بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چلودوو
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چلودوو
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/02/06     283 جار بینراوە    


هاوەڵەکەیشم باسی پیرانی تەریقەتی بۆ دەکردن:

حاجی ڕەشیدیش ناوبەناو باسی پیاوچاکان و پیرانی تەریقەتی دەکرد، بەزۆری باسی لێزانی و ڕێز و گەورەیی شێخ عوسمانی نەقشبەندی دەکرد، ھەرگیز نەمدەویست پەرچی قسەکانی بدەمەوە. لەبەر ئەوە تەماحی کردبووە خۆیشم بمکات بە سۆفی، لەم بارەیەوە زۆر ھەتەری کرد.

منیش گوتم: کاک حاجی! من باوەڕم بە وەلی و پیاوچاک ھەیە، خوایش لە قورئانا باسی وەلی و پیاوچاکان دەکات کە: لە ڕۆژیکا خەڵکی دەترسن و خەمبار و پەرێشانن، ئەولیاکانی خوا نە ترسیان ھەیە و نە خەم. دەمێنێتەوە دیاریکردنی وەلی، کێ وەلییە؟ خەڵکی لەم دیاریکردنەدا ڕا و بۆچوونی جیاوازیان ھەیە، من لەم دیاریکردنەدا ئەوەم پێ پەسەندە، کە شەرع دیاری دەکات، لە نەزەری شەرعەوە وەلی و پیاوچاک کەسێکە، کە گوناھی کەبیرەی نەبێت و لەسەر گوناھی بچووکیش بەردەوام نەبێت.

لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر کەسێک بەرماڵی بەسەر ئاوەوە بگەڕێت و بە باڵی خۆی بە ئاسمانا بفڕێت، بەڵام کردەوەکانی پێچەوانەی شەرعی خوا بێت، ئەوە بە فاسق حسێب دەکرێت، نەک بە وەلی و پیاوچاک.

ئەو ھیندۆسەی بەسەر پشکۆی سووردا بە پێخاوس دەسووڕێتەوە، یا ئەو بووداییەی سیخ بە ورگی خۆیدا دەکات و ھیچی لێ نایەت، دواییش شوێنەکەی دیار نییە، تۆ بە وەلی و پیاوچاکی نازانی؟ بەڵام ھیچ دوور نییە دەوروبەری خۆی بە پێی بۆچوونی خۆیان بە پیاوچاکی بزانن.

ئێمە بۆمان نییە نەزەری شەخسیی خۆمان بەسەر کەسا بسەپێنین، بەڵام دەبێت کە باوەڕمان بە شەرع بوو، شوێنی بکەوین، ھەرکەسێکیش ھەر نەزەرێکی ھەیە با ھەیبێت، ئازادە لە بیروبۆچوونیا، گرنگ ئەوەیە خۆمان شوێن شەرع بکەوین و نەزەری شەرعیش ڕوون بکەینەوە. دەنا ھەرکەسێک بگری لە بارەی وەلییەوە بۆچوونێکی تایبەتی ھەیە.

لە سەرەمەرگا لێی قەوماوە:

گوتم: با ڕووداوێکی سەیرت بۆ بگێڕمەوە.

گوتی: فەرموو.

گوتم: کابرایەک ھەبوو باوکی موریدی شیخێکی ناوداری ناوچەکە بوو، ئەم پیاوە ڕۆژێک ڕێی دەکەوێتە لای شێخ و لەناو چۆن و چاکییەکەدا شێخ ھەواڵی باوکیی لێ دەپرسێت و دەڵێت: حەمە گیان، باوکت چۆنە؟

ئەویش دەڵێ: قوربان! ھەواڵی باوکم دەپرسی؟

دەڵێ: بەڵێ.

حەمەیش دەڵێ: ئەی قوڕ بەسەرم قوربان! وەڵڵا باوکم لە جەھەننەمدایە!

شێخیش بەسەرسامییەکەوە دەڵێ: کوڕم بۆچ وا دەڵێیت؟

ئەویش دەڵێ: قوربان! چۆن وا نەڵێم؟ باوکم بەتەمای ئێوە بوو لە سەرەمەرگا ئاگاتان لێی بێت و نەیەڵن لە سەرەمەرگا شەیتان زەفەری پێ ببات، وای دەزانی ئێوە ئاگاتان لە ھەموو شتێکە، کەچی باوکم سیی ساڵە عەمری خوای کردووە، ئێستا تۆ ھەواڵی دەپرسی و دەڵێیت باوکت چۆنە؟ بۆیە دەڵێم: ئەگەر ئاوا ئاگاتان لێی بووبێت شەیتان ئیمانەکەی لێ سەندووە و بە کافری مردووە.

حاجی ڕەشید بزەیەک گرتی و گوتی: دەزانم ناوی چییە و شێخەکەیش کێیە.

گوتم: ئەوە گرنگ نییە بزانی کێیە یا کێ نییە. بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین: ھەرکەس لە حەنای خۆیەوە، شێخی خۆی بە شێخێکی کامڵ و تەواو دەزانێت.. ئەگەر ئینشائەڵڵا بەربووین، دەچین سەرێکی لێ دەدەین و زیارەتێکی دەکەین.

لەو ماوەدا ئەوانەی شک و گومانیان هەبوو، پرسیاریان دەکرد و ئێمەش زۆر بە ئارامی و بەزەییەوە وەڵاممان دەدانەوە، سوپاس بۆ خوا کە گومانیان نەدەما، ڕوویان دەکردە نوێژکردن، حاجی ڕەشیدیش ھەوڵی دەدا بیانکات بە سۆفی، بەڵام من ھێچ کەسێکم لێ پەشیمان نەدەکردەوە، لە دژیشی قسەم نەدەکرد. لەبەر ئەوە لەو ماوەیەدا دڵمان لە یەکتر نەئێشا.

خۆبووراندنەوە:

لەناو ژوورەکەدا دو کوڕی خەڵکی کانیسکانمان لە تەکا بوون، ئەمانە برا بوون یەکێکیان ناوی (موحەممەد) و ئەوی تریان ناوی (ڕۆژ) بوو. ئەمانە کوڕی وەستا کەریمی قەساب بوون، موحەممەد ھەژدە و ڕۆژیش شانزە ساڵ بوو. ڕۆژ ھێشتا مووی لێ نەھاتبوو، پاکی و بەرائەتی پێوە دیار بوو، ئینسان کە دەیبینی بەزەیی پیایا دەھاتەوە.

ئەم دووانە لە ژووری ئەشکەنجەدا ھەڵیانواسیبوون و کارەبایان لێ بەستبوون، لە پاش ھەڵواسینەکەوە موحەممەد دەستی لە کار کەوتبوو، ھێشتا چاک نەبووبووەوە، بەڵام ڕۆژ دەستی لە کار نەکەوتبوو، لێم پرسین: چۆنە وا ڕۆژ دەستی لە کار نەکەوتووە و  تۆ دەستت لە کار کەوتووە، لەگەڵ ئەوەدا ئەو لە تۆ قەڵەوترە؟

ڕۆژ وەڵامی دایەوە و گوتی: مامۆستا! لە کاتی ھەڵواسینەکەدا پێش ئەوەی مێزەکە لەژێر پێم بێننە دەرێ خۆمم بەتوندی بەرز کردەوە، لەبەر ئەوە کە مێزەکەیان لا برد قورسایی زۆر نەکەوتە سەر شان و باڵم! ئینجا دەستم کرد بە قیژەقیژ و ھاوارکردن و بە دەم ھاوارەکەوە جنێوم دەدا! زۆری پێ نەچوو خۆم لە قسەکردن خست و ملی خۆم لار کردەوە، وام پیشان دا کە لە ھۆش چووم و بووراومەتەوە! کە بەو جۆرە وەزعەکەی منیان دی لەوە ترسان شتێکم لێ بەسەر ھاتبێ.

گوتیان: دای بگرنە خوارەوە.

منیش ھیچ خۆم نەجووڵانەوە، دایانگرتم و بردمیانە دەرەوە، لەبەر ھەوا ساردەکە دایاننام، ئاویان لە سەر و چاوم پژاند و خۆم دانەچڵەکاند و دوو سێ زللـەیان لێ دام، ھەر خۆم نەجووڵاندەوە، وەک ئەوە ئاگام ھەر لە دنیا نەبێت! وەڵڵا ئیتر ھێنامیانەوە، لەو کاتەوە ئیتر نەیانبردووم بۆ ئەشکەنجە و ئازاردان".

لە دڵی خۆما گوتم: ئەمەش دەرسێکی چاکە، ئەگەر ئینسان بتوانێ لە کاتی ھەڵواسینەکەدا خۆی ببوورێنێتەوە.

ئەم دوو برایەش لە تەکمانا نۆێژیان بەکۆمەڵ دەکرد.

نوێژی کۆمەڵ:

لەم ژووری ژمارە یەکەدا ژمارەمان دەگەیشتە چل و پێنچ کەس، ھەندێکیان گومان و دوو دڵییان لە بارەی ئاینەوە ھەبوو، پاش ئەوە کە لە لوتفی خواوە گومانەکانیان بۆ لا دەبرا دەستیان بە نوێژ دەکرد، ئەو ژوورە چل و پێنچ کەسییە – بە فەزڵی خوا-  تەنیا دوو کەسی تیا مابوو نوێژ نەکات، ئەویش یەکێکیان سەرپەنجەکانی قرتابوو، تارەتی بۆ نەدەگیرا و دڵیشی ئاوی نەدەخواردەوە بەو جۆرە نوێژەکانی بکات، ئەوی تریشیان لەژێر ئەشکەنجەدا ھەردوو باڵی لە کار کەوتبوون! ئیتر ئەوانی تر ھەموو پێکەوە نوێژمان بەکۆمەڵ دەکرد، ھەر وەک گوتم: من عیشا و بەیانیان پێشنوێژ بووم، حاجی ڕەشیدیش سێ فەرزەکەی تر.

بێئارامیی ھاوەڵەکەم:

پێش ئەوەی ئێمە ببرێین بۆ بەغدا، برادەرانی دەربەند و کەلار و حەوت خەلەکانییەکان و سێ کەسی تریش بەر بوون و ڕۆیشتنە دەرەوە.

ناوبەناو ھاوەڵەکەم لەژێر پاڵەپەستۆی حاڵەتە ناخۆشەکانی ناو زیندانا، دەڕووخا و ڕەشبین دەبوو، قسەی وای دەکرد بۆ موسڵمانی سادەش نەدەشیا، چ جای سالیکانی تەریقەت و ڕێڕەوانی ڕێی خۆبۆخواپاڵاوتن، منیش دڵخۆشیم ئەدایەوە و ورەم بەرز دەکردەوە.

دەیگوت: ئاخر بۆ دەبێ من بگیرێم؟ من چیم کردووە؟ خوایە تۆ چۆن قەبووڵی دەکەیت، من لە جیاتیی یەکێکی تر بگیرێم؟

منیش دەمگوت: برام ڕاستە گرتنەکەت ناھەقییە و خواش پێی ڕازی نییە، بەڵام تۆ دەبێ ئاگات لە خۆت بێت،  قسەیەکی وا نەکەیت خوات لێ بڕەنجێ، تۆ ئامۆژگاریی خەڵک دەکەیت، ئەو خەڵکەش چاوت لێ دەکەن، کارێکی وا مەکە دوژمن پێی دڵخۆش بێت، دەبێ تۆ نیشانەی ئارامی و خۆگرتن بیت.

  چەندین کەسی تر ناویان حەمەڕەشیدە و مامۆستای سەرەتاییشن، بۆ ئەوانیان نەھێناوە و تۆیان ھێناوە؟ چونکە ئەوان نۆێژ ناکەن و ڕۆژوو ناگرن، ئەمە وا دەگەیەنێ ئەو کەسەی تۆ لە جیاتیی گیراویت پیاوێکی موسڵمان و نوێژکەر بووە، کە وا بوو تۆ لەسەر نوێژ و ڕۆژوو گیراویت.

ئەمەش ئیبتیلا و تاقیکردنەوەیە، پیاو دەبێ کارێکی وا بکات لە تاقیکردنەوەکەدا– ئینشا ئەڵڵا– دەر بچێت.. قورئان دەفەرمێت: " وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنْ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنْ الأَمْوَالِ وَالأَنفُسِ وَالثَّمَرَاتِ، وَبَشِّرْ الصَّابِرِينَ الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ، قَالُوا: إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ ڕاجِعُونَ، أُوْلَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِنْ ربِّهِمْ وَرَحْمَةٌ، وَأُوْلَئِكَ هُمْ الْمُهْتَدُونَ." البقرة/155- 157."واتە: بە شتێ لە ترس و برسیەتی و لەناوچوون و کەمیی ماڵ و گیان و بەروبووم تاقیتان دەکەینەوە، بەڵام مژدە بدە بەو خۆگرانەی  کاتێ ناڕەحەتییەکیان تووش دەبێت، دەڵێن: ئێمە موڵکی خوداین و بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە. ئەوانە خوا سڵاوات لە دیاریان دەدات و ڕەحمەتی خۆی بەسەریانا دەڕێژێت، ئەوانە کەسانێکن ڕێی ڕاستییان پیشان دراوە".

جا دەبێ ئینشائەڵڵا ئێمەش لەو کەسانە بین و نەڕووخێین.

دەیگوت: مامۆستا! بە خوا من وەک تۆم لێ نایەت، من ئینسانم و لاوازم و قابیلی ئەوەم ئەم حاڵەتە ڕووم تێبکات و بەرگە نەگرم.

دەمگوت: ڕاستە ئێمە ئینسانین و لاوازی ڕوومان تێ دەکات، بەڵام دەبێ بە پاداشتی خوایی دڵخۆشیی خۆمان بدەینەوە.. کاکە گیان! بەس نییە ئێمە لەسەر بێڕەوشتی و خراپەکاری نەگیراوین، بەزەییت بە داماوی وادا بێتەوە، کە لەسەر بەرنامەیەکی دژ بە دینی خوا دەگیرێت، ئەوە حاڵەکەیەتی لە دنیادا و لە قیامەتیشا ئاگری بەسوێی جەھەننەم، بەس نییە تۆ لەسەر کوفر و لە پێناوی شەیتانا نەگیراوی، ئینجا دەکەوتەوە زەوق و پێکەنین و دوعای خێری بۆ دەکردم.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure