بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى چل
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/01/31     206 جار بینراوە    


بۆ ژووری ژمارە یەک:

لەو ماوەیەدا کە لەو ھۆڵە گەورەیەدا بووین، من  نوێژی بەیانی و عیشام بەئیمامەت بۆ دەکردن، حاجی ڕەشیدیش نوێژی نیوەڕۆ و عەسر و مەغریب دەبووە ئیمامیان.

تا لە ڕۆژی پێنج شەممە 5/ 2/ 87 دا کردینیانە حەوشەی مەکتەبەکە، لەو کاتەدا خۆرێکی خۆشی ھەبوو، ئێمەش خۆمان دایە بەر بەڕۆچکەکە، چەند ڕۆژێ بوو خۆرمان نەدیبوو، زستانیش بوو تامەزرۆی ھەتاو بووین، پاشان دەستیان بە ناوخوێندنەوە کرد و لێکیان جیا کردینەوە!

ئەوانەی کە ھاوڕێی ڕەزا بوون و ئەو ئیعتیرافی لەسەر کردبوون ھەموویان کردن بە یەک و گوتیان: کۆمەڵەکەی ڕەزا بڕواتە ئەولاوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژوورەکەی ئێمە ڕۆیشتنە پەنای، لە ژوورێکی تریشەوە ھەندێکیان ھێنا و بوون بە سی و شەش کەس و پاشان بردنیان بۆ ھۆڵەکە!

من و مام حسێن و حاجی ڕەشید و چل و دوو کەسی تر، بە دەربەندی و کەلاری و خەلەکانی و ڕانیەییەکانەوە بردینیان بۆ ژووری ژمارە یەک، لەگەڵ کاک ڕێبوار جیایان کردینەوە، - خوا ھیدایەتی بدات- بەڕاستی سیفاتی چاکەی زۆری تیا بوو.

ئەم ژوورە تازەیەمان زۆر تەنگ و تاریک بوو، ڕۆشنایی دەرەوەمان نەدەبینی، ئاسمانمان لێوە دیار نەبوو، تەنیا گڵۆپێکی شیریی درێژی تیا بوو.

دوو ھەواگۆڕ (مفرغە ھوا)ی تێدا بوو، لەبەر ئەوەی کە زۆر سەرمامان بوو یەکێکیانمان لە کار خست.

ئەم ژوورە نزیکی ژووری ئەشکەنجە و ئازاردان بوو، ھەرکەس لەوێ ئازار بدرایە، ئێمە گوێمان لە دەنگ و ھاواریەوە دەبوو! جاری وا بوو لە کاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا یەکێکیان دەبرد بۆ ئەشکەنجە، کە ئازاریان دەدا و ھاواری دەکرد و دەیزریکاند، ئێمە پارووەکە لە گەروومان دەگیرا و نانمان بۆ نەدەخورا!

بەنیسبەت خۆمەوە کە نەمدەزانی چیم لێ دەکەن، ھەموو کاتێ چاوەڕوان بووم ئەو ئەشکەنجەیە بدرێم، بۆیە لە ئازارێکی بەردەوامدا بووم!

کوڕێکی موولوول، تووکەسەر وەک مێوژ، ڕەنگی ئەسمەرێکی تۆخ بوو، ئەم کوڕەیان ھێنایە ژوورەکەمان، کە دراوسێیەکی خۆی خەبەری لێ دابوو، کە گوایا لە ڕێکخستتنی ناوشاردایە! حەوت ڕۆژ ئەم بەستەزمانەیان برد بۆ لێدان و ئازاردان، ھەر ئیعتیرافی نەکرد، شەوێک لەگەڵ دوو پۆلیسدا بردنیان بۆ سزادان، یەکێک لە پۆلیسە گیراوەکان لەژێر لێدانا ئیعتیرافی کردبوو، ئیتر نەیان ھێنایەوە، بەڵام پۆلیسەکەی تر و قژ لوولەکە ئیعتیرافیان نەکردبوو ھێنانیانەوە، بۆ ژوورەکەی ئێمە!

ئەم لاوە قژ لوولە ناوی "عوسمان" بوو، لە دواوە بە کەلەپچە دەستی بەسترابوو، ئەوەند توندیان کردبوو دەستی ئاوساندبوو، دەمی کەلەپچەکان چەقاندبووە ناو گۆشتی دەستیەوە، برینداریان کردبوو. تا پاش سەعاتێکیش لەناو ژوورەکەدا مانەوە، ئینجا بۆیان کردنەوە.

شەوێ لە نیوەشەوا قۆمیسەر (مفوظ)ێکی ناڕەسەن بە ناوی جومعە، بە شەق و لەقە بەر بووە دەرگای ژوورەکە، خەڵکەکەی لە خەو ڕاپەڕاند و بەعەرەبی گوتی: عوسمانە فەندی!

گوتی: بەڵێ.   

گوتی: وا دیارە ئیعتیراف ناکەیت وا نییە؟

عوسمانیش سەری داخستبوو، وەڵامی نەبوو!

جومعە گوتی: خەیاڵ نەکەیت، وەڵڵاھی بەیانی دایکت و خێزانت دێنم و لە بەرچاوتا ئا وەھاو ئاوەھایان لێ دەکەم! عوسمانی بەستەزمان وەک مقەبا وەستا بوو، ھیچ وەڵامێکی نەدایەوە، جومعە ماوەیەکی تر جنێوی دا، خۆ کەس نەیدەوێرا وەڵامی بداتەوە، ئیتر ڕۆیشت!

ئەمە من بە چاوی خۆم دیم و بە گوێی خۆم بیستم! ئا بەو جۆرە سزای دەروونیی خەڵکەکەیان دەدا! بیھێنەرە پێش چاوی خۆت: دەستی ئینسانێک لە دواوە بە کەلەپچە ببەسترێت، ئەوەند توند بکرێت تا دەچەقێتە ناو گۆشتەکەی، بەو شێوەیەش وەک چۆلەکە ھەڵبواسرێت، لەو حاڵەتەدا کارەبا لە عەورەتی و گورچیلەی ببەسترێت، ژێرپێی کێبڵکاری بکرێت، کە ھێنایشیانەوە ژووری زیندانەکەی لە گەرمەی خەوا ڕابپەڕێنرێ، ئا بەو جۆرەش سووکایەتی پێ بکرێت، دەبێ چ سزا و ئازاردانێک بێت!

ئەو پۆلیسەش کە ئیعتیرافی نەکردبوو ناوی ئومێد بوو، کوڕێکی باریکەلەی قژ لوولی، مووکاڵی، چاوشینی، سپی واش بوو، ئەم کوڕەش پێنچ ڕۆژ برا بۆ ئەشکەنجە، لێدان و فەلاقە و ھەڵواسین، تا منیش لەوێ بووم ھیچ ئیعتیرافێکی نەکرد!! ئیتر نازانم دوای من چی بەسەر ھات.

 قەڵای قایم (حصن الحصین):

    واتە: قەڵای قایم. ئەم کوڕە حیصنول حەصینێکی پێ بوو، کە ھەندێک قورئانی تیا بوو، وەک سوورەتەکانی (یاسین، ئەڕڕەحمان، ئەلواقیعە و ئەلحدید) منیش لێم وەر گرت و ھەندێک لە سوورەتی واقیعە و حەدیدم لەبەر کردەوە، کە گەیشتمە ئەم ئایەتەی سوورەتی حەدید : " مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الأَرْضِ، وَلا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلاَّ فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا، إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ، لِكَيْلا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ، وَلا تَفْرَحُوا بِمَا آتَاكُمْ، وَاللَّهُ لا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ."(سورة الحديد/ 22،23) واتە: ھەر موسیبەت و ناڕەحەتییەک لەسەر زەوی و دەروونی خۆتاندا ڕوو بدات، یا تووشتان ببێت، پێش ئەوەی بیھێنینە دی لە کتێبی لەوحول مەحفووزدا ھەیە و نووسراوە، بێگومان ئەوەش لای خوا ئاسانە، تا خەفەت بۆ شتێ نەخۆن کە لە کیستان چووە و بەوەی پێشتان دراوە لەخۆبایی نەبن! بێگومان خوا ھیچ خۆبەزلزانێکی فیزنی خۆش ناوێ.

لە کاتی ئاسایی و ئیسراحەتدا ئەم ئایەتە زۆر جێگەی دەمەقاڵە و قسەوباس بوو، چونکە لە مەعناکەی حاڵی نەدەبووین! بەڵام لەو زیندانەدا زۆر باش لە واتاکەی حاڵی بووم، بەڵکوو بووە مەڵھەمێکی کاریگەر بۆ ساڕێژکردنی برینە دەروونییەکانم، پاش لەبەرکردنەوەی ئەو ئایەتە ئیتر سەرکۆنە و سەرزەنشتی خۆمم نەدەکرد.

پۆلیسەکەی سەیدسادق:

ڕێکخستنێکی یەکیەتی لەناو پۆلیسی ناوشاردا دۆزرابووەوە! زیاتر لە بیست پۆلیس و باشچاوەش و قۆمیسەریان گرتبوو، زۆربەیان لەژێر ئەشکەنجەدا ئیعتیرافیان کردبوو.

کوڕێکیان ھێنابوو، ناوی جەلال بوو، کوڕێکی ڕەشتاڵە، کورتەباڵا و قەڵەوی پانکیلە بوو، ئەم بێچارەیە ئەوەند ھەڵیانواسیبوو، ھەردوو دەستی لە کار کەوتبوون، منیش بەزەییم پیا دەھاتەوە بە کوڕە گەنجەکانم دەگوت: خێری خۆتان کەمێ شانوباڵی بۆ بشێلن، مەشقی پێ بکەن بەڵکوو دەستەکانی کەمێ باش ببن! قەڵەوی بۆ ھەڵواسین زۆر خراپە، ئەم کوڕە چونکە قەڵەو بوو، نەیدەتوانی دەستی بجووڵێنێ، دەمگوت: جەلال گیان! دەستت بەرز بکەرەوە، تا ھێزی تیا بوو شانی بەرز دەکردەوە و دەیگوت: ئاە ما مۆستا گیان! ئاە.

دەمگوت: ھەوڵ بدە زیاتر دەستت بجووڵێنیت.

دەیگوت: بە خوا لەوە زیاتر ناتوانم.

ئەو ھەژارە! لەو ناوەدا وەک پنە کەوتبوو، نەیدەتوانی خۆی شت بخوات، دەبوو نانیان بکردایە بە دەمیەوە، ئاویان دەرخوارد بدایە، بۆ ئاودەستیش دەبوو خەڵکی بەنەخوێنەکەیان بۆ ببەستایەتەوە! نەیدەتوانی بەتانییەکە بە خۆیا بدات، دەبوو خەڵکەکە دایانپۆشیبایە!

 

 

 

حاڵی زیندانییەکان:

ئەمە حاڵی دانیشتووانی ناو ئەو ژوورانە بوو، بەڵام خۆ وەزعی ژوورەکان – بە شێوەیەکی دڵتەزێن - لەسەر دەروونی خەڵکەکە زۆر کاریگەرتر بوو.

بۆ نموونە: سابوونی دەستشۆرین، یا جلشۆرین، یا تایتی تیا نەبوو، چێشتمان دەکردە کاسەی ماستەوە، کاسەی ماستەکان کە نانی تیا نەدەخورا، بە ئاوێکی سارد دەشۆررا، لەبەر ئەوە چەورییەکەی ھەر وەک خۆی پێوە دەمایەوە!

 

مەگەر یەکێک لێی بقەومایە دەنا کەس نەیدەوێرا خۆی بشوات، چونکە ئاوی گەرم نەبوو، ئاوە ساردەکەش چڵکی لا نەدەبرد، جلوبەرگ نەدەشۆررا، ئەگەر بە ئاوە ساردەکەش بشۆرایە، چڵکەکەی ھەر وەک خۆی پێوە دەمایەوە، بۆیە ئەسپێ و مۆریانەیەکی زۆری تیا پەیدا بووبوو، باوەڕتان ھەبێ شەوانە پێش خەوتن ئیش و کارمان تەنیا ئەسپێ دۆزینەوە بوو، ئەگەر ئێمە شەوانە پێش خەوتن بیست یا زیاتر ئەسپێمان بکوشتایە، بۆ سبەی شەو زیاتر نەبووایە کەمتر نەدەبوو! زۆرم پێ سەیر بوو چونکە لە ژیانمدا شتی وام نەدیبوو و نەبیستبوو.

بەرسمێڵکردن و ڕیشتاشین و سەرچاککردن و بنباڵپاککردنەوە نەبوو، شانە نەبوو قژی پێ دابھێنرێت، ھەر وەک گوتم: سابوون نەبوو دەموچاوی پێ بشۆررێ، ئەو خەڵکە ھەمووی گژن و قژن و چڵکن بوون، بووبووینە عیبرەتێک بۆ خۆمان!

سەرمان ئەوەند ھەڵکڕاندبوو، کڕێشی سپیی ھەڵدابوو، ملیوان و یەخەی کراس و چۆغە لە چڵکا بریقەی دەدایەوە! زیاد لەوە سەرمای ژوورەکان بێنەرە پێش چاوی خۆت، بزانە لە کۆتایی مانگی یەک و سەرەتای مانگی دوو لە سلێمانییا دەبێ چ سەرمایەک بووبێ! ئەو ژوورانەش بەڕە و مافووریان تیا ڕانەخرابێت و سۆپایان تیا دانەنرابێت.. زیاد لەوە ناوبەناو پانکەی ژوورەکانیان لێ دەکردینەوە، تا زیاتر سەرمامان ببێت! ھەموو ھاوارمان لێ بەرز دەبووەوە، ئینجا  دەیانکوژاندەوە.. ئەمە حاڵمان بوو لەو ژوورانەدا.

 خۆ ئەگەر باسی خواردنت بۆ بکەم سەرسام دەبیت، لە شەووڕۆژێکدا سێ سەموونی باریکەلەی کارەباییان دەداینێ، پڕ کاسەی ماستێک چێشتمان ھەبوو، بە دوو کەس کاسەیەک ماستیان دەداینێ، بەقەدەر نیوەی بەشی کەروێشکێ  گێزەریان دەداینێ، ئێواران بە دوو کەس پڕ کاسەی ماستێ شلە و خۆرشتمان هەبوو. ھەر ھەفتەی جارێک ھێلکەیەکیان بۆ دەھێناین! پەنیرێکی ١١٠گرامی بۆ دوو کەس بوو بەڵێ، ئەوە خواردنەکەمان بوو.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure