بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاونۆ
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاونۆ
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/04/03     373 جار بینراوە    


شاری پاوە

شاری پاوە پێتەختی ھەوراماناتی ئێرانە، خەڵکی ئەم شارە زۆربەیان ھەورامیزمانن، شارێکی زۆر گەورە نییە، لەوانەیە ھەزار ماڵێک ببێت، شوێنەکەشی وا ھەڵکەوتووە، بواری گەشەکردن و نەشونمای نییە، بەڵام ناوشار خۆش و جوان و پاک و تەمیزە، لەنێوان کۆمەڵە شاخێکی گەردنکەشدایە، ماڵەکانیان بەزۆری دوو نھۆمە و بەڕێکوپێکی کراوەتەوە، بەشی زۆری ماڵەکان دەزگای شۆفاژیان( ) تێدایە.

جادەی ناوشار قیرتاوە، کۆڵانەکانی بە پلەکانە دروست کراوە چونکە شارەکە بە پەنای شاخ و قەدپاڵەوە دروست کراوە. بە چواردەوریا و بە قەدپاڵی شاخەکانەوە باخی ترێ دروست کراوە و لە ھاوینا دیمەنێکی زۆر جوانی ھەیە، ئەڵبەت باخی دارگوێزیشی زۆرە. ڕۆژی ٦/١٢/١٩٨٧ گەیشتینە پاوە و لەوێ بەرەو بنکەی سوپای پاسدارانیان بردین، ئەوانیش حەواڵەی فەرمانداری (قائیمقامیەت)یان کردین، لەوێش ناویان نووسین و گوتیان: دەی ئێوە کەسێکی ئێرانی دەناسن ببێتە کەفیلتان و بە ھۆی ئەوەوە بتوانن بەئازادی بژین؟

گوتم: ئەوی ڕاستی بێ پێنچ ساڵ لەمەوبەر برادەرێکم دەناسی بە ناوی "مەلا ئەحمەدی بارامی" جا نازانم ئێستا ئەو من دەناسێتەوە یان نا؟

کاتبەکەی فەرمانداری گوتی: چۆنی دەناسی؟

گوتم: کاتی خۆی لە خورماڵدا فەقێ بوو لەوێ دیومە و بووینەتە برادەر.

تەلەفۆنیان بۆ کرد لە ماڵ نەبوو، گوتیان: ڕۆیشتووە بۆ تاران.

مامۆستا مەلا عوسمان:

  بەڵێ، لەوێ ماینەوە تا دوانیوەڕۆیەکی درەنگ، دەوام تەواو بوو، کارمەندەکان ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵ خۆیان، کارمەندەکانی فەرمانداری کورد بوون، ئیتر ئێمەیان جێ ھێشت و پێشیان نەگوتین: دەوام تەواو بووە و ئێمە ئەڕۆین، ئێوە ئەبێ تەگبیرێکتان بکرێ، ئێمەش ناشارەزا بووین وامان دەزانی ئەمانە ڕۆیشتوون، کەسانێکی تر دێتە جێیان و کارمان تەواو دەکەن! پاسەوانی بەشی ئێوارە ھات پیاوێکی جوامێر بوو، زۆپای ژوورەکەی بۆ داگیرساندین، تا بەباشی گەرممان بووەوە، پاشان چای بۆ لێ ناین و تێر بووین لە چاش. دوایی پرسی و گوتی: کاکە ئێوە لێرە کەس ناناسن؟

گوتم: کاکە گیان! ئێمە لەم شارەدا تەنیا "مەلا ئەحمەدی بارامی" دەناسین وا ئەویش لە ماڵ نییە و ڕۆیشتووە بۆ تاران.

گوتی: ئەی مامۆستا "مەلا عوسمانی ھەڵەبجەیی" ناناسن؟

گوتم: بەرێ وەڵڵا باشی دەناسم، بۆچی لێرەیە؟

گوتی: بەڵێ، لێرەیە و ھەر ئێستا تەلەفۆنی بۆ دەکەم. تەلەفۆنی ھەڵگرت و لەگەڵ مامۆستادا قسەی کرد و گوتی: قوربان پیاوێک لێرەیە- لە فەرمانداری- تازە لە عێراقەوە ھاتووە، و ناوی حەسەنی پێنجوێنییە، جەنابتان دەیناسن؟

مامۆستایش یا ڕەببی دەرەجاتی عالی بێت فەرمووی: ئەرێ وەڵڵا دەیناسم، ئەوە چاوی منە، ڕۆحی منە و خۆشەویستی منە!

حەرەسەکە گوتی: قوربان ئەوە خۆیەتی فەرموو قسەی لە تەکا بکە.

مامۆستا فەرمووی: برا! ئەوە لەکوێوە گەیشتی؟ لە ئاسمانەوە باریویت، یا لە زەوییەوە ھەڵقوڵاویت؟ منیش عەرزم کرد: قوربان! لەوە دەچێ باوبۆران ھێنابینی. 

پاش چۆنوچاکی و ئەحواڵپرسین فەرمووی: ھەرگیز ھەڵوێستی شێرانەی خێزانتم لە بیر ناچێتەوە، کاتێ کە تۆ گیرابوویت، بۆ دڵخۆشیدانەوەی چووین بۆ لای، پێی گوتین: قوربان! ئێمە ھیچ خەفەتی بۆ ناخۆین، ئەوە جێی شانازییە بۆ ئێمە کە لەسەر ئیسلام و خزمەت بە دینی خوا گیراوە، با ھەموومان تەنیا دوعای ئەوەی بۆ بکەین خوا خۆگری و سەبری بداتێ. ھیچ خەفەتی ناوێ چونکە خۆی ڕێگەی ئیسلامی ھەڵبژاردووە و لەسەر خوا گیراوە.

ئینجا مامۆستا فەرمووی: خوا ڕووسووری دنیا و قیامەتی بکات و عاقیبەت خێر بێ.. ئیتر مامۆستا قوڕگی گیرا و دڵی پڕ بوو، منیش دڵم پڕ بوو.

ئینجا فەرمووی: ھەر خۆت ھاتوویت؟

گوتم نەخێر، بەخاووخێزانەوە ھاتووم.

ھەزاران ڕەحمەت لە گیانی پاکی بێت، فەرمووی: یاخوا بە خێر بێن، ھەر ئێستا زاواکەم و کوڕەکەم بە ترۆمبێلەکەوە دەنێرم بە شوێنتاندا.

زۆری پێ نەچوو زوبێری کوڕی و بورھانی زاوای بە توێتایەکی لانکرۆزەرەوە ھاتن بە شوێنماندا، شتەکانیان خستینە عەمارێکەوە و خۆیشمان سوار توێتاکە بووین، لە ڕۆژی ٦/١٢/٨٧ دا ڕۆیشتین بۆ ماڵی مامۆستا مەلا عوسمان.

زۆر ڕێزیان لێ گرتین:

مامۆستا زۆر ڕێزی لێ گرتین، ماوەی ھەشت ڕۆژ ئەم ھەشت سەر خێزانە لە ماڵ ئەواندا ماینەوە، ڕۆژ بەڕۆژ باشتر خزمەتیان دەکردین و ڕوویان لە تەکماندا خۆشتر دەبوو، نەک ھەر خودی مامۆستا، بەڵکوو ھەموو ئەندامانی خێزانە بەڕێزەکەیان، بە مامۆستاژن و کۆڕ و کچیانەوە ئاوەھا بوون، خوا پاداشتی خێریان بداتەوە.

ئەو ڕۆژە کە لە فەرماندارییەوە ھاتین بۆ ماڵ مامۆستا مەلا عوسمان، بۆ شەوێ فەرماندار و جێگرەکەی و بەڕێوەبەری شارەوانی و لێپرسراوی ئوردوگاکان، ھاتن بۆ ماڵ مامۆستا، پاش ئەوە کە ئەملاولای مامۆستایان ماچ کرد ئەملاولای منیشیان ماچ کرد!

پاشان کەوتنە مەعزەرەتھێنانەوە بۆ مامۆستا و گوتیان: ئێمە نەمانزانیوە کە ئەم پیاوە مامۆستایە، میوانی خۆشەویستی ئێوەیە؟ ئینجا پرسیارێکی زۆریان لێ کردم، منیش بە فارسییە شکستەکەی خۆم وەڵامم دانەوە، جەلالی کە لێپرسراوی ئۆردوگاکان بوو گوتی: ئەمە فارسی گولستانییانەیە!

گوتم: بەڵێ، ڕاستە..لە دێرزەمانەوە ئەدەبی فارسی لە وڵاتی ئێمەدا خوێنراوە و منیش لە منداڵیمدا گولستانی شێخی سەعدیم خوێندووە!

#   #   #‌

چاوەڕوانیم لەم کۆچەدا:

کاتێ من به‌ره‌و ئێران بەڕێ که‌وتم، هه‌رچى ئه‌گه‌رى سه‌خت و ناهه‌مواره‌ هێنابوومه‌ پێش چاوى خۆم و وام دانابوو بۆم پێش دێت.. بۆ نموونه‌: وام پێشبینى کردبوو، که‌ له‌وانه‌یه‌ ببرێینه‌ ئۆردوگا، له‌وانه‌یه‌ به ‌تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى که‌من سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵێکى دیارىکراوم و ئێرانیش خۆشى له‌وان نایه‌ت، موعامه‌ڵه‌یه‌کى سه‌ختمان له‌ ته‌کا بکه‌ن، به‌ پیاوخراپ له ‌قه‌ڵه‌م بدرێین! له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ گرانى بێت، نه‌توانین ژیانێکى ئاسووده‌ به‌ده‌ست بێنین! به‌کورتى خراپترینى پێشهاته‌کانم چاوه‌ڕوان کردبوو، ئه‌گه‌ر وا بوو ئه‌وا هاتووه‌ به ‌خه‌یاڵمدا و ڕوودانیم چاوه‌ڕوان کردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه وره‌ به‌ر ناده‌م و ناڕووخێم و دنیام لێ نایه‌ته‌وه‌ یه‌ک، خۆ ئه‌گه‌ر وایش نه‌بوو ئه‌وا سوپاسی خوا دەکەم و به‌ته‌واوى دڵخۆش ده‌بم، له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکوڕییه‌کدا.

سبه‌ینێ که‌ ڕۆژى (7/12/1987)بوو، بانگیان کردم بۆ ئاسایش (ئیتتیلاعات)، له‌وێ پرسیارێکى زۆریان لێ کردم، ئه‌ڵبه‌ت پرسیاره‌کان تایبه‌ت به ‌من نه‌بوون، به‌ڵکوو چاپکراو و ئاماده‌کراو بوون، ئه‌وه‌ نموونه‌ى هه‌ندێک له‌و پرسیارانه‌یه‌:

بۆچی هاتیت بۆ کۆمارى ئیسلامیى ئێران؟ منیش گوتم: بۆیه‌ هاتمه‌ ئێرانه‌وه‌ تا له ‌ده‌ست دوژمنانى فاشست ڕزگارم بێت.

گوتیان: ده‌ته‌وێ له‌ ئێراندا چی بکه‌یت؟ گوتم: ده‌مه‌وێ له‌ ئێرانا ژیانى خۆم به‌ئارامى و ئاسووده‌یى به‌سه‌ر به‌رم.

گوتیان: ئایا له ‌به‌ره‌کانى جه‌نگدا له‌ دژى عێراق به‌شدارى ده‌که‌یت؟ گوتم: نا‌، چونکه‌ قورئان ده‌فه‌رمێت: " لَّیۡسَ عَڵى ٱلۡأَعۡمَىٰ حَرَجࣱ، ۆڵا عَڵى ٱلۡأَعۡرَجِ حَرَجࣱ، ۆڵا عَڵى ٱلۡمَڕیچِ حَرَجࣱ..." النور/61. ئه‌وانه‌ى کوێر و شه‌ل و نه‌خۆشن ته‌کلیفى چه‌کهه‌ڵگرتنیان لێ ناکرێت. منیش لاقم سه‌قه‌ته‌..        


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure