بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سى و هەشت
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى سى و هەشت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/01/14     228 جار بینراوە    


حاجی ڕەشیدی سەرخەتمە:

 دوانیوەڕۆی سێ شەممە ٣/٢/١٩٨٧ پیاوێکی کورتەباڵا، سەرسپی، کڵاوسپی، ڕیشسپی، بەڵام ڕیشتاشراوی، چاکەت و پانتۆڵ لەبەریان ھێنا، بە لارەملی و کز و لاوازییەکەوە زۆر لەسەرخۆ سەلامێکی کرد، خەڵکەکە وەک عادەتی خۆیان، ڕۆیشتن بەرەو پیریەوە و ھەریەکە پرسیارێکی لێ دەکرد، بەڵام من نەڕۆیشتم.

 ھاتنەوە بۆ لام و گوتیان: ناوی (حاجی ڕەشیدە)، و مامۆستای سەرەتاییە و سۆفیی شێخ عوسمانی نەقشییە و دەڵێت: ھاتوون پێیان گوتووم: ژنبرایەکت ھەواڵی کوشتنی ھاتووە، وەرە بۆ دایەرەی ئەمن، تا ئەدرەسەکەت لێ وەر بگرن، بتنێرن بۆ ھێنانەوەی! منیش کەوتوومە تەکیان، کەچی لێرە پێم دەڵێن: عەسکەری چی و کوژراوی چی؟ تۆ حەمەڕەشیدی ماوەتی نیت؟

گوتوومە: بابە! من "حەمەڕەشید عەبدوڕەحمانم" و ھەر لەناو شار لە دایک بووم و خەڵکی سلێمانیم.

گوتوویانە: نوێژ دەکەیت؟

گوتوومە: بەڵێ.

گوتوویانە: ڕۆژوو دەگریت؟

گوتوومە: ئەرێ وەڵڵا.

گوتوویانە: دەبڕۆ ژوورەوە! 

وا ئێستا گیراوم! ئاخر بابە! لە جیاتیی خەڵکی تر بۆ من ئەگرن؟ کە خۆتان لێتان ڕوونە من ئەو نیم و ھیچ تاوانێکیشم نەبێت، ئیتر بۆ لە جیاتیی کەسێکی تر بگیرێم؟ خوا چۆن ھەڵدەگرێ؟

پاش دوو ڕۆژ کەوتینە چۆن و چاکی و قسەمان لە تەک یەکترا کرد، زۆر ناڕەحەت بوو، ھەندێ دڵخۆشیم دایەوە و گوتم: لە خۆتەوە بوختان بۆ خۆت و خەڵکی نەکەیت، ئەگەر لێیشیان دایت ناوی کەس نەڵێیت، دەنا گیرۆدە دەبیت و بەندت توندتر دەبێت و تووشی ناڕەحەتیی زیاتر دەبیت.

بەتووڕەییەکەوە گوتی: بابە! من ھیچ نیم! ئیتر باسی چی بکەم و ناوی کێ بێنم!

مام حسێنیش گوتی: ڕاست ئەکات، قسەکانی خراپ نین و بۆ تۆیەتی، تا زیاتر ئاگات لە خۆت بێت.

ڕەزا و ئەمیر:

لە ئێوارەدا کوڕێکیان ھێنایە ژوورێ، حەرەسەکە زللەیەکی لێ دا و گوتی: دە بڕۆ، ئەویش گڤەی کرد و بۆی دەر چوو، بەستەزمانە وەک تیر بە ناو ھۆڵەکەدا ڕای کرد!

گوتیان: ئەمە ناوی ڕەزایە لە ڕێکخستنی کۆمەڵەدایە، ماڵیان لە گەڕەکی چوارباخە، و تا ئێستا ناوی سی و شەش کەسی داوە و تووشی کردوون!

ئەم سی و شەش کەسەش، ھەریەکە ڕۆژێک یا دوو ڕۆژ لەژێر سزا و ئەشکەنجەدا خۆیان گرتووە و پاشان ڕووخاون و ئیعتیرافیان کردووە.

ھەر ئەو شەوە کوڕێکیان فڕێ دایە ئەمدیو دەرگاکەوە، شەرواڵەکەی کەوتبووە قاچی، ئەوەندەش کێبڵ و سۆندەیان لێ دابوو نەیدەتوانی بە پێی خۆی بڕوات! ئیتر شەرواڵەکەیان بۆ بەستەوە، دوو کەس ڕۆیشتنە ژێر باڵی و ھەڵیانساند و ھێنایان بۆ ئەملاوە، بەستەزمانە کە پێی دادەنا دەتگوت پێ بەسەر پشکۆدا دەنێت، ئەوەند ئازاری پێ دەگەیشت!

خەڵکەکە لەناو خۆیاندا زۆر باش بوون، تەمرینی زۆریان پێ دەکرد، چ بە دەستی و چ بە قاچی، ئەگەر ھەڵواسینەکەی زۆر نەبووایە، یا زۆر قورس نەبووایە، پاش دوو سێ سەعات چاک دەبووەوە. دوو شەو لەسەر یەک ئەم کوڕەیان برد بۆ ژووری لێکۆڵینەوە و سزادان، ئەو ھەموو ئازارەی چەشت ھیچی نەگوت، بەڵام لەسەری سێیەمین شەوا بەرگەی ئەو تەعزیبە جەھەننەمییەی نەگرت و ناچار ئیعتیرافی کرد، ئەمیش یەکێک بوو لەوانەی کە ھاوڕێ ڕەزا ناوی ھێنابوون!

کوێرانە بوونەتە دوژمنی:

شەو دڕەنگ بوو، ئەوانەی لە دەورم کۆ ببوونەوە کەم نەبوون، منیش لە ڕوانگەی ئیسلامەوە باسی نرخی ئادەمیزادم بۆ کردن، وا دیار بوو باسەکە زۆر لە دڵ و دەروونیاندا کاریگەر بوو، یەکێک لە ماوەتییەکان گوتی: مامۆستا! ئەمەی تۆ باسی دەکەیت لەم سەرزەوییەدا و لە ھیچ وڵاتێکدا کاری پێ ناکرێ و ئەنجام نادرێت!

گوتم: ڕاست دەکەیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە بزانین دینەکەمان چییە! ئەو کاتە دەتوانین ھەوڵی بۆ بدەین و لە ژیانی ڕۆژانەماندا کاری پێ بکەین.

ئەو کاک عەزیزەی کە باسم کرد و گوتم: ھەردوو لاڕانیان سووتاندبوو، ئەویش یەکێک بوو لەوانەی لە باسەکەدا ئامادە بوو، کاتێک ھەستا گوتی: وەڵڵاھی ھیچ یاسایەک نییە لە ئاینی ئیسلام جوانتر و چاکتر بێت!

 ئا لەویادا بەتەواوی بۆم ڕوون بووەوە ئەوانەی، کە دوژمنایەتیی ئیسلام دەکەن  ھۆی نەشارەزایی و بێئاگابوونیانە لە ئیسلام، چونکە ئەگەر ئیسلامیان بەو جۆرە بناسیایە کە ھەیە، ھەرگیز نەدەبوونە دوژمنی، بەڵکوو یەکێک دەبوون لە ھەڵگرانی.

ئیتر ئەو شەوە بڵاوەمان لێ کرد و ھەرکەسە ڕۆیشتەوە بۆ جێی خۆی. من و مام حسێنیش بە ڕاڕەوی نێوان جێگەکاندا ماوەیەک ھاتوچۆمان کرد، ئەندازێک لە بەسەرھاتی خۆی بۆ گێڕامەوە.

لە ٢٨/٢/٢٠٢١ دا لەسەر فەیسبووک بڵاوم کردەوە.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure