سەفەرەکەى ڕێژاو:
لە ٢١/٢ مامۆستا سەلاح ھات بۆ پاوە و گوتی: دەمانەوێ بڕۆین بۆ ڕێژاو داخوازی کچی مامۆستا مەلا مەحموودی عەنەب بکەین، بۆ کاک فارووقی سەنگاوی، پێمان خۆشە تۆیش بێیت لە تەکمانا. گوتم: باشە.
لە ٢٢/٢ دا لەگەڵ مامۆستا سەلاح و کاک فارووق و کاک ھیوا سیوەیلی و خێزانی و ئومێدی کوڕمدا ڕۆیشتین بۆ ڕێژاو.. ئەو کاتە کاک ئەمینی کوڕی مامۆستا مەحموود لە ڕێژاو دادەنیشت و مامۆستا مەلا مەحموود و خێزانیشی لەوێ بوون.
بە ناو شارەکانی (کرماشان و ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا و کەرەند)دا تێپەڕین، و ڕۆیشتینە کۆمەڵە ئاوایی ڕێژاو.. ماوەی نێوان کرماشان و ئیسلامئاوا ٥٧ کیلۆمەتر، و ماوەی نێوان ئیسلامئاوا و کەرەند ٣٤ کم و ماوەی نێوان کەرەند و ئاواییەکانی ڕێژاو ٥٦کم بوو. کۆ ١٤٧ کم.
کرماشان- ئیسلامئاوا:
ڕێی نێوان ئەم دوو شارە قیرتاوێکی نایاب و پوختە بوو، ئیسلامئاوا لە پێش ڕاپەڕینی ئێراندا پێیان دەگوت: شاە ئاوا، لە دوای شۆڕش ناوی گۆڕا بە ئیسلامئاوا.. ئەم شارە وەک وێرانەیەکی جەنگی لێ ھاتبوو، ئەوەند بۆمباران کرابوو، شارێکی خۆشکیلانەی پاک و پوخت بوو، شوێنی شارەکە لە دەشتاییدا بوو، ئەم شارە قەزا و سەر بە پارێزگای کرماشان بوو. لە گەراجی شار دابەزین و پاش ماوەیەک سەفەرەکەمان دەست پێ کردەوە.
ئیسلامئاوا- کەرەند:
ترۆمبێلمان گرت و بەرەو کەرەند کەوتینە ڕێ.. ئەڵبەت کەرەند شارۆچکەیەکی خنجیلانەی جوان و تەمیز بوو، ئەم شارۆچکەیە لە بارەی ئیدارییەوە ناحیە و سەر بە ئیسلامئاوا بوو. بەشی ھەرە زۆری دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە، کاکەیی و عەلیپەرست بوون.
شوێنی ئەم شارۆچکەیە لە دەشتاییدا بوو، ئەمیش لە بۆمبارانی فڕۆکەکانی بەعس بێبەش نەبووبوو، بەڵکوو بەشێکی زۆری بەر کەوتبوو، ناو بەناو شوێنەواری وێرانە دەبینرا.. پاش ئەوە کە گەیشتینە کەرەند لە گەراج دابەزین، چونکە ترۆمبێلەکەمان تا ئەوێ گرتبوو.
کەرەند- کۆمەڵە ئاوایى ڕێژاو:
پاش ماوەیەک سەفەرەکەمان دەست پێ کردەوە و ترۆمبێلمان گرت و بەرەو ڕێژاو کەوتینە ڕێ.. پاش ئەوە کە نزیکەی ٥٦کم ڕێمان بڕی بە ناو شاخ و دۆل و دەشتا گەیشتینە کۆمەڵە ئاوایی ڕێژاو، پیش ئەوەی بگەینە ڕێژاو ئومێدی کوڕم مێرمنداڵێکی بچکۆلە بوو، لە کاک فارووقی پرسی: و گوتی: تۆ پێم ناڵێیت چۆن ئەم ئافرەتەت لەناو ئەم شوێنە دوورەدا دۆزیوەتەوە؟ پرسیارەکە لای ھەمووان گەورەتر بوو لە قەد و باڵای ئومێد، بۆیە ھەمووان دەستیان بە پێکەنین کرد.
ئەم ئاواییانە لەناو دۆڵێکی بەرفراوانا بوون، ئەم دێیانە ھەموویان ئاو و کارەبایان ھەبوو، باخوباخاتێکی زۆر و فراوانیان ھەبوو، میوەی ھەمەجۆریان ھەبوو، بەڵام ھەنجیر لە ھەموویان زیاتر دەبینرا.
ئەم ئاواییانە ئاوێکی ئێجگار زۆریان ھەبوو، سەرچاوەی ئاوەکەیان لەبن چیای سەرکەشی ڕێژاوەوە ھەڵدەقوڵی و دەھاتە دەر، ئیمە ڕۆیشتینە سەرچاوەکەی، لە ئاوی زەڵم دەچێ، ھەرچەند وەک زەڵم بە بەرزییەوە نییە، لە زۆریدا لە یەک دەچن. ڕووبارێکی بۆ خۆی پێک ھێناوە.
داخوازییەکەمان:
ئەو شەوە لە ماڵ مامۆستا مەلا مەحموود بووین، داخوازییەکەمان کرد و مامۆستایش بەڕەحمەت بێ بڕیاری دا بیداتێ. مامۆستاژن دەستی بە پەڵپ و بیانوویەکی زۆر گرت، لەناو ئەوانەدا دەیگوت: من ئەم کوڕە ناناسم، من ئەم کچە بە ئێوە ئەدەم (من و مامۆستا سەلاح)، بە شەرتێ ئێوەش گفت بدەن یەکی کچێ بە کوڕەکانی حەمەومین بدەن! ئێمەش گوتمان: خوا پەک ناخات، ئەگەر کوڕەکان چاک بوون، ھەر خەڵک زۆرە کچیان بداتێ.. فارووقیش بە داخوازییەکانی مامۆستاژن ڕازی بوو.
سبەینێ لە ٢٣/٢ مامۆستا و فارووق ڕۆیشتنەوە بۆ کرماشان تا زێڕەکانی بۆ بکڕن و بێنەوە. ئەوانیش سێ تاک بازنگی زێڕیان بۆ کڕیبوو ھاتنەوە، پاش ئەوە کە ئەوان ھاتنەوە مامۆستا لەسەر نۆزدە مسقاڵ زێڕی قەرز و ئەو سێ تاکە بازنگە مارەی بڕی. ئەو شەوەش لەوێ ماینەوە. بۆ سبەینێ لە ٢٤/٢ ئێمە گەڕاینەوە بۆ کرماشان و زاوا لەوێ مایەوە.
لە بانگی شێوانی ڕۆژی ٩/٣/٨٨ مامۆستا "حەمەومینی ئیمامی" و "ئوسامەی کوڕی" و "مامۆستا مەحموود" و "مامۆستا غەففاری ئیمامی" و "مامۆستا بارامی" ھاتن بۆ سەردانمان، پاش ئەوە کە ماوەی دووسێ سەعاتێ قسەی خۆشمان کرد، لە سەعات دەی شەوا تەشریفیان برد و بەند نەبوون، چونکە ئەو کاتە ئێران ھێزێکی زۆری لەو ناوەدا کۆ کردبووەوە، ترسی ئەوە ھەبوو ھێرش بکرێتە سەر ھەڵەبجە و پاشان دەوڵەتی عێراقیش گازی کیمیاوی بکات بەسەر ئەو خەڵکەی سەر سنووری ئێراندا و دێیەکەی ئەوانیش بەر بکەوێت.
ترسى کیمیاوى:
لەڕاستیدا خەڵکی پاوەش ترسیان لێ نیشتبوو، کە لە ناکاوێکا دەوڵەتی بەعس گازی کیمیاوی بەسەر خەڵکەکەدا بکات، لەبەر ئەوە بەشی زۆری خەڵکەکە بە ڕۆژدا چۆڵیان دەکرد و دەڕۆیشتن بەملا و بەولادا. ئەوانەی ترۆمبێلیان ھەبوو، بە ڕۆژدا دەرۆیشتن و بە شەودا دەھاتنەوە بۆ ماڵ.
ئێمەش توانای ئەوەمان نەبوو بەیانیان بڕۆین و شەوانە بێینەوە، ترۆمبێلمان گرت و ڕۆیشتین بۆ جوانڕۆ، لە دڵی خۆماندا نیازی ئەوەمان ھەبوو ئەم ماوەیە بە دێنی و سەردانەوە ببەینە سەر. بەڵێ ئەو شەوە لە جوانڕۆ بووین، ماڵی مامۆستا سدیقیش ھەر ھەمان ترسیان ھەبوو، ئێمە گوتمان: نیازمان وایە سەفەرێکی سەقز بکەین، ئەوانیش گوتیان: لەڕاستیدا ئێمەش نیازی سەفەرێکی وامان ھەیە. بۆیە بڕیارمان دا سبەینێ بڕۆین بۆ کرماشان و ئیجازەیەک وەر بگرین.
مامۆستا مەلا عەلیى بیارە:
ڕۆژی ١١/٣ لە تەک مامۆستا "سدیقی حاسڵ"دا ڕۆیشتین بۆ کرماشان و لەوێوە ڕۆیشتین بۆ پرسەکەی مەلا عەلیی (لێویی) بەڕەحمەت بێ، کە ناوبانگی بە مەلا عەلیی بیارە دەر کردبوو، مەلا عەلی پیاوێکی پاک و دڵسۆز و بەدین بوو،-ولانزکی علی اللە أحدا- دڵسۆزی گەل و نەتەوەکەی بوو، پیاوێک بوو تەبیعەتێکی جوانی ھەبوو، لەناو ڕابیتەی زانایانی ئیسلامدا بوو، کە لەمەودوا بزووتنەوەی ئیسلامیی لێ دروست بوو.
ئەم پیاوە لەگەڵ مامۆستا مەلا عەلیی ھەڵەبجەدا ڕۆیشتبوون بۆ سەردانی بەرەکانی شەڕ، لەو سەرسنوورەدا پارچەی گووللــەتۆپێک لێی دابوو کوشتبووی، خوا پلەی شەهیدی پێ ببەخشێت، مامۆستا ماڵی لە سنە بوو، لەبەر ئەوە پرسەکەیان لەوێ بۆ دانابوو. ئێمەش ڕۆیشتین بۆ ماڵیان و لەوێ خەڵکێکی لێ بوو، منیش ھەندێ دڵخۆشیی کوڕەکەی و خێزانیم دایەوە و ھەندێ باسی پاداشتی شەھیدم بۆ کردن. شێخ لەتیفی واژەیی بەڕەحمەت بێ ئەویش لەوێ بوو، گوتی: دەی کە ئاوەھا باسی پاداشتی شەھید دەکەیت، بۆ خۆت گل داوەتەوە؟ ئەو کاتە من لەناو بزووتنەوەدا نەبووم، بەڵام بە دڵ لە تەکیاندا بووم. لە جیاتیی من مەلا ساڵحی بیارەیی خوا پاداشتی بەخێر بداتەوە، وەڵامی دایەوە.
مەلا ساڵحی بیارەیی کە زاوای مەلا صاحیبی تەوێڵە بوو، خۆیشی لەگەڵ بزووتنەوەدا بوو، گوتی: مامۆستا شیخ لەتیف، ئەوەی موسڵمان بێ، باوەڕی ئاوەھای بە شەھیدی و پاداشتی شەھیدی ھەیە. بەڵام جیاوازی لەوەدایە ئایا ئەوە بە جیھاد دەژمێررێ یان نا؟ جیاوازیی بۆ چوون لەوێدایە! ئیتر ڕۆیشتین بۆ ماڵ مامۆستا حەمە یوسف و شەو لە ماڵ ئەوان بووین.. و سبەینێ گەڕاینەوە بۆ جوانڕۆ.
سەرۆک پۆلیسى مەئموون:
١٣/٣ لە تەک مامۆستا سدیقدا ڕۆیشتین بۆ پاوە، تا ئیجازە وەر بگرین و بڕۆین بۆ سەقز. بەڵام پاوە چۆڵ بووبوو، جەلالی لە دەفتەرەکەی خۆیا نەمابوو، مامۆستا سدیق ڕۆیشت بۆ فەرمانداری لەوێ بینیبووی، ئیتر پێکەوە ڕۆیشتین ئیجازەمان لێ وەر گرت، بەڵام گوتی: لەم حاڵەتەدا ناتوانم ئیجازەی سەقزتان بۆ بکەم، ئیجازەی سنەتان بۆ دەکەم بە ناوی تەعزییەکەی مەلا عەلیی بیارەوە! ئێمەش ئیجازەکەمان وەر گرت و ھاتینەوە بۆ جوانڕۆ. شەو لەوێ بووین، ھەندێ خەڵکیش ھاتبوون بۆ لام، باس ھات بە باسدا و منیش باسی جوامێری و پیاوەتییەکەی سەرۆکی پۆلیسی مەئموونم بۆ کردن.
چەند گرنگە ئینسان چاکە بکات، ئیتر لەگەڵ ھەرکەس بێ، باوباپیرانی ئێمەش بەڕەحمەت بن گوتوویانە: چاکە بکە و بیدە بە دەم ئاوەوە.. ڕۆژێک دێت دەگاتە فریات.. خۆ ئەگەر لەم دنیادا نەبوو، بۆ قیامەت مسەوگەرە، مادام باسکردن و منەت بەسەراکردن پووچ و بەتاڵی نەکردبێتەوە.. خوایش دەفەرمێت: "یاأیُّهَالَّژینَ آمَنُوا لا تُبْگِلوا صَدقاتِکُم بِالمَنِّ ۆالأژَی". واتە : ئەی ئیمانداران خێرەکانتان بە منەتکردن و ئازاردانی خێرپێکراو بەتاڵ مەکەنەوە.