بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاوحەوت
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاوحەوت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/04/29     274 جار بینراوە    


جارێکی تر فەرمانی گرتنم دەر چوو:

لە پانزەی مانگی یانزەدا لە مەکتەبەوە ناردیان بە شوێنمدا و گوتیان: لە ئاسایشەوە بانگت دەکەن بچیت بۆ ئەوێ.. لەڕاستیدا منیش نەمویرا بڕۆم.. کۆنە موختارەکەی پێنجوێنم نارد کە ھەواڵێکم بۆ بزانێت، پاش پێنچ ڕۆژ پێیان گوتبوو ھیچ نییە. یەکێک لە شێخەکانی کرپچنەم ڕاسپارد تا بزانێ چییە؟ ئەویش گوتی: لە ماڵەوە نەبوون.

شەوانە لە ماڵ خۆماندا نەدەنووستم، لە (٢٠/١١/١٩٨٧) بیستی مانگی یانزەدا بەیانییەکیان ھاتمەوە تا سەعات یانزە لە ماڵ بووم، دایکیشم خوا عەفووی بکات ھاتبوو بۆ لام چاوی پێم بکەوێت.. گوتم: دایە گیان ئیتر من دەبێ بڕۆمە دەرەوە و ناوێرم لە ماڵ بمێنمەوە، پاش نیو سەعات لە دەرچوونی من، لە مەکتەبەوە عومەر دۆشکە و دوو ئاسایشی تر بەھادینیان ھێنابووەوە بۆ ماڵ، ھاتبوون بە شوێن مندا بۆ ئەوەی جارێکی تر بمگرن.

بەھادین ھەر لە درگاوە دەڵێ: دایە! ئەمانە ئەمنن و ھاتوون بە شوێن باوکمدا، دایکیشی تێدەگات مەسەلەکە چییە، دەڵێ: بەخێر بێن، فەرموو دانیشن، ئەوانیش دادەنیشن، دەڵێن: مامۆستا لەکوێیە؟

ئەویش دەڵێ: خێرە برا؟

دەڵێن: لە بەغداوە نامە ھاتووە بۆ دامەزراندنەوەی، ئەگەر ئەمڕۆ نەیەت ئیتر ھەرگیز تەعینی ناکەنەوە! جاری پێشوو لە بەغداوە نامە ھاتبوو بۆ دەرکردنی، ئێستاش ھەر لە بەغداوە نامە ھاتووە بۆ دامەزراندنەوەی.

خێزانیشم پێیان دەڵێت: دەی باشە ماڵتان ئاوەدان بێت، زۆر سوپاستان دەکەین کە زەحمەتتان کێشاوە، ھاتوون بە شوێنیا و ویستووتانە ئەم پیاوەتییەی لەگەڵدا بکەن! ھەر لەگەڵ ھاتەوە دەینێرم بۆ ئاسایش!

عومەر دۆشکە دەڵێ: نازانی دەچێتە کوێ؟

خێزانم دەڵێ: نەخێر نازانم.

عومەر دۆشکە دەڵێ: چۆن نازانی؟

خێزانم دەڵێ: تۆ کە دەچیتە دەرەوە خیزانت دەزانێ بۆ کوێ دەچیت؟ منیش نازانم، ئەوەندە دەزانم ھەرگیز ناچێتە چایخانە و شتی وا.

یەکێک لە ئاسایشەکان دەڵێ: وەڵڵا دەبێ پەت بخینە لووتی ئەو مامۆستایەوە، کە گوتی: خۆم دەیھێنم و کەچی نەشیھێنا، دەبێت تاڵاو بکەم بە گەروویا.

خێزانم تێگەشتبوو مەسەلە چییە، خێرا بەھادینی ناردبوو پێم بڵێ کە: نزیکی ماڵەوە نەکەوم!

لەو کاتە بەدواوە لە ماڵان دەنوستم و ڕووم نەدەکردە ماڵ خۆمان، دە ڕۆژ پێش ئەوەی قاچاخ ببم خانووەکەمان بە شێخ عەزیزی شارباژێڕی فرۆشتبوو، ھەزار دیناری بە لاوە مابوو ھیچ سەنەد و نووسراوێک لەنێوانمانا نەبوو.

تاپۆی ماڵەکەمان لەسەر خێزانم بوو، لە بیست و یەکی مانگدا ڕۆیشت لە تاپۆ ئیعتیرافی بۆ کرد.

مناڵەکان ھەرچی شتمان ھەبوو فرۆشتبوویان، جگە لە سێ تاک قاڵی و نوێنەکان کە بردبوویانە ماڵ حاجی عومەری ئاوەڵزاوام، مامۆستا عەزیزی سەناعەیش کتێبخانەکەی بردبووە ماڵ وەستا جەباری زاوای، خوا پاداشتیان بداتەوە.. سیانزە ڕۆژ لەناو شارا خۆم شاردەوە، ڕۆژی ٢-١٢ حسەینی برامم نارد بۆ ھەڵەبجە تا بزانێت ئایا لە بازگەی پشکنینا دەنگوباس چییە، چونکە من و ئەو تەنیا یەک حەرفمان جیاوازە، ئەگەر ناو و شتیان لە لا بێ دەر دەکەوێت.

گەیشتینە هەڵەبجە:

کە زانیمان ھیچ نییە لە ڕۆژی (سێی دوانزەی ھەشتا و حەوت  ٣- ١٢- ١٩٨٧)دا حاجی کەریمی ئاوەڵزاوام و خێزانی خوا لە گوناهیان خۆش ببێت و ڕۆحیان بەبە‌هەشت شاد بێت، ھاتن بە شوێنمدا و بە پیکابەکەی خۆیان سوار بووین و تا ھەڵەبجە ھاتن لەگەڵما، کەس پرسیاری لێ نەکردین، لەگەڵ ئەوەدا کە دەگەیشتینە ھەر خاڵێکی پشکنین، من نیوەگیان دەبووم و وام دەزانی ناوی منیان لە لایە.

پاش نیوەڕۆیش مناڵەکانم بە ترۆمبێلەکەی (مەلا عەلیی سەلاجە) مەلا عەلی مەلا عبداللە، جێگەیان بەهەشت بێت، گۆڕیان پڕ نوور بێت، لەگەڵ حسەینی برامدا گەیشتنە ھەڵەبجە، خوا پاداشتیان بداتەوە.

نانی ئێوارەمان لە ماڵی مامۆستا ئەمینی نادردا خوارد، خوا پاداشتی خێری بداتەوە، پاشان شەوێ ڕۆیشتین بۆ ماڵ کاک ڕەئوفی بامۆکی خوا پاداشتی خێری بداتەوە، خزمەتێکی باشیان کردین، ترۆمبێلی بۆ گرتین بۆ بەیانی، چوار سەد دیناری بۆ گۆڕینەوە بە تمەن، زیاد لەمانە پانزە کیلۆ شەکر و پێنچ کیلۆ ڕۆن و سێ کیلۆ چایی و کارتۆنێ سابوونی جلی و پێنچ تایتی گەورە و تەبەقێ ناوساجییان بۆ کردین، ئەمانەیان ھەموو بۆ پێچاینەوە ھەرچی ھەوڵمان دا پارەیان لێ وەر نەگرتین. خوا پادشتیان بداتەوە.

شەوێ مامۆستا "عەلی محەممەدی زەمەقی" ھات بۆ لامان و ھەندێ قسەی خۆشی بۆ کردین و نامەیەکی بۆ مامۆستا سەلاح نووسی و پاش درەنگێ ڕۆیشتەوە.

دەرچوونمان لە هەڵەبجە:

نوێژى به‌یانیمان کرد، پاش نوێژ نان و چامان خوارد و ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوان بووین، له‌ سه‌عات حه‌وتى به‌یانیى ڕۆژى 4- 12- 1987دا له ‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ر چووین و خوا حافیزیمان له‌ ماڵى خانه‌خوێى جوامێرمان کرد، سوار ترۆمبێله‌که‌ بووین، ئه‌ویش جیبێکى کۆنى ڕووسى بوو، به‌ په‌ناى ڕه‌بیعه‌کاندا ده‌هاتین، له‌ڕاستیدا زۆر ده‌ترساین ناهه‌قیشمان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بهاتنایه‌ و ته‌فتیشیان بکردایه ‌و لێیان بپرسینایه‌: بۆ کوێ ده‌چن؟ چیمان بگوتایه‌؟ ئه‌وا تا عه‌بابه‌یلێ گوتمان: بۆ عه‌بابه‌یلێ ده‌چین؟ ئه‌ى له‌وه‌دوا بۆ کوێ؟

خێرا ئه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ به‌ خه‌یاڵمدا، که‌: تا ئێستا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ ڕۆیشتوون و که‌س نه‌گیراوه‌، له‌ که‌سیان نه‌پرسیوه‌، ئه‌گه‌ر هاتنه‌ ڕێمان و لێیان پرسین و گرتینیان ئه‌وه‌ یه‌عنى خوا ته‌قدیرى کردووه‌ که‌ تووش ببین، له‌ ده‌ست قه‌ده‌ریش ڕاکردن نییه‌، ئیتر بیر له ‌چى بکه‌مه‌وه‌ و خه‌م بۆ چى بخۆم؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێرده‌زمه‌ى ترس له‌ کۆڵمان نه‌ده‌بووه‌وه‌!

به‌ڵێ، به‌و حاڵەته‌وه‌ که‌ خوا خوى ده‌زانێ چۆن‌ بەڕێ که‌وتین، دنیا ته‌مومژ بوو، ئه‌و ساڵه‌ بۆ یه‌که‌م جار بوو که ‌بارانى زستانه‌ له‌ مانگى دوانزه‌دا بارى، له‌گه‌ڵ نمه‌ نمه‌ى بارانه‌که‌دا به‌ جاده‌ى عه‌بابه‌یلێدا سه‌ر که‌وتین، تا گه‌یشتینه‌ لووتکه‌ى شاخه‌که‌ى پشت عه‌بابه‌یلێ، له‌به‌ر ته‌مومژ ده‌شتى شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌مان نه‌ده‌بینى.. به‌ره‌و خوار بووینه‌وه‌، جاده‌که‌ له‌م دیوه‌وه‌ تازه‌ چاک کرابوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر خۆش نه‌بوو، به‌ناڕه‌حه‌ت هاتینه‌ خواره‌وه‌، ئه‌و دۆڵ و قه‌دپاڵانه‌مان بڕى و بۆ سه‌عات هه‌شت گه‌یشتینه‌ دێى هاوار.

کرێى ترۆمبێله‌که‌ ده‌ دینار بوو، پاره‌که‌مان دایە و خواحافیزیمان له ‌سایه‌قه‌که‌ کرد، چایخانه‌که‌ قه‌ره‌باڵخ بوو، وڵاخدارى (عه‌شیره‌تى ئیمامى)ی ئێرانى له‌وێ بوون، که‌لوپه‌له‌که‌یان به‌ دوو بار بۆ بار کردین، خۆم و خێزانیشم یه‌کى سوار وڵاخێ بووین، له‌خوار ئاواییه‌که‌وه‌ ڕه‌بیعه‌یه‌کى جاشى لێ بوو، باران ده‌بارى زۆر له ‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بوون، یه‌کێکیان که‌ ڕۆشناى دی له ‌باوه‌شى دایکیایه‌تى گوتى: ئه‌و منداڵه‌ باش دابپۆشن با سه‌رماى نه‌بێت. به‌زه‌یى به‌ ڕۆشناماندا هاته‌وه‌ که‌ له‌و کاته‌دا ته‌مه‌نى ته‌نیا ساڵێک بوو.

ڕێگه‌مان گرته ‌به‌ر ڕێگه‌ى چى؟ له‌ڕاستیدا بزنه‌ ڕێ و لاپێ بوو. ئه‌ملاولاى ڕێگه‌که‌ به ‌ته‌لى دڕکاوى ته‌نرابوو، ئهڵغام له‌ناویا قایم کرابوو، له‌وانه‌ش ده‌ر چووین به‌رزى و نزمى و لووتکه ‌و قه‌دپاڵێکى زۆرمان بڕى، بۆ سه‌عات هه‌شت و نیو گه‌یشتینه‌ ئاوایى هاواره‌کۆن. بۆ ئه‌و نیو سه‌عاته‌ کرێى وڵاخه‌کان بیست دینار بوو، ته‌سلیمم کردن.

 

هاوارەکۆن:

ئه‌م ئاواییه‌ ده‌وڵه‌تى عێراقى تیا نه‌بوو، دیموکراتى ئێرانى و کۆمه‌ڵه‌ى عێراقى تیا بوو، بنکه‌ى هه‌ردوو تاقمه‌که‌ى تیا بوو، ئێرانییه‌کان هه‌ریه‌که‌ دوو سێ ژوورى له‌ ماڵه‌ ڕووخاوه‌کان ئاوه‌دان کردبووه‌وه‌. کۆمه‌ڵه‌ى عێراقییش بنکه‌یه‌کیان له‌وێ دروست کردبوو، زیاد له‌وه‌ گومرک و باجگرییان دانابوو.

ئێمه‌ له‌ چایخانه‌که‌ لامان دا، چایخانه‌که‌ بریتى بوو، له‌ ده‌وارێکى گه‌وره‌، که‌ له ‌د‌ڵق و نایلۆن دروست کرابوو، کورسییه‌کانى بریتى بوون له ‌دارچنارى ئه‌و چه‌م و دۆڵه‌ى هاواره‌ کۆن، چایخانه‌که‌ چێشتخانه‌ش بوو، به‌ڵام نانه‌که‌یان به‌زۆرى هێلکە‌وڕۆن بوو. نان و هێلکه‌یه‌ک به‌ چوار په‌نجایى بوو.

ئوتێل نايلۆن:

له ‌ته‌نیشت چایخانه‌که‌وه‌ ئوتێلێکى نایلۆنیشیان دروست کردبوو، ئه‌م ئوتێله‌ فه‌رش و نوێنى تیا بوو، هه‌قى خه‌وتنى نه‌فه‌رێک بۆ یه‌ک شه‌و دینارێک بوو. ئه‌م چایخانه ‌و ئوتێله‌ هیى چه‌ند که‌سێکى کۆمه‌ڵه‌ى عێراق بوون، که‌ خه‌ڵکى شارباژێڕ بوون و گه‌یشتبوونه‌ ئه‌و ناوه‌.

ئه‌م کوڕانه‌ زۆر به‌ماریفه‌ت و ڕووخۆش و میوانپه‌زیر بوون، به‌ڵام هه‌تا ده‌ست هه‌ڵخه‌یت دوژمنى ئیسلام بوون. زۆر ڕقیان له‌ ئێران بوو ئه‌وه‌ى بیویستایه‌ بچێت بۆ ئێران هه‌وڵیان ده‌دا په‌شیمانى بکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بۆیان په‌شیمان نه‌کرایه‌ته‌وه‌ ئینجا به‌خێسه‌وه‌ سه‌یریان ده‌کرد.

به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ نه‌مانده‌وێرا خۆمان ئاشکرا بکه‌ین، که‌ چین و بۆ کوێ ده‌چین، چونکه‌ له‌وه‌ ده‌ترساین دیموکراتى ئێران ته‌سلیمى عێراقمان بکاته‌وه‌.

ئێواره‌ ڕۆیشتن به‌ شوێن شووراى ئاواییدا، پیاوێکى خڕه‌ڵه‌ى ڕه‌شتاڵه‌ى کورته‌باڵاى ئێسکسووک هات و گوتى: فه‌رموون، دوو ژن و چوار منداڵى تریش له‌ ئێران هاتبوونه‌وه‌ له‌ ئوتێله‌که‌ بوون، پێکه‌وه‌ که‌وتینه‌ شوێن ئه‌و پیاوه‌ ڕه‌شتاڵه‌یه‌، ئه‌ویش بردینیه‌ ماڵێکه‌وه‌ ماڵه‌که‌ بریتى بوو له‌ دوو ژوور و هه‌یوانێک، ژووره‌کان زۆر بچووک بوون، ژوورێکیان ژوورى زه‌خیره‌ بوو، ژووره‌که‌ى تر جێى خۆیان بوو، ئافره‌تى خاوه‌ن ماڵ و مێرده‌که‌ى به‌خێرهاتنێکى گه‌رمیان کردین، ئه‌م ماڵه‌ ماڵى ئه‌و پیاوه‌ گرده‌ڵه‌یه‌بوو، که‌ له ‌ته‌کماندا بوو. شه‌وێ قسه‌ هات به ‌باسا و منیش هه‌ندێ باسى قیامه‌ت و پاشه‌ڕۆژم بۆ کردن و یه‌ک دوو به‌سه‌رهات و ڕووداوم بۆ گێڕانه‌وه‌. پاشان کابرا گوتى: مامۆستا! منیش مه‌لایه‌کى خزمم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئیمامه‌ نایناسیت؟

گوتم: ناوى چییه‌؟

گوتى: مه‌لا ئه‌مین (مه‌لاحه‌مه‌مینى کڵاشى).

گوتم: به‌ڵێ، ئه‌یناسم، بۆچى تۆیش ئیمامیت؟

گوتى: به‌ڵێ، له ‌هۆزى ئیمامیی به‌شى ئێرانم.

ئه‌م پیاوه‌ ناوى حه‌مه‌ بوو، له‌ناو تاقمى دیموکراتا بوو، واقیعه‌ن خزمه‌تێکى باشیان کردین خوا پاداشتیان به‌خێر بداته‌وه‌. شه‌وێ نانێکى باشى بۆ دروست کردین، میواندارییه‌کى پیاوانه‌ى لێ کردین، خۆى و مناڵه‌کانى ڕۆیشتن بۆ ماڵ برایه‌کى، دوو ئافره‌ته‌که‌و چوار منداڵیان و من و خێزانم و شه‌ش منداڵمان شه‌وێ له‌و ژووره‌ بچکۆله‌یه‌دا نوستین. به‌یانییش له‌ ماڵ ئه‌وان نان و چامان خوارد، ئینجا خواحافیزیمان لێ کردن و ڕۆیشتینه‌وه‌ بۆ ئوتێله‌که‌. یا ڕەببی خوا هیدایەتیان بدات.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure