بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاودوو
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاودوو
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/03/26     319 جار بینراوە    


لەگەڵ ئەواندا قسەکانم تۆمار کرابوو:

دکتۆر گوتی: کە ھەڕەشەیان لێ کردم و گوتیان ژنەکەت دێنین، ئەو ڕووداوەم بیر کەوتەوە! فایلەکەشیان بۆ ھێنام و ھەڵیاندایەوە، نەوارەکانی پێوە چەسپ کرابوو، زیاد لەوە لاپەڕەیەکیان پیشان دام، کە بەعەرەبی نووسرابوو: بۆ ئاگاداری: کەسێک ھەیە بە ناوی دکتۆر (عصام کاظم فاضل الراوی) ئەڵقەی پێکگەیشتنی ڕێکخراوی ناوچەی باکوور و ناوەڕاستە، ئەڵبەت پارچە کاغەزێکیان لە سەروخواری لاپەڕەکە دابوو تا چاوگەی ڕاپۆرتەکە نەزانم.

پاش ئەوە لەنێوان من و ئەو سێ کەسەدا چی ڕووی دابوو، ھەموویان بۆ باس کردم.

ماڵە فورسان (جاش)ێک لە نزیکی ماڵەکەمانەوە بوو، کاتێ ئەو سێ کەسە ھاتوون بۆ ماڵ ئێمە ئەمنەکان خۆیان لەو ماڵەدا حەشار داوە و چی قسە کرابوو، بە دەزگایەک کە بەیەکێکیان بووە گەیەنراوە بەو تەسجیلەی، کە ئەمنەکان لەو ماڵەدا تەسجیلیان کردبوو، لەوەوپێش حەرەسەکانی ئەو ماڵە جاشە ڕێزیان لێ دەگرتین، بەڵام لە دوای ئەو ڕۆژەوە وەک دوژمن سەیریان دەکردین! من نەمدەزانی بۆچی وا گۆڕاون؟ تومەز لەبەر ئەو مەسەلەیە بووە. ھەروەھا یەکێک لە ئەفسەرەکانی ئەمن پێی گوتم: ئەو ڕۆژەی تۆ لەگەڵ میوانەکانی سلێمانیتدا ھاتن بۆ ماڵ دکتۆر (......) ئەوە من بووم، کە بە دزداشەکەوە لە بەرانبەر ماڵیانەوە وەستابووم.

ھەروەھا لە ئەمن پێیان گوتم: ئێمە ھەموو ھەڵسوکەوتێکی تۆ شارەزاین و ئاگامان لێیەتی، جا تۆیش خۆت بە کوشت مەدە، کارێکی وا مەکە خێزانت بێنین، کاتێ ھێنامان تۆیش وەک سەببار دەست بە گریان دەکەیت و ھەموو شتێ دەڵێیت!

دکتۆر گوتی: کە باسی ئەو دانیشتنەیان بەتەواوی بۆ گێڕامەوە، وام زانی ھەموو شتێ دەزانن و ملبادان لێی بێسوود و بێھوودەیە، بۆیە پێم گوتن: چی بزانم پێتان دەڵێم.

ئا لەو ناوەدا ناوی تۆیان لێ پرسیم و گوتیان: ئەم "حەسەن پێنجوێنی"یە کێیە؟

منیش پێم گوتن: ئەوەی ڕاستی بێ ئەم پیاوە سەربەخۆیە و تا ئێستا چەند جار بە ھۆی کوڕێکی پێنجوێنییەوە بە ناوی ئەحمەد عەبدولوەھاب مەجیدەوە ڕۆیشتووم بۆ لای، بەڵام ئەو ڕازی نەبووە لەگەڵ کۆمەڵی ئێمەدا تێکەڵ ببێت.

باوەڕت ھەبێ لەمە زیاتر ھیچم نەگوتوە ([1])، بەڵام چۆن خێرا تۆیان گرت و ھێنایتیان؟ بۆچی لەناو قسەکاندا زیاتر لە دە جار ناوی دکتۆر (......)م ھێناوە کەچی ئەویان نەھێنا؟ وا دیارە تۆ ڕاپۆرتی ترت لەسەر بووبێ!

گوتم: وەڵڵا تا ئەو ڕۆژەش کە گیرام نەم دەزانی کە ئەمنی سلێمانی لە بارەی منەوە ھیچ نازانێ، چونکە لە ئەمنی سلێمانیدا من فایلم نەبوو.

گوتم: دکتۆر خۆ لەڕاستیدا من لە تەکتانا نەبووم و لە ڕێکخراوی ئێوەدا نەبووم، ئێوەش چەند جار ھەوڵتان دا و من بەڵێنم نەدانێ.. پێویستی نەدەکرد بەو درێژییە تۆ ھەموو شت بڵێیت و بنووسیت!

گوتی: ئێمەش گوتوومانە: چەند جار داوامان لێ کردووە لەگەڵ کۆمەڵی ئێمەدا کار بکات بەڵام نەیکردووە ([2]) و نەھاتووەتە ڕیزمانەوە!

تیاچوونی دە برام پێ چاترە لە...:

شەوێکی تر پێکەوە دانیشتبووین و باس ھات بە باسدا، پێم گوت: ئێمە وامان دەزانی تۆ ئەندامێکی سەرکردایەتیت، لەبەر ئەوە چاوەڕوانی ئەوەت لێ نەدەکرا کە ھەرگیز ئەو ھەموو نھێنییانە بدرکێنیت! چەند باسێکی زیندانی ئەمنی سلێمانیم بۆ گێڕایەوە و گوتم: زۆر حەیف بوو بۆ تۆ، کە ئەو ھەموو خەڵکەت تووش کرد!

 ئەویش ئەو قسانەی منی پێ ناخۆش بوو، زۆر پێی تێک چوو، بەڵکوو بەتەواوی ئێشی پێ گەیشت! و گوتی: کە منیان ھێنا بۆ ئەمنی (مدینة الثورة) کوڕێکم دی کوژرابوو، بەتەواوی وام زانی موحەممەد سامەڕائییە، لە دڵی خۆمدا گوتم: کە مادام ئەو شەھید کرابێت، ھەرچی شت ھەیە دەیکەمە ملی ئەو، با ئەو خوشکانەشمان ئازار نەدرێن و بەر پەلامار و ھەڵمەتی ئەو بێغیرەتانە نەکەون، ئەگەر دە برایش شەھید بکرێ، ھێشتا ئەوەم پێ چاترە، تا ئابڕووتکاندنی خوشکێ، ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە، ئەفسەری لێکۆڵەر بە ئازاردان و ئابڕووبردنی خوشکان، ھەڕەشەی لێ دەکردم!

گوتم: ویستوویەتی خاڵی لاوازیت بدۆزێتەوە، لەوانەیە ھەر تەنیا بۆ ھەڕەشە بووبێت، تا تۆی پێ بترسێنێت!

گوتی: نەوەڵڵا، لە کانگای دڵیەوە دەھاتە دەر، چونکە خۆم گوێم لە زریکەی چەند خوشکێکەوە بوو، کە ئازار و ئەشکەنجە دەدران.. ھەروەھا ئەو ئەفسەرەی بۆ پرسیارکردن لە من دانرابوو، پێی گوتم: تۆیش وەک حاجی (....)ی سامەڕائی مەکە، دوو ڕۆژ ھەڵمانواسی و کارەبامان لێ دا و کێبڵکاریمان کرد، ھەر دەیگوت: ئاگام لە ھیچ نییە.. تا خێزانەکەیمان ھێنا، دەستمان دایە کراسەکەی ڕووتی بکەینەوە، وەک ژن دەستی بە گریان کرد! و گوتی: واز لە ژنەکەم بێنن، چیتان دەوێت پێتان  دەڵێم!!

 

 

ئەفسەرەکە پێی گوتم: تۆیش وەک ئەو مەکە، با خێزانەکەت نەھێنین، چونکە دەزانین خێزانەکەت ٩٠ لە سەدی کارەکانت دەزانێ و ئاگای لێیەتی!

منیش گوتم: ئەو خوشکانەی سووریا لە زیندانەکانی حافز ئەسەدا دەستدرێژییان کرایە سەر، ھەندێکیان سکیان پڕ بوو، ئایا لای تۆ ئەوانە بە داوێنپیس و بێنرخ دادەنرێن؟ لە شەرعی خوادا کاتێ ئافرەت تاوانبارە، کە بە ئارەزووی خۆی گوناح بکات، بەڵام کاتێ بەزۆر پێیان کرد، ھیچ تاوانێکی نییە و لە گوڵ کاڵتری پێ ناگوترێ.. ھەرچەند شتی وا لە توانا بەدەرە، بەڵام ئینسان دەبێ بیخاتە پێش چاوی: ئایا لەبەر ئەوەی ئافرەتێ دەستدرێژی نەکرێتە سەر، سەد خانەوادە سەرگەردان بکرێ؟ لە فیقھی ئیسلامیدا گیان لەپێش نامووسەوەیە، واتە: ئەگەر کابرایەک زۆریان لێ کرد و گوتیان: ئەگەر لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا زینا نەکەیت دەتکوژین و لێیشی ڕوون بوو دەیکوژن زیناکە دەکات و ھیچ گوناھیشی ناگات! بەڵام ئەگەر گوتیان: ئەو پیاوە نەکوژی دەتکوژین، نابێ بیکوژێت، چونکە چ جیاوازییەکی ھەیە ئەم بکوژرێت یا ئەو؟

من پێم وایە لەم جۆرە جێگایانەدا، بەرژەوەندیی کۆمەڵ لەپێشترە تا تەنیا کەسێک، و قبووڵکردن و نەکردنی ھەرشتێک دەبێ لە ڕوانگەی شەرعەوە بێت، ھیچ موسڵمانێک ناتوانێت قبووڵی بکات: پیاوێکی نامەحرەم بە چاوی خیانەتەوە تەنانەت بۆ کچەکەی یا خوشکەکەی بڕوانێت، بەڵام کاتێک نیکاحی دەکات مناڵیشی لێی دەبێ ھیچ پێی ناڕەحەت نییە، بۆچ؟ چونکە بە پێی شەرع گوناھبار نابێت، ڕاستە ئێمە پێمان ناخۆشە کە زوڵممان لێ دەکرێت، بەڵام لە لاکەی تریانەوە سەیر بکەین، ئایا ئەو ئافرەتە موسڵمانە لە کاتی دەستدرێژیکردنا لەو حاڵەتانەدا ھیچ گوناھبار دەبێت؟ ئەگەر گوناھبار بوو، قبووڵ نەکرێ، بەڵام ئەگەر گوناھبار نەبوو، کە گوناھباریش نابێت، لە نەزەری شەرعەوە پاک و بەحورمەتە، ئیتر بۆ کارێک بکەین سەدان نامووسی تر بکەونە مەترسییەوە؟ دەبێت ھەرکەس لە ئێمە پێش ئەوەی بڕواتە ھەر ڕێکخراوەیەکەوە، ئەم مەسەلانە لە خۆی بپرسێت، تا لە کاتی تەنگانەدا ئەم گۆبەندەی بۆ دروست نەبێت. داواکارم خوا هەموو موسوڵمانێک لەو زوڵم و ستەمە بپارێزێت.

  زەکەریا گوتی: وەڵڵا دروستە و قسەیەکی تەواوە.. بەڵام دکتۆر ھەر نەیسەلماند.

 

 [1] - لەبەر من ئەم قسەیەی کرد، دەنا ھەر وەک لەمەولا باسی دەکەین، شتی مەترسیدارتری گوتبوو، وەک ئەوە کە (حەسەن پێنجوێنی)، گورزی دەستەڕاستی صلاح الدین ە و ( بورهان  محەممەد ئەمین) گورزی دەستەچەپیەتی!

[2] - بەڵام شتی خراپتری گوتبوو، گوتبووی: ئەمانە لەبەر ئەوەی فیکری ناوچەیی و قەومایەتیان ھەبوو، ڕازی نەبوون لە گەڵ ئێمەدا بن، دەیانویست ڕێکخراوی ناوچەیی سەربەخۆیان ھەبێ.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure