بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و نۆ
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل و نۆ
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/02/27     281 جار بینراوە    


ئەبـــــــو صەبـــــــاح:

کابرایەکی فرەبڵێ ھەبوو، ھەموو بەیانییەک دەھات و لە دەرچەی دەرگاکانەوە تەماشای ژوورەکانی دەکرد، دەستی بە قسە و گاڵەگاڵ دەکرد و دەیگوت: پەتووەکان ھەڵبگرن، ئاوەھا پاک و تەمیز بن، لەبەر ئەوەی کە زۆر فرەبڵێ بوو، من چارەم نەدەویست، پێش ئەوەی ئەو بگاتە ژوورەکەی من، خێرا پەتووەکانم دەق دەکرد، بە دیواری ئاودەستەکەدا ھەڵمدەواسین، ئەگەر لەو ناوەشدا ڕۆژنامەیەک یا شتێ ببووایە خێرا لام دەبرد، تا بواری قسەکردنی نەمێنێ و زوو بڕوا.. بەڵام ئەو قسەی خۆی ھەر دەکرد و قیرائەتی خۆی تێک نەدەدا.

ڕۆژێکیان لە دڵی خۆما گوتم: ئەگەر تەگبیرێکی لێ نەکەم ئەم پیاوە واز ناھێنێ و بە زۆربڵێیی خۆی مێشکمان دەبات، کە دەرچەی دەرگاکەی کردەوە گوتی: ھا حەسەن!

منیش گوتم: ھا، چییە؟ بڵێ: سەلامون عەلەیکوم، تا منیش پێت بڵێم: وەعەلەیکەسسەلام!

بزەیەک گرتی و ھیچی نەوت، بەڵام قیرائەتەکەی خۆی تێک نەدا، وەک عادەتی خۆی گوتی: پەتووەکانت ھەڵ بخە با پاک بن!

منیش گوتم: تۆ ھەر باسی پاک و تەمیزی دەکەیت، ئێمە ئەسپێ خواردینی، دەرمانی ئەسپێ بێنە.

ئەوی ڕاستی بێ لەو سەرەتایەوە نەبێ شەش حەوت دانەیەکی سلێمانیم تیا مابوو،  ئەویش شەوانە جلەکانم دەدۆزی و دەمکوشتن، چونکە ژووری تەنیاییەکان ئەسپێیان نەبوو ئیتر ئەسپێم تێ نەدەھاتەوە، لەبەر ئەوە ئەسپێم تیا نەمابوو. لە سلێمانی دەرمانی ئەسپێیان بە کەس نەدەدا، منیش بۆیە ئەو داوایەم کرد تا تەریق ببێتەوە، جارێکی تر باسی پاکوتەمیزی نەکات، چونکە وام زانی لێرەش دەرمان نادەن! بەڵام کابرا زۆر سەری سوڕ ما، و گوتی: پێم سەیرە تۆ وا دەڵێیت! لێرە ئەسپێ نییە، (مەجید)ی ئەمنی لەگەڵا بوو، بە مەجیدی گوت: بڕۆ ھەر ئێستا مەڵھەمێکی بۆ بێنە.

ئەویش ڕۆیشت مەڵھەمێکی ھێنا و گوتی: ڕۆژی جارێک خۆتی پێ چەور بکە، بەم جۆرە ئەو قسەی بڕیم.. بەڵام لەو جارە بەدواوە ھەرکاتێک بھاتبایە سەلامی دەکرد و موحەببەتێکی زۆری دەنواند، وەک ئەوە بەزەیی پیاما بێتەوە!

ڕۆژێ لە مەجیدم پرسی: ئەمە کێیە؟ گوتی: ئەوە ئەبو سەباحە، لێپرسراوی ئەم ژوورە تەنیاییانەیە! لە ماوەی دوو ھەفتەدا جارێک سابوونێکی ڕەقی و سابوونێکی جلیان دەداینێ.. لەگەڵ ئسفەنجێکیشدا بۆ شۆردنی قاپی چێشت و خۆرشتەکان. ھەر بەو سابوونانە ناو بەناو لە ئاودەستەکەدا خۆمم دەشۆرد!

سوورەتی ئەلحەدید:

لەو کاتەدا کە لە ژوورە تەنیاییەکاندا بووم بەتایبەت ژووری ٢٤ وەک بولبولی ناو قەفەزم لێ ھاتبوو، بە دڵێکی خەمبار و دەنگێکی ماتەمەوە دەمچریکاند، ئەم چەند ئایەتەی سوورەتی ئەلحەدیدم دەخوێندەوە:" اعْلَمُوا أَنَّمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا لَعِبٌ وَلَهْوٌ وَزِينَةٌ وَتَفَاخُرٌ بَيْنَكُمْ، وَتَكَاثُرٌ فِي الأَمْوَالِ وَالأَوْلادِ، كَمَثَلِ غَيْثٍ أَعْجَبَ الْكُفَّارَ نَبَاتُهُ، ثُمَّ يَهِيجُ فَتَرَاهُ مُصْفَرًّا، ثُمَّ يَكُونُ حُطَامًا، وَفِي الآخِرَةِ عَذَابٌ شَدِيدٌ، وَمَغْفِرَةٌ مِنْ اللَّهِ وَڕضْوَانٌ، وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلاَّ مَتَاعُ الْغُرُوڕ، سَابِقُوا إِلَى مَغْفِرَةٍ مِنْ ڕبِّكُمْ، وَجَنَّةٍ عَرْضُهَا كَعَرْضِ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ، أُعِدَّتْ لِلَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرُسُلِهِ، ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ، وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ، مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الأَرْضِ وَلا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلاَّ فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا، إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ، لِكَيْلا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ، وَلا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ، وَاللَّهُ لا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ."الحديد/19-23.

واتە: باش بزانن ژیانی دنیا بریتییە لە گەمە و گاڵتە و جوانی و خۆھەڵکێشان لەناو یەکترا و زۆرکردنی ماڵ و منداڵ – دەزانن ئەوەش وەک چی وایە؟- وەک بارانێک وایە گژوگیایەکی جوانی پێ سەوز ببێ و کافر پێی دڵخۆش و شادمان ببێ، پاشان ھەڵچێ و شەوق پەیا بکات، دوایی زەرد دەبێت، پاشان دەبێتە قنگەڵاش و، - جا ئەو خۆشی و جوانی و سامان و منداڵزۆرییە لە ڕۆژی قیامەتا لێپرسینەوەی لەسەرە  ئەو کاتە – لە دواڕۆژا یا سزا و ئازاری سەخت و بەسوێی دۆزەخ چاوەڕوانتان دەبێ، یا چاوپۆشی و لێخۆشبوون و ڕەزامەندی لە لایەن خواوە، - جا ئاگاتان لە خۆتان بێ – ژیانی دنیا کاڵای سەرکەشی و یاخیبوونە، - یاخی نەبن – بۆ لێخۆشبوونی خوایی پێشبڕکێ بکەن و بۆ ئەو بەھەشتەی پانی و بەرینییەکەی بەقەد بەرینیی ئاسمان و زەوییە، بۆ ئەوانە ئامادە کراوە کە باوەڕیان بە خوا و پێغەمبەرەکانی ھێناوە، ئەوەش فەزڵی خوایە، و دەیدا بەوانەی مەیلی باوەڕھێنانیان ھەبێ، خوا خاوەن فەزڵی گەورە و ھێژایە، ھەر موسیبەت و ناڕەحەتییەکتان تووش ببێ، یا لەزەوی و دەروونی خۆتانا ڕوو بدات، پێش ئەوەی بیھێنینە دی لە لەوحول مەحفوزدا ھەیە و نووسراوە، بێگومان ئەوەش بە لای خواوە ئاسانە، تا خەفەت بۆ شتێ نەخۆن کە لە کیستان چووە، لەخۆباییش نەبن بەوەی پێتان دراوە. بێگومان ئەوەی خۆ بەزلزان و فیزاوییە خوا خۆشی ناوێ.

کاتێ کە قورئانەکەم دەخوێندەوە، واتای ئایەتەکان سەبوورییان بۆ دەھێنام و دڵخۆشییان دەدامەوە، لەو کاتەدا کە قورئانەکەم بەئاوازەوە دەخوێند بیری ئەو پەلەوەرانەم دەکەوتەوە، کە بۆ جوانی لە ناو قەفەز کراون، لەویادا بڕیارم دا: ھیچ گیاندارێک بۆ خۆشی و ڕابواردنی خۆم نەکەمە ناو قەفەزەوە، ھەرچەند قیاسی خۆم لەگەڵ بولبولی ناو قەفەزەکاندا ھاوکێشەیەکی لاسەنگە، چونکە ئەوان نازدارن و ھەمیشە خزمەت دەکرێن، ئێمە وەک دیلێک گیرابووین و وەک دوژمنێک سەیر دەکراین، بەڵام لەوەدا یەکمان دەگرتەوە، کە ھەردووکمان ئازادیمان لێ زەوت کرابوو.  

دوو مانگ تەنیایی:

ماوەی دوو مانگ قورئانم لا نەبوو، پاشان لە مانگی چواردا داوای قورئانێکم کرد بۆیان ھێنام، بەشی زۆری کاتەکانم بە دەورکردنەوە و لەبەرکردنەوەی قورئانەوە بەسەر دەبرد، کاتی خۆی قورئانێکی زۆرم لەبەر بوو، بەڵام لە بیرم چووبووەوە، ئەوە ھەلێکی باش بوو، بۆ لەبەرکردنەوەی، سوپاس بۆ خوا قورئانێکی زۆر، بەڵکوو ھەموو ئەوانەم لەبەر کردەوە کە پێشتر لەبەرم بوو.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure