بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سی و پێنج
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سی و پێنج
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/01/02     221 جار بینراوە    


ئای چەند سەرسەختە!

  ئەو شەوە کۆمەڵێک لە دەورمدا کۆ بوونەوە، سەعات لە دەوری نۆ و نیوی شەوا بوو، منیش باسی دادگەریی کۆمەڵایەتیم بۆ دەکردن لە ئیسلامدا، لەو بارەوە چەند نموونەیەکم بۆ ھێنانەوە، ھەستم کرد قسەکانیان زۆر پێ خۆشە، ئەوانەی لە دەورمدا کۆ ببوونەوە (نۆزدە کەس بوون): ھەشت لاوی خەلەکانی، دووانی ڕانیەیی، دووانی ماوەتی، دووانی دەربەنی و کەلاری و چواری ناو شاری سلێمانی بوون، لەگەڵ مام حسێنیشدا.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەوان، مام حسێن باسی گیرانەکەی خۆی بۆ گێڕامەوە، گوتی: "ڕۆژێ بە شەقامی کاوەدا دەھاتمە خوارێ، ئەڵقەلەگوێیەک، کە جەیشی شەعبی بوو شانی دا لە شانم، لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵگەڕایەوە و گوتی: ئەوە تۆ کوێریت!

منیش گوتم: ئەی تۆ موقرایی بە چاوتا ھاتبوو؟ من کوێر بووم تۆ چی؟ ئینجا ئامبازی یەک بووین، تا توانیم کوتام و لێم دا، ئینجا ھەڵھاتم، بەڵام کەوتنە شوێنم، و گوێم لە ئەفسەرەکەوە بوو گوتی: دەستڕێژی لێ بکەن.

"شەرواڵەکەمیان بە گوللـە بێژا، ھەر گوێم نەدایە و دەر چووم، بەڵام بە بێتەل مەفرەزەکەی ئەو ناوەیان ئاگادار کردبووەوە، ئەوانیش سەرکۆڵانەکەیان لێ گرتبووم و ئیتر توانای دەرچوونم نەما، گرتمیان و تا توانییان لێیان دام، ئینجا ھێنامیان بۆ (تەواری- طوارئ) لەوێش ھەرچی گیانم ھەبوو، بە نووکەشەق و بە کێبڵ، بە قۆناغەتفەنگ میراسیان کرد، خوێن لە سەر و چاوم دەڕۆیشت.. خستمیانە ژوورێکی تەنیاوە، ئەفسەرەکە پارچە لۆکەیەکی بۆ فڕێ دام و گوتی: دەم و لووتتی پێ پاک بکەرەوە! منیش فڕێم دا و گوتم: ھەر نایسڕم.

"ماوەی بیست ڕۆژ لەو ژوورەدا ھێشتمیانەوە، تەنیا خۆم بووم، ژوورەکەش تاریک و نوتەک بوو، دوای ئەوە بردمیان بۆ ژووری ئازاردان، لەوێ چاویان بەستم، کارەبایان لێ قایم کردم و ھەردوو دەستمیان لەدواوە بەست و بە قایشێک ھەڵیانواسیم بە قەنارەیەکدا، چۆن چۆلەکە بە باڵەکانی ھەڵدەگیرێت، ئاوەھا ھەڵیانواسیم و وامدەزانی ھەردوو دەفەکەی شانم دەر چووە!

گوتیان ئیعتیراف بکە.

گوتم: چی بڵێم؟

گوتیان: تۆ لەگەڵ جەلالدایت.

گوتم: لەگەڵ کەسدا نیم.. ئەو شەوە لە ئازاردان و لێدانم ماندوو بوون. ئیتر ھێنامیانەوە بۆ ژوورەکەی خۆم.. بەکورتی دە دانە شەو بەو جۆرە ئەیانبردم و سزا و ئازاریان دەدام، ھەر ھیچم نەگوت.. شتێکم نەدەزانی تا ئیعتیراف بکەم! ئەمانە زۆر سەیرن، ھەرکەسێ بگرن دەیدەنە بەر مامێزانی شەق و جنێو  و دەڵێن: دەبێت ئیعتیراف بکەیت! ئاخر خۆ من سیاسی نیم! بەکرێگیراوێکتان شەڕی پێ فرۆشتووم، شەڕم لەگەڵا کردووە، ئیتر ئیعتیرافی چی و شتی چی!

" لەدواین شەوا گوتیان: جنێو بە جەلال بدە.

گوتم: جنێوی نادەمێ.

گوتیان: دەی جنێو بە مەلا بدە.

 گوتم: جنێو بەویش نادەم.

گوتیان: ئەگەر جنێویان نەدەیتێ دەتکوژین!

گوتم: بۆ ماوتانە بمکوژن! ھیچ مەمنوونتان نابم! چی دەکەن بیکەن، من جنێو بە پیاوی گەورە نادەم، جنێو عەیبە، جنێو بۆ پیاو نەھاتووە! لە ئەنجامدا نەقیب حەسسون گوتی: ( أیابە! أشکَد عنید!) ئەی بابە! چەند سەرسەختە! ئیتر وازیان لێ ھێنام، ئەوە ماوەی ھەشت مانگە لەم سیاچاڵەدام، مامۆستا گیان! ئەمەیە دادگەریی بەعسی سۆشیالیست!"

ئیتر ئەو شەوە خۆمان پێچایەوە و خەوتین.

ڕۆژی ٢ / ٢ / ١٩٨٧:

لە سەعات دەی پێش نیوەڕۆ بانگیان کردمەوە، بە ھاوەڵەکانی بەندیخانەم گوت: پیاوی چاک بن! دوعام بۆ بکەن، ھەموو بە جارێ بۆم دەپاڕانەوە.. بەڵێ، بردمیان بۆ ژووری لێکۆڵینەوە، لەوێ ھەندێک وێنەیان پیشان دام، وا دیار بوو، وێنەی ھەموو ئازاد ناوێکی دایەرەکەیان ھێنابوو.. یەکە یەکە پیشانی دەدام و دەیگوت: ئەمەیە؟ ئەمەیە؟ ئەمەیە؟...تاد، منیش دەمگوت: نەخێر.. ھیچیان ئەو نەبوون.

گوتی: وا دەزانی لە چ دایەرەیکدا بێت؟

گوتم: ناو شار چەند بانقی تیایە؟ 

گوتی: چوار.

گوتم: لەوانەیە لە یەکێک لەو بانقانەدا بێت.

گوتی: دەبیبەنە ژوورەوە، ئیتر ھێنامیانەوە، بۆ ناو ھۆڵە گەورەکە. بەڵام کە ھاتمە ژوورەوە دەموشک و لێوبەبار، حاڵەتێکی پڕ ترس و بیمم بۆ دروست بووبوو، یا خوا دوژمنیشت ئەو حاڵەتە نەبینێت.

کاک عەزیز:

ئەو ڕۆژەش خەڵکەکە ھاتنە لام و دڵخۆشیی باشیان دامەوە، لەناو ئەمانەدا کوڕێکی باریکەلە، لاواز، کورتەباڵا و دەنگنووساوی تیا بوو، تووکی پێشەوەی سەری بەرەو ڕووتانەوە دەڕۆیشت، تەمەنی لەنێوان بیست و پێنچ و سیدا دەبوو، پاش ئەوە کە ھەندێکیان ڕۆیشتن کەوتە دڵدانەوەم و گوتی: مامۆستا گیان! ئەمانە ویژدانیان نییە، بە ھەق و بە ناھەق ھەر ئینسان دادەپاچن، ئەوەی بە منیان کردووە، بە غەوسی بەغایان بکردایە دەیگوت: بابە چیم بۆ دادەنێن دەڵێم ئەوەم!

گوتم: چۆن؟

گوتی: "لەو شارباژێڕە لە ئاواییەک دانیشتبووم، وازم لە پێشمەرگەیی ھێنابوو، چاوەڕوانی لێبوردنێک بووم، گوتیان: دەوڵەت بەنھێنی لێبوردنێکی بۆ ھەموو چەکدارێک دەر کردووە، لەو ڕۆژانەشدا سێ چەکداری دەوڵەتی کە پێیان دەگوترێت: جاش، خۆیان بە ئاواییدا کرد، منیش خۆمم دا بە دەستیانەوە و گوتم: کاکە گیان! من ئاژاوەچی و وێرانکەر (موخەڕیب)ێکی ([1]) سادە بووم، بەڵام لەمێژە دانیشتووم و چاوەڕوانی لێبوردنێکم، وا ئەم عەفواتە نھێنییەش دەر چووە، نەمدەزانی چۆن خۆم تەسلیم بکەمەوە، باش بوو لەم کاتەدا ئێوە ھاتن، منیش خۆم تەسلیمی ئێوە دەکەم و لەگەڵتان دێمەوە.

گوتیان: زۆر باشە! بەڵام ئێمە لەناو ئاواییدا ھەندێ کارمان ھەیە، دەبێ ئاوایی بپشکنین ئەوسا دەڕۆین.

منیش گوتم: باشە.

لە ماڵی دراوسێیەکماندا کە خۆی لە ماڵ نەبوو، لیستەیەکیان دۆزییەوە، کە ناوی بیست ئافرەتی ڕێکخراوی تیا بوو، لەگەڵ دەمانچەیەکدا. دوای پشکنینی ئاوایی پێکەوە ھاتینەوە بۆ ناو شار و ڕۆیشتین بۆ ئیستیخبارات.

تومەز ئەمانە لە ڕێگەدا نیازیان گۆڕیوە و بە یەکتریان گوتووە: بۆچ بەخۆڕایی بیدەین بە دەستەوە! با بڵێین: گرتوومانە و یەکی ھەزار دیناری پێ وەر بگرین! بەڵێ، ھەر وایان کرد، زمانیان گۆڕی و گوتیان: قوربان! ئەم تێکدەرەی ئاژاوەچییەمان بەم دەمانچەیە و بەم لیستەوە – کە ناوی بیست ئافرەتی ڕێکخراوی تیایە - گرتووە!

منیش دەستێکم کەوتە ئەملا و دەستێکیشم ئەولا، ئەمان سێ کەسن، من ھەرچی بڵێم بێسوودە، قسە ھەر قسەی ئەوانە، بەڵام بڕیار بێ ئەگەر ئەنجن ئەنجنیشم بکەن ھەر قسەکەی خۆم بکەم، بۆیە گوتم: قوربان! بە خوا درۆ دەکەن، من خۆمم تەسلیم کردوون! نەخێر بێسوود بوو.

گوتیان: ڕاستی بڵێ، با نەتکوژین!

گوتم: گەورەم! وەڵڵاھی درۆ دەکەن، من نەگیراوم، خۆم بەدەستەوە داوە، خەڵکی ئاواییەکە ئاگادارن، فەرموو بڕۆن بیانھێنن، بزانن من ڕاست دەڵێم یا ئەوان؟

 بێسوود بوو خستمیانە ژێر لێدانەوە، بە سۆندە و بە کێبڵ تێم بەر بوون، ھەتا توانییان کوتامیان، ئینجا تا شەوێ وازیان لێ ھێنام. شەوێ بردمیانەوە بۆ ژووری لێکۆڵینەوە (تحقیق)، ئەو بێ ش...فانە! دەرپێکورتەکەشیان داکەندم، ھەردوو دەستمیان لەدواوە بە کەلەپچە بەستبوو، قایشێکیان تێ بەست و وەک چۆلەکە ھەڵیان واسیم، وام زانی ھەردوو باڵم دەر چووە، لەو کاتەدا کە بە قەنارەکەوە ھەڵیانواسیبووم، کارەبایان لێ بەستم، چۆن بەستنێک؟ ئەو بێئابڕووانە سەرێکی وایەرەکەیان لە سەری عەورەتم بەست، ئەو سەرەکەی تریشی لە سەری گورچیلەمیان بەست! ئینجا کارەبایان خستە گەڕ، ھەڵواسینەکەم ماوەیەکی خایاند، لەو مایەدا چەند جارێک کارەباکەیان لێ دام! و دەیانگوت: بڵێ..

دەمگوت: چی بڵێم!

دەیانگوت: خۆت دەزانی..ناوی ئافرەتەکانمان پێ بڵێ.

دەمگوت: نازانم.. بە خوا.. ئاگام لێی نییە.

دەیانگوت: بۆ خۆت بەویاوە بمێنەرەوە تا دەمریت.. پاش پێنچ دەقیقەکە دایانگرتمە خوارەوە، بردمیان بۆ ژوورێکی چۆڵی تاریک، بەنەخوێنەکەم بۆ نەدەبەسترایەوە، نەمدەتوانی بە دەستی خۆم نان بخۆم!

بەڵێ، تا حەڤدە ڕۆژ ئەمە پیشەی من و ئەوان بوو، دەیانبردم و ھەڵیاندەواسیم و کارەبایان لێ دەدام، کێبڵکارییان دەکردم و بەتایبەت لەژێر پێمیان دەدا.

بەمە وازیان نەھێنا، بردمیانە ژوورێکی تر و گوتیان: ڕاستی بڵێ، با نەتکوژین!

گوتم: ئەوی دەیزانم گوتوومە..

گوتیان: وا دیارە ڕاستی ناڵێیت. تاوەیەکیان لەسەر پەرەمێزێک دانا تا وەک دەنووکی کەو سوور بووەوە، ئینجا دەرپێکانیان داکەندم، نایان بە نەرماییەکەی لای ژوورووی ڕانمدا، بە جارێک بوو بە چەوەندەری سوور و کڵوکۆم دامرا!

"مامۆستا گیان! وەڵڵاھی ئەو بێویژدانانە جارێکی تریش سووریان کردەوە و ھەرچی ھاوارم کرد بێسوود بوو، ئەو لاڕانەکەی تریشیان داخ کردم و سووتاندیان!

" ئەگەر شەرواڵم لە پێ دەکرد دەلکا بە ئاو و زڵزڵەی سووتاوە کەوە، ئەگەر لە پێم نەدەکرد عەورەتم دەر ئەکەوت، بەناچاری لە پێم دەکرد، لە سەرئاودا کە دەرپێکەم دادەکەند ڕایدەکێشا و بە جارێک دەبوو بە خوێن و سزایەکی تازەم دەچەشت!

تا نزیکەی مانگێک بەو جۆرە مامەوە بێ ئەوەی دەرمان یا چارەسەرێکی بکەن! دوای ئەوە ھێنامیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی پارێزگا و بردمیانە ژێرزەمینەکەوە، بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگا و ئەمنی ناوشار، نەقیب حەسسوون و چەند ئەفسەرێکی تریش لەوێ بوون.

ھەردوو دەستمیان لەسەر کاشییەکان پێ دانام، - بەکەلەپچەکراوی- و دەستیان کرد بە کێبڵلێدانم وەڵڵاھی بیست و سێ کێبڵیان لێ دام! ئینجا یەکێکیان توند دەستی گرت و گوتی: دە بەسە، ئێوە دەتانەوێ بیکوژن! ئیتر نەیھێشت زیاترم لێ بدات، وا بزانم لەوە دەترسا کە بمرم.. پاشان بەڕێوەبەری ئەمنی پارێزگا گوتی: من ھەر وازی لێ ناھێنم، دەیەوێت ببێتە پاڵەوان! دەبێ ھەر ئیعتیراف بکات و ڕاستی بڵێ.. دەنا دەیکوژم! وایەری کارەبایی لە ھەردوو قۆڵم بەست، سەرەکەی تریشی بە پلاکی کارەباکەدا کرد و گوتی: ددان بەو ڕاستییانەدا بنێ و ئیعتیراف بکە.

گوتم: باشە چیت دەوێ، با بیڵێم! گەورەم ئیعتیراف دەکەم!

گوتی: ناوی ئافرەتەکان بڵێ.

گوتم: باشە.. لەیلا عەلی، نەسرین کەریم، شیرن قادر... تاد، ئەڵبەت ناوی ئافرەتێکم دەگوت، لە لیستەکەدا ناوی نەبێ! ([2])..

گوتی: ھەی سە...کوڕی سە... من دەڵێم ناوی ئەو ئافرەتانە بڵێ کە لە لیستەکەدایە.

گوتم: گەورەم! ھەر ئەوە دەزانم.. بڕوات ھەبێ ھەر لە خۆوە قسە دەکەم.

وایەری ناو پلاکەکە لەسەر کارەبای پاڵەپەستۆی بەرز (ضغط العالی) بوو، بۆ چاوترووکانێک دەستی بە سویچەکەدا نا، من خۆم بۆ نەگیرا، کەوتم و ڕەھێڵ بووم.. خێرا کوژاندییەوە.

گوتی: ھەستە.

گوتم: ناتوانم.

گوتی: ھەی ...باب! دەڵێم ھەستە.

گوتم: گەورەم! ناتوانم.

ئینجا دوو ئەمن پەلیان گرتم و بەرزیان کردمەوە و ھێنامیان بۆ ئەم ژوورەی کە ئێستا دەیبینی.. ئەوا بۆ ساڵ و نیوێک دەچێت لێرەدا بەندم، نە بەرەڵڵام ئەکەن و  نە ئەشمدەن بە مەحکەمە تا بمکوژن، کەسوکارم تا ئێستا چەند جار واسیتەیان کردووە و ھەوڵیان داوە بمبینن، بەڵام نەیانھێشتووە، وا ئەمڕۆ دایک و باوکم خوا دەیزانێ چەندە پارەیان داوە تا ھێشتوویانە بێن، ھاتن تا لە دوورەوە بمبینن، ئەویش پەنجەرەیەک لە نێوانمانا بوو، قسەی یەکترمان نەدەبیست، ھەندێ پرتەقاڵی بۆ ھێنابووم، بە بەرچاومەوە خواردیان و تەنیا دانەیەکیان نەدامێ بیخۆم! دەنگم بەرز کردەوە و گوتم: بۆ مەسەلەکە لە بیرتان نەچێ، عەسکەرێ توند دەستی نا بەدەمما. بەعەرەبی گوتم: بابە دوعا و سەلامیان بۆ دەنێرم.

ئەویش بەکوردی گوتی: بۆچ نازانم چی دەڵێیت؟ وەرە دواوە.. ھەرچی دایکم خۆی بە زەویدا کوتا و ھاواری کرد نەیانھێشت ئەو قسەیەی پێیەتی پێم بڵێ.. ئەمە حاڵی ئێمەیە و ئەمەش دادگەری دەوڵەتی بەعس.

 منیش دڵم پڕ بوو، بەڵام خۆمم گرت و نەمھێشت فرمێسک لە چاوم بێتە خوار.  ئەویش دڵخۆشیی دامەوە و گوتی: خۆت ناڕەحەت مەکە، مەسەلەی تۆ ئاسانەو ھەرگیز ئەو سزایەی من نابینیت!

گوتم: لەڕاستیدا من لە ترسی ئەشکەنجەکە ناڕەحەت نەبووم، ئەوەی منی دڵگران کرد، حاڵی دایکت بوو، بیری دایکی خۆمم کەوتەوە و بۆ ئەو دڵم پڕ بوو.

گوتی: بۆچ بەزەییت بە دایکتا دێتەوە؟

گوتم: حەوت ڕۆژ لەمەوبەر لە تۆپبارانەکەی ناو شارا خوشکەزایەکی لاوی دایکم کوژرا، لەو پرسەیەدا زاوایەکی پوورم کە تازە بەر بووبوو، بەسەرھاتی زیندانی بۆ گێڕابوونەوە، ئیتر چی دیبوو و چی بیستبوو بۆی گێڕابوونەوە.

پێش ئەوەی بگیرێم دایکم دەیزانی خەریکی چیم، چونکە بۆیان باس کردبوو، بۆیە پێی گوتم: کوڕم! توخوا ئاگات لە خۆت بێت، بەو خوایە ئەو کوڕەی زاوای سەلمای خوشکم شتی وای گێڕاوەتەوە، سەری منداڵی پچووک سپی دەکات! نازانی ئەو خەڵکە داماوە چ ئەشکەنجەیەک دەدرێن! لە ھەڵواسین و کارەبالێدان و بزمار پیاداکوتین و..تاد، ڕۆڵە! توخوا پیاوی چاک بە، ئاگات لە خۆت بێ با تووش نەبی!

جا کە ئێستا من گیراوم و ئەویش ئاوەھا باسی سزا و ئەشکەنجەی ئەمنی بیستووە، ئێستا ھەر شێت بووە، و دەڵێت: بێگومان کوڕەکەی منیشیان وا لێ کردووە!

منیش جگە لە خەفەت و خەمپێدان ھیچ سوودێکم بۆ ئەو دایکم نەبووە، کاتێک باوکمان شەھید کرا، دایکم تەمەنی بیست و ھەشت ساڵ بوو، ئێمە منداڵ بووین، من کوڕی گەورەی بووم، تەمەنم سێزدە ساڵ بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا، بە ھەژاری، قەرزاری، کوێرەوەری، ماڵسووتان، دەربەدەری و ئاوارەییەوە بەسەرمانەوە دانیشتووە و جوانیی خۆی لەبەر ئێمە خستووەتە ژێر پێیەوە، ئەوا بیست و پێنچ ساڵە([3]) بێوەژنە!

لەم ماوەیەدا ئێمە نەمانتوانیوە وەک پێویست پاداشتی بدەینەوە، پێنچ ساڵ لەمەوپێش ([4]) من لاقم شکا و ڕانم ورد بوو، سێ ساڵ لە جێگەدا کەوتم، بە ھۆی ئەو نەخۆشییەی منەوە نیوەی سەری سپی بوو، لەو نەخۆشییە ڕزگارم بوو، وا ئەم گیرانە ھاتە پێشەوە، لەو بڕوایەدام بەم گیرانەم دە ئەوەندەی نەخۆشییەکەم خەفەت دەخوات! لەوانەیە شێت ببێت، یا تووشی نەخۆشی ببێت، جا کە ئێستا دڵم ناڕەحەتە و ئێشم پێ دەگات بۆ ئەوەیە، کە: ئەو ھەژارە لە ماوەی ژیانیا خێری لە ئێمە نەدیوە، جگە لە داخ و خەفەت.

کاک عەزیز گوتی: مامۆستا! باوەڕت ھەبێ ھیچ دەسەڵاتێک نییە، دوعای خێری بۆ بکە و دەنکێ خەفەت مەخۆ..

 

[1]-  لەوکاتەدا بەعس بە پێشمەرگەی دەگوت:(موخەڕیب) وێرانکەر، ئەوە بۆیە ئەویش ئەو وشەیە لەگەڵ ئەواندا بە کار هێناوە!

[2]-ھەرچەند کاک عەزیز مافی خۆی بوو، کاتێ ڕووداوەکە بۆ من دەگێڕێتەوە لای منیش دان بەو مەسەلەیەدا نەنێت، چونکە ڕاز نابێ لای نزیکترین کەس بدرکێنرێت، لە زیندانیشا ڕژێم سیخوری دروست کردبوو، بەڵام ئا لێرەدا خاڵێکی لاوازەو ئینسان ھەست بەوە دەکات، کە ڕاستە گرتوویانە، بەڵام ئەم ئازایە و دانی پیا نانێت. چونکە کە دەڵێت" ئەڵبەت ناوی ئافرەتێکم دەگوت، لە لیستەکەدا ناوی نەبێ" واتە: ناوەکان دەزانێ و دەیانناسێ، بەڵام لە ژێر پاڵە پەستۆی ئازاردانەکەدا ناویان ناڵێت، ناوێک دەڵێ کە ناوی ئەوان نەبێت!

[3] - ئەوە قسەی  ساڵَی ١٩٨٧ بوو، باوکیشم لە ١٩٦٢شەھید کرا.

[4] - من لە ساڵی ١٩٨٢ دا بە ھۆی ڕووداوی ترۆمبێلەوە لاقم شکا.

 


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure