بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سى
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سى
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/10/10     324 جار بینراوە    


نەچوون بۆ جەیشی شەعبی و مووچەبڕینی جاری دووەم

لە شەڕی هەشت ساڵەی سەروماڵسووتێنی نێوان عێراق و ئێراندا، خەڵکێکی زۆر کوژرا، خەڵکێکی زۆر دیل و بێ سەروشوێن کرا، شار و دیهاتێکی زۆر وێران کرا. حکومەتی بەعسی سۆشیالیست، بیرۆکەیەکی شەیتانی دا‌هێنا بە ناوی (سوپای میللی- جیش الشعبی) بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆرتر، لەو شەڕە ماڵوێرانکەرەدا، بەشداری بکەن، مووچەخۆر، مامۆستا و قوتابی هەمووی گرتەوە، منیش کە زۆر ڕقم لە بەعس بوو، هەمیشە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانمدا لە دژی دەدوام و پێم وا بوو ئەوەی لەو شەڕەدا بکوژرێت، لە پێناوی تاغووتا تیا دەچێت، من کە مامۆستا بووم و موعیلی خێزان و منداڵەکانم بووم، نەدەبرام بۆ سەربازی، بەڵام ئەم یاسای سوپای میللییە دەیگرتمەوە، پاش ئەوەی کە دوو ساڵ بەسەر لاقشکانەکەمدا تێپەڕی و ڕۆیشتمەوە بۆ سانەویی شۆڕش، ئەوانیش وەک سەرپەرشتی کتێبخانە دایاننام، بۆ ئەوەی موراعاتی لاقم بکەن، چەند مانگێک بەو جۆرە دەوامم کرد، ناوم هاتەوە بۆ بەشداریکردن لە (سوپای میللی- جیش الشعبی)دا، منیش ڕەفزم کرد و نەڕۆیشتم، خۆ دەمزانی ئەگەر بڕۆیشتمایە و بەشداریم بکردایە، نەیاندەناردم بۆ بەرەکانی شەڕ، چونکە لاقم شکابوو، لێم ڕوون بوو من دەنێرن بۆ ئۆفیسێک، لە سەربازخانەیەکی پشتی بەرەکانی شەڕەوە، بەڵام ئەو کەسەیان دەنارد بۆ شەڕ، کە من لە جێگەکەیدا دادەنیشتم، لەبەر ئەوە ڕەفزم کرد و نەڕۆیشتم. ئەوانیش معاشەکەیان بڕیم و بۆ جاری دووەم معاشم بڕا، ئەوان ویستیان بەو معاشبڕینە زەلیلم بکەن و چۆکم پێ دابدەن، بەڵام خودا فریام کەوت و بە عیززەتی خۆی نەیهێشت زەلیل بم.

من کە بە ھۆی نەڕۆیشتنم بۆ جەیشە شەعبی مووچەکەم بڕابوو، دۆست و ناسراوێکی زۆر دەهاتن بۆ هاوسۆزیدەربڕین و دڵدانەوەم، ڕۆژێكیان چه‌ند دۆ‌ستێك هاتن بۆ لام و دڵخۆشییان دامه‌وه‌، له‌ناو قسه‌كانیاندا ئه‌م په‌نده‌ كوردییه‌یان باس كرد كه‌ ده‌ڵێت:  "سه‌رى بێڕۆزى له‌ژێر خاكدایه‌"!

ئه‌ڵبه‌ت منیش زۆر مه‌منوونیان بووم و سوپاسم كردن، له‌وه‌ دڵنیام كردن كه‌ سوپاس بۆ خوا خه‌فه‌ت ناخۆم و ڕازیم به‌ قه‌زاى خوا، لێى به ‌زیاد بێت تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خۆگرى له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا پێ به‌خشیوم، باوه‌ڕى موتڵه‌قم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خوا ڕازیقه‌ و په‌كم ناخات!

عاده‌تم وا بوو هه‌ركه‌س بهاتبایه‌ بۆ لام دڵخۆشیم ده‌دایه‌وه‌ و شتێكم له‌ ئایه‌ت و حه‌دیس و به‌سه‌رهاتى پیاوچاكان بۆ باس ده‌كرد، كاتێک ئه‌ویش هه‌ڵده‌ستا به‌دڵخۆشییه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت و به‌جێى ده‌هێشتم.

یەکێک لەو بەسەرهاتانەی بۆم گێڕانەوە تۆبەکردنەکەی ئیبراهیمی کوڕی ئەدهەم بوو، جا له ‌وەڵامى ئه‌و براده‌ره‌دا كه‌ گوتى: سه‌رى بێڕۆزى له‌ژێر خاكدایه‌! گوتم: خوا پاداشتت بداته‌وه‌ بۆ ئه‌و بیرخستنه‌وه‌ و یادهێنانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا دڵنیا به،‌ كه‌ له‌ ڕازیقبوونى خودا دڵنیام! من به‌سه‌رهاتى ئیبراهیمى كوڕى ئه‌دهه‌مم خوێندووەته‌وه‌، كه‌ به ‌هۆى چییه‌وه‌ واز له‌ عه‌نعه‌نه‌ى پاشایەتى دەهێنێت و ئه‌و ڕووداوه‌ گرنگه‌ ژیانى ده‌گۆڕێت!! بەڵام باوه‌ڕتان هه‌بێت من له ‌ژیانى ڕۆژانه‌ى خۆمدا شتى وام بینیوه،‌ ده‌توانم بڵێم: له‌وه‌ گرنگتر بووە، ئەمەش دڵنیاییه‌كى ته‌واوى له‌ باره‌ى ڕازیقبوونى خواوه‌ بۆ به‌دى هێناوم، به‌ته‌واوى لێم ڕوونه‌ كه‌ خوا په‌كى كه‌س ناخات و ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌م لێ بووه‌ته‌ یه‌قینى، كه‌ ده‌ڵێت: سه‌رى بێڕۆزى له‌ژێر خاكدایه‌.

قه‌لى پارووڕفێن:

یه‌كێك له‌ناو دانیشتووەکاندا گوتى: مامۆستا! له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك ئه‌و باسه‌یان بیستبێت بەڵام ئێمه‌ نه‌مانبیستووه‌، ئه‌و ڕووداوه‌ى بووه‌ هۆى گۆڕینى ژیانى ئیبراهیم چى بوو؟

گوتم: ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌: ئیبراهیمى كوڕى ئه‌دهه‌م، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ودایه‌ره‌ى خۆیدا، به‌ عه‌نعه‌نه‌ى پاشایه‌تییه‌وه‌ ڕێ ده‌كه‌ون و بۆ ڕاو ده‌چن، پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند ئاسكێك ده‌كوژن و ڕاوێكى باش ده‌كه‌ن و گۆشت ده‌برژێنن، سفره ‌و خوانى پاشایى ڕاده‌خه‌ن و ده‌ست به‌ نانخواردن ده‌كه‌ن، ئا له‌و كاته‌دا قه‌لێك دێت و بێشه‌رمانه‌ پڕ به ‌پارچه‌ نانێكدا ده‌كات و ده‌یڕفێنێت!

ئیبراهیم زۆرى پێ سه‌یر ده‌بێت، چۆن ئه‌م باڵنده‌یه‌ ئه‌وه‌ند بێشه‌رم بوو، له‌ناو ئه‌م عه‌شاماته‌دا، پڕى به‌و پارچه‌ نانه‌دا كرد و ڕفاندى! بۆیه‌ فه‌رمان ده‌كات ئه‌سپى شاهانه‌ى بۆ زین بكه‌ن، سوار ئه‌سپى تیژڕه‌وى خۆى ده‌بێت و ده‌كه‌وێته‌ شوێن قه‌له‌كه‌، ئه‌و به‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌فڕێ و ئه‌میش به‌سه‌ر زه‌ویدا شوێنى ده‌كه‌وێت! تا له‌دووره‌وه‌ ده‌بینێت قه‌له‌كه‌ له‌سه‌ر گردۆڵکه‌یه‌ك نیشته‌وه‌.

ئه‌میش ئه‌سپه‌كه‌ى تاو ده‌دات و زۆر ناخایه‌نێت ده‌گاته‌ سه‌ر گردۆڵکه‌كه‌، بەڵام ده‌بینێ له‌ سه‌ر سنگى جوسته‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕێ! په‌له‌وه‌رى له ‌بیر ده‌چێته‌وه‌ و ده‌چێت بۆ سه‌ر لاشه‌ و جوسته‌ى كه‌وتوو، ده‌بینێ پیاوێكى زیندووه‌، بەڵام چوار مێخه‌ى كێشراوه‌ و به‌ گازى پشتا ڕاخراوه‌!

لێى ده‌پرسێ: ئه‌وه‌ تۆ چ كاره‌یت و بۆچ وا به‌ستراویته‌وه‌؟

ئه‌ویش ده‌ڵێ: تۆ جارێ بمكه‌ره‌وه‌ و ڕزگارم بكه‌، ئه‌و كاته‌ به‌سه‌رهاتى خۆمت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌.. ئیبراهیميش ده‌یكاته‌وه‌.

ئه‌ویش به‌م جۆره‌ به‌سه‌رهاتى خۆى بۆ ده‌گێڕێته‌ه‌وه‌ و ده‌ڵێ: من سه‌رۆكى كاروانێكى بازرگانى بووم، كوتاڵ و شتومه‌كێكى زۆرمان پێ بوو، ڕێگر و چه‌ته‌مان لێ په‌یدا بوو، ڕێیان لێ گرتین و ڕووتیان كردینه‌وه‌ و خستینیانه‌ سه‌ر ساجى عه‌لى!! زیاد له‌وه‌ نیازیشیان بوو بمانكوژن! یه‌كێكیان كه‌ هێشتا سۆلسۆله‌یه‌ك ئیمان له ‌دڵیا مابوو، پێى گوتن: ئه‌رێ برا! ئه‌مانه‌ دره‌نگ هاتوون؟ كه‌میان هێناوه‌؟ بۆچ بیانكوژین؟

گوتیان: ئه‌ى چییان لێ بكه‌ین؟

گوتى: له‌م ڕێگه‌وبانه‌ دووریان ده‌خه‌ینه‌وه‌ و له‌وێ ده‌یانبه‌ستینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پاش ئێمه‌ كه‌سێك بوو، ئه‌وا به‌رەڵڵایان ده‌كات و ئه‌و كاته‌ ئێمه‌ش دوور كه‌وتووینه‌ته‌وه‌! خۆ ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بوو ئه‌وا بۆ خۆیان ده‌مرن و ئێمه‌ش له ‌ده‌ستیان ڕزگارمان ده‌بێت!

جا ئه‌وه‌ سێ ڕۆژى ته‌واوه‌، من لێره‌دا چوارپه‌لم به‌ستراوه‌ته‌وه‌، خوا ئه‌م باڵنده‌یه‌ی بۆ ڕام كردووم و وه‌ك مه‌ئموورێك دێت، له‌سه‌ر سنگم ده‌نیشێته‌وه‌ و به‌ ده‌نووك نان به‌ده‌ممه‌وه‌ ده‌كات! پێش ئه‌وه‌ى تۆ بێیت پارچه‌نانێكى بۆ هێنا بووم، له‌گه‌ڵ تۆ ده‌ركه‌وتى ئه‌ویش هه‌ڵفڕى و ڕۆیشت!

كاتێک ئیبراهیم ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ ده‌بیستێت، ته‌زوویه‌ك به‌ هه‌موو له‌شیا دێت، تاسێك ده‌یباته‌وه‌ و سه‌رى له‌ كارى خوا سوڕ ده‌مێنێت، له‌ویا بڕیار ده‌دات: واز له ‌ته‌خت و تاجى شاهى بهێنێت و ڕوو بكاته‌ عیباده‌ت و گۆشه‌گیرى!

پاش گێڕانه‌وه‌ى به‌سه‌رهاته‌كه‌ گوتم: برایان! خوا ڕزقى ئه‌و پیاوه‌ى به‌و په‌له‌وه‌ره‌دا ناردووه‌، بۆى كردووەته‌ وه‌سیله‌ى ژێوارى، من بڕواى ته‌واوم هه‌یه‌ كه ‌ڕزقى من چى بێ بۆم ده‌نێرێت، چونكه‌ ڕازیقى من خودایه‌، نه‌ك ده‌وڵه‌ت، مانگانه‌كه‌م وه‌سیله‌یه‌ك بوو بۆ ڕزقم، ئه‌و نه‌ماوه‌ خوا وه‌سیله‌یه‌كى ترم بۆ ئه‌سازێنێت.

ئینجا ئه‌وه‌ش بزانن كه‌ ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ى ئیبراهیمى ئه‌دهه‌مه‌ پێى ده‌گوترێتت: هه‌واڵ "خبر "، هه‌واڵیش ئیحتیمالى ڕاست و درۆى هه‌یه‌، بەڵام من له‌م نه‌خۆشییه‌مدا شتى وام دیوه‌، زۆر له‌و ڕووداوه‌ سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌رتر. بۆ نموونه‌:

له ‌كاتى معاشبڕانى دووه‌مدا بازرگانێكى پێنجوێنیی ناسراو (خودا پاداشتی بە فیردەوس بداتەوە) بە ناوی "فەرەج عەلی مەحموود" ھات بۆ سەردانم و گوتی: مامۆستا! بیستوومە مووچەکەت بڕاوە، زۆرم پێ ناخۆش بووە! دڵ لە دڵ نەدەیت خوا پەک ناخات، گوتم زۆر سوپاس کاک فەرەج گیان، ئیمانم بە ڕازقبوونی خوا هەیە و یەک گەردیلە گومانم تیایدا نییە.. گوتی: ئەو خەڵکە نانەقەیسی دەبەن بۆ بەغدا، بۆچ تۆیش نایبەیت؟

گوتم: ئاخر کاک فەرەج.. پارەم نییە.. تا بیکڕم و بیبەم بۆ بەغدا! گوتی: مامۆستا! من کارگەی نانەقەیسیم ھەیە، یەک توێتای فەلاحیت بۆ بار دەکەم، بیبە بۆ بەغدا و بیفرۆشە، کە فرۆشتت و هاتیتەوە پارەکەم بدەرێ!

گوتم: ماڵت ئاوەدان بێت. خوا لێت ڕازی بێت. ئەمە پیاوەتییەکی گەورەیە و  بیرۆکەیەکی زۆر باشە.

ھەر ئەو ئێوارەیە پیکابێکم بەکرێ گرت بۆم بگەیەنێتە بەغدا بە ٢٥ دینار، وەرز وەرزی بەھار و ڕۆژگار درێژ بوو، شەوێ بارمان کرد و بەیانی زوو پاش نوێژی بەیانی بەڕێ کەوتین بۆ بەغدا، ئەمە یەکەم جاریشمانە ئەو کارە بکەین، ھەر ئەو ڕۆژە خوا بۆی فرۆشتین و بۆ نوێژی عیشا گەیشتینەوە ناو شاری سلێمانی، بە ئەندازەی مووچەی سێ مانگی تەواو من لەو پیکابە نانەقەیسییە خێرم کردبوو، (اللە اکبر)!! سەرمایەکەم بردەوە بۆ ئەو پیاوە جوامێرە و زۆر سوپاسم کرد لە تەک دوعای خێردا.

بەڵێ .. خوشک و برایانی موسوڵمانم ئەگەر ژێواری ئێمە بە دەست حیزبی بەعسەوە بووایە، دەبوو لە برسا بمردینایە.. بەڵام ڕزق و ژێواریمان تەنیا بەدەست ئەلڵایە.. ئەوەتە خوای باڵا دەست دەفەرمێت:"  يَا أَيُّهَا النَّاسُ اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ، هَلْ مِنْ خَالِقٍ غَيْرُ اللَّهِ يَرْزُقُكُمْ مِنَ السَّمَاءِ وَالأَرْضِ؟ لا إِلَهَ إِلَّا هُوَ، فَأَنَّى تُؤْفَكُونَ؟ " فاطر /٣. واتە: ئەی خەڵکینە! باسی ئەو بەھرە و نیعمەتانە بکەن کە خوا پێی داون، ئایا جگە لە ئەڵڵا  خالقێکی تر لە ئاسمانان و زەویدا ھەیە، ژێواریتان بدات؟ جگە لە خۆی خوایەکی تر نییە، ژێواریتان بدات، ئیتر چۆن بوختانی وا دەکەن، کەسێکی تر بە ڕازقی خۆتان دەزانن؟ بەعس مووچەی بڕیم بۆ ئەوەی زەلیلم بکات، بەڵام کاتێ من ئەو زەلیلییەم قبووڵ نەکرد خوای باڵادەست ئاوا ڕزقی دام! کە بەقەد مووچەی سێ مانگی تەواوی لەیەک ڕۆژا بۆ ناردم! ئایا ئەمە نیعمەتی پەروەردگارمان نییە؟

کە وا بوو خۆشەویستانم با لەبەر خاتری معاش و پارە و پووڵ دینەکەمان نەفرۆشین، بۆ ڕەزامەندیی زاڵمان خۆدا لە خۆمان نەڕەنجێنین.

#   #   #

لە ماڵئاواییکردنی باسی سەنگەسەردا

 پێویستە ئەوە بڵێم، کە لە ژیانمدا لە چوار شوێندا لەزەتی ڕۆحیم چەشتووە، یەکێک لەوانە سەنگەسەرە، خۆشەویستییەکی سەیرم بەرانبەر ئەو ناوچەیە و دانیشتووانی هەبوو، بەرەکەتێکی خوایی زۆر گەورەم هەست پێ دەکرد.. لەبەر ئەوەی کە ناتوانم ناوی هەموو دانیشتووانی سەنگەسەر بێنم، داوای لێبوردن دەکەم.

 هۆگریم  لەگەڵ ئەم بەڕێزانەدا زۆر هەبوو: حاجی سەید ئیبراهیم، کاک عەبدوڵڵای  کوڕی، حاجی سەیید مینە و کوڕەکانی،  کاک مستەفا و کاکە ڕەش و کاک محمد،  سەیید عەزیزی خەیات، کاک مستەفا مەرگەیی و کاک ڕزگاری کوڕی، حاجی حەمە ئاغادا، هەرسێ مامۆستای مزگەوتەکانی سەنگەسەر: مامۆستا مەلا سەید سلێمان، و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا و مامۆستا مەلا ئەحمد سڵێمان.

مامۆستا مەلا حمەدئەمینی سوور و مامۆستا مەلا حەمەدئەمینی عاشووران، مامۆستا مەلا خدری سوور و کاک حسێنی برای، مامۆستا مەلا مستەفای بابی محمد، ڕێزی تایبەتم بۆ هەموو ئەو ئازیزانە هەیە، ئەوانەیان وەفاتیان کردووە گۆڕیان پڕ لە نوور بێت و ئەوانەیان ماون خوا تەمەندرێژ و عاقیبەتخێریان بکات.

پەیوەندیم لەگەڵ هەردوو حاجی خدردا

سەرەتا کە ماڵمان ڕۆیشتە سەنگەسەر لە ماڵی حاجی حەمە ئاغادا بووین، ساڵی دووەم بەدواوە لەوێ گواستمانەوە چونکە فراوان نەبوو، لەگەڵ ئەوەدا کە خێزانێکی زۆر بەڕیز بوون، دڵمان لێیان نەیەشا لەبەر ئەوەی خانووەکە بچووک بوو ئێمەش میوانمان هەبوو، گواستمانەوە بۆ ماڵ حاجی خدرە سوور، مام حاجی خدریش هەتا دەست هەڵخەیت ئینسانێکی بەڕێز و جوامێر بوو، خۆی، خێزانی، کچی، کوڕی، بووکی، بەڕاستی بەڕێز بوون خوا پاداشتی خێریان بداتەوە.

هاوسێیەکیشیان هەبوو ئەویش حاجی خدری شێخە بوو، زۆر جوامێر و بەماریفەت و ڕووخۆش و قسەخۆش بوو، ئەوانیش خێزانێکی زۆر بەڕێز بوون، ئەگەر کاتی بەتاڵم هەبووایە لەگەڵ ئەواندا سەرفم دەکرد، برایەتییان خۆش بوو، خوا هەڵناگرێت قسەی منیشیان پێ خۆش بوو.

لە هەفتەیەکدا شەوێک لە ماڵی یەکێکمان دەبووین، هەرکات میوانێکی دەرەوەی سەنگەسەرم بهاتایە، بۆ ڕێزی من دەهاتن بۆ لایان، بەڕاستی برایەتییەکی خۆشم هەست پێ دەکرد لە تەکیاندا، خوا لە گوناهیان خۆش ببێت، پلەیان لە بەهەشتا بەرز بکاتەوە، لەگەڵ پێغەمبەران و شەهیدان و ساڵحاندا حەشریان بکات. هەرکات ڕۆیشتبین بۆ سەنگەسەر سەرمان لێ داون، تا ئێستاش پەیوەندیی هەواڵپرسینمان ماوە.

تا من لەوێ بووم، حاجی خدری خاوەن ماڵمان مابوو، بەڵام حاجی خدری شێخە، من لەوێ بووم کە وەفاتی کرد، شەوێکی باران بانەکەی خۆیانی بە بانگلێن گێڕابوو، بەدوادا هاتبوو وای زانیبوو بانەکە زۆری ماوە، کەوتبووە خوارەوە و بانگلێنەکەش قورس بوو لە بەرد دروست کرابوو، بە شوێنیا هاتبوو، دابووی بەسەر سنگیدا و کوشتبووی.. بەیانی کە ڕۆیشتینە سەری گیانی بە خوای خۆی سپاردبوو، بەڵام پەنجەی شایەتمانی بەرز کردبووە، لەو کاتەدا شایەتمانی هێنابوو، من لەگەڵ جەنازەکەیا تا سەرقەبران لە تەکیا چووم، ناوبەناو شانم دەدایە ژێر دارەمەیتەکەی، خوا فیردەوسی باڵا لە بەهەشتا بکاتە جێیان.

زۆر بە پێویستی دەزانم کە لێرەشدا ئەوە ڕابگەیەنم؛ خۆشەویستییەکی تایبەتم هەیە بۆ خەڵکی سەنگەسەر بەتایبەتی و ناوچەی بیتوێبن و پشدەر بەگشتی، باوەڕتان هەبێت تەنانەت ئەو کەسەش قومبەلەکەی هاویشتە ماڵمانەوە، ڕقم لێی نییە و کاتی خۆیشی دوعای هیدایەتم بۆ کردووە، نەمویست تۆڵەی لێ بکەمەوە، لە حەقی دنیاییانەی خۆم عەفووم کرد، لەوانەیە هەندێک کەس بڵێن ئەو ویستوویەتی تۆ بکوژێت ئیتر کەی مەعقوولە تۆ ڕقت لێی نەبێت.

دەڵێم: کاری ئینسانی موسوڵمان ئەوەیە خەڵکی لە ئاگری دۆزەخ لا بدات،  بۆ بەهەشتیان بنێرێت، دەی ئەگەر بە دوعایەکی من، ئەوە جێبەجێ ببێت، بۆچ نەبێت؟ بۆ ئەو ئامانجە نەیەتە دی؟

ئەو ئینسانەی ئەو کارەی کردووە، من ناناسێت، دوژمنایەتیی شەخسیم لە تەکیا نەبووە، لێم ڕوونە: وێنەی منیان وەک تاوانکارێکی خراپەکار بۆ کێشاوە، ئەو هاتووە خراپەکارێک لەناو بەرێت، نەک حەسەن پێنجوێنییەک کە تا ئێستا مێروولەیەکی نەکوشتووە، وەک قەرەنیی برای پێی گوتووە، لەو بڕوایەدام ئەگەر خۆمی وەک خۆم بناسیایە، هەرگیز ئەو کارەی نەدەکرد، لەبەر ئەوە هەر وەک لە دنیادا نەمویست تۆڵەی لێ بکەمەوە، بۆ قیامەتیش لە مافی خۆم بەرانبەری خۆش بووم و خوا هەقی منی لێ نەستێنێت.

زۆر سڵاوی گەرم و ڕێز و حورمەتم بۆ ئەو مامۆستایانە هەیە، کە لەو کاتەدا من لەوێ بووم ئەوان فەقێ بوون و ئێستا مامۆستا و مەلای پەیامدار و خاوەن هیممەتن، خوا بیان پارێزێت، لە هەموو ناخۆشی و نەخۆشییەک بەدووریان بکات. هەزاران ڕەحمەت بۆ گیانی پاکی مامۆستا مەلا عەلادین و مامۆستا مەلا مەقدیدی شەهید.

لە کۆتاییدا لە خوا داواکارم ئەو ناوچەیە لە هەموو کارەساتێکی دڵتەزێن بپارێزێت.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure