برا کوژراوەکان:
گوتم: ئەو برایانە ی ناو باخەکە چۆن کوژران و کێ بوون؟
گوتی: لە نزیک باقوبەدا حاجی سەببار باخێکی ھەبوو، موحەممەد سامەڕاییش سەرمایەی دابوویە، تا ئەو برایانەی لە سەربازی ھەڵدێن و ڕادەکەن، لەوێ بحەوێنەوە و لە کێڵگەکەشدا کار بکەن، کێڵگەکە ڕێکوپێک کرابوو، درەختی باشی تیا نێژرابوو، کشتوکاڵێکی تیا کرابوو، ھەنگیشی تیا پەروەردە دەکرا، خانوویەکی خۆشکیلەی تیا دروست کرابوو.
برادەرێک بە ناوی موحەممەد زیا (محمد ضیاء الدین) دە دوانزە چەک و ١٠٠ نارنجۆکی دەست کەوتبوو، لەو کێڵگەیەدا شاردبوونییەوە، - ئەگەر بڵێیت وەڵڵاھی کاتی خۆی پێم گوت: بابە گیان! پیاوی چاک بە، ئەو چەک و قومبەلانە لەناو ببە، چونکە ئێمە ناتوانین ھیچ سوودێکیان لێ وەر بگرین، بە دە چەکەوە بەرانبەر حکومەتێکی تا دندان پڕچەک چیمان پێ دەکرێت؟ لەناویان ببە، بەڵام بە گوێی نەکردم، تا وەھای لێ ھات!
گوتم: بەڕاستی قسەکەت بەجێ بووە!
گوتی: کە ئەو کێڵگەیە باس کرا و پێی زانرا، تەنیا دوو برای تیا مابوو، کە چووبوونە سەریان خۆیان بەدەستەوە نەدابوو، تەقەیان کردبوو، تا توانیبوویان شەڕیان کردبوو، نازانم چەند ئەمنیان کوشتبوو، بەڵام ھەردووکیان شەھید کرابوون.. خوا گیانیان بە بەھەشت شاد بکات.
گوتم: ئەو باخە چۆن دۆزرایەوە؟
گوتی: پاش ئەوە کە حاجی سەببار لەسەر ئەو ھەموو ئەشکەنجەیە خۆی گرت، پاشان خێزانیان ھێنابوو ئیعتیرافی کردبوو، باسی ئەو باخەیشی کردبوو.
گوتم: چیت کردە ئەستۆی موحەممەد سامەڕائی؟
گوتی: ھەرچی شت ھەیە. وەک ئەوە کە لێپرسراوی بەشی ئابووری و ڕاگەیاندنە، و ئەندامی بەشی بەڕێوەبەرایەتیشە، زۆر بەگەرمی باسی (سەعد زەکی)یان لێ دەپرسیم.. منیش گوتم: بابە! ئەو پیاوە ھەر لە عێراقدا نەماوە، گوتیان: دەزانین ڕۆیشتووە بۆ ئێران و ھاتووەتەوە بۆ عێراق، بەڵام ھەر لەناو عێراقدایە و دەبێ پێمان بڵێیت لەکوێیە؟
پێم گوتن: وەڵڵاھی موحەممەد سامەڕائی بە کوڕێکی سووریدا ناردی بۆ ئەردەن([1]). ئەمانەم ھەموو کردە ئەستۆی "موحەممەد سامەڕائی"یەوە.
زەکەریای سووریی:
کوڕە سوورییەکە ئەوە بوو کە لە ژوورەکەی خۆماندا بوو، ئیتر ڕووم کردە زەکەریا و گوتم: ئەی برا تۆ چۆن گیرایت؟
گوتی: من لە عەممان بووم، لە مەکتەبی شۆڕشگێڕانی سووریایی، لە بەغداوە تەلەفونم بۆ کرا و گوتیان: وەرە بۆ بەغدا.
منیش گوتم: بۆچی؟
گوتیان: کارمان ھەیە.
گوتم: خۆ (ئەمن و ئیستیخبارات) داوایان نەکردووم؟
گوتیان: نەخێر، خۆمان کارمان پێتە!
گوتی: منیش بەپەلە ھاتمەوە، لەگەڵ گەیشتمە بەغدا بۆ ھیچ شوێنێکی تر لام نەدا، یەکسەر ڕۆیشتم بۆ مەکتەب، لە خۆمەوە خورپەیەک کەوتە دڵمەوە، وا ھات بە خەیاڵمدا شتێک ھەیە، ھەر لە دەرگای مەکتەب ھاتمە دەرەوە، باڵیان گرتم و بەرەو ئیستیخبارات بردمیان.
گوتم: مەکتەبەکەتان لە بەغدادا بریتییە لە چی؟
گوتی: ئێمە موسڵمانانی سووریا دەستەی سەعید حەوواین، لە دەست زوڵم و زۆری حافز ئەسەد ھەڵھاتووین، باوکم و دوو برام لە شاری حەمما شەھید کراون، دایکم لە شاری عەممان عەمری خوای کرد، خوشکێکم لە بەغدایە و خوشکێکی ترم لە ئیماراتە، برایەکم و ماڵ و منداڵەکەم لە ئەردەنە و شەش سەر خێزانین.
گوتی: ئەم مەکتەبەی بەغدا ئیشوکاری شۆڕشگێران ھەڵدەسووڕێنێت، چەک و زەخیرە و یارمەتی بە ھۆی ئەو مەکتەبەوە بە دەستمان دەگات، وەک قونسوڵگەرییەک وایە بۆ ئێمە.
ئینجا لە دکتۆرم پرسی: تۆ ناوی ئەم برادەرەت دەزانی؟
گوتی: نەوەڵڵا.
گوتم: ئەی بۆچی ناوت برد؟
گوتی: بە ناو من ناوم نەبرد، موحەممەدی سامەڕائی ناوی بردبوو!
گوتم: ئەو سەعد زەکییە کێ بوو وا ئەوەندە بەگەرمی ھەواڵیان پرسیوە؟
گوتی: برایەکی زۆر ئازا و زیرەک و لێھاتوو بوو، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا فێری زمانی کوردی بوو، پاشان ڕۆیشت بۆ ئێران و ماوەیەک لەوێ بوو، فێری زمانی فارسی بوو، ئینجا ھاتەوە بۆ عێراق، ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی لە بارەی وەزعی ئەھلی سوننەت و جەماعەتی ئێرانەوە نووسی و ڕوونی کردەوە کە: لەو وڵاتەدا چەند زەلیل و مەزڵوومن و وەزعیان چەند خراپە!
لەبەر ئەوە کە نەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ ئێران و لە عێراقیشدا قاچاخ بوو، محمد سامرائی گوتی: من کوڕێکی سوریایی دەناسم بەڵکوو ئەو بۆمان ببات بۆ ئەردەن. ئیتر ناردبووی بەڵام چۆنی ناردبوو؟ نازانم!
زەکەریا گوتی: دەوڵەتی عێراق پەساپۆرتی بۆ کردووین، منیش بە ناوی برادەرێکەوە پەساپۆرتەکەم تەواو کرد و وێنەیەکی سەعد زەکیم لێ دا، مۆرمان کرد، بەو پەساپۆرتە ڕۆیشتین و دەرم کرد.. ئا لەویادا ڕووی کردە دکتۆر و گوتی: کاری وا بۆچی دەبێ تۆ بیزانی؟ بۆچی دەبێ شتی وا بە ھەندێ کەس بگوترێ؟
دکتۆریش گوتی: ئاخر شوێن و جێگەی من وا بوو دەبوو بمزانییایە و ئاگام لێ بووایە، ئیتر زەکەریا زۆر خەفەتی پێ دەخوارد و پێی ناڕەحەت دەبوو.
ھەرچەند من زۆر دڵخۆشیم ئەدایەوە، بەڵام ترووسکایی نە دەکەوتە دڵیەوە! شەوانە ئێمە کەم کەم قورئانمان لەبەر دەکردەوە، بەڵام زەکەریا خەریکی لەبەرکردن نەدەبوو! پێمان دەگوت: ئەمە ھەلە و ئەم ھەلە لە کیس خۆت مەدە،
دەیگوت: توانام نییە و بۆم لەبەر ناکرێت.
گوتم: کاک زەکەریا ئێوە بەو پەساپۆرتانەی پێتان بوو نەدەناسرانەوە؟
گوتی: بە ناوی خۆمانەوە نەبوو، پەساپۆرتی ھەر دەستە و کۆمەڵێک لەو پەنابەرە سیاسییانەی لە عێراقدان نمرە و ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی لەسەرە، لە فڕۆکەخانە و مەخفەرە سنوورییەکاندا بەو نمرە و ژمارانە دەناسرێنەوە، کە ئەمانە عێراقی نین!
موحەممەد سامەڕایی:
پاش ئەو سەرزەنشتانەی ئێمە، دکتۆر ھەستی بەوە دەکرد کە تاوانی کردووە، بۆیە لە باری ڕۆحی و دەروونییەوە وەک خۆی نەمابوو، زۆر زوو تووڕە دەبوو، بەخێرایی ئاگری ڕقی دادەگیرسا و کڵپەی دەکرد! بەتایبەت لەگەڵ (م، س) دا، ئەگەر (م، س) بچووکترین قسەی بکردایە و دکتۆر بە دڵی نەبووایە، ئاگری دەگرت و تووڕە دەبوو.
ئەڵبەت لەگەڵ مندا وا نەبوو، منیش زۆر بەزەییم بە (م، س)دا دەھاتەوە، لەبەر ئەوە بەسەر دکتۆرا دەھاتم و دەمگوت: ئەوە براتە، عەبد و کۆیلەت نییە! خوا ھەڵناگرێ ئاوا لێی تووڕە مەبە! سەرەڕای ئەوەش پاش ھەموو دەمەقاڵە و ناکۆکییەک (م، س) ئەوی ئاشت دەکردەوە، تەنانەت جارێکیان سەری خستە سەر خاک و بە دکتۆری گوت: فەرموو پێی پیا بنێ!
(م، س) ئەندازیاری میعمار بوو، تا بڵێیت زیرەک بوو، کاری دەوڵەتی نەدەکرد، خۆی قۆنتەراتی دەگرت، کاری ئازادی دەکرد، تا ئەو کاتەی پێکەوە بووین ئەم کوڕە بیست و سێ جزم قورئانی لەبەر بوو، فەرموودەیەکی زۆری لەبەر بوو، لەوانەیە بڵێم: ھەزار فەرموودەیەکی لەبەر بووبێت، زۆر ئاگای لە فیقه بوو، لەوانەیە بڵێم لە ھەرچوار مەزەبدا شارەزا بوو!
ئەو پێشنوێژیی بۆ دەکردین، زۆر جار لە شەونوێژەکانیدا سوورەتی ئەلبەقەرەی تەواو دەکرد، لە نوێژی چێشتەنگاودا سوورەتی ئالی عیمرانی لە ھەشت ڕکاتا تەواو دەکرد.. ئێمە ھەرگیز وەک ئەومان لێ نەدەھات، ھەندێکمان ئەگەر زۆری لە خۆی بکردایە ئینجا سوورەتی ئەحزابی لە چوار ڕکاتا تەواو دەکرد!
ئەم کوڕە زۆر خاکی بوو، بۆ نموونە: ئاودەستەکەمان فەخفووری بوو، زۆر چڵکن و چەپەڵ بوو، خۆت دەزانی کە ئاودەست پیس بوو ئینسان دڵ و دەروونی دادەگیرێ، بۆیە یەکێکمان بە مقەبایەک کڕاندبووی، دیتبووی چڵکەکەی لێ دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەستی کردبوو بە پاککردنەوەی تا تەواو پاکی کردبووەوە، کە برادەران دییان وا سپی کراوەتەوە و بریکەی لێوە دێ پرسیاریان کرد: ئەمە کێ پاکی کردووەتەوە؟ کەس قسەی نەکرد، منیش حیکایەتەکەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و شاھی نەقشبەندم بۆ گێرانەوە و گوتم: ھەرکەسێ بووە ویستوویەتی نەفسی خۆی بشکێنێت.
ئیتر پاش دوو ھەفتە کە چڵکی پێوە نیشتەوە (م، س) وەک ئاوێنە پاکی کردبووەوە، و گوتی: کاکە! منیش وەک ئاوێنەم لێ کردووە، ئینسان حەز دەکات بڕوات لەسەری دابنیشێت!
بەڵێ، (م، س) ئەوکارەی کرد، ئەو کارەش بە لای دەروونەوە ھەر وا سووک و ئاسان نییە، لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا ئیتر کارێکی وا ئەنجام نەدرا!
(م، س) لە بنەماڵەیەکی قەومیدا گەورە بووبوو، ناو بەناو ئەو مەسەلەیە لە لاشعووریەوە بازرەقەی دەدا و دەھاتە دەر! ھەرچەند لە کاتی ئاساییدا زۆر ڕقی خۆی لە بەعس و ناسری و ھەموو جۆرە قەومگەرایەک دەر دەبڕی.
ئەم کوڕە باوکی یەکێک بووە لە بەعسییە کۆنەکان و ئەفسەرێکی پایەبەرزی پۆلیس بووە، تا پلەی (لیوا- سەرلەشکر) گەیشتووە، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی بەغدا بووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان پەروەردەی حیزبایەتیی سەدامی کردووە و مامۆستای بووە!! ھەر وەک (م، س) دەیگوت: بەم ڕژێمە قایل نییە، چونکە دەڵێ: ڕژێمێکی دیکتاتۆرییە، نەک ڕژێمێکی حیزبی!
[1] - ئالێرەدا دەیتوانی، ناوی ھیچ کام لە محمد سامرائی و کوڕە سوورییەکە نەھێنێت، تەنیا بڵێ لێرە نەماوە و ڕۆیشتووە بۆ ئەردەن. چۆن ڕۆیشتووە؟ نازانم.