بیری كوردایەتى لە پێنجوێندا:
له سه‌رده‌مى پاشایه‌تیدا، ئه‌وه‌ى كوردایه‌تییشى بكردایه، هه‌ر به شیوعى له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا، ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌م له پێنجوێندا بیرى كوردایه‌تییان هه‌بوو، وه‌ك چه‌ند كه‌سێک له خێڵى مه‌خه، و چه‌ند كه‌سێك له خێڵى قوباد، و چه‌ند كه‌سێک له خێڵى نیسكه، و چه‌ند كه‌سێک له خێڵى وه‌ستا حوسه‌ین، هه‌موو كوڕه‌كانى خوڵام، و میرزا سدیق، و كوڕانى ڕه‌شه‌به‌حرى، و حه‌مه‌ى وه‌ستا سدیقى ئاسنگه‌ر، وه‌ستا حه‌سه‌نى ڕاستى، چه‌ند كه‌سێكى تریش. له‌بیرم نایه‌ت هیچ كه‌سێك له خێڵى بارام سه‌ر به پارتى بووبن، جگه له حه‌مه‌ی مامه ڕه‌شه‌ی بلكیان، لەوانەیە هۆی ئه‌و ناکۆکییە دێرینەیە بووبێت کە لەو سەردەمەدا لەنێوان هۆزی مەخە و بارامدا هەبوو، سوپاس بۆ خوا زۆر لەمێژە ئەو ناکۆکییە نەماوە.
پارتى لە پێنجوێندا:
پارتى له پێنجوێندا پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی، ڕه‌مزى كوردایه‌تى بوو، زۆر كز و لاواز بوون، ئوتێله‌كه‌ى مامه حاجى ڕه‌سووڵى خدریان كردبووه باره‌گاى خۆیان، زۆر جار به‌ردبارانیان ده‌كردن، له ترسى شیوعییه‌كان پاسه‌وانى شه‌وانه‌یان هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حیزبى شیوعى بیریان له‌گەڵ ئايین و ئه‌خلاقى میلله‌تى كورددا نزيك نه‌بوو، پارتییه‌كان ئه‌مه‌یان به هه‌ل زانى، بۆ پڕوپاگه‌نده بڵاوكردنه‌وه دژیان، به هه‌موو شێوه‌یه‌یه‌ك هه‌وڵیان ده‌دا، كه له پێش چاوى خه‌ڵكیدا بیانشكێنن، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌چوونه لاى مامۆستایانى ئاینى، و ناوه‌ڕۆكى بیره‌كه‌یانیان بۆ باس ده‌كردن، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش له‌ترسا نه‌یانوێرایه به‌ئاشكرا باسیان بكه‌ن، به لای کەمەوە بۆ كۆمه‌ڵێک كه‌سیان هه‌ر باس ده‌كرد. هه‌رچه‌ند به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی له پێنجوێندا ببوونه شیوعی، وه‌ك هزر وه‌ریان نه‌گرتبوو، چونكه پیاوی نوێژكه‌ر و ده‌روێش و حاجییان تیا بوو. له‌م ڕوانگه‌وه شیوعی بوون، كه بۆیان باس ده‌كرا: ئه‌گه‌ر حیزبی شیوعی بێته سه‌ر حوكم، وه‌ك زه‌مانی حه‌زره‌تی عومه‌ر خه‌ڵكی یه‌كسان ده‌بن، و. . هتد.
له شاره گه‌وره‌كاندا، پیاو ده‌سەڵاتى به‌سه‌ر ماڵ و مناڵیدا نه‌مابوو، ژنان ڕێكخراوى خۆیانیان هه‌بوو، ئه‌ویش حیزبى شیوعى ئاڕاسته‌ى ده‌كرد، ئه‌و كاته به‌رگریى میللی‌یان دروست كردبوو، كه به عه‌ره‌بییه‌كه‌ى زیاتر به‌ناوبانگ بوون، و پێیان ده‌گوتن: مقاوه‌مه شه‌عبى (المقاومە الشعبيە)، ژنانیش وه‌ك پیاوان ته‌دریبیان ده‌كرد، و به‌رگى تایبه‌تى شێوه‌سه‌ربازییان له‌به‌ر ده‌كرد. ئه‌وان به پێى بیرى خۆیان ده‌جووڵانه‌وه، پارتییه‌كانیش ئه‌و شتانه‌یان بڵاو ده‌كرده‌وه، كه له‌گه‌ڵ دین و عاده‌تى خه‌ڵكیدا نه‌گونجاو بوو، شتى زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره له باره‌یانه‌وه بڵاو ده‌بووه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ژماره‌یه‌كى زۆر له خێزانه‌كان ته‌ڵاق و جیایى كه‌وته نێوانیانه‌وه.
دابەشكردنى زەوى:
دابه‌شكردنى زه‌ویوزار به‌سه‌ر جووتیاره‌كاندا، كارێكى ئێجگار باش بوو، چونكه بەشی زۆری ئاغا‌كان، له‌ڕاستیدا هیچ دین و ویژدانێكیان نه‌بوو، ئه‌وه‌ى ئه‌وان ده‌یانكرد، مه‌گه‌ر هه‌ر فیرعه‌ون له‌گه‌ڵ به‌نى ئیسرائیلییه‌كاندا كردبێتى، (جگه له ژماره‌یه‌كى كه‌میان، ئه‌ڵبه‌ته ئێمه باسى تێكڕایان ده‌كه‌ین) ئه‌مه بووه هۆى ئه‌وه پارتییه‌كان بڕۆنه بن كڵیشه‌ى ئاغا، و ده‌ره‌به‌گه‌كانه‌وه كه هه‌ستن، و له دژى ده‌وڵه‌ت بجه‌نگن.
شیوعییه‌كان ئه‌مه به خاڵێكى زۆر تاریك، و شووره‌یى داده‌نێن، به ناوچاوى مێژووى پارتییه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، و ده‌یانگوت: ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان به دڵسۆزى میلله‌ت ده‌زانى، دابه‌شكردنى زه‌وى له به‌رژه‌وه‌ندیى جووتیاران و هه‌ژاران بوو، ده‌بوو پشتگیری‌یان لێ بكردایه، نه‌ك ببوونایه‌ته پشتیوانى ده‌ره‌به‌گه‌كان، بۆ ڕووخاندنى ئه‌و ڕژێمه.
ڕ‌ژێمى كۆمارى و كورد:
به سه‌رۆكایه‌تیى "عه‌بدولكه‌ریم" قاسم كوده‌تاكه كرا و ڕ‌ژێمى پاشایه‌تى له ناو برا، “لەڕاستیدا له سه‌ره‌تاوه گه‌وره‌ترین خزمه‌تى به میلله‌تى كورد كرد، به پێى یاسا كوردى كرده هاوبه‌شى عه‌ره‌ب له عێراقدا و بەڕه‌سمى ڕایگه‌یاند كه عێراق خاكى كورد و عه‌ره‌به و كورد هاوبه‌شى كۆنى عه‌ره‌به له خاكى عێراقدا. مه‌لا مسته‌فاى به‌رزانى و ئه‌و خێزانه كوردانه‌ى پاش ئه‌وه‌ى له لایه‌ن ڕ‌ژێمى ئێرانه‌وه كۆمارى مه‌هاباد ڕووخا، له ترسا په‌نایان بردبووه به‌ر یه‌كیه‌تیى سۆڤیه‌ت، هه‌موویانى بانگ كرده‌وه و وه‌ك سه‌رۆکكۆمارێك پێشوازییان له به‌رزانى كرد. له یه‌كێك له كۆشكه‌كانى شاى كوژراودا نیشته‌جێيان كرد، هه‌روه‌ها درووشم (شیعار)ى كۆمارى عێراقى ئه‌و سه‌رده‌مه كرا به خەنجه‌رى كوردى و شمشێرى عه‌ره‌بى و گوڵه‌گه‌نمى عه‌ره‌بى و گه‌ڵاتووتنى كوردى. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێک له ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تیى شۆڕش "أعضاء مجلس قيادە الثورە " كورد بوون.
شيوعييەكان و بير‌ى كوردايەتى:
شیوعییه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بیره‌كه‌یان بیرێكى جیهانى بوو، له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر دژى بیرى پارتى بوون و بیرى پارتييان به دژى بیرى خۆيان داده‌نا، له‌به‌ر ئه‌وه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیریی قاسمیان ده‌كرد، شیوعییه‌كان بۆ ناشیرینكردنى پارتییه‌كان، پڕوپاگه‌نده‌ی زۆریان دژی پارتییه‌كان ده‌كرد، كه ئه‌مانه به‌كرێگیراوی ئه‌مریكا و ئیمپریالی جیهانین و شتی تریشیان زۆر ده‌گوت، بۆ ئه‌وه‌ی له پێش چاوی هه‌ڕه‌مه‌ی خه‌ڵكیان بخه‌ن، بۆ نموونه ده‌یانگوت: كۆمه‌ڵێک په‌یدا بوون له كه‌وش و كڵاش، سڵاوى خوایان كردووەته ڕۆژ باش. یا كاتێک ناوى كوردستان ببرایه، ئه‌وان ده‌یانگوت: قلیاسان!
شەهيدبوونى باوكم: (1)
له ساڵى شه‌ست و دوودا من قوتابىی پۆلى دووى سه‌ره‌تاییه‌كه‌ى ئه‌وقاف بووم له هه‌ڵەبجه‌دا، له كۆتایى مانگى پێنج‌دا، كه زۆرى نه‌مابوو بۆ كۆتایى ساڵى خوێندن، ڕۆژێك مامۆستا مه‌لا عومه‌ر بانگى كردم، و گوتى: حه‌سه‌ن ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ عابیددا بڕۆیته‌وه بۆ پێنجوێن، من پێم خۆش بوو، به‌ڵام پێم سه‌یر بوو: چۆن مامۆستا ده‌منێرێته‌وه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه زۆر سه‌ختگیر بوو، له حزور و غیابى قوتابییاندا، هه‌رچى لێى پاڕامه‌وه ئه‌گه‌ر شتێک هه‌یه پیم بڵێن، پێى نه‌گوتم. به‌وه‌دا ده‌مزانى شتێك هه‌یه، كه سه‌یریان ده‌كردم به چاوێكى پڕ به‌زه‌ییه‌وه سه‌یر ده‌كرام. بۆیه ئه‌گه‌ر ویستت شتێک له یه‌كێك بشاریته‌وه، ده‌بێت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه بێت، نه‌ك ته‌نیا له ڕوویه‌كى مه‌سه‌له‌كه‌وه.
ئه‌و ڕۆژه له‌گه‌ڵ عابیددا ڕێك که‌وتین و گه‌یشتینه سه‌یدسادق له‌وێ "عه‌بدولى برازاى مامۆستا مه‌لا ساڵحمان" بینى، عه‌بدول عابیدى برده ئه‌و لاوه و هه‌ندێک چپه‌ى له‌گەڵدا كرد و پاشان عه‌بدولیش به‌به‌زه‌ییه‌وه سه‌یرى ده‌كردم، نه‌مده‌زانى سه‌به‌ب چییه؟ و زۆر بێتاقه‌تیش بووم، چونكه حاڵى بووبووم شتێك هه‌یه، بەڵام نه‌مده‌زانى چییه. ئه‌وانیش پێیان نه‌ده‌گوتم.
سوار ترۆمبێلى پێنجوێن بووین، و له چایخانه‌كه‌ی "كانى سپیكه" ترۆمبێل لای دا بۆ ئیسراحه‌ت، كابرایه‌ك كه خۆى پێنجوێنى نه‌بوو، باسى ئه‌وه‌ى ده‌كرد، كه: ئه‌و ڕۆژه‌ى فڕۆكه‌كان بۆردومانیان كردووه، چه‌ند كه‌سێكى پێنجوێنى كوشتووه، یه‌كێكیان ئه‌و مه‌لایه بوو، كه دووكانه‌كه‌ى له ته‌نیشت چایخانه‌كه‌ى ده‌روێش كه‌ریمه‌وه بوو!
گیان له شوێنێكى سه‌ختایه و نایه‌ته ده‌ره‌وه، باوه‌ڕتان هه‌بێت گیانده‌رچوونیش هه‌ر ئه‌وه‌نده سه‌خت بوو، منیش مناڵێكم ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌دمه‌ى گه‌وره‌یه له ژیانمدا، ده‌ستم كرده شینوشه‌پۆڕ، عابیدى هاوه‌ڵم ڕۆیشت سه‌رزه‌نشتى كابراى كرد، كه بۆچى ئه‌و قسه‌یه‌ى كرد؟ و عابید كابراى برده په‌نایه‌وه و هه‌ندێک چپه‌ى له‌گەڵدا كرد، كابراش زۆر له خۆى بووه‌وه، ده‌یان سوێندى بۆ خواردم، كه ئه‌و نییه و مه‌لاكه‌ى حه‌سه‌ناوا بووه، كه به‌زۆرى سه‌رى له دووكانه‌كه‌ى باوكت ده‌دا!
به‌هه‌رحاڵ شێوه‌ى ڕوانینه‌كه‌ى ئه‌وان و قسه‌كه‌ى ئه‌و و ناردنه‌وه‌م له لایه‌ن مامۆستا مه‌لا عومه‌ره‌وه، ئه‌مانه هه‌موو یه‌كیان ده‌گرته‌وه، كه مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه: من باوكم كوژراوه! ئه‌وانیش په‌یتا په‌یتا سوێند‌یان بۆ ده‌خواردم، كه باوكت نییه.
من له گریان به ده‌نگى به‌رز وه‌ستامه‌وه، بەڵام له دڵه‌وه هه‌ر به‌ڕاستم ده‌زانى، له لایه‌كى تریشه‌وه ئه‌وان ئه‌و هه‌موو سوێنده‌یان بۆ ده‌خواردم، ده‌مگوت له‌وانه‌یه: بریندارێكى سه‌خت بووبێت، با نه‌شه‌مه‌ى خراپ لێ نه‌ده‌م.
له گریان وه‌ستامه‌وه تا هاتینه پێنجوین. كاتێک گه‌یشتینه خوار مزگه‌وتى جامیعه‌وه، له به‌رده‌م ماڵى حاجى عه‌بدوڵڵاى حاجى ئه‌وڕه‌حماندا، ئامۆژنه مروه‌ت، خێزانى مه‌حمووى حاجى موسته‌فام بینى، له‌گه‌ڵ منى دى، داى به‌سه‌ر سنگى خۆیدا، و گۆتى: یاخوا ڕۆڵه! ده‌سته‌كانم شكێ، بۆ ئه‌و باوكه جوانه‌مه‌رگه‌ت! له‌وێوه ده‌ستم به گریان و باوكه‌ڕۆ كرد، تا گه‌یشتمه‌وه مزگه‌وته‌كه‌ى خۆمان: (مزگه‌وتى مام حاجى ڕه‌سووڵ)، ئینجا هه‌موو خزمان کە لە مزگەوتەکەدا بۆ پرسە دانیشتبوون، هاتن به‌ده‌ممه‌وه، و ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده‌ى تر گریان.
دایكم خوا عه‌فووى بكات بۆى گیڕامه‌وه و گوتى: خۆت ده‌زانى كاتێک مام جه‌لال ده‌ورى پێنجوێنى دا، ئه‌وه بوو پینجوێنمان به‌جێ هێشت و ڕۆیشتین بۆ دێى "تازه‌دێ"، گوتم: به‌ڵێ، خۆم له‌گه‌ڵتاندا بووم، ئه‌وه بوو هه‌ر به‌و شه‌وه خه‌به‌رتان كردینه‌وه و باوكم فه‌رمووى: حه‌سه‌ن كوڕم! هه‌سته شه‌ڕه و ته‌قه تفه‌نگه!! منیش گوتم: جا شه‌ڕه، یا ته‌قه‌یه، كه‌یفى خۆیه‌تى من هه‌ڵناسم، باوكیشم فه‌رمووى: كوڕم! له‌وانه‌یه به‌یانى ته‌یاره بێت و بۆردمانى ئه‌م ناوه بكات، بۆ ئیحتیا‌ت تۆ له‌گه‌ڵ دایكت، و مناڵه‌كانى تر، و ماڵ مامه عه‌لیتدا، بڕۆن بۆ تازه‌دێ، گوتم: باشه بابه گیان، ئه‌وه بوو هه‌موو هۆزى قوباد ڕۆیشتین بۆ تازه‌دێ، به‌ڵام باوكم ومامه حاجى ڕه‌شید و مامه حاجى حسه‌ینه ڕه‌ش و هه‌ندێک له خزمان له‌ناو شار مانه‌وه بۆ پارێزگارى له كه‌لوپه‌لى ناو ماڵه‌كان.
گوتى: خۆت ده‌زانى كه مه‌لا عه‌بدوڵڵاى مه‌لا سڵێمان هه‌واڵى زانى ئێمه ڕۆیشتووینه‌ته ئه‌وێ، هات به شوێنماندا و ژوورێكى له ماڵه‌كه‌ى خۆى پێ داین؟
گوتم: به‌ڵێ، ئاگایشم له‌وه‌یه. گوتى: پاش ئه‌وه‌ى تۆ به‌پێ ڕۆیشتیته‌وه بۆ خوێندنه‌كه‌ت بۆ هه‌ڵەبجه، ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌خایاند، كه مه‌ركه‌زى پێنجوێن و قایم مه‌قامییه‌ت، ته‌سلیم بوون به شۆڕش، كاتێک سوپاى عێراقیش هات، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌مارۆكه‌ى ده‌ورى پێنجوێن بشكێنێت، له ڕێگه‌دا له ناوچه‌ى پێچى بێ مه‌حكه‌مه، و چه‌مى سێ بوواراندا، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بوو به شه‌ڕیان و ژماره‌یه‌كى زۆر له عه‌سكه‌ر كوژرا، پێشمه‌رگه‌ش ژماره‌یه‌ك كوژراو و برينداريان هەبوو، حكومه‌ت گه‌یشته‌وه پێنجوێن، له‌وێ پیاوه پیر و ڕیشسپییه‌كان ده‌چن به‌ده‌میانه‌وه، فه‌رمانده‌ى سوپاكه پێیان ده‌ڵێت: بڕۆن كه‌سوكارتان بهێننه‌وه، و حكومه‌ت حه‌قى به‌سه‌ر دانیشتووانه‌وه نییه.
باوكیشت كه ئه‌م هه‌واڵه ده‌بیستێ ده‌ڵێت: وه‌ڵڵا تا زووه ده‌چم مناڵه‌كان دێنمه‌وه، با له‌وه زیاتر له‌ناو ناڕه‌حه‌تیدا نه‌بن، كاتێک گه‌یشته‌وه تازه‌دێ، هه‌واڵى مه‌لاى خانه‌خوێمانى پرسى، ئێمه‌ش بۆمان گێڕایه‌وه، كه: نه‌خۆشه، و له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا بووه به شه‌ڕیان، و ڕۆیشتووەته مزگه‌وت، و له‌وێ كه‌وتووه. ئه‌ویش گوتى: وه‌ڵڵا پیاوه‌تیى به‌سه‌رمانه‌وه‌یه، ده‌بێت بڕۆم سه‌رێكى لێ بده‌م، كه ده‌چێته مزگه‌وت، كاك عارفى مامه فه‌تاح و كاك عه‌زیزى مامه حاجى حسه‌ینیش، دێن بۆ سه‌ردانى باوكت و ده‌ڵێن: مام مه‌لامان له پێنجوێن هاتووەته‌وه، با سه‌رێكى لێ بده‌ین و بزانین هه‌واڵ چییه، هه‌ندێك خه‌ڵكى ئاواییش، ده‌چن بۆ سه‌ردانى مامۆستاى نه‌خۆشیان، هه‌موو له به‌رهه‌یوانى مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌بن.
جاسووسه‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕ‌ژێمى قاسميش، ڕاپۆرتیان دابوو كه چه‌ته‌یه‌كى زۆر له خائینه‌كان بریندارن و له مزگه‌وته‌كه‌ى (كانى سێف)، و"تووتمان"دا كه‌وتوون. فڕۆكه‌كانى ڕژێمیش دێن، بەڵام له جیاتیى ئه‌و دوو دێیه، بۆردومانى هه‌ردوو دێى "تازەدێ" و (باخى) (2) دەکەن. باوكم و كاك عارفی مام فەتاح و كاك عه‌زیزی مامە حاجی حسەینە ڕەشم و خێزانى مه‌لا و كوڕێكى ساواى و كچێكى و شه‌ش كه‌سى تر‌ى ئاواییش كوژرابوون، به‌ڵام مه‌لا عه‌بدوڵڵا هه‌ندێک ته‌ڵه‌زمى به‌ردى به‌ر كه‌وتبوو، ئیتر نه‌كوژرابوو، مابووه‌وه. هەرسێ تەرمەکە دەبەنەوە بۆ پێنجوێن و لە گۆڕستانی حاجی شێخ، لە تەنیشت یەکەوە دەیاننێژن و لە مزگەوتەکەی خۆماندا مزگەوتی مامە حاجی ڕەسووڵ پرسەکەیان بۆ دادەنێن.
پاش چه‌ند ڕۆژێك لە پرسەکە، دایكم منى نارده‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه، بۆ ئه‌وه‌ى ئیمتیحانى سه‌رى ساڵ بده‌م، كاتێک ڕۆیشتمه‌وه مامۆستاكان سه‌رخۆشییان لێ كردم و گوتیان: بۆچ هاتیته‌وه؟ نمره‌ى مانگانه‌كانت زۆر باش بوون، له‌سه‌ر ئه‌وه نمره‌مان بۆ داده‌نایت.