون، شەوێ بۆ خەوتن ڕۆیشتین بۆ ماڵ یەکێ لە ئامۆزاکانی ئەنوەر بە ناوی کاک خەلیل، ئەم کوڕە میکانیک بوو، تازەماڵ بوو، دوو منداڵی ساوایان ھەبوو، خانووەکە خانووی خۆیان نەبوو، بە کرێیان گرتبوو، بەڵێ، ئەو شەوە لەوێ نوستین و نانی بەیانییشمان ھەر لەوێ خوارد، نیوەڕۆیش ھەر لەوێ بووین. شەوێ بانگ کراین بۆ ماڵی کوڕی مام حەمەعەلی، ئەم کوڕەی مام عەلی یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی لە قوتابخانەکانا دەریان کردبوون، بە ناوی پاکسازییەوە، ترۆمبێلێکی ھەبوو، بەو ترۆمبێلەی خەرجیی خۆی و ماڵ و منداڵی پەیدا ئەکرد.
خەلیل و سەعید دوو برا بوون و لە تەک ئەنوەری ئامۆزایان و خێزانەکانیان و مام حەمەعەلی و کوڕێکی تری لەوێ کۆ بوون، ئەم کوڕی دووەمەی مام حەمەعەلی سمێڵی ھاتبووە ناو دەمی، نوێژنەکەر و ڕۆژوونەگر بوو، زمانی تر بوو، واتە لە کاتی قسەکردنا قسەی بەناڕەحەت بۆ دەھات، ئەم کوڕە کۆمەڵەی زۆر خۆش دەویست و دەیشیگوت: من عومەریم!
خەڵکی ناوچەکە بەگشتی کەوتبوونە ژێر کارکردی (کۆمەڵە)وە، لە لایەن ئەوانەوە بەباشی کاریان تێ کرابوو، بەڵام لە بارەی خوو و ڕەوشتیانەوە ھێشتا بەباشی نەیاندەناسین، چونکە ھەندێک لەوانەی زانیبوویان ڕەوشتیان چۆنە وازیان لێ ھێنابوون. بۆ نموونە کاک ئەنوەر و دوو ئامۆزای وازیان لێ ھێنابوون.
کاک ئەنوەر دەیگوت: کوڕێکی کۆمەڵە داوای کچێکی خزمی منی کردبوو، کچەکە دەیگوت: شووی پێ ناکەم و پێی قایل نابم! کەچی یەک دووانێکیان بە منیان دەگوت: بە باوکی بڵێ با ھەڕەشەی لێ بکات و تۆیش لێی تووڕە ببە! ئەگەر ھەر شووی پێ نەکرد بەزۆر بیدەنێ!
ئەنوەر دەیگوت: منیش گوتوومە: ئەی ئازادی و سەربەستییەکەتان کامەیە؟ کامەیە مافی ئافرەت و مافی مرۆڤتان؟ بۆچی دەبێ قسە و کردەوەتان ئەوەند لێک جیاواز بێت؟
گوتم: سەرەنجام چی بوو؟
گوتی: کچەکە شووی پێ نەکرد و منیش پێم گوتبوو: گەر خۆت ڕازی نەبی ئەوەی زۆرت لێ بکات ورگی دەدڕم!
ئەو شەوەش ھاتینەوە لە ماڵ کاک خەلیل نوستین.. لەم ماوەیەدا چەندین ڕووداو و بەسەرھاتم بۆ گێڕانەوە، لە چەند لاوە باسی ئیسلاممان بۆ کردن.
بۆ سبەینێ ئیتر ئێمە خواحافیزیمان کرد و ماڵ مامۆستا سدیقمان جێ ھێشت و بەرەو سەقز کەوتینە ڕێ، ھەرچەند - خوا پاداشتیان بداتەوە- زۆر خوڵکی تووڕکییان کردین و زۆر سوور بوون لەسەر نەڕۆیشتنمان.
شارى سەقز:
لە ١٦/٣ ٨٨ دا ئێمە لە گەراج سوار مینی بووس بووین و ڕۆیشتین بۆ سەقز، پەنجا مەترێکمان مابوو بگەینە سەیتەرەکەی سەقز، یەکێ لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق لە ئاسمانی سەقزا دەر کەوت و دیواری دەنگی لەسەر شارا شکاند، تۆپی ھەوایی و شەستیر ئاسمانی سەقزیان کردە ئاگر بەڵام بێسوود بوو، چونکە فڕۆکەکە زۆر بەرز بوو، بەر نەکەوت و ڕۆیشت.
ئێمەش لەو دەشتەدا بڵاو بووینەوە و ھەریەک لە حەنای خۆیەوە خۆی بە زەوییەکەوە مت کردبوو، تا فڕۆکە ڕۆیشت، ئەوسا سوار ترۆمبێلەکە بووینەوە و بەرەو ناوشار ڕۆیشتین، بەڵام شار وەک چۆڵەوانیی لێ ھاتبوو، خەڵکی لە ترسی بۆمباران ناوشاریان چۆڵ کردبوو، بەشی زۆریان ڕۆیشتبوونە دێھاتەکانی دەوروبەری شار.
ئەو ماڵەی کە ئێمە بۆی دەچووین، لەو شوێنی دابەزینەمانەوە زۆر نزیک بوو، بەڵام ئێمە ناشارەزا بووین، تەکسییەکمان گرت و ناوونیشانەکەمان دایە، تەکسییەوانەکەش ئەم سەرەوسەرێکی جادەکەی پێ کردین و ھێناینیەوە نزیک شوێنەکەی خۆمان و بیست تمەنێکی لێ وەر گرتین.
ناسراوەکەمان "حاجی حەمە عەتای حاجی حەمەساڵح" بوو، خێزانی حەمە عەتا خوشکەزای خێزانم بوو، ماوەیەکی زۆر بوو یەکتریان نەبینیبوو، ئەوان لە سەقزەوە دەعوەتیان کردبووین بڕۆین بۆ سەردانیان، کە ڕۆیشتینە بەرماڵیان لە ماڵ نەبوون، لەو کاتەدا زۆرمان لە دەرگا دا، بەڵام کەس نەبوو، ئافرەتێک لەوبەر ماڵەکەوە ھاتە دەر و گوتی: لە ماڵ نین و ڕۆیشتوونەتە دەرێ.
لەو کاتەدا قەدەری خوا وا بوو: کوڕێکی ئێرانیی خزمی دایکی حەمە عەتا، لە بەردەرگا ئامادە بوو، ئەویش ئەندازێک لە دەرگای دا، ئێمەش گوتمان: لە ماڵ نین. گوتی: ئێوەش بۆ ئێرە ھاتوون؟ گوتمان: بەڵێ. ئیتر زۆر ماریفەتی نواند لە تەکماندا، و گوتی: دە فەرموون با بڕۆین بۆ ماڵی ئێمە، ھەرچەند منداڵەکانیشمان لە ماڵ نین! بەڵێ ئێمە چەند سوور بووین لە سەر نەڕۆیشتن لە تەکیا، ئەویش ئەوەند سوور بوو لە خوڵکەکەیا، کە زانیمان خوڵکەکەی تووڕکییە ڕۆیشتین لە تەکیا.
ئەم پیاوە ماڵی ئاوا بێ نانی نیوەڕۆی بۆ دروست کردین و گوتی: من ئەم کوڕە لە تەک خۆما ئەبەم و دەڕۆم بە شوێنیانا، لە فڵان ئاواییدان.. پاش نانخواردن لەگەڵ ئومێددا ڕۆیشتن بە شوێنیانا و بۆ نزیکەی عەسر ھاتنەوە.
هێرشەکەى خورماڵ:
ھەر ئەو ڕۆژە ھاتنەوە و ماریفەتێکی زۆریان نواند، بە دیتنمان کەیفخۆش و دڵخۆش بوون و ئێمەش ھەروەھا، حەمە عەتا گوتی: ھەرچەند ئێوە تازە ھاتبوون، و ئەبوو ئێمە بھاتینایە بۆ لاتان، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئیجازەی دەویست و ئەویش بەزەحمەت دەست دەکەوت نەمانتوانی بێین، داوای لێبوردنتان لێ دەکەین.. بەڵام ئێوە دەستی خۆتان پێش خست.
کە تەلەفزیۆنی ئێرانمان کردەوە دیمان پەیتا پەیتا بەیانی سەربازی دەر دەکات و دەڵێ: سوپای ئیسلام توانیی شاری خورماڵ ئازاد بکات.. بەڵێ، ئێران لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشی کرد، لە قۆڵی گونە و سەراو، لە ناوچەی دزڵی و شاخی سوورێنەوە و لە ناوچەی نەوسوودەوە. ئەڵبەت پارتی و حسک و یەکیەتیی نیشتمانی یارمەتییەکی باشیان دان.. بەڵام حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی بەشدارییان نەکرد.
ڕۆژی ١٦ ی ئازار کە یەکەم ڕۆژی هێرشەکە بوو شاری خورماڵ گیرا و سوپای ئێرانی بەرەو پێش دەڕەویشت، لقێکی بەرەو سەید صادق و بناری سوورێن و لقێکی تریشی بەرەو ناحیەی سیروان و ڕووەو هەڵەبجە کەوتە ڕێ.
سیروان و هەڵەبجە گیران:
ڕۆژی ١٧/٣ شاری سیروان گیرا، لە ھەمان کاتا ھەڵەبجەیش گیرا، ئەو ڕۆژە سوپایەکی زۆری عەسکەر بە دیل گیرابوون، تەلەفزیۆن مەرکەزی قەزای ھەڵەبجەی پیشان دا، ئینحیساری تووتنەکە و کتێبخانەی گشتیی ناوشاری پیشان دا و خەڵکی شار ھیچی نەڕۆیشتبووە دەرەوە، خەڵکەکە ئاھەنگ و شاییان دەگێڕا، بەو بۆنەوە کە حیزبی بەعس و ئەوانەی کە تا دوێنێ بوو ئازاریان دەدان، ئێستا وا گیراون و زەلیل بوون.
١٨/٣ ئەو ڕۆژە فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراقی تا دەوری نیوەڕۆ چەند ھێرشێکیان کردە سەر شار، بە ناپاڵم و بۆمبای ھێشووییەوە، پاش نیوەڕۆیش ھێرشی ھێنا، خەڵکی لە ترسا ڕۆیشتنە ژێرزەمین و پەناگاکانەوە، ئەمجارە گازی کیمیاوی بەسەرا ڕژاندن و کامێرەی ئێرانییەکان بەجوانی پیشانی دا کە دووکەڵی گازەکە چۆن بەرز بووەوە بەسەر ناو شاردا.
ئەو ڕۆژە قەسابخانەیەکی گەورە دروست بوو، نزیکەی پێنج ھەزار ژن و منداڵ و پیاوی پیر و مەدەنی بەو گازە خنکان و کوژران. زیاتر لە حەوت ھەزار کەس بریندار بوون و زیانیان پێ گەیشت. حەفتا ھەزار کەس ئاوارە بوون.. کەرەسەی ڕاگەیاندنی دنیای ئەو سەردەمە بۆ ئەوەی سەدام ھیچی لێ نەیەت، کپیان کرد و لەسەری نەڕۆیشتن.. ویژدانی ڕۆژئاوا ویژدانێکی بەرژەوەندیی درۆزنە.. مافی مرۆڤ دەستکەلای زلھێزانە! ھیچ کەس نەبوو لەسەر ئەو میللەتە ھەژارەی ئێمە بێتە قسە! لە نامیلکەیەکدا بە ناوی مەرگەساتەکەی ھەڵەبجە ئەو باسەم بەخەستی باس کردووە.
پاش ئەوە کە ھەفتەیەک لە سەقز ماینەوە گەڕاینەوە بۆ سنە.