باوكم و مه‌لاكانی پێنجوێن:
باوكم له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌لایه‌ك له مه‌لاكانی پێنجوێندا نێوانی خۆش بوو، له ناوشاردا له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عارفی بانه‌یی- به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- كه مه‌لای مزگه‌وتی پاشا بوو، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی قازی - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- كه مه‌لای مزگه‌وتی قازی بوو، مه‌لا عه‌زیزی سه‌عیدی حه‌مه‌خان - به‌ڕە‌حمه‌ت بێتت- كه مه‌لای مزگه‌وتی حاجی عه‌بدوڵڵا بوو، ئه‌مانه هه‌رچواریان سۆفی و موریدی شێخانی بیاره بوون. له مزگه‌وتی جامیعه‌دا مامۆستایه‌كی لێ بوو به ناوی مامۆستا مه‌لا ئیسماعیلی بانه‌یی - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت-، له پله‌ی زانیاری‌دا هه‌ندێکك مامۆستا عارفیان به یه‌كه‌م و هه‌ندێکكی تر مامۆستا ئیسماعیلیان به یه‌كه‌م داده‌نا، مامۆستا ئیسماعیل له زانیارییه نه‌زه‌رییه‌كاندا زۆر زانا بوو، به‌ڵام له دنیا و چی له دنیادا ڕوو ده‌دات زۆر بێ‌ئاگا بوو، له‌نێوان ئه‌و و مامۆستا مه‌لا عارفدا ناكۆكییه‌كی به‌هێز هه‌بوو، ته‌ڵاقی سی به‌سێ كه‌وتووی به پاره‌یه‌كی كه‌م چاك ده‌كرده‌وه، له داخی مامۆستا مه‌لا عارف لایه‌نگری له ده‌روێشه‌كان ده‌كرد، له پێنجوێنیشدا ناكۆكییه‌كی گه‌وره له‌نێوان ده‌روێش و سۆفییه‌كاندا هه‌بوو، مامۆستا مه‌لا عارف ویستی جومعه‌یه‌كی تر له مزگه‌وتی پاشادا دروست بكات، سۆفییه‌كان لایه‌نگری مامۆستا مه‌لا عارف بوون و پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرد، مامۆستا مه‌لا ئیسماعیلیش زۆری پێ ناخۆش بوو، ده‌روێشه‌كان ئه‌مه‌یان به فرسه‌ت زانی و دوژمنایه‌تییان له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عارفدا ئاشكرا كرد، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ڕژێمی پاشایه‌تی لا برا و ڕژێمی كۆماری دروست بوو.
ڕژێمی پاشايەتی ڕووخا:
پاش ئه‌وه كه ڕژێمی پاشایه‌تی ڕووخا و ڕژێمی كۆماری هاته كایه‌وه، دنیا بووبووه خۆپیشاندان و ڕێپێوان، هەڕه‌مه‌ی خه‌ڵكی كه‌وتبوونه شوێن خۆپیشانده‌ره‌كان و ئه‌وان چ قسه‌یه‌كیان بكردایه ئه‌مانیش دووباره‌یان ده‌كرده‌وه، حیزبی شیوعیی عێراقی سوار شه‌پۆله‌كه بووبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه بكوژ و ببڕ له عێراقدا هه‌ر خۆیان بوون، له درووشمه‌كانیانا ده‌یانگوت: (عاش الزعیم، عبدالكریم، حزب الشیوعی للحكم مطلب عظیم، درووشمه‌كانیان به‌زۆری عه‌ره‌بی بوون، ده‌روێشه‌كان بووبوونه لایه‌نگری شیوعییه‌كان، یه‌كێك له‌وانه "خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن بوو" له ڕێپێوانێكدا كه شیوعییه‌كان قسه‌یان تیا ده‌كرد ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر مانگاكه‌یشم شیوعی نه‌بێت كلكی ده‌بڕم، ئه‌مانه زۆریان بۆ ئه‌و سێ-چوار مه‌لایه هێنا، باوكم و مه‌لا ئه‌حمه‌دی قازی و مه‌لا عه‌زیز، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوشار بوون و خاوه‌ن عه‌شره‌ت بوون، نه‌یانوێرا ده‌ستیان بۆ ببه‌ن، به‌ڵام پاڵه‌په‌ستۆی كه‌سوكاریان زۆر بوو له سه‌ریان، وه‌ك ئه‌وه: به ئێمه‌یان گوتووه، له‌به‌ر ئێمه حه‌قیان به‌سه‌ر ئێوه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش دیفاع له مه‌لا عارف بكه‌ن، ئێمه‌ش هه‌قمان نابێت به‌سه‌رتانه‌وه، ئه‌مانیش به‌شی زۆری كه‌سوكاریان نه‌خوێنده‌وار، و ده‌روێش بوون، ئه‌مان خۆیان په‌نا دا، و خۆیان شارده‌وه، زۆر ئازاری مامۆستا مه‌لا عارفیان دا، ئه‌وه‌ی ئاڵای دوژمنایه‌تیی مامۆستا مه‌لا عارفی هه‌ڵگرتبوو خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن و حه‌مه‌ی عه‌بدوڵڵای فه‌قێ موحه‌ممه‌د بوو، ڕۆژێك له خۆپیشاندانێكا ماموستا مه‌لا عارفیان ده‌ستگیر كردبوو، هێنایان بۆ سه‌ربانی دووكانه‌كانی حاجی حه‌مه بچكۆل، خه‌ڵكه‌كه هه‌مووی له مه‌یدانی شاردا كۆ ببوونه‌وه، خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن و حه‌مه‌ی عه‌بدوڵڵا تۆبه و ئیستیغفاریان به مه‌لا عارف كرد، زۆر هه‌ڵسوكه‌وتی ناشیرینیان به‌رانبه‌ری نواند، و عه‌زێتی زۆریان دا. قسەی سووک و ناشیرینیان پێ گوت، ئه‌ویش وه‌ك دیلێك له به‌رده‌ست دوژمنێكی دڵڕه‌قدا وه‌ستا بوو، چی‌یان داوا ده‌كرد لێی بیڵێت ده‌یگوته‌وه.
هه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌شیان به‌حه‌پسی برد بۆ هه‌ڵه‌بجه، له ڕێگه‌دا شیوعییه‌كانی شاره‌زوور له سه‌یدسادق وه‌ك به‌ردباران، به‌ردبارانیان كردبوو، زۆر بێئه‌ده‌بییان به‌رانبه‌ری نواندبوو.
من و دووكانداری:
له سه‌ره‌تای ساڵی شه‌ستا باوكم ده‌یویست فێری دووكانداریم بكات بۆیه عه‌مارێكمان له‌ناو بازاڕ هه‌بوو، بۆی ته‌رتیب كردم و گوتی تۆ له‌سه‌ری دابنیشه، ئه‌ڵبه‌ت له‌و كاته‌وه باوكم دووكانی دانابوو من له دووكاندا هه‌ر له‌گه‌ڵیدا بووم، هه‌ندێک جار له به‌هاردا كه ڕۆژگار درێژ ئه‌بووو ئه‌یناردم بۆ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی شت بكڕم، منیش به‌یانی ده‌ڕۆیشتم بۆ ئه‌وێ سندووقێک قامیشی جگه‌ره، و چه‌ند فه‌رده شه‌كرێكی كه‌للـه، و چه‌ند سندووقه سابوونێك، و چه‌ند شتێكی تر‌م ده‌كڕی، و نانوكه‌بابێكم ده‌خوارد، و ده‌گه‌ڕامه‌وه، بۆ ئێواره ده‌گه‌یشتمه‌وه ماڵ خۆمان، ماڵ مامه قادریشم له‌وێ بوو، ئه‌گه‌ر بمامایه‌ته‌وه نه‌ده‌چوومه ئوتێل، و ده‌ڕویشتمه ماڵ ئه‌وان.
كه ده‌چوومه دووكانه‌كان معامه‌له‌م ده‌كرد، زۆریان پێ سه‌یر بوو، كه منداڵێكی ئاوه‌ها، وه‌ك بازرگانێك معامه‌له ده‌كات!! ئه‌م ڕاهێنانه‌ی منداڵی زۆر به‌سوود بوو بۆ من، كاتێک باوكم شه‌هید كرا، و من چوومه سه‌ر دووكان، كاسبێكی ته‌واو بووم و خۆم دووكانه‌كه‌م بەڕێوه ده‌برد.
خوێندنی هەڵەبجەم:
له ساڵی خوێندنی ١٩60-1961دا ڕۆیشتم بۆ هه‌ڵه‌بجه بۆ خویندن له قوتابخانه‌ی ئه‌وقافی سه‌ره‌تاییدا، من یه‌كێك بووم له‌و قوتابییانه‌ی كه له یه‌كه‌م ساڵی دامه‌زراندنیدا قوتابی بووین، ژماره‌مان له ده‌وری بیست كه‌سێكدا ده‌بوو، ئه‌وانه‌ی ناوه‌كانیان بێته‌وه یادم ئه‌مانه بوون: خۆم، موحه‌ممه‌دی مه‌لا ساڵحی شاره‌زووری- به‌ڕە‌حمه‌ت بێت-، موحه‌ممه‌دی مه‌لا عه‌بدوڵڵای خه‌لیفه، عابیدی مه‌لا سه‌ید عه‌بدول واحید، یاسین و ئیسماعیلی مه‌لا ساڵحی هه‌ڵه‌بجه، ئیبراهیمی مه‌لا عوسمان - بەڕەحمەت بێت-، نه‌جمه‌دینی مه‌لا عومه‌ر، ئیبراهیم قادر ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د قادر “ئه‌حه قاله}، موحه‌ممه‌دی مه‌لا حه‌مه‌كه‌ریم، قادری كۆكۆیی-بە ڕەحمەت بن -، شێخ له‌تیفی تاوەگۆزی، حوسه‌ین حه‌سه‌ن، موحه‌ممه‌دی ئه‌حمه‌د تریفه‌یی، ئه‌وانی تر‌م بیر نایه‌نه‌وه.
من و موحه‌ممه‌دی ئال خه‌لیفه ماوه‌یه‌ك له ماڵی مامۆستا مه‌لا عومه‌ردا بووین - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت-، مانگی سێ دینارمان معاش هه‌بوو، دوودینارمان مانگانه بۆ مه‌سره‌ف داده‌نا، پاش ماوه‌یه‌ك من و نه‌جمه‌دینی كوڕی مامۆستا كردمان به‌شه‌ڕ، ئیتر دوای ئه‌وه لێك جیابووینه‌وه، شاره‌زووری- به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- و عابیدیش له ماڵ ماموستا مه‌لا ساڵحی گەورەدابوون - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت-، مامۆستا مه‌لا سدیقیش - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- له‌گه‌ڵ عابیدا كردی به شه‌ڕ، مامۆستا سدیق ژنبرای مامۆستا مەلا ساڵح و زاوایشی بوو، لە کچی خێزانەکەی تری، ئه‌وانیش له‌وێ نه‌مان، بۆ هه‌رچوارمان كه ماڵمان له‌وێ نه‌بوو، ژوورێكیان داینێ له مزگه‌وتی كانی عاشقان، تا چێشت و نان بۆ خۆمان دروست بكه‌ین، و تیایا بژین، ماوه‌یه‌ك نان و چێشتمان بۆ خۆمان دروست كرد، کەچی خه‌ڵكی ده‌هاتن سه‌رزه‌نشتیان ده‌كردین، و دەیانگوت بۆچ وه‌ك فه‌قی ڕاتبه ناكه‌ن و له ماڵان چێشت و نان كۆ ناكه‌نه‌وه؟! منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو چونكه من تا ئه‌و كاته ڕاتبه‌م نه‌كردبوو، زۆرم پێ شه‌رم بوو، ئیشه‌كانی حوجرەمان دابه‌ش كرد، چالێنانیان دا به من، قاپشۆرین عائیدی محمدی ئال خه‌لیفه بوو، و ڕاتبه‌ی نان به‌شی عابید بوو، چێشت کۆکردنەوەش عایدی شاره‌زووری بوو.
نێوان من و هاوەڵەكانم:
ئه‌وی شایه‌نی باسه ئه‌م چوار قوتابییه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر نێوانمان خۆش بوو، هه‌ر هه‌فته‌ی جارێك، بۆ شه‌وی پێنچ شه‌ممه و جومعه، ده‌چووین بۆ ماڵی یه‌كێكمان، جومعه‌یه‌ك بۆ سه‌یدسادق بۆ ماڵی شاره‌زوری، جومعه‌یه‌ك بۆ سلێمانی بۆ ماڵی ئال خه‌لیفه، جومعه‌یه‌ك بۆ ماڵی ئێمه له پێنجوێن، جومعه‌یه‌ك بۆ مالی عابید له دێی "كوڕە‌مێو"ی پێنجوین.
هه‌ندێک جار له هه‌ڵه‌بجه‌وه به‌پێ ده‌هاتینه‌وه بۆ سه‌یدسادق، له‌وێ سه‌ری مه‌زاره‌كه‌ی سه‌یدسادقمان ده‌دا، كه به‌سه‌ر لووتكه‌ی شاخه‌كه‌وه بوو، و به ناوی ئه‌ویشه‌وه شاره‌كه ناو نراوه: سه‌یدسادق، له‌وێوه ده‌هاتینه خوارێ بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی وه‌لی دێوانه، و هه‌ندێک له شیعره‌كانیمان ده‌خوێنده‌وه كه به‌سه‌ر گۆڕكه‌یه‌وه نووسرابوو، كێلی گۆڕه‌كه‌ی زۆر به‌رز بوو، تومه‌ز ئه‌مه له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆی بۆیان دروست كردووه، چونكه له شیعرێكیدا ده‌ڵێت: گۆڕه‌كه‌م با له‌سه‌ر ڕێی گه‌رمیان و كوێستانی شه‌م بێت، و كێلی قه‌بره‌كه‌یشم به‌قه‌د باڵای ئه‌و بێت.
هه‌ندێک جار له كوڕه‌مێوه‌وه به‌پێ به‌سه‌ر شاخی"پانی شه‌وه‌قه‌ت"دا شۆڕ ده‌بووینه‌وه به‌سه‌ر "میره زه‌ین"دا و له چوارباخه‌وه ده‌هاتینه‌وه ناو شاری پێنجوێن، كاتێک ده‌چووین بۆ كوڕه‌مێو له‌وێ ده‌گه‌ڕاین به‌و باخ و بێستانانه‌دا، هه‌ندێک جاریش له‌گه‌ڵ برا بچووكه‌كانی عابیدا (سدیقی جوانه‌مه‌رگ و کاکە عه‌لی) ده‌رۆیشتن بۆ چه‌می بووزان و له‌وی مه‌له‌مان ده‌كرد، و من له‌وێ فێری مه‌له‌كردن بووم.
مامۆستا مه‌لا ساڵح - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه و مامۆستاش بوو، مامۆستا مه‌لا عومه‌ریش - به‌ڕە‌حمه‌ت بێت- یارمه‌تیده‌ر و مامۆستا بوو، ئه‌وی ڕاستی بێت، به‌ڕێوه‌به‌ری فیعلی مامۆستا مه‌لا عومه‌ر بوو، ئه‌م كاری نووسین و ڕێكخستنی جه‌دوەل و نووسینی نمره‌كان و ڕێكخستنی ئیمتیحانات و كاروباری ئیداریی به‌ڕێوه ده‌برد. و ئه‌م موحاسه‌به‌ی قوتابییانی ده‌كرد، قوتابی به‌زۆری له‌م ده‌ترسان، و كاتێک له قوتابیی ده‌دا زۆر بێڕه‌حمانه لێی ده‌دا، هه‌ندكیان لێدانیان زۆر ده‌خوارد، به‌تایبە‌ت (ئه‌حه قاله)ی مەزڵووم.
أحسنت یاحسن:
ده‌رسی قورئان و ئینشا و ئیملامان له لای مامۆستا مه‌لا عومه‌ر بوو، وه‌ك ده‌رسێك ئه‌حكامی ته‌جویدمان نه‌بوو، به شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی ته‌جویدی پێ ده‌گوتین، له‌ڕاستیدا له‌مه‌وه ته‌جویدی عه‌مه‌لی فێر بووین، له ده‌ره‌جه‌دانا زۆر سه‌خی نه‌بوو، زۆر جار كه ئیملای پێ ده‌كردین ده‌سته‌واژه‌ی وای بۆ ده‌نووسیم زۆرم پێ خۆش بوو، بۆ نموونه زۆر جار ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی بۆ ده‌نووسیم: "أحسنت یاحسن! بوورك بك، "، یا ده‌ینووسی: "ممتاز"، یا"جید جدا"، به‌ڵام كه‌م جار بیگه‌یاندایه‌ته 90%، ئه‌و نووسینانه‌م تا ساڵه‌كانی هه‌شتایش هه‌ر هه‌ڵگرتبوو، ئه‌وه‌نده به‌لامه‌وه خۆشه‌ویست بوو.
لەبەر ئەوە کاتێک خۆم بووم بە مامۆستا، لە ناوەندییەکەی سەنگەسەردا دەستەواژەیەکم بەکار دەهێنا کە دڵیان پێی خۆش بێت. هەندێکیان ئێستاش کە پێم دەگەن دەڵێن: مامۆستا کە دەستت دەهێنا بەسەرماندا و دەتگوت: گوڵەکەم، بەقەد دنیایەک پێمان خۆش بوو.
چاولێگەری:
هه‌ر به‌و موناسه‌به‌ته‌وه كاتی خۆی كه له هه‌ڵه‌بجه بووین مامۆستا شێخ جه‌میلی موفتی - بەڕەحمەت بێت- ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی جامیعه بوو، مامۆستا شێخ خالیدی برایشی -بەڕەحمەت بێت- موده‌ڕیس بوو، به خه‌تێكی جوانی فارسی له‌سه‌ر ژووره‌كه‌ی نووسرابوو: "المدرس"، منیش خه‌ته‌كه‌م زۆر پێ جوان بوو، وه‌ك لاساییكردنه‌وه‌یه‌ك نووسیمه‌وه، له لاساییه‌كه‌دا و له‌گه‌ڵ ئاستی ته‌مه‌نمدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌و نووسراوه‌م له‌ناو یه‌كێك له ده‌فته‌ره‌كانی ئیملادا نووسیبووه‌وه، كاتێ ماڵمان سووتا و ڕۆیشتینه "بایه‌وه" و پاشان قه‌ڵای مه‌ریوان، له‌وێ دووكانم هه‌بوو، له دووكان لای خۆما دامنابوو، شیعری گڕوگاڵی نزیكبوون له بلووغیم تیا ده‌نووسی، ڕۆژێكیان فه‌قێیه‌كی "تاڵش"ی كه ناوی "شه‌مسه‌دین" بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان سوننی بوون و ناوچه‌ی كوردستانیش سوننین. له ناوچه‌ی خۆیانه‌وه هاتبوو بۆ مه‌ریوان و له‌وێ ده‌یخوێند، ئه‌و تابلۆ بچكۆله‌یه‌ی دی كه‌من وشه‌ی "المدرس"م تیا نووسیبوو، پێی جوان بوو، لێی پرسیم، منیش حیكایه‌ته‌كه‌یم بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ویش شیعرێكی فارسیی له په‌نایدا نووسی، كه ئه‌مه ماناكه‌ی بوو كه خۆم كردم بەم شیعرە:
نووسراو ده‌مێنێ تا چــه‌ند زه‌مانێ
خاوه‌نی نووسین خــوا ده‌یـــــزانێ
شه‌ربه‌تی ئه‌جه‌ل چلۆن ده‌نــــۆشێ
و له‌چ جێگایه‌ك گڵ دایده‌پۆشێ.
وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌كراوی خۆمم پێشكه‌ش به ماڵ ڕابیعه‌ی خوشكم كرد و پاشان ئه‌م شیعره‌م له‌ژێر وێنه‌كه‌دا به‌م جۆره نووسی:
وێنه ده‌مێنێ تا چـــــه‌ن زه‌مـــانێ
خــــاوه‌نی وێنــــه خودا ده‌یزانێ
شه‌ربه‌تی ئه‌جه‌ل چلۆن ده‌نۆشێ
و له چ جێگایه‌ك گڵ دایده‌پۆشێ