بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاوهەشت
بیرەوەرییەکانی بانگخوازێک - ئەڵقەى پەنجاوهەشت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2024/04/29     153 جار بینراوە    


بەڕێکەوتنمان بەرەو ئاوایی شێخان:

پرسیاری وڵاخمان کرد بۆ ئاوایی شێخان. گوتیان: وڵاخ نییە. تومەز وڵاخدارە ئێرانی و عێراقییەکان ناوچەکەیان لەناو خۆیانا دابەش کردبوو، ئێرانییەکان ڕۆژێک باریان بۆ ئاوایی (گریانە)( ) دەبرد، عێراقییەکانیش ڕۆژێ بۆ (شێخان)، لەو ڕۆژەدا کە ئێرانییەکان دەچوون بۆ گریانە عێراقییەکان نەدەچوون بۆ شێخان، ئەو ڕۆژەی عێراقییەکانیش بڕۆیشتنایە بۆ شێخان ئێرانییەکان نەدەچوون بۆ گریانە.

ناچار ئەو ڕۆژەیش لەوێ ماینەوە، "کامەرانی کاکە عارف" بە خۆی و پەلێک لە چەکدارەکانی کۆمەڵەوە ڕۆیشتن بۆ بنکەی عێراقییەکان، نوورەدین یەکێکیانی ناسیبوو، چۆنوچاکی لەگەڵا کردبوو، ئینجا کامەران کە زانیبووی خۆی و ئومێدی خوشکەزای ھاتن بۆ لامان، ئەو ئێوارەیە حەمە ئیمامیمان ڕاسپارد چوار وڵاخمان بۆ بگرێت، ئەویش بۆی گرتبووین. ئەو شەوە لە ئوتێل نایلۆن ماینەوە.

تلێربوونەوەی وڵاخەکەم:

ئەو شەوە دە کیلۆ ڕۆن و دوو کیلۆ چایمان کڕی، بەیانی ڕۆژی (٦/١٢/١٩٨٧) سەعات پێنج و نیوی بەرەبەیان نوێژمان کرد و بەڕێ کەوتین، بارانیش دەباری، بارانێکی خوڕەم، من سواری وڵاخێک بووبووم و ڕازاوم خستبووە پاشکۆی خۆمەوە، خێزانیشم سوار وڵاخێک بووبوو ڕۆشنای لە بەردەما بوو، بەھادین و نوورەدین و ئومێد و ڕووناکیش بەپێ دەڕۆیشتن.

ڕێمان بەرەو دێی (شێخان) گرتبووە بەر، بەڵام ڕێگا چ ڕێگایەک بوو! ھەمووی لابەلا و ناھەموار و سەخت، لە ھەندێک جێدا تەلان و بەرد و لاپێ و بزنەڕێ، ئا لەویادا وەسفەکەی گۆرانم بیر کەوتەوە کە دەڵێت:

کۆمەڵێ شاخی سەخت و گەردنکەش

ئاســـــمانی شینیان گرتووەتــــە بــاوەش

سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی

بـــــە دارستـان ڕەش نــــاو دۆڵی کپی

توولەڕێی باریک توناوتــوون پشکن   

ڕێبوار دەخاتە ئەندێشەی مردن (بێبن)

جۆگەی ئــاوەکان تیایــــا قەتیس مـاو

ھەرچەند ڕێ ئەکەی ناکەی پێچ تەواو

بارانیش باریبوو، ڕێگاکە بووبووە قوڕ، چارەکە سەعاتێک لە ھاوارەکۆن دوور کەوتبووینەوە، گەیشتینە شوێنێک بەرزاییەکی بەردین و سەخت بوو، دەبوو وڵاخەکان وەک پلەکانە سەر بکەوتنایە، ھێسترەکەی خێزانم سەر کەوت و ڕۆیشت، ھێسترەکەی من گەیشتە پلەکە و نووچی دا، بەسەر ھەردوو دەستیدا کەوت و نەیتوانی ھەستێتەوە، تەماشای لای خوارەوەش دەکەیت ھەزار بەھەزارێکە گەر ئینسان پێی بترازایە ھەپروون ھەپروون دەبوو.

بەھادین لە تەنیشتمەوە بوو، گورج ڕازاوی داگرت و گوتی: بابە خێرا دابەزە، منیش گورج بە لای شاخەکەوە دابەزیم، وڵاخدارەکان ھاتن ھێسترەکە ھەستێنن، جڵەوەکەیان گرت و ڕایانکێشا، بەڵام وڵاخ نەیتوانی بەتەواوی ڕاست ببێتەوە، پاشوویشی خزایە خوارێ، چەند ھەوڵیان دا نەیانتوانی بیھێننە سەرەوە، وەخت بوو ئەوانیش ڕابکێشێتە خوارێ، بەناچاری بەریان دا، وڵاخی داماو بەر بووەوە و تیا -چوو.

خاوەن وڵاخەکە ڕۆیشتە خوارەوە تا بزانێ ئایا وڵاخەکەی ماوە یان بەتەمای نەبێت؟ ئێمەش ماوەیەک چاوەڕوانیمان کرد، پاش ماوەیەک ھاتەوە و گوتی: سەری داویەتی بە بەردێکا و چاوی دەر تۆقیوە و تیا چووە.

باش بوو لە جەژنەکەی ھەردوو لا نەبووین:    

ئا لەویادا خێزانم قسەیەکی کرد زۆر بەزەییم پیایا ھاتەوە، ھەرچی بیرم دەکەوێتەوە، سەرلووتم دەسۆڵێتەوە و دڵم پێی دەسووتێ. بە بەھادینی گوت: کوڕم! ھەزار سوپاس بۆ خوا کە باوکت دابەزی، خوا نەخواستە لەو کاتەدا بەسەر وڵاخەکەوە بووایە، ئێمە لەم چۆڵەوانییەدا چیمان بکردایە؟ ئێمە بە ھۆی ئەوەوە ئاوارە و دەربەدەر بووین، خانە و لانەمان جێ ھێشت و ئەم ڕێیەمان گرتە بەر، ئەگەر خوانەخواستە بکەوتایەتە خوار، لە کوردەکەی ھەردوو جەژن دەبووین. ئیتر خێزانم سوار وڵاخەکەی نەبووەوە، من سوار وڵاخەکەی ئەو بووم، ناو بەناو ڕازاوم دەخستە پاشکۆم، چونکە تا ماندوو نەبووایە نەیدەوێرا سوار ببێت، ئەویش بەپێ دەڕۆیشت، مناڵەکانیش بەنۆرە ڕۆشنایان دەگرتە کۆڵیان.

پێنچ سەعات و نیوی تەواو بەڕێوە بووین، باران بەردەوام بە سەرمانا دەباری، زۆری نەمابوو بگەینە شێخان شەخس و قسنێکی لێ بوو، ھەمووی بە ئەڵغام چێنرابوو، ئا لەویا ڕازاومان بەتەواوی شەکەت و ماندوو بووبوو.

لەگەڵ ئەوەدا کە من بەتەمای ئەوە نەبووم مناڵەکانم توانای ئاوەھا ڕێگابڕینێکیان ھەبێ ھەموویان بەپێ ھاتن، ناوبەناو و بەنۆرە ڕۆشناشیان دەگرتە کۆڵ، ئەڵبەتە ھەریەکەیان تایبەتمەندیی شەخسیی خۆی ھەبوو، چونکە ڕۆشنا بەزۆری بەکۆڵی نورەدینەوە بوو. لەو ڕێیەدا ھەندێک جار تا لووتکەی شاخەکە سەر دەکەوتین و ھەوای سارد و با و باران دەیدا بە سەروچاوماندا، لە ھەندێک شوێنا بۆران بوو، واتە بەفر بە باوە بەرەو ڕوومان دەھات، بەڵێ پاش پێنچ سەعات و نیو گەیشتینە شێخان، ئەم پێنچ سەعاتە بەفر و باران لێی داین، با ئەوەش بوەستێ کە ڕێگەکە ئاوەھا لاپێ و سەخت و ھەڵەت و بزنەڕێ بوو، سەرباری ھەموویشی بووبووە قوڕ. من ھەرگیز نەدەھات بە خەیاڵمدا لە کەشوھەوایەکی ئاوەھا ناھەمواردا منداڵەکانم بتوانن پێنچ سەعات و نیو ڕێگا ببڕن، لەویادا حاڵی بووم، کە ھەموو ئینسانێک ھێزێکی شاراوەی تێدایە، ئەو ھێزەش لە کاتی تەنگانەدا دەر دەکەوێت.

ئاوایی شێخان:

کاتێ گەیشتینە دێی شێخان چل و پێنچ دیناری کرێ وڵاخەکانمان دا، لەوێدا بنکەیەکی بەسیجی پاسدارانی کوردی لێ بوو، خۆمان تەسلیمی بنکەکە کرد، ڕێزێکی زۆریان لێ گرتین، خزمەتێکی باشیان کردین، زۆپایان بۆ گەرم کردین، برنجوشلەیەکی زۆریان ھێنایە بەر دەستمان، بەیانییش نانمان نەخواردبوو زۆر برسی بووین، بەتەواوی تێرمان خوارد و گەرممان بووەوە، لە دوورەوە چادرێکیان ھەڵدابوو کەسی تیا نەبوو، من و خێزانم ڕۆیشتینە ئەوێ ھەموو بەرگ و جلەکانمان گۆڕی، چونکە تاسەر پێستی لەشمان تەڕ بووبوو.

ئینجا نامەیەکیان بۆ نووسین بۆ قەزای (پاوە)، دایانە دەست سایەقی ترۆمبێلەکە، سوار پیکابێکی دووکابینەی توێتا بووین، تا پاوە بە چوار سەد تمەن. ئەو ڕێگەیە ھەرچەند پێچاوپێچ و ملان و بەرزی و نزمیی بوو، کەچی زۆر ناخۆش نەبوو، ئەوی سەرنجڕاکێش بوو لە (دووئاوان) بازگەیەکی پشکنینی لێ بوو، پاسدارێک ھات پرسیاری لە سایەقە کرد، ئەویش بەتووڕەییەوە وەڵامی دایەوە، ئیتر پاسدارەکە لێی تووڕە نەبووەوە و گوتی: بڕۆن.

پیاوێکی عێراقیمان لەگەڵ سوار بووبوو کە بە ئیجازە ڕۆیشتبووەوە و ھەندێ شتی ھێنابوو، گوتی: کاکی سایەق ئەوە ئەگەر لە عێراقدا ئاوەھا لە سەربازێکی بازگە تووڕە دەبووی دەتزانی عەلی کوڕی کێیە؟

سایەقەکە گوتی: بۆچ؟

کابراگوتی: وەڵڵا ئەوەندەی لێ دەدایت، تا وات لێ دەھات بە لۆکە ئاویان بکردایەتە دەمتەوە!

سایەقەکەش گوتی: ئاخر جیاوازیی نێوان دەوڵەتی ئێوە و دەوڵەتی ئێمە ئەوەیە کە بینیت.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure