بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و سێ
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و سێ
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/02/13     275 جار بینراوە    


بەرەو بەغدا:

لە چێشتەنگاوی ڕۆژی یەک شەممە ٢٢ / ٢ /١٩٨٧ ناوی من و حاجی ڕەشیدیان خوێندەوە، خەڵکەکە وایان دەزانی بەر دەبین، گەردنئازاییان لە تەکا کردین و پیرۆزباییان پێ گوتین، ھەندێ ڕاسپاردەیان کردین.

پاش نێو سەعاتێک دەرگایان کردەوە، دیسان من و حاجی ڕەشیدیان بانگ کرد، ئێمەش چووینە دەرێ، چاویان بەستین و کەلەپچەیان کردین و لە دەرگای بەڕێوەبەرایەتیی ئەمن بردینیانە دەرەوە، ئینجا کردینیانە خانەی دووەمی پیکابێکی شۆفرلێتی سەربەتاڵەوە وچاویشیان کردینەوە.

پاش ماوەیەک پیکابەکەیان بەرەو گەڕەکی شۆڕش (عەقاری) برد، خۆی کرد بە ئەمنە سوورەکەدا (ئەو کاتە ئەمنی ئابووری بوو). کەمێک وەستاین تا میردمنداڵێکی عەرەبیان ھێنایە خوار و لە پەنای ئێمەدا کەلەپچەیان لە دەستی کرد، ئەم کوڕە ھەر وەک دوایی باسیان کرد ناوی قاسم و خەڵکی بەیرە بوو، ڕژێم دوو برای ئیعدام کردبوو، باوکیشی گیرابوو، خۆیشی ویستبووی لە سنووری کوردستانەوە ھەڵبێ و بۆ ئێران بڕوات، بەڵام لەبەر نەشارەزایی لە نزیک چوارتاوە گرتبوویان. لەگەڵ ئێمەدا ئەویشیان بۆ بەغدا نارد.

ھەرسێکمان دەستمان پێکەوە بەسترابوو، نانی بەیانیمان نەخواردبوو، کە لە سلێمانی دەر چووین، بۆ نزیکی نیوەڕۆ گەیشتینە (توزخورماتوو)، گوتمان: برسیمانە، ئەوانیش پارەیان لێ وەر گرتین و نانیان بۆ ھێناین.

ئاواتخواستن

ئەوی شایەنی باسە ئەمنەکان کاتێ ڕۆیشتن بۆ نانخواردن دەستیان کردینەوە، کڵاشینکۆفەکەیان بە دوو مەخزەنەوە لەناو پیکابەکەدا جێ ھێشتبوو، ئەگەر لەو کاتەدا ئێمە سایەقیمان بزانیایە، زۆر بەئاسانی ئەمانتوانی دەرباز ببین! ئا لەویادا ئاواتم بۆ ئەوە دەخواست لێخوڕینی ترۆمبێلم بزانیایە! بەڵام ئاواتخواستن تازە چ سوودێکی ھەیە!! بۆیە من پێم وایە وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی ھەرموسڵمانێک دەبێت سایەقی بزانێت!

پاش نانخواردن ئەمنەکان سوار پیکابەکە بوونەوە و دەستیان بەستینەوە، ڕێ کەوتین لە ڕێگەدا خەریک بوو نوێژی نیوەڕۆمان بچێت، بۆیە گوتمان: ڕێمان ئەدەن نوێژەکەی نیوەڕۆمان بکەین؟

گوتیان داتاننابەزێنی!

گوتمان: قەیدی نییە، ئەگەر دەستمان بکەنەوە بە جلوبەرگی خۆمان تەیمووم دەکەین و نوێژی پێ دەکەین، نامانەوێ دامانبەزێنن.

ئەوانیش دەستی من و حاجی ڕەشیدیان کردەوە و تەیمووممان کرد و بە کورتکردنەوە و کۆکردنەوە نوێژی عەسر و نیوەڕۆمان بەجێ ھێنا، ئیتر تا گەیشتینە پەنای ئاسایشی گشتی کەلەپچەکانیان نەکردەوە دەستمان، ھەر پێمان نایە ئەودیو دەرگای ئاسایشی گشتییەوە، چاکەتەکانی خۆیانیان داکەند و دایان بە سەروچاوی ئێمەدا، تا ھیچ شتێ نەبینین! بۆ عەسرێکی درەنگ ئێمەیان بردە ئەوێ، وا دیارە کاری تریان پێ سپێررابوو، چونکە چەندین کاری تریان کرد، ئێمەیان زۆر دوا خست!

لە ئاسایشی گشتیی بەغدادا: (فی الأمن العامە)

ھەر وەک باسم کرد بۆ عەسرێکی درەنگ ئێمەیان بردە ناو ئاسایشی گشتییەوە، لەوێش لق و چڵوپۆپی تری زۆری تیایە، ئێمەیان بۆ لقێک برد، قاسمە بەیراوییەکەش بۆ لقێکی تر. بەڵێ، لە بەردەم بەشی قەڵاچۆکردنی کۆنەکاری (شعبە مکافحە الرجعیە)( )دا  ئێمەیان دابەزاند!

پاشان بە خانوویەکی سێنھۆمدا پلە بەپلە سەریان خستین! بۆ من زۆر ناڕەحەت بوو، بەڵام دەسەڵات نەبوو، ئاوی زاڵم سەرەوژوور دەڕوات! بە دەستەچەپی پلەکاندا بردینیانە ژووری یارمەتیدەری بەڕێوەبەر، یارمەتیدەر کورتەباڵایەکی ورگزل، سمێڵپان، مووڕەش، چاوقەوی و گیپنی ناوچاوتاڵ بوو، سەرەتا ڕووی کردە حاجی ڕەشید و بەعەرەبی لێی پرسی، پاشان ڕووی کردە من و گوتی: ناوت چییە؟

گوتم: حەسەن.

گوتی: باوکت.

گوتم: موحەممەد ئەمین.

گوتی: پەنجەوینی؟

گوتم: بەڵێ، پێنجوێنیم.

خۆ شێت نەبوویت؟

لەویادا بزەیەک گرتمی، لەبەر دوو شت: یەکەمیان: دکتۆر عیسام ئەوەندە باسی پێنجوێنی کردووە، ئەمانە لەبەریان کردووە و ھەر ناوەکەی باس کرا دەزانێ کێیە و کێ نییە!

دووەم شێوەی یارمەتیدەر لە مدیر ئەوقافێکی بەغدامان دەچوو. بە دیتنی ئەم ئەو ڕووداوەم بیرھاتەوە، لەوانەیە بڵێیت ئەو ڕووداوە چی بوو؟

ئەڵێم: لەو کاتەدا کە لە بەغدا بووین، من لە چەند مزگەوتێکدا ئیمام بووم، بە ھۆی زانکۆوە نەمدەتوانی نوێژی عەسر و نیوەڕۆ لە مزگەوتا بەئیمامەت بکەم، چونکە ماڵەکەمان لە مزگەوتەوە یەک سەعات بەپێ دوور بوو، ترۆمبێلیشم نەبوو، ئاوا نەمدەتوانی نوێژی بەیانییش ئامادە بم!

منیش لە لیستێکدا ناوی ئەو نوێژانەم نووسیبوو، کە ئامادەیان نەبووبووم، لەگەڵ داخوازییەکدا لیستەکەم پێشکەش بە بەڕێوەبەری ئەوقافی ڕەیافە کرد، لە داخوازییەکەدا نووسیبووم: داواتان لێ دەکەم: بە ئەندازەی بەشی ئەو نوێژانەی لە مزگەوتا حازر نەبووم لە معاشەکەم ببڕن! با دڵئاسوودە بم و بەئیسراحەت بژیم!

مدیرەکە بانگی کردمە ژوورەوە، ماوەیەک تێم ڕاما و پاشان گوتی: تۆ تێک نەچوویت؟ شێت نەبوویت؟

گوتم: نەوەڵڵا شێت نەبووم، ساق و سەلیمم! بۆچی ئەوەت پرسی؟

گوتی: کوڕم! ئەگەر شێت نەبووبیت چۆن بە دەمی خۆت داوا دەکەیت لە معاشەکەت ببڕین؟

گوتم: من معاش وەر دەگرم تا لە مزگەوت ئامادە بم و پێشنوێژی بۆ خەڵکی بکەم، کاتێ لەوێ ئامادە نەبم و پارەی ئەوەش وەر بگرم ئامادە بوون بەلامەوە حەرامە، و پێم وایە منداڵەکانم نانی حەرام دەخۆن، ئەوان تاوانیان چییە من نانی حەرامیان دەرخوارد بدەم؟ ئیمانەکەم دەمکاتە بەرپرسیار و ئازارم ئەدات.. پاشان گوتم: ناھەقیشت نییە کە بە شێتم بزانی، چونکە پارە خۆشەویستە، بەڵام بەھەشت خۆشەویستترە و پارەلێبڕین ناخۆشە، بەڵام ئاگری جەھەننەم ناخۆشترە!

مدیرەکە سەرێکی بادا و ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و گوتی: بڕۆ، وەڵڵاھی لێت نابڕم!

گوتم: ئاخر لە ڕۆژی قیامەتدا تۆ لێپرسراو دەبێت و تاوانەکەی لە ئەستۆتا دەبێت! بۆیە من ھاتووم و داخوازیم نووسیوە تا لەو ڕۆژەدا تاوانبار نەبم!

گوتی: بابە گیان! بڕۆ، من بەرپرس دەبم، دەینت بە ئەستۆم، دەستی ماڵی بە گەردنی خۆیا.

کاتێ یارمەتیدەرم بینی، ئەو ڕووداوەم بیر کەوتەوە.

بەرەو زیندانی تەنیایی (الزنزانە الانفرادیە):

لای یارمەتیدەر ھاتینە دەرەوە، لە ژووری چاوەڕوانیدا دایانناین.. چەند کەسێکی زل و کەتە و ناوچاوتاڵم بینی، کە لەوێ دانیشتبوون، سیخوڕەکان دەستیان بۆ بەرز دەکردنەوە و سڵاویان لێ دەکردن، بە وشەی (گەورەم) قسەیان لە تەکا دەکردن، وا دیار بوو قۆمیسەر بوون. بە دیتنیان ترسمان لێ نیشت، چونکە ئەگەر شەقیان لە ھەرکەس ھەڵدایە یەکاڵایان دەکردەوە، یا داریان لە ھەرکەس بدایە دەیانکوشت!

بە یەکێکیانم گوت: من نەخۆشیی گورچیلەم ھەیە، زۆر پێویستم بە ئاوخواردنەوە و ئاودەست ھەیە.. گوتی: خەمت نەبێت، دەتبەنە شوێنێکەوە بە دڵی خۆت بێ، ئاو و ئاودەستی سەربەخۆی تیابێت، دەتوانی بەتەواوی ئیسراحەتی تیا بکەیت!

  ئینجا تەلەفۆنەکەی ھەڵگرت وگوتی: ھەلەو. چۆنی، چاکیت... سوپاست دەکەم، ئەرێ ژووری چۆڵتان ھەیە؟ ئێ، ئێ،... دە باشە، ژوورێکمان پێویستە... ئیتر تەلەفۆنەکەی دانایەوە. لەو کاتەدا ژەمە نانی ئێوارەیان دابەش دەکرد، یەکی دوو شفتە و دوو سەموونیان داینێ، ھەر لەوێدا خواردمان! پاشان ئەمنێکی بانگ کرد و گوتی: بیان بە بۆ ژووری تەنیایی (ئینفیرادی)یەکان.

ئیتر کەلەپچەیان لە دەست کردین و چاویلەکەیەکی سیواقدراو بە بۆیەی ڕەشیان لە چاو کردین، پەلیان کێشکردین و بە پلەکاندا بردینیانە خوارەوە، لە بەردەرگایەکدا لەوبەر شەقامەکەوە وەستاندینیان و لە دەرگایان دا، دەرگا کرایەوە.. پۆلیسێکی ئەمن چەک بەدەست و بە جلی سەربازییەوە گوتی: چیت دەوێ؟

ئەمنەکەی لە تەک ئێمەدا بوو، نامەیەکی دایە و گوتی: ئەمانە تەسلیم دەکەین! خانووەکە دوو نھۆم بوو، لە دەرەوە کەس ھەستی نەدەکرد ئەمە زیندان بێت و زیندانی تەنیاییش، ھیچ جۆرە پاسەوان و یاساوڵێکی بە دەورا دیار نەبوو!

پۆلیس   تەسک و باریکەکاندا سەری خستین، لەبەر یەکەم ژووری دەستەچەپدا وەستاندینیان و دەستیان بە پشکنینمان کرد، شەست دینارێکم پێ بوو، لێیان نەسەندم، ئیتر چی وەرەقە و کاغەزمان پێ بوو لێیان سەندین، گۆرەوی و قەمسەڵە و ڕانکوچۆغە و پشتێن و داردەستە ئاسنینەکەیان لێ سەندم و خستیانە ژوورێکەوە و بۆیان ھەڵگرتین! لە سەرمادا ئەلەرزین، خۆشبەختانە بیجامەیەکم لەژێرەوە لە پێ کردبوو، دەنا ھەر ڕەق دەبوومەوە!

گوتم: پیاوی چاک بن! بە لای کەمەوە قەمسەڵەکەم بدەنەوە.

بەتووڕەییەکەوە گوتیان: ھەر ئەوەیە قسەی زیاد نەکەیت و بێدەنگ بە! ئیتر وەک کۆیلە دایانینە بەر و بۆ ژووری  ژمارە ٢٢ بردیانین.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure