بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سى و حەوت
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سى و حەوت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/01/03     299 جار بینراوە    


گورچیلەکانی وەستابوون: زیندانییەکانی خەلەکان:

سبەینێ کە لەخەو ھەستاین و نانی بەیانیمان خوارد، دەستنوێژێکم شۆرد و چەند ڕکاتێ نوێژی چێشتەنگاوم بەجێ ھێنا، بە دڵ و دەروونێکی گەرم و ملێکی لار و زەبوونەوە، بە پێویستییەکی تەواوەوە، تەقەمان لە دەرگای ڕەحمەتی بێپایانی پەروەردگار دا، دەستم کردە پاڕانەوە و لاڵانەوە و ھانابردن، زۆری پێ نەچوو یەکێک لە خەلەکانییەکان، کە شەوانە زۆر بەباشی گوێی بۆ باسە ئایینییەکان دەگرت، ھاتە لامەوە و گوتی: مامۆستا! لێکۆڵینەوەت تەواو بووە؟

گوتم: برام! وەڵڵاھی نازانم!

گوتی: کاغەزیان دایتێ ئیمزای بکەیت؟

گوتم: نەخێر.. بۆچی؟

گوتی: ئەوەی لێکۆڵینەوەی تەواو دەبێ وەرەقەیەک دەخەنە بەر دەستی و ھەموو ئەو شتانەی کە خۆی گوتوویەتی بۆی ئەخوێننەوە، و دەڵێن: ئیمزای بکە، یا پەنجەی پیا بنێ، کە ئەمە قسەی تۆیە، جا ئەو کەسەی بەزۆر شتی پێ بڵێن و ئیعتیرافی پێ بکەن، لای (موحەقیق عەدلی) دەتوانێت پەشیمان ببێتەوە و بڵێ: بەزۆر ئەو قسانەیان پێ کردووم، دەنا من وا ناڵێم! بەڵام لە دواییدا مەگەر خوا نەیکوژێت، دەنا ئەیکوژن! ئەوەندە سزای ئەدەن.

گوتم: ئەگەر تەحقیق ئەوە بێ، تا ئێستا من تەحقیقم تەواو نەبووە. ئەی تۆ تەحقیقت لەگەڵ کراوە؟

گوتی: بەڵێ، بەڵام مەسەلەی من لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە (تەحقیق) نەبوو، کوشتن بوو، کوشتن!

گوتم: چۆن؟

گوتی: تەماشای مەچەکم بکە، خۆ ئەو مەچەکەی تریشم دەبینی؟

گوتم: بەڵێ، مەبەستت ئەو ھەڵدڕاوەیە، کە دروومان کراوەتەوە؟

گوتی: بەڵێ.

گوتم: ئەوە ھۆی چی بوو؟ بۆچ وات لێ ھاتووە؟

گوتی: ئێمە ھەشت کەس بووین، حەوت قوتابی و شۆفیرێک، لە دێھاتەکانی خەلەکانەوە ڕاپۆرتێکیان لێ نووسیبووین: کە گوایە: ئێمە پەیوەندیمان بە ڕێکخراوێکی ڕامیارییەوە ھەیە! لە ئەمنی خەلەکانەوە بانگیان کردین، بەڵام بە چ جۆرێک؟

گوتیان: ھەندێ بلۆکمان ھەیە وەرن لە تەکمانا چاکیان بکەین! ئێمەش ڕۆیشتین، ئەوانەی ناویان لەناو ڕاپۆرتەکەدا نەبوو، لەوێ ناردنیانەوە، ئێمەیان گل دایەوە و حەواڵەی سلێمانییان کردین، بردینیان بۆ تەواری (طوارئ)، لەوێ لێکۆڵینەوەیان لە تەکمانا دەست پێ کرد.

ئەو برادەرە چاوشینە دەبینیت؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: ئەوە یەکەم کەس بوو کە پرسیاریان لێ کرد، چونکە منداڵ بوو، دنیای نەدیبوو، بوختانی بۆ خۆی کرد و گوتی: بەڵێ، ئێمە لە ڕێکخراوداین.

ئینجا ھاتنە گیانی من، ھەرچی پرسیاریان کرد، گوتم: ئاگام لە ھیچ نییە، دانم بە ھیچ شتێکدا نەنا، بە شەق و بە لەقە تێم بەر بوون، بە لەقە چوونە سەر ورگم، بە کێبل ئەوەندەیان لێ دام تا خوێن لە دەم و لووتمەوە ھاتە دەر! وەک لێفەشڕەکەی مامۆستا قانیعیان لێ کردم، عەیب نەبێ میزم بوو بە خوێن!

حاڵەتەکەم زۆر مەترسیدار بوو، بردمیان بۆ خەستەخانەی سەربازی، لەوێ دکتۆر گوتی: دەبێ خێرا بیگەیەننە بەغدا، چونکە ھەردوو گورچیلەی لە کار کەوتووە!

بەپەلە گەیاندمیانە بەغدا، خێرا خستمیانە ژێر ئۆکسجینەوە و ھەردوو گورچیلەمیان بە دەزگایەک پاک کردەوە، ھەردوو لاق و ھەردوو مەچەکیان ھەڵدڕیم، تا گورچیلەکانم بکەونەوە کار، ماوەی دوو مانگ و نیوی تەواو لە خەستەخانە بووم.

ئەم ئەشکەنجە و لێدانەی من بۆ ھاوەڵەکانم بوو بە خێر، ئیتر ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەوانیان نەدابوو.. ئەو برادەرەش پەشیمان بووەوە.

ئێمە ئەوە حەوت مانگی تەواوە لێرەین، تا ئێستا کەسیان لێ بەر نەداوین، کەسوکارمان ھەواڵمان نازانن، نەشیانھێشتووە دایک و باوکمان سەرمان لێ بدەن! بەڵام بەتەماین لەم ماوەیەدا بەر ببین، بەتەمای خوای گەورە، خوا شوێنەواری زاڵم نەھێڵێ".

ئەم کوڕەی ئەم بەسەرھاتەی خۆیانی بۆ گێڕامەوە ھێشتا برینی دەستێکیانی خۆش نەبووبووەوە، کوڕێکی باڵا بەرز، مووڕەش، چاو وردیلە، گەنمڕەنگێکی مەیلەوسپی، زۆر فامیدە و ھۆشیار، دەنگی زۆر گەورە نەبوو، و زۆر بەحەیا و بەئەدەب بوو، شەوانە لەکاتی قسەکردنەکان و باسی ئاینیدا زۆر بەباشی گوێی دەگرت، ھەر زۆر منی خۆش دەویست و دەیگوت: خۆزگە مامۆستا بەر دەبوویت و سەرێکی خەلەکانت دەدا و دێنییەکت دەکردین!

ئەم برادەرە خەریک بوو تووکی سەری دەڕووتایەوە، گوتم: ئەوە لەمەوپێشیش وا بوویت؟

لەو لاوە مام حسێن گوتی: نەوەڵڵا وا نەبوو، زۆر جوان، مووڕەش، سپیپێست، مووی سەری زۆر چڕوپڕ بوو، بەڵام لەژێر ئەو ئەشکەنجە و ئازاردانەدا وای لێ ھات، لەڕاستیشدا ھەر ئەم بوو بەرگەی گرت، دەنا ھەرکەسێکی تر بووایە، ئێستا شوێنەواری نەمابوو!! (١)

نامەکەی صادق:

  - ئەم کوڕەی ئەم بەسەرھاتەی خۆیانی بۆ گێڕامەوە لە کاتێکا بەر بووبوو ھەواڵی ماڵی ئێمەی پرسیبوو، ڕۆیشتبووە ھەوارەبەرزە و ھەواڵی منی بە ماڵەوەمان دابوو.

لە سالێ ٢٠٠٢ کە ڕۆیشتمەوە بۆ کوردستان، لە مانگی پێنجدا سەرێکم لە ناوچەی ڕانیە دا، لە مەڵبەندی ڕانیەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەو برادەرەم بینییەوە، بەڵام من نەمناسی، ئەو خۆی پێ ناساندم و گوتی: مامۆستا! من ئەو کوڕە خەلەکانییەم کە لە ھۆڵی زیندانەکەی سلێمانیدا پێکەوە بووین! ئیتر منیش باوەشم پیا کرد و ئەملاولام ماچ کرد و ھەواڵی خۆیم لێ پرسی گوتیان: ئێستا ئەندام لقە لە یەکگرتوودا.

پاشان خۆیشی نامەیەکی بۆ نووسیم، کە زۆر پێی شادمان بووم ئەمە دەقی نامەکەیەتی:

"بە ناوی خوای گەورەی میھرەبان"      ٢/٥/٢٠٠٢

برای زۆر بەڕێزم مامۆستا "حەسەن پێنجوێنی" دوای سەلام و ڕێزمان بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست.

زۆر خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر ئەزانم، کە بە خزمەتی جەنابت گەیشتم و بە دیداری یەکتری شاد بووینەوە لە کاروانی یەکگرتوودا، ئینشائەڵڵا بە ھەمان شێوە لە بەھەشتیش بە یەکتری شاد ئەبینەوە.

بەڕێز مامۆستا گیان! دوای سوپاسی خوای گەورە لەسەر ئەوەی، کە ھیدایەتی دام بۆ دینی خۆی، زۆر سوپاسی جەنابیشت ئەکەم، یەکەم کەس بوویت کە بە قسەی جوان و چیرۆک و بەسەرھاتی ئیمانی ڕووناکیت خستە ناو دڵ و دەروونم و بوویتە مایەی ئەوەی، کە دڵم نەرم بکەیت لە بیستنی حەق و ڕاستیدا، لە کاتێکا من و ھاوزیندانییەکان لەوپەڕی نەزانی و سەرکەشی و بێئاگاییدا بووین، بەتایبەتی من کە لە قۆناغی ھەرزەکاریدا بووم، بەڵام ئەوەی کە باشە بێ تیامدا ئەوە بوو: کە زۆر حەزم لە بیستنی قسەکانی جەنابت بوو، دیارە ئەوەش فیترەتەکەیە.

مامۆستا گیان! دوای ئەوەی لە یەکتری جیا بووینەوە، پاش بەسەربردنی چوار مانگ لە زیندان لە (١٨/٢/١٩٨٧) ھەژدەی دووی ھەشتا و حەوتا، لەگەڵ ھاوڕێکانم (خەلەکانییەکان) ئازاد کرام، منیش لە بەرەکەتی ھیدایەتی خوا و-پاشان-ئامۆژگارییەکانی جەنابت و ئاسەواری بارودۆخی زیندان، ھەر لە زینداندا بڕیارم دا بوو: ھەرکاتێک ئازاد بکرێم دەبێت ڕوو لە خوا بکەم و قورئان بخوێنم، بەڵام کاتێ ئازاد کرام نەمتوانی ئەو ساڵە خوێندنەکەم تەواو بکەم، کە لە پۆلی پێنجەمی زانستی بووم، ھەر عەوداڵی ئەوە بووم، کەسێک ھەبێ فێری قورئانم بکات،(شایەنی باسە ئەو کاتە لە قورئان ئەترسام و نەمئەوێرا دەستی لێ بدەم)، خۆشبەختانە خوای گەورە ھەر لە ڕەمەزانی ئەو ساڵە (١٩٨٧)دا برایەکی موسڵمان بە ناوی (عزالدین عبداللە) کە ئێستا بە یەکەوە ھاوکاروانین لەناو یەکگرتوودا، لە ڕۆژی دووەمی ڕەمەزاندا دەعوەتی من و چەند کەسێکی کرد بۆ قورئانخوێندن، منیش بە ئاواتی خۆم شاد بووم، ھەر لە ڕەمەزاندا قورئانێکم ھەدیە کرد، خوای گەورە پاداشتی جەنابت و ئەو برایە بداتەوە بە بەھەشتی نەبڕاوە، کە بوونە ھۆی ڕزگاربوونی من و کەسانی تریش لە نەزانی و نەشارەزایی.

مامۆستای بەڕێزم! من و ھاوڕی زیندانییەکانم ئەو کات لەسەر مەسەلەی نیشتمانی و حیزبی عیلمانی زیندانی کرابووین، سەرەتا بەو دەستگیرکردنە زۆر ناڕەحەت بووم، بەڵام کاتێ ئازاد بووم و خۆم دۆزییەوە و زانیم کە زیندان بۆ من بووە مایەی خێرێکی گەورە و خاڵی وەرچەرخانی ژیانم بەرەو باشتر، بەپێچەوانەوە پێی دڵخۆش بووم، ئێستاش لە فەزڵی خواوە ڕۆژ بەڕۆژ بەو کاروانە دڵخۆشترم و ئومێدم وایە خوای گەورە تاکو مردن سابت و بەردەوامم بکات لەگەڵ ھەموو براکان.

مامۆستای بەڕێزم! ھیوادارم ئەم داواکارییەم جارجارێک کە بیرت کەوتمەوە بۆ جێبەجی بکەیت، داواکارییەکەم ئەوەیە، کە لێرە یان لە (ئوسترالیا)ی دوورەوڵاتەوە دوعای خێرم بۆ بکەیت و بۆم لە خوای گەورەو میھرەبان بپاڕێیتەوە کە:

١- لە گوناھەکانم خۆش بێت و دڵسۆزی و تەقوام زیاد بکات.

٢- زیاتر ھیدایەتم بدات و ھیدایەتی خۆیم لێ نەبڕێت.

٣- زیاتر ڕەحمەت و بەزەیی و میھرەبانی خۆیم بەسەردا بڕێژێت.

٤- زانستی سوودبەخشم پێ بدات و ئیستیقامە و بەردەوامیی زیاترم پێ بدات بۆ کاری دەعوە و بانگەواز.

٥- وام لێ بکات ھەر ئەرک و کارێک کە جەمعەکەم پێم ئەسپێرێت لە ئاستیدا بم و بتوانم جێبەجێی بکەم.

٦- وام لێ بکات ڕووناکی و چرای ھیدایەت بم بۆ دەوروبەری خۆم.

٧- تۆبە و گەڕانەوە و ھەوڵ و خەباتم لێ وەر بگرێت، لە خەسارەتمەندان نەبم لە ڕۆژی قیامەتدا.

٨- نیەتی پاکم بەردەوام بکات و لە شەڕی شەیتان و ھەوا و ئارەزوو و ڕیابازی بمپارێزێت.

٩- بەشی باشمان پێ بدات لە دنیا و قیامەتدا.

١٠- ھەرچی شتێک کە بە خێر و چاکی دەزانی، بۆم لە خوا بپاڕێرەوە، چونکە زۆر ئیحتیاجم بە پاڕانەوەی جەنابت و ھەموو برایەکی موسڵمانم لە پشتی غەیبەوە، بۆیە زۆر داکۆکی دەکەم لە دوعابۆکردنم، چونکە پێغەمبەر "صلى الله علية وسلم" دەفەرمێت:" دَعْوَةُ الْمَرْءِ الْمُسْلِمِ لأَخِيهِ بِظَهْرِالْغَيْبِ  مُسْتَجَابَةٌ." ڕواه مسلم في الذكر والدعاء برقم: 4914، وأحمد برقم: 20717.

واتە: دوعای ئینسانی موسوڵمان بۆ برا موسوڵمانەکەی لە پاشملە  گیرایە.

سەنگەسەر

                         2/5/ 2002  صادق عبد الله صادق.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure