قورئانخوێنی ڕۆژی جومعە
هه‌وڵێكی زۆرم دا بۆ ئه‌وه‌ی ببمه قورئانخوێنی ڕۆژی جومعه‌ی مزگه‌وتی جامیعه‌ی پێنجوێن، به‌ڵام قه‌ده‌ری خوا وا بوو بۆم نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بڵێیت واسیته‌ی زۆریشم كردبوو، له دڵی خۆیشما زۆرم پێ ناخۆش بوو كه بۆم نه‌بوو، به‌ڵام لەڕاستیدا خێرێكی گه‌وره‌ی تیا بوو كه بۆم نه‌بوو، چونكه له‌وانه بوو به‌و ئه‌ندازه‌یه ئیكتیفا بكه‌م، و واز له خوێندنه‌كه بێنم، و به نیوه‌وناته‌واو ده‌ست له خوێندن هه‌ڵبگرم. خوا خۆی ڕاستی فه‌رمووه: " وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَیْئًا وَهُوَ خَیْرٌ ڵكُمْ "البقره/ 216.
له سلێمانی كه ڕۆیشتمه ئیمتیحانی مه‌لا كوێرهكانهوه، له‌و كاته‌دا ته‌نیا مه‌لا كوێرهگان ئه‌و ده‌وره‌یان ده‌بینی، و له ڕۆژی جومعه‌دا قورئانیان ده‌خوێند، یه‌كێكیان كه زانیی من به‌شداریم كردووه، زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو و گوتی: ئێمه ته‌نیا ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌مان هه‌یه كه‌چی ئه‌م چاوساقانه. . نایه‌ڵن ئه‌وه‌یشمان بۆ ببێت. و ده‌یانه‌وێت لێمان داگیر بكه‌ن
من و سەربازی:
له ساڵی 1967دا من ته‌مه‌نم ده‌بووه 18 ساڵ و له‌و ته‌مه‌نه‌شدا خه‌ڵكی ده‌بوو بڕۆن بۆ سه‌ربازی، به‌ڵام من نه‌مویست بڕۆم بۆ سه‌ربازی، له‌به‌ر ئه‌وه خۆم كرد به موعیلی كچێكمان كه بووبوو، به ناوی شیرین، له ته‌جنیدی پێنجوێنه‌وه معامه‌له‌م ده‌ست پێ كرد، و ناردمیان بۆ سلێمانی ئیتر پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ببرێن بۆ سه‌ربازی من موافهقهتم بۆ هاته‌وه، كه ببمه موعیلی كچه‌كه‌م و خێزانم و به‌و شێوه‌یه له سه‌ربازی ڕزگارم بوو.
جەنگی شەش ڕۆژە:
له پێنجی حوزه‌یرانی 1967دا هه‌رسێ وڵاتی سوریا و ئوردون و میسر بڕیاریان دا: شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی زایۆنیدا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه شه‌ڕێكی قه‌ومی بوو، پێشه‌واكانی عه‌ره‌ب له‌و سه‌رده‌مه‌دا قه‌ومی و دژ به هزری ئیسلامی بوون، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌وڵیان ده‌دا له قسه‌كانیاندا، له وتاره‌كانیاندا به هیچ شێوه‌یه‌ك، باسی ئیسلام نه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت "مامۆستا "یوسف عه‌زم" باسی ده‌كات، كه: له كاتی خۆئاماده‌كردن بۆ جه‌نگی شه‌ش ڕۆژه‌ی حوزه‌یراندا، زانایه‌كی بانگخواز، كه سه‌ربازه‌كانی بۆ خۆبه‌خشین و فیداكاری هان ده‌دا. خۆی گوێی له وه‌زیرێكی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاتێكی ناوداری عه‌ره‌بی ده‌بێت كه پێی ده‌ڵێت: "ئه‌م شه‌ڕه‌مان مه‌كه‌ن به جه‌نگێكی ئاینی و واز له باسی "خالیدی كوڕی وه‌لید" و "سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییوبی" بهێنن. !! "ده‌ڵێت منیش گوتم: قه‌سه‌م به خوا دۆڕاندیان.
به‌ڵێ، وڵاتانی عه‌ره‌ب چاوه‌ڕوان بوون، تا ئیسرائیل ده‌ست بوه‌شێنێت، ئینجا ئه‌مان شه‌ڕ بكه‌ن، كاتێكیش ئه‌و ده‌ستی وه‌شاند، فرۆكه‌خانه‌ی هه‌رسێ وڵاته‌كانی وێران كرد، و هێزی هه‌وایی گۆج و ئیفلیج كردن، و بنكه مووشه‌كییه‌كانیشی وێران كردن. ئیتر له‌به‌رانبه‌ر هێزی هه‌وایی جووله‌كه‌دا هێزێك نه‌بوو، بۆیه، ئیسرائیل توانیی له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ڕۆژه‌دا، له به‌ره‌ی میسردا هه‌موو بیابانی نه‌قه‌ب و سینا بگرێت، بگاته سه‌ر سنووری كه‌ناڵی سوێس و له به‌ره‌ی سووریاشه‌وه هه‌موو به‌رزاییه‌كانی گۆلان بگرێت، كه ناوچه‌یه‌كی زۆر ستراتیژییه و دیمشقی پایته‌خت ده‌خاته ژێر ڕه‌حمه‌تی تۆپه‌كانی خۆیه‌وه، له به‌ره‌ی ئوردنیشه‌وه هه‌موو كه‌ناری ڕۆژهه‌ڵاتی گرت و به‌ته‌واوی خاكی فه‌له‌ستین كه‌وته ژێر ده‌ستییه‌وه.
له‌و كاته‌دا ده‌یانویست له جیاتیی خوای باڵاده‌ست "شادیه و ئوم كلسوم و عهبدولحهلیمیان" له ته‌كدا بێت، له واقیعدا ئه‌و جه‌نگه‌یان كه ڕه‌گه‌ز و توخمی ئاینی تیا نه‌بوو ئاوه‌ها دۆڕان، كه خۆیان ناویان نا جه‌نگی سه‌رشۆڕی! به‌ڵام زایۆنییه‌كان گه‌وره‌ترین نوسخه‌ی ته‌وراتیان به‌سه‌ر یه‌كه‌م تانكی ئیسرائیلییه‌وه گه‌یانده بیابانی سینا! له ساڵی 78 واته: یانزه ساڵێك پاش سه‌ركه‌وتنی جووه‌كان له‌و جهنگهیاندا ڕۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی "یه‌دیعۆت ئه‌حره‌نۆتی" ئیسرائیلی وتارێكی نووسیبوو تیایا ده‌ڵێت: ده‌بێت ئێمه حه‌قیقه‌تێكی گه‌وره‌مان له بیر نه‌چێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: كه به هۆی هه‌وڵی خۆمان و دۆستانمانه‌وه توانیومانه، باسی ئاین و ئیسلام له جه‌نگی سی ساڵه‌ی ڕابردووی نێوان ئێمه و عه‌ره‌به‌كاندا دوور بخه‌ینه‌وه. له‌و هه‌وڵه‌ماندا سه‌ركه‌وتوو بووین و ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین له كه‌ره‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و میدیاكاندا بۆ هه‌میشه ئیسلام له جه‌نگ دوور بخه‌ینه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه نابێت ئێمه ته‌نیا چركه‌یه‌ك له‌و پلانه‌ی خۆمان غافڵ ببین، كه نابێت بهێڵین موسوڵمانان له خه‌وی بێئاگایی خۆیان خه‌به‌ر ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست به سه‌ركوتكردن و داپڵۆسینیش بكات، ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین به هۆی دۆسته‌كانمانه‌وه ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌ین، نەهێڵین گیانی ئیسلامی له ناوچه‌كه‌دا زیندوو ببێته‌وه(1).
له‌و كاته‌دا پێنجوێن حكومه‌تی تیا بوو، ئه‌و كاته‌ش حكومه‌تی "عبدالرحمن عارف" له‌سه‌ر حوكم بوو، ویستیان كه سوپای عێراقی بۆ ئوردون بنێرن بۆ یارمه‌تیی سوپای ئوردن و سووریا.
"مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی" بهڕەحمهت بێت هه‌ر وه‌ك سه‌رۆكی پارتی بوو، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ش بوو، فه‌رمانی ده‌ركرد و تیایا ئاشكرای كرد، ئێمه له لایه‌ن خۆمانه‌وه ئاگربه‌ستی یه‌كلایه‌نه ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ ئه‌وه‌ی سوپای عێراقی بتوانێت بڕوات بۆ یارمه‌تیدانی سووریا و ئوردن و بیانووی ئه‌وه‌ی نه‌بێت، كه بڵێت: به هۆی پێشمه‌رگه‌وه نه‌مانتوانیوه به‌شداریی شه‌ڕ بكه‌ین!
المسلم بین الهویه الإسلامیه والهویه الجاهلیه، ص: 235، ج: 3، علی بن نایف الشحود.
چۆڵبوونی پێنجوێن:
حیزبی به‌عس لە کودەتایەکی سپی‌دا بەسەر ڕژێمی "عبدالرحمن عارف"دا لە ١٧ تەموزی ١٩٦٨دا سەر کەوت و هاته سه‌ر حوكم و به‌شی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی گرته‌وه، كه به ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه بوون، به‌ڵام ئێران ئه‌و كاته یارمه‌تییه‌كی زۆر باشی پێشمه‌رگه‌ی ده‌دا، بۆیه تۆپبارانێكی خه‌ستوخۆڵی ئۆردوگاكه‌ی پێنجوێنی كرد و حكومه‌تی به‌عسیش، كه ده‌یویست خۆی بگرێت و به شه‌ڕی ئێرانه‌وه مه‌شغووڵ نه‌بێت، پاش ماوه‌یه‌ك سوپاكه‌ی له پێنجوێن كێشایه دواوه، هه‌موو كاربه‌دستان و مووچه‌خۆرانی ده‌وڵه‌تیش له ته‌ك ئه‌واندا ڕۆیشتن، مه‌لاكانی پێنجوێنیش كه به‌شی زۆریان مووچه‌خۆری ئه‌وقاف بوون، له ته‌ك حكومه‌تدا ڕۆیشتن و له‌ناو هه‌موو پێنجوێندا، ته‌نیا مه‌لا "عه‌زیزی سه‌عیدی حه‌مه‌خان" مابووه‌وه، كه ئه‌ویش ئاستی زانیاری وا نه‌بوو ده‌رسم پێ بڵێت. منیش كه‌وتمه بیركردنه‌وه له باره‌ی خۆمه‌وه، ئایا چی بكه‌م؟ هه‌ر له پێنجوێن بمێنمه‌وه و واز له خوێندن بێنم؟ یا به‌ره‌و شار بڕۆم، و درێژه به خوێندنه‌كه‌م بده‌م؟
دێى داربەڕوولە:
له ساڵى 1969دا له دێى داربه‌ڕووله‌ى نێوان عه‌ربه‌ت و سلێمانى، بووم به ئیمام، خه‌ڵكى ئه‌م دێیه دوو به‌ره‌باب بوون، یه‌كێكیان بیست و پێنج ماڵێك و ئه‌وى تریشیان ده ماڵێك ده‌بوون، ئه‌م دوو به‌ره‌بابه ببووه شه‌ڕ و ناكۆكییان و دوژمنایه‌تى له‌نێویاندا به‌هێز ببوو، به جۆرێكى وا گه‌یشتبووه شه‌ڕه گوللـه.
چۆن بووم بە مەلا لەم دێيەدا؟
له ساڵى 1969دا حكومه‌تى به‌عس شارى پێنجوێنى چۆڵ كرد، هه‌موو مووچەخۆرهكانیش كه‌وتنه شوێنى، مه‌لاكانى ناو شاریش مووچەخۆر بوون ئه‌وانیش ڕۆیشتن. منیش تازه ههڵچووبوومهوه له خوێندن "سيوطي"م ده‌خوێند، پێویستم به كه‌سێک هه‌بوو ده‌رسم پێ بڵێت و ناوشاریش مامۆستایه‌كى تیا نه‌مابوو، ویستم بكه‌ومه شوێن خوێندنه‌كه‌م، نهیشمدهتوانى بڕۆم بۆ سلێمانى چونكه مووچەم نه‌بوو، ئینسانیش بێ مووچە ناتوانێت له ناوشاردا بژى، بیستبووم كه مه‌لاى شاره‌زوور زه‌كات و بهراتێكى باش وه‌ر ده‌گرن، بڕیارم دا له یه‌كێک له‌و دێیانه‌ى شاره‌زووردا ببم به ئیمام، كه‌سیشم نه‌ده‌ناسى، نه‌مده‌زانى چۆن و له‌كوێوه، ده‌ست پێ بكه‌م؟
مامۆستا ئەمينى نادر:
ڕۆژێكیان له سلێمانییه‌وه ده‌هاتمه‌وه بۆ پێنجوێن، ترۆمبێلهكهمان له چایخانه‌كه‌ى كانى پانكه لاى دا، له‌وێدا كوڕێكى گه‌نجى كه‌وا و سهڵتهلهبهرم بینى وا پێ ده‌چوو فه‌قى بێت، پاش چۆن و چاكى و هه‌واڵپرسین گوتم: جه‌نابت ده‌خوێنیت؟ گوتى: به‌ڵێ، له دێیهكیشدا مه‌لام(1).
گوتم: له‌م ناوه‌دا دێیه‌ك هه‌یه، مه‌لاى نه‌بێت و پێویستیان به مه‌لا هه‌بێت؟
گوتى: به‌ڵێ، دێى "موانى خواروو" پێویستیان پێیه‌تى.
گوتم: چۆن چاومان پێیان بكه‌وێت؟
گوتى: مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ومینى ئه‌م دێیه (2)و مامۆستا مه‌لا ڕه‌حیمى گرێزه، مامۆستاى ئه‌م ناوه داده‌مه‌زرێنن.
گوتم: چۆن بیانبینین؟ خۆ من هیچیشیان ناناسم؟
گوتى: كارى به‌خێره، من ده‌ڕۆم بزانم مامۆستا مه‌لا حه‌مه‌ومین له ماڵه یان نا؟ ئه‌گه‌ر له ماڵ بوو ئه‌وا پێكه‌وه ده‌چین بۆ لاى.
گوتم: زۆر مه‌منوون؟ خوا جه‌زاى به‌خێرت بداته‌وه.
پاش ماوه یه‌ك هاته‌وه، و گوتى: مامۆستا له ماڵه، فه‌رموو با بچین بۆ لاى. به‌ڵێ پێكه‌وه ڕۆیشتین بۆ ماڵی مامۆستا، مامۆستا‌م پێشتر نه‌دیبوو، به‌ڵام وه‌ك ناسراوێك ڕێزى لێ گرتین، خوا پاداشتى بداته‌وه، ئه‌م مامۆستایه پاش چه‌ند ساڵێك له دهورهى مامۆستایهتیى سه‌ره‌تاییدا به‌شداریى كرد، بوو به مامۆستاى سه‌ره‌تایى له هه‌ڵه‌بجه‌دا، پیاوێكى موسوڵمان و خواویست و ئیسلامدۆست بوو، یه‌كێك بوو له‌و برا قهدیمانهى له سه‌رده‌مى مامۆستا "محمد محمود الصواف"دا به‌یعه‌تیان دابوو، به‌ڵام به هۆى ئه‌وه‌وه كه له دێهات و دوور له دۆستان بوو، زۆر گه‌شه‌ى نه‌كردبوو، ده‌نا ئیخلاصێكى زۆرى هه‌بوو، - [ ولانزكي أحدا على الله- ] پیاوێكى زۆر پاك بوو. پاش خۆپێناساندن گوتم: مامۆستا گیان! ئه‌وى ڕاستى بێت، من ده‌مه‌وێت له‌و دێیه‌دا ببمه مه‌لا و پێم خۆشه جه‌نابیشت یارمه‌تیم بده‌یت.
گوتى: به‌سه‌رچاو، به‌ڵام مامۆستا! تۆ مناڵت هه‌یه؟
گوتم: بەڵێ، كچێكم هه‌یه ته‌مه‌نى شه‌ش مانگه.
گوتى: به خوا مامۆستا! ئه‌م دێیه زۆر گه‌رمه! مێشووله‌ى زۆره! تۆیش خه‌ڵكى ئه‌و كوێستانه‌ى پێنجوێنیت، نا‌توانیت تیایا بحه‌سێیته‌وه، ده‌موده‌س ئه‌و كچتانه گه‌رما ده‌یبا، یا مه‌لاریا ده‌یكوژێت.
منیش هه‌ر سوور بووم له‌سه‌ر مهبهستهكهى خۆم. ئاخرى كه زانى من هه‌ر سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ببمه مه‌لا له‌و دێیه‌دا، و گوێم له‌و قسانه نییه گوتى: باشه، ده‌چین بۆ گرێزه، بۆ لاى مامۆستا مه‌لا ڕه‌حیم، بزانین ئه‌و ڕاى چییه؟ ئیتر من ڕۆیشتم بە ترۆمبێلەکەی پێنجوێنم گوت: برام ئێوە بڕۆن من نایەمەوە. لای مامۆستا ئەمین ماینەوە تا نیوەڕۆ.
مامۆستا ڕەحيمى گرێزە:
پاش نانى نیوه‌ڕۆ چووێن بۆ گرێزه، هه‌ر وه‌ك له‌وه‌وپێش باسم كرد مامۆستا ڕه‌حیمم نه‌دیبوو، ئه‌ویش زۆر ڕێزى لێ گرتین، خوا پاداشتى خێرى بداته‌وه. (3) مامۆستا ئه‌مین منى پێ ناساند و گوتى: ئێستا ده‌یه‌وێت له موان ببێته مه‌لا، منیش پێم گوتووه كه ئه‌و دێیه به‌كه‌ڵكى تۆ نایه‌ت، به‌ڵام قه‌ناعه‌تى نه‌كردووه! ئێستاش حه‌ز ده‌كه‌ین ڕاى جه‌نابت بزانین.
ئه‌ویش زۆر ڕێزى نواند و پاشان گوتى: من وا نازانم ئه‌و دێیه بهعهمهلى تۆ بیت. كۆمه‌ڵێک شت هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه هه‌واى ناساز، میشوولهى زۆر، مه‌لاریاى ترسناك و چه‌نده‌ها شتى تریش.
به‌ڵام من هه‌ر حه‌زم لێى بوو، پاش چاخواردنه‌وه و میوه‌خواردن، كتێبێك دانرابوو، مامۆستا ئه‌مین سه‌یرى كرد، و هه‌ندێكى لێ خوێندهوە، ڕسته‌یه‌كى هاته به‌رده‌م، هه‌رچى هه‌وڵى دا، بۆى ڕاست نه‌بووه‌وه، ئینجا مامۆستا ڕه‌حیم گرتى به ده‌ستییه‌وه، قه‌ده‌ر وا بوو، له‌ویش عاصى ببێت، ئینجا داى به من و گوتى: بەڵکوو تۆ ڕاستى بكه‌یته‌وه، منیش "لەڕاستیدا خۆم به خوێنده‌وار نه‌ده‌زانى، به‌ڵام ویستى خوا وا بوو هه‌ر له‌گه‌ڵ خوێندمه‌وه به‌دروستى خوێندمه‌وه، ئاى مامۆستا ڕه‌حیم چه‌ندى پێ خۆش بوو! زۆر ته‌عریفى كردم و هات به شانوباڵمدا، به‌ڵام من خۆمم ده‌ناسى و به‌و قسانه‌ى ئه‌و مه‌غروور نه‌بووم، تێگه‌یشتم كه ئه‌مه لوتفى خوایه و به‌س، بۆ ئه‌وه‌ى من له پێشچاو ئه‌واندا مهكانهتێكم بۆ دروست ببێت.
پێش نوێژى عه‌سر ڕۆیشتین بۆ "مووان" و چووینه مزگه‌وته‌كه‌وه، هه‌ندێک ڕیشسپیى خه‌ڵكى ئاوایى هاتن و بۆ ئیمامه‌تى نوێژى عه‌سر مامۆستا ڕه‌حیم و مامۆستا ئه‌مین منیان پێش خست، پاش نوێژ باسى مه‌لا و خه‌ڵات و به‌راتى مه‌لا كرا، ئه‌و ئه‌ندازه‌ى ئه‌وان گوتیان: مامۆستاكان پێى ڕ‌ازى نه‌بوون به‌ڵام من خۆم پێم باش بوو.
سه‌عاتێک ڕۆژى مابوو كه هاتینه‌وه بۆ كانى پانكه، مامۆستا ڕه‌حیم گوتى: كاتى خۆى من له دێى داربهڕوولهدا مه‌لا بووم دێیه‌كى زۆر باشه، له‌و ماوه پێشووه‌دا بیستم كه مه‌لایان نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان مه‌لایان نه‌گرتبێت، ئه‌و دێیه ههزارقات لێره باشتره.
(1) المسلم بین الهویه الإسلامیه والهویه الجاهلیه، ص: 235، ج: 3، علی بن نایف الشحود.