تۆ مارکسیت چۆن ئەم کوڕەت ئیسلامیيە؟
لە ساڵەکانی هەشتادا کە لەسەر جێ کەوتبووم بە هۆی قاچشکانەکەمەوە کۆمەڵێ نامیلکە و چیرۆکمان خستە بازاڕەوە، پاش ئەوە کە وەزعم کەمێ باش بوو ناو بەناو سەری بازاڕم دەدا، ڕۆژیک لای "کاکە حەمەی حەمە ڕەش" دانیشتبووم، کاک "محمد أمین پێنجوێنی" دەستی زەلامێکی گرتبوو، خۆیان کرد بە دوکانی کاکە حەمەدا.. بە زەلامەکەی گوت: کاکە! ئەو حەسەن پێنجوینییە ئە ئەمەیە کە دەیبینی!
گوتم: مەسەلە چییە کاک "حەمەومین"؟
گوتی: هەمیشە یەخەم دەگرێت و دەڵێت: تۆ کابرایەکی مارکسی و بێ دین! ئەم کوڕەت چۆن ئەم کتێبە ئیسلامییانە دەنووسێت؟
منیش پێم گوتووە بابە! ئەوە خۆی مەلایە و باوکیشی مەلا بووە، ئێمە تەنیا ناسراویمان هەیە و هاوشارین، خزمایەتیی پشتیمان نییە و تەنیا ناوی من وەک ناوی باوکی ئەوە.. ئیتر پاش ئەوە لە سەرنووسینەکانمدا تەنیا ناوی خۆم و لەقەبەکەمم دەنووسی: حەسەن پێنجوێنی، ناوی باوکم نەدەنووسی.
برینپێچەکەی سەنگەسەر:
لە خەستەخانە (مستوصف)ەکەی سەنگەسەردا برینپێچێکی لێ بوو ناوی .... بوو، ئەم کوڕە کۆمەڵە بوو، کە چاوی بە من دەکەوت وەک نەشتەر بکەیت بە جەرگیدا ئەوەندە بە دیتنم ئازاری دەچەشت! منیش بەتەواوی هەستم پێ دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کە من پەیامدار بووم، نەمدەویست منیش وەک ئەو بکەم، هەر لەگەڵ دەگەیشتمە نزیکییەوە سەلامێکم لێ دەکرد و بەگەرمی هەواڵم دەپرسی، لەو بڕوایەدام ئەگەر دارکاریم بکردایە، هەر ئەوەندە ئازاری پێ دەگەیشت! چونکە دەیزانی خۆی چۆنە، تەریق دەبووەوە.
بەهەرحاڵ دوژمنایەتی شەخسیم لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبوو، ئەو کوڕەش کە لێم زویر بووبوو، بە هۆی ئەوە بوو کە ئامۆژگاریم کرد سەعی بکات، دەنا قسەم پێ نەگوتبوو، لێم نەدابوو، نەک هەر بەرانبەر بەو بەڵکوو بەدەگمەن نەبێ دارم بەکار نەدەهێنا، تەنانەت مارکسییەکانی ناوخۆیش پەیوەندیم باش بوو لە تەکیاندا، لەم ڕوانگەوە ئەگەر نێوانت لەگەڵ کەسێکدا خۆش نەبێت، ناتوانیت دوو قسەی خێری بۆ بکەیت.
ئەستەغفیروڵڵا و بەڕێوەبەرەکەی بنگرد:
مامۆستایەکی عەرەبیمان بۆ هاتبوو بە ناوی مامۆستا حەمید، ئەم پیاوە ئینسانێکی زۆر بەڕێز بوو، لەگەڵ مامۆستا حسەینی برامدا دەرچووی نەجەف بوون، ڕۆژێکیان گوتی: مامۆستا! حەز دەکەم پێکەوە سەرێکی ئەو برادەرەمان بدەین، ئەویش دەرچووی نەجەفە و پێکەوە بووین، تازە لە ناوەندییەکەی بنگرد دامەزراوە.
گوتم: باشە!
ڕۆژێک ترۆمبێلمان گرت و ڕۆیشتین بۆ بنگرد و سەرمان لە مامۆستا ساڵح دا، مامۆستا ساڵح لەبەر ئەوەی تازە هاتبوو، زگورد بوو، لەگەل بەڕێوەبەرەکە و مامۆستایەکی ترا پێکەوە دەژیان، پاش ماوەیەک پشوو ڕۆیشتینە دەرەوە بۆ پیاسە.
بەڕێوەبەرەکە وەک ئەوەی بییەوێ مامۆستا ساڵح تەریق بکاتەوە و لە بەرچاو ئێمەدا بیشکێنێت، ڕووی کردە من و گوتی: مامۆستا ئێمە کە ئێواران دێینە دەرەوە بۆ پیاسە، ئافرەتمان چاو پێ دەکەوێت و سەیریان دەکەین، مامۆستا ساڵحیش وەک ئێمە سەیریان دەکات، پاش ماوەیەک دەڵێت: ئەستەغفیروڵڵا، منیش پێی دەڵێم: کاکە تۆیش وەک ئێمە سەیر دەکەیت، تەنیا جیاوازیمان ئەو ڕستەیەیە!
منیش بە مدیرەکەم گوت: مامۆستا ئەو ڕستەیە زۆر گەورەیە، لە واقیعدا جیاوازیی کەسەکان پیشان دەدات.. گوتی: چۆن؟
گوتم: تەشبیهی نەبێ نموونەی بەرز هەر بۆ خودایە، تۆ لە قوتابخانەکەی خۆتاندا فەرمانێک دەر دەکەیت و دەڵێیت: کاتێک زەنگی پشوو لێ درا، نابێت هیچ قوتابییەک لە حەوشەی قوتابخانەکە بچێتە دەرەوە، چوار لە قوتابییەکان لە کاتی پشوودا بە دیواری حەوشەکەدا هەڵدەزنێن و دەچنە دەرەوە، یەکێکیان دێت و داوای لێبوردن دەکات و دەڵێت: مامۆستا من هەڵە بووم، فەرمانەکەی تۆم شکاند، ئێستاش داوای لێبوردنت لێ دەکەم!!
ئەو سیانەکەی تریش هیچ گوێ بەوە نادەن، کە سەرپێچییان کردووە و فەرمانی تۆیان شکاندووە! ئایا تۆ ئەمانە و ئەوی تر وەک یەک سەیر دەکەیت؟
بەڕێوەبەرەکە ڕەنگی گۆڕا و هیچی نەگوت.
مامۆستا عوسمانی ئینگلیزی:
قوتابخانەکەمان مامۆستای ئینگلیزی نەبوو، مامۆستایەکی سەرەتاییمان وەک موحازیر بۆ هێنا کە دەورەی ئینگلیزی بینیبوو، ئەم مامۆستایە کەسێکی لادین بوو، ڕۆژێک مامۆستایەک وەک موجامەلە لێی پرسی: مامۆستا ناوت چییە؟
ئەویش جنێوێکی مزری بە باوکی خۆی دا و گوتی: ئەو باوکە نەزانەم ناوی ناوم عوسمان، دەزانن لە زمانی عەرەبییشدا عوسمان یەعنی توولەمار (بێچووی مار- ماری بچکۆلە)!
منیش هەڵەکەم بۆ ڕاست کردەوە:
منیش هەڵەکەم بۆ ڕاست کردەوە و پێم گوت: کاک عوسمان باوکت لەبەر ئەوە ناوی نەناویت عوسمان، کە عوسمان بە واتای توولەمار دێت! بەڵکوو لەبەر هەڵوێستی جوامێرانە و مرۆڤدۆستانەی عوسمان تۆی ناو ناوە عوسمان!
گوتی: چ هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەی هەبووە؟
گوتم: من تەنیا یەک هەڵویستیت بۆ باس دەکەم، حەزرەتی عوسمان بازرگانێکی گەورەی مەدینە بوو، لە ساڵی برسییەتییەکەدا کاروانێکی بازرگانیی ئەم پیاوە بە دەغڵ و خواردەمەنییەکی زۆرەوە لە شامەوە دەگەڕێتەوە، بە هۆی نەبوونی خۆراکەوە لەناو شاری مەدینەش گرانی داکەوتووە، بازرگانەکانی مەدینە دێنە خزمەتی و داوای لێ دەکەن بارەکانیان پێ بفرۆشێت، ئەویش دەفەرمێت: چەندم خێر دەدەنێ؟
دەڵێن: یەک بەیەک.. دەڵێت: زیاتریان داوە.. دەڵێن: هەر دینارێک دینار و نیوێک خێر و قازانجت دەدەینێ! دەڵێت: زیاتریان داوە.. ئەوانیش دەڵێن: یا عوسمان! بازرگانەکانی مەدینە بریتییە لە ئێمە، کێ لە ئێمە زیاتری داوە؟
ئەویش دەڵێ: خودا یەک بە دەی داوە؟ ئێوە دەتوانن ئەوەندە بدەن؟ دەڵێن: نەوەڵڵا.. دەڵێ ئێوە بە شایەت بن ئەوا بە خۆیان و بارەکەیانەوە فرۆشتم بە خوا، هەر هەمووی دابەش دەکات بەسەر هەژاران و نەدارانی ناو شاری مەدینەدا.
کاک عوسمان! باوکت بیستوویەتی عوسمان ئەو پیاوە جوامێرە دلۆڤانە مرۆڤدۆستە بووە، تۆیشی بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە بەڵکوو تۆیش پیاوێکی وات لێ دەر بچێت. ئێستا دەزانی بۆچ تۆی ناو ناوە عوسمان؟
هەندێک کەس لەم کوردستانەی ئێمەدا کوڕەکەی خۆی ناو ناوە: گاندی.. خۆ نازانێ، گاندی بە زمانی هیندی چ واتایەکی هەیە، بەڵام دەزانێ گاندی ئەو کەسایەتییە جوامێرە بەتوانایە بوو کە ٨٠٠ سەد ملیۆن هیندی لە دەست ئیمپریالیستی ئینگلیزی ڕزگار کرد، بەبێ ئەوەی تنۆکێ خوێن بڕێژێت!
خۆ لەوانەیە لە زمانی هیندیدا بە واتای جرج، یا چەقەڵ، یا گا هاتبێ! بەڵام ئەو لەبەر ئەو واتایە ناوی دەنێت گاندی؟ یا لەبەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی کە باس کرا؟
کە ئەوەم بۆ باس کرد بەتەواوی مات و بێدەنگ بوو.
# # #
قومبەلەکەی کۆمەڵە:
ئەو سێ قوتابییە ئامۆزایەی کە پێکەوە وازیان لە قوتابخانە هێنا، پاش نەقڵبوونی هەندێک لە مامۆستایان دووانیان هاتنەوە بۆ ناو سەنگەسەر و تەنیا ئەو یەکیانە مابووەوە، کە دڵی لە من ئێشابوو، ئەمەش دەیویست بگەڕێتەوە بەڵام پێی عەیبە بوو، من لەوێ بم و بگەڕێتەوە، ئەم کوڕە لە دەرەوە ببووە چەکداری کۆمەڵە.
هەرچەند من لەگەڵ لێپرسراوانی نهێنیی یەکیەتیی ناو شارۆچکەی سەنگەسەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتیم پتەو بوو، بەڵام سەرکردایەتیی ئەو سەردەمەی یەکیەتی نەیانتوانی ئەو چالاکییانەی من لەناو شارۆچکەکەدا قبووڵ بکەن، بۆیە لە شەوێکی زستانەی مانگی دوودا، کە تازە نوێژی عیشامان لە مزگەوت تەواو کردبوو هاتبوومەوە بۆ ماڵ و سفرەمان ڕاخستبوو نانمان دەخوارد، زرمەیەک پەیدا بوو، شووشەی پەنجەرەکان هاڕەیان کرد و کەوتنە خوارەوە، دەرگا ئاسنەکەی ژوورەکەمان بە ساچمەی قومبەلەکە وەک بێژنگی لێ هات، سوپاس بۆ خودا خوێن لە لووتی کەسێکمانەوە نەهاتە دەر، تەنیا ساچمەیەک بەر پشتی خێزانم کەوتبوو، ئەویش پێستەکەی ڕووشاندبوو گۆشتی نەگرتبوو!
چەند کەسێکی تریان پێش من تیرۆر کردبوو، هەر بە فڕیدانی قومبەلە بۆ ناو ماڵیان، من بە هۆی ئەوەوە چەند کەسێک پرسیاری شەرعییان لێ دەپرسیم لەو کاتەی ئەوان دیارییان کردبوو دواکەوتم.
هەڵوێستی خێزانم:
هەر دوا بەدوای ئەوە یەکسەر خێزانم ڕۆیشتە حەوشەکە و بە دەنگی بەرز هاواری کرد: هەی بێشەرەفەی خۆفرۆشانە، لەبەر ئەوە ویستتان تیرۆرمان بکەن، و بەکۆمەڵ بمانکوژن، کە موسوڵمانین؟! دە بڕۆن بەو داخەوە بتەقن، خوا پاراستینی و هیچمان لێ نەهات!
هەڵوێستەکەیم زۆر بەدڵ بوو، چونکە ژنان عادەتەن هاتوهاوار دەکەن و دەگرین و لە سنگی خۆیان دەدەن، بەڵام ئەم وەک ئافرەتێکی خاوەن پەیام، لە جیاتیی گریان و لەخۆدان، قسەی پێ گوتن.
ڕزگاری مستەفا مەرگەیی کە ئەو کاتە بەرپرسی ناوچەی سەنگەسەر بوو، هات بۆ لام و پەژارەی خۆی دەر بڕی، و پێی ناخۆش بوو چونکە ئێمە پەیوەندیمان پتەو بوو، گوتی: بە فیتی ئەو هەتیوەی کراوە و ئێمە ئاگامان لێی نەبووە، زۆریشمان پێ ناخۆش بووە، بەڵام ئەو کارە بەبێ ڕەزامەندیی سەرکردایەتی نەکرابوو، چونکە هەر وەک هەواڵمان پێ گەیشت لە بارەی تیرۆری منەوە ئەندامێکی ئەو سەردەمەی سەرکردایەتیی یەکیەتی، کە پێنجوێنی بوو پرسی پێ کرابوو، ئەویش ڕەزایەتی دابوو!
هەڵوێستی خەڵکی:
ئەو کوڕە قوتابییەی تۆرابوو، بووبووە پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەودا قومبەلەکەیان هەڵنەدابووە ماڵ ئێمەوە، بە برای قەرەنیی نانەوادا ئەو کارەیان کردبوو، کە براکەی قەرەنی دەچێتەوە ماڵ خۆیان و چالاکییەکەی بۆ قەرەنی برای دەگێڕێتەوە، قەرەنی چاوی دەپەڕێتە تەوقی سەری و هەزار جنێوی ناشیرینی پێ دەدات و پێی دەڵێت: کەس نەمابوو تیرۆری بکەن ئەو فریشتەیە نەبێت! هەتیو تۆ چۆن ئەو کارەت کردووە؟ سوێندی لێ دەخوات و دەڵێت: شتێکی بەسەر هاتبێت، من خۆم دەتکوژمەوە لە جیاتیی ئەو. ئاخر ئەو پیاوە چوار ساڵە لەم شارۆچکەدایە، مێروویەکی لە ئاو نەکردووە، ئاخر ئێمە چۆن جوابی خوا و پاشان خەڵکی بدەینەوە؟
من تەنیا مەرحەبایی سەرەڕێم لە تەک قەرەنیی نانەوادا هەبوو، لەڕاستیدا زۆر مەمنوونی ئەو هەڵوێستەی بووم.
دایکم کە هەواڵەکەی پێ گەیشتبوو هات بۆ ئەوێ و سەری لە مدیر ناحیەکە دابوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەوان لە لێکۆڵینەوەی خۆیانا گەیشتوونەتە کوێ؟
مدیر ناحیە پێی گوتبوو: وەڵڵاهی دایکم! تا ئێستا لە ژیانمدا کەسێکم نەدیوە وەک ئەم کوڕەی تۆ خەڵکی لێی ڕازی بێ، لە بارەی ئەم کوڕەی تۆوە لە بەشی زۆری توێژەکانی ئەم کۆمەڵگایەم پرسیوە، لە کەسێکم نەبیست بەخراپە باسی بکات، بەڕاستی من سەرم سوڕ دەمێنێت چۆن ئەم کارە کراوە؟ مامۆستایانی ناوەندی، سەرەتایی، قوتابییان، کاسبکاران، عەرەقخۆر، کەسانی ڕوولەخوا، هەمووی بەچاکە باسی دەکەن، خوا لێت نەسێنێ.. دایکم خوا عەفووی بکات زۆری پێ خۆش بوو.