مامۆستا خێری زۆرە:
ڕۆژی چوار شەممە٤/٢/٨٧ لە کاتی چێشتەنگاودا کوڕێکی باریکەلەی ڕووخۆشی دەم بەبزە، ھات بۆ لای مام حسێن و خەوێکی بۆ گێڕایەوە، ئەویش بۆی لێک دایەوە و پاشان پێی گوت: کاکە ئیبراھیم! نازانم ئەم ھەموو خەوە چییە تۆ دەیانبینیت؟
مام حسێن ڕووی کردە من و گوتی: مامۆستا تۆ ڕات چییە؟ ئایا ھەموو خەوێک شیاوی گێڕانەوەیە؟ ئینسان ھەرچی بینی بیگێڕێتەوە؟
گوتم: ھەموو خەوێک شیاوی گێڕانەوە و باسکردن نییە، ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە ھەموو کەس مانای خەو نازانێت، لەوانەیە تۆ بۆ کەسێکی بگێڕیتەوە ئەویش بەھەڵە بۆت مانا بکات، بە پێی فەرموودەی پێغەمبەر "صلی اللە علیە وسلم" وا دەر دەچێت کە ئەو یەکەم کەسە بۆت مانا دەکات" الرُّوْیا لأَوَّلِ عَابِرٍ."( أخرجه ابن ماجة في كتاب تعبير الرؤيا، برقم: 3905.) واتە: یەکەم کەس چۆن مانای کرد وا دەر دەچێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئینسان یا بۆ زانای بگێرێتەوە یا خۆشەویست! هەروەها پێغەمبەر "صلی اللە علیە وسلم" فەرموویەتی "خەوی ئیماندار بەشێکە لە چل بەشی پێغەمبەرایەتی، تا خەوەکە باس نەکرێت جێگیر نابێت، کە باس کرا بەو جۆرە دەبێت، کە مەعنای لێک دەدرێتەوە. پێم وایە فەرمووی: جگە لە زانا، یا خۆشەویست خەو بە لای کەسێکی ترەوە مەگێرنەوە". ( عَنْ أَبِي ڕزِينٍ الْعُقَيْلِيِّ قَالَ: قَالَ ڕسُولُ اللَّهِ صلى اللة عليه وسلم:" ڕؤْيَا الْمُؤْمِنِ جُزْءٌ مِنْ أَرْبَعِينَ جُزْءًا مِنَ النُّبُوَّةِ وَهِيَ عَلَى ڕجْلِ طَائِرٍ مَا لَمْ يَتَحَدَّثْ بِهَا، فَإِذَا تَحَدَّثَ بِهَا سَقَطَتْ، قَالَ: وَأَحْسَبُهُ قَالَ: وَلا يُحَدِّثُ بِهَا إِلاَّ لَبِيبًا أَوْ حَبِيبًا" أخرجه الترمذي في كتاب الرؤيا برقم: 2204، والإمام أحمد في مسند المدنيين برقم: 15606.)
ئەم کوڕە لە تاڵی بەتانییەکان تاڵێکی دەر ھێنابوو، وەک تەزبیحی لێ کردبوو، سەد و یەک گرێی لێ دابوو، لەو کاتەدا کە قسەی بۆ دەکردین و قسەمان بۆ دەکرد، ناو بە ناو دەیگوت: لا الە الا اللە، لا الە الا اللە.
منیش گوتم: ئەوە چییە کاک ئیبراھیم؟
گوتی: مامۆستا! خێری زۆرە.. منیش لێرەدا ھیچ ئیش و کارێکم نییە، بۆ ئەم خێرە گەورەیە لە کیس بدەم؟
گوتم: خەڵکی کوێیت؟
گوتی: خەڵکی پێنجوێنم، ئەی نامناسیت؟
گوتم: نەوەڵڵا، لە پێنجوێندا کوڕی کێیت؟
گوتی: کوڕی وەستا عەبدوڵڵای تەنەکەچیم.
گوتم: باوکت دەناسم، بەڵام خۆت نا، وا دیارە ئەو کاتەی من لە پێنجوێن ھاتوومەتە دەر تۆ منداڵ بوویت.. پێم بڵێ، بزانم لەسەر چی گیراوی؟
گوتی: لە تەنزیمی یەکیەتیدا بووم.. لە سلێمانی دوو قوتابیی ھاوڕێم ھەبوو، من پەروەردەم دەکردن، لە یەک شانەدا بووین، کاتێک گیرام ھەڵیانواسیم و کارەبایان لێ دام، ئەوەندە کێبڵیان لە ژێرپێم دا ئەھا ژێرپێم چۆن توێکڵی ھەڵداوە؟- لەو کاتەدا ژێرپێی خۆی پیشان دام- لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ئیعتیرافم نەکرد.
پاش دوو ڕۆژ ئەشکەنجە ئەو دوو مناڵەیان ھێنا، من ھەرچی بەیان و نووسراوم دابوونێ، یەک بە یەک باسیان کرد و ھەڵیانڕشت، تومەز ئەمانە ھەردووکیان ئەمن بوون، فێڵیان لە من کردووە، ئیتر دەمم بوو بە تەڵەی تەقیو، ئیعتیرافم کرد، بەڵام ناوی کەسی وام نەبردووە کە لەناو شارا بێت، ناوی کەسانێکی وام وتووە، کە لە بەردەستا نین و لە دەرەوەن، جا ئیتر نازانم دەمکوژن، یان نا؟
گوتم خوا کەریمە، ئینشائەڵڵا ناتکوژن و ڕزگارت دەبێت، ھەر ئەوەت عاقڵانە بووە کە ناوی خەڵکی ناوشارت نەداوە.. ئەم کاک ئیبراھیمەش ھەندێک پرسیاری ھەبوو، وەڵامی پرسیارەکانمان دایەوە، سوپاس بۆ خوا دەستی بە نوێژ کرد.
خۆزگەم بە خۆت:
کوڕێکی کەلاری و یەکێکی دەربەندی (لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەوە شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش لە بارەی هەردووکیانەوە باس دەکەم) لەناو زیندانییەکانا زۆر ھۆگرم بوون، ئەم دووانە لە پۆلی پێنجەمی ئامادەییدا بوون، ھەردووکیان پێکەوە لەوپەڕی ھۆڵەکەدا بوون، شەوانە دەھاتن گوێیان لە باسە ئاینییەکان دەگرت، ھەموو گیانیان دەکردە گوێ.
لاوە دەربەندیخانییەکە ناوی "عوسمانی مەلا غەفوور" بوو گوتی: مامۆستا من یەک دوو کتێبی تۆم خوێندووەتەوە.
گوتم: کاکە گیان! لەسەر چی گیراوی؟
گوتی: "مامۆستا! ڕووم نییە بێژم لەسەر چی گیراوم! خۆزگەم بە خۆت بەس نییە تۆ ڕووت ھەیە و دەڵێیت: لەسەر ئیسلام گیراوم.. کاتی خۆی باوکم ئەندامی یەکێ لەو حیزبانەی دەربەند بووە، منیش لەسەر ئەوە گیراوم کە گوایا لەو حیزبەم.. بەڵام بە خوا لەو حیزبەدا نیم!"
گوتم: ئەی چۆن گیراوی؟
گوتی: یەکێک لە ئەندامانی ئەو حیزبە لە دەربەندا زۆر لە تەکما خەریک بوو، بۆ ناو ئەو حیزبە ڕامبکێشێت، بەڵام نەبووم.. ئیتر نەمزانی ئەمە ھەم لەو حیزبەیە و ھەم جاسووس! بۆ خۆی لەژێرەوە خەبەری لێ دابووم کە من لەو حیزبەدام!
وا ئێستا لەسەر ئەوە گیراوم، ھەرچەند لێیان دام و فەلاقەیان کردم ھەر گوتوومە وەڵڵاھی من لەو حیزبەدا نیم، حەزیشم لێی نییە، بەڵام تەنیا فڵانەکەس ڕقیەتی لێم و دوژمنایەتی لە تەکما ھەیە، بۆیە خەبەری لێ داوم، کە ناوی زەلامەکەم برد، ئیتر وازیان لێ ھێنام! چونکە زانییان کە ڕاست دەکەم."
ھاوەڵی خراپ:
شەوێ لە تەک مام حسێندا بە ناو ڕاڕەوی ھۆڵەکەدا پیاسەمان دەکرد، من باسی ھاوەڵی خراپم بۆ دەکرد، کە چەند زیانی بۆ ئینسان ھەیە، بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ!
ئەویش گوتی: زۆر ڕاستە، ھاوڕێ لە ژیانی مرۆڤا دەورێکی گرنگی ھەیە، بە چاک و بە خراپ، ئینجا ھەندێک بەسەرھاتی لە ژیانی خۆیا گێڕایەوە و گوتی: من گەنج بووم، زۆر ئەھلی زەوق بووم، بەڵام لە ژیانمدا بەنەخوێنی حەرامم نەکردووەتەوە و زینام نەکردووە! لەگەڵ ئەوەدا تووشی عەرەقخواردنەوە بووم، زۆر حەزم لە مەقامەکان بوو، ئەگەر داوای گۆرانی و مەقامیان لێ نەکردبام گۆرانیم بۆ دەھات و لاسایی خۆشترین ئاوازی مەقامەکانم ئەکردەوە، بەڵام ھەر لەگەڵ بیانگوتایە: کاک حسێن! مەقامێکمان بۆ بڵێ بۆم نەدەھات!
پاشان ڕووداوێکی زۆر سەیری بۆ گێڕامەوەو گوتی:" لە ساڵەکانی پەنجادا، ھەتیوێکی گەڕی پیس ببووە ھاوەڵمان، جارێکیان ڕۆیشتین بۆ سەیران و منیش بڕنەوێکی کورتم پێ بوو، کوڕێکی تریشمان لەگەڵ بوو، ھێشتا مووی لێ نەھاتبوو، کوڕ ئەوەند جوان بوو، خوشکی خۆی حەیرانی دەبوو! عارەقێکی زۆریان دەرخوارد دا و کوڕە کەوت و ئاگای لە خۆی نەما، ھەتیوە گەڕەکە گوتی: کاتی ھاتووە، با لاقەی بکەین! منیش زۆر ئێشم پێ گەیشت، مووی لەشم ھەمووی وەک نەشتەر ڕاست بووەوە، گوتم: وەڵڵاھی ئەو ق... بابەی دەستی بۆ ببات، سەرسنگی بە گولـلە ھەڵدەتەکێنم و جەرگ و دڵی ئەکەم بە یەک!! وەڵڵا ئیتر کەس نەیوێرا دەستی بۆ ببات!
مامۆستا گیان! ھەموو کەسێک کەڵکی ڕەفیقایەتی نییە، بەتایبەت ئەوانەی قۆز و پێکەوتوون و موویان لێ نەھاتووە، ھەرگیز ھەق نییە لەگەڵ ئینسانی خراپ و بێدیندا بڕۆنە دەرەوە، چونکە شتی ئاوایان لێ دەوەشێتەوە!"
گوتم: بە خوا برا! قسەکەت ڕاستە، ڕەفیقی بێدین ھەمیشە شتی وای لێ چاوەڕوان دەکرێت، تۆیش باوەڕت بە لێپرسینەوەی پاشەڕۆژ ھەبووە بۆیە بە گوێت نەکردوون.
ئەم مام حسێنە تەمەنی لە دەوری شەست ساڵدا دەبوو، پیاوێکی زۆر ئازا و بەغیرەت بوو، زۆر زوو ھەڵدەچوو، زۆر دڵنەرمیش بوو، ھەندێ کات کە باسی پاشەڕۆژم بۆ دەکردن، سەرنجم دەدا فرمێسکی چاوی سەرگۆنا و ڕیشە سپییەکەی تەڕ دەکرد.
بەرگدروویەکی زۆر لێھاتوو بوو، کاتی خۆی لەبەر ئەوە دڵی دایکی لێ نەیەشێت نەیوێراوە ژن بھێنێت، کاتێ دایکیشی دەمرێ ئیتر پیر دەبێ و تاقەتی ژنھێنانی نامێنێ، خۆیان لە بنەچەدا بانەیی بوون، لە سلێمانیدا کەسوکاری نەبوو، ئەمیش ژن و منداڵی نەبوو، دایکیشی نەمابوو، بۆیە ھەندێک جار دەیگوت: ئاخر من ڕزگارم ببێ و بەریش بم، بچمەوە لای کێ؟ زۆر جار سەرزەنشتی خۆی دەکرد و دەیگوت: بریا کاتی خۆی ژنم بھێنایە، ئێستا چەند منداڵێکم دەبوو!
وا دیارە ئادەمیزاد لەو تەمەنی پیریەتییەدا تامەزرۆی منداڵ و وەچە دەبێت، لەو سەرکەشی و مەغرووربوونەی پێشینی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ھەزاران خۆزگە و ئاوات دەخوازێت، بەڵام تازە خۆزگە ھیچ سوودێکی نامێنێ! بۆیە منیش کەمێ دڵخۆشیم دایەوە و گوتم: ئینشائەڵڵا بەر دەبیت و ئەو کاتە ژنێکت بۆ دێنین.
دوو برادەرە دەربەندی و کەلارییەکە:
لە سەفەرەکەی ساڵی ٢٠٠٢ بۆ کوردستان ئەم دوو برادەرەم بینییەوە، پێم باشە ئەو دیتنەمتان بۆ باس بکەم:
لاوە دەربەندییەکە ( ) کە ڕۆیشتمەوە کوردستان لە مانگی پێنجدا دەعوەت کرام بۆ مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامی لە دەربەندیخان.. لە یەکێک لە دامەزراوە ئیسلامییەکاندا، ئەم برادەرەم بینییەوە و خۆی پێ ناساندم و گوتی: مامۆستا من "عوسمانی مەلا غەفوور"م ئەو کوڕە دەربەندییەم کە لە زیندانا پێکەوە بووین. ئای چەند بە دیتنی شاد و دڵخۆش بووم، کە - سوپاس بۆ خوا - بووەتە موسڵمانێکی تەواو مولتەزیم و پەیامدار، ببووە ئەندام لقی یەکگرتوو.
ئەوەی لەو باسەدا پێم سەیر بێ ئەوەیە: چۆن کەسێک خۆی بە خاوەنی بیروباوەڕ بزانێت جاسووسی بۆ دوژمنەکەی دەکات؟
ئەگەر یەکێک نەھاتە ناو کۆمەڵەکەی و بە بیر و بۆچوونی ڕازی نەبوو، چۆن بە ناوی بیروباوەڕەکەی خۆیەوە بە گرتی بدات و بە گەورەترین دوژمنی بناسێنێ؟
لاوە کەلارییەکە: لە سەفەرەکەی ساڵی ٢٠٠٢دا بۆ کوردستان ئەم کوڕە کەلارییەم بینییەوە، لە بەیانیی ڕۆژی یەک شەممەی ١٤/٤/٢٠٠٢دا لای بەڕێز ئەمینداری گشتی دانیشتبووم، نامەیەکیان دایە دەستم، دیتم نووسراوە لە حەسەن ئاوارەی خەڵکی کەلارەوە، کە لە ١٩٨٧ دا لە زیندانی سلێمانی لە تەکتا بووە دەیەوێ بتبینێت. لە مامۆستام پرسی: ئایا جەنابت دەیناسیت؟
گوتی: نەخێر.
گوتم: ئەمە خۆ کاک حەسەن ئاوارەکەی دەربەندیخان نییە؟
گوتی: نەخێر، ئەمە لەوە دەچێ پارتی بێت و ئاوارە بووبێت وئێستا لێرە بێت. گوتی: پێم باشە لە ھۆڵەکەدا بیبینیت و لە تەکیا دابنیشیت.
کە ڕۆیشتمە دەرەوە دیمەنێکی دڵتەزێنم دی، ئینسانێکی حافز ھەردوو چاوی نەماوە، ھەردوو دەستی لە مەچەکیا قرتاوە و لەگەڵ پیرەژنێکدایە، بەخێرھاتنم لێ کردن و فەرمووم لێ کردن بۆ ھۆڵەکە، لەوێ دانیشتین و کەوتینە قسەکردن و گوتی: مامۆستا! پاش ئەوەی کە لە زیندان بەر بووین، من ھەر بە شوێن جەنابتا دەگەڕام، بەڵام بێسوود بوو، نەمدەزانی چۆن بتدۆزمەوە! قسەی شەوانەی ناو زیندانەکە شوێنەوارێکی گەورەی لە مندا دروست کردبوو. لە بیرتە لە ھۆڵەکەی زیندانی ئەمنی سلێمانی پێکەوە بووین؟ حەمە حایلیت لە بیرە؟ لە بیرتە حاجی ڕەشیدێکی سۆفیت لە تەکدا بوو، ھەمیشە لە ترسا دەگریا و تۆیش دڵخۆشیت دەدایەوە؟ لە بیرتە باسی قەپەسێوەکەی باوکی ئیمام ئەبوحەنیفەت بۆ کردین؟
گوتم: ھەموو ئەمانەم دێتەوە یاد بەڵام وێنەی جەنابتم بیر ناکەوێتەوە، ناھەقم مەگرە پیر بووم!
گوتی بە دایکی: بێزەحمەت ئەو وێنەیە لە باخەڵما دەر بێنە، کە دە ڕۆژ پێش ئەوەی بگیرێم گرتوومە. دایکیشی وێنەکەی دەر ھێنا، کە پیشانی دام یەکسەر ھاتەوە پێش چاوم، ئەمە ئەو لاوەیە کە لە تەک لاوە دەربەندییەکەدا شەوانە دەھاتن بۆ گوێگرتن لە باسەکان.. کوڕێکی جوان، بێ ڕیش و سمێڵ، دەموچاوپان، ھەستام بێ ئیختیار دەستم کردە ملی و باوەشم پیا کرد و ئەملاولام ماچ کرد، چاوم پڕ بوو لە فرمێسک و گوتم: برا! ئەوە بۆچ وات پێ ھاتووە؟
گوتی: ئەوە حیکایەتەکەی دوورە، کاتێکی تر ئینشائەڵڵا بۆت باس دەکەم.
گوتم: چۆنت زانی کە من ھاتووم؟ گوتی: دوێنێ ڕادیۆی دەنگی یەکگرتووم کردەوە، چاوپێکەوتنێکی ساز دابوو، لە وتوێژ و قسەکانەوە ھەستم کرد ئەم دەنگە لە دەنگی مامۆستا "حەسەن پێنجوێنی" دەچێت، گوێم لێ گرت تا تەواو بوو، لە کۆتاییدا پێشکەشکەری بەرنامەکە گوتی: زۆر سوپاسی مامۆستا حەسەن پێنجوینی دەکەین بۆ ئەم چاوپێکەوتنەی.. ئیتر بەتەواوی بۆم ڕوون بووەوە کە جەنابت ھاتوویت بۆ ھەولێر. تەلەفۆنم بۆ ڕادیۆ کرد و ھەواڵی ئێوەم پرسی، گوتیان: لەوانەیە سبەینێ لە مەکتەبی سیاسی بێت، ئیتر منیش ترۆمبێلم گرت و ھاتم بۆ لات.
دایکیشی گوتی: وەڵڵا مامۆستا! ئەمشەو لە خۆشیی تۆ خەوی لێ نەکەوتووە. ھەر باسی دەکرد و باسی دەکرد.
ئەم کاک حەسەنە ئیمانێکی زۆر قایم و پتەوی بۆ دروست بووبوو، ڕازی بە قەزای خوا، شاعیر و ئەدیب، وریا و بلیمەت، زۆر بەعیززەت و بەھیممەت بوو، نزیکەی پێنچ سەد دینارێک لە باخەڵمدا ھەبوو، ھەستام کردم بە گیرفانیا، وەری نەگرت و دایەوە بە سەرما و گوتی: ئەگەر ئەمەت لێ وەر بگرم ئیتر یەعنی نابێ جارێکی تر بتبینمەوە، ھەرچی ھەوڵم دا وەری نەگرت. دە ئەوەندەی تر گەورە بوو لە پێش چاوم.