بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو حەوت
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو حەوت
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/09/05     355 جار بینراوە    


هەڵوێستی  کاک عەباس:

من لە سەرەتاوە کاک عەباسم خۆش نەدەویست، لەبەر ئەوەی کە چەکی بۆ حکومەتی بەعس هەڵگرتبوو، چەند جار لە ڕێگەوباندا تووشی دەبووم سڵاوم لێ نەدەکرد، چونکە هیچ پەیوەندییەکمان پێکەوە نەبوو، بەڵام پاش پرسەکەی ئاشووران، ئەگەر لە ڕێگەوبانا بە یەکتر بگەشتینایە سڵاومان لە یەک دەکرد، خوا هەڵناگرێ ئەو منی خۆش دەویست، خوا پاداشتی بداتەوە.

کاتێ کە قومبەلەکەیان خستە ماڵمانەوە، زۆری پێ ناخۆش بوو، ئەو برایانەی ئەوێ گوتیان: سەردانێکی بکەیت باشە، منیش لەگەڵ مامۆستا عەلادین بەڕەحمەت بێ و مامۆستا ڕەسووڵدا شەوێکیان سەرمان لێ دا، زۆر ڕێزی گرتین و باسی قومبەلەکە کرا، هاوخەمیی خۆی دەر بڕی و گوتی: قەسەم بە خودا دەست بخەیتە سەر هەرکەسێک و بڵێیت ئەوە بووە، وەک سەگ دەیتۆپێنم!

منیش زۆر مەمنوونی بووم، و گوتم: کاک عەباس! کاری ئێمە تۆڵەکردنەوە نییە، من هیوادارم ئەو کەسە خوا هیدایەتی بدات و لە ئاگری دۆزەخ ڕزگاری بێت، ئەو من ناناسێت، ئەگەر منی بناسیبا هەرگیز ئەو قومبەلەی بۆ نەدەهاوێشتین، مادام ئێمەش سەلامەت بووین، داوا دەکەین خوا هیدایەتی بدات، زۆر سوپاسی بەڕێزیشت دەکەین لەسەر ئەو خەمخۆری و دڵسۆزییەت بۆ ئێمە، خوا لە گوناهت خۆش بێت. ئیتر پاش ماوەیەک دانیشتن ماڵئاواییمان کرد و سوپاسی ئەو هەڵوێستەیمان کرد.

پەیوەندیم لەگەڵ هەردوو حاجی خدردا

سەرەتا کە ماڵمان ڕۆیشتە سەنگەسەر لە ماڵی حەمد ئاغادا بووین، ساڵی دووەم  بەدواوە لەوێ گواستمانەوە چونکە فراوان نەبوو، لەگەڵ ئەوەدا کە خێزانێکی زۆر بەڕێز بوون و دڵمان لێیان نەئێشا، لەبەر ئەوەی خانووەکە بچووک بوو ئێمەش میوانمان هەبوو، گواستمانەوە بۆ ماڵ حاجی خدرەسوور، مام حاجییش هەتا دەست هەڵبخەیت ئینسانێکی بەڕێز و جوامێر بوو، خۆی، خێزانی، کچی، کوڕی و بووکی بەڕاستی بەڕێز بوون خوا پاداشتی خێریان بداتەوە.

هاوسێیەکیشیان هەبوو ئەویش حاجی خدری شێخە بوو زۆر جوامێر و بەماریفەت و ڕووخۆش و قسەخۆش بوو، ئەوانیش خێزانێکی زۆر بەڕێز بوون، ئەگەر کاتی بەتاڵم هەبووایە لەگەڵ ئەواندا سەرفم دەکرد برایەتییان خۆش بوو، خوا هەڵناگرێ قسەی منیشیان پی خۆش بوو.

لە هەفتەیەکدا شەوێک لە ماڵی یەکێکمان بووین.. هەرکات میوانێکی دەرەوەی سەنگەسەرم بهاتایە بۆ ڕێزی من دەهاتن بۆ لایان، بەڕاستی برایەتییەکی خۆشم هەست پێ دەکرد لە تەکیاندا، خوا لە گوناهیان خۆش ببێت و پلەیان لە بەهەشتا بەرز بکاتەوە و لەگەڵ پێغەمبەران و شەهیدان و ساڵحاندا حەشریان بکات. هەرکات ڕۆیشتبین بۆ سەنگەسەر سەرمان لێ داون و تا ئێستاش پەیوەندی و هەواڵپرسینمان ماوە.

من و سەید مستەفا:  

ئەم کوڕە هەر ئەو کەسە بوو کە لە دوای من خۆی بە "موحەممەدی مەهدی" ناساندبوو، مستەفای (مەلا سەید عەلی) لاوێکی خوێنگەرمی تازەپێگەیشتوو بوو، باوکی ئەم کوڕە لە سەنگەسەردا بە پیاوێکی پارێزکار و بۆخواسوڵحاو ناوبانگی دەرکردبوو، هەرچەندە زانیاریی زۆر نەبووە، بەڵام خەڵکی متمانەیان پێی هەبووە و بۆ نەخۆشی و ڕووداوە ناهەموارەکان، ڕوویان تێ کردووە، تا دوعایان بۆ بکات و نوشتەیان بۆ بنووسێت.. ئەو کاتەی من ڕۆیشتمە سەنگەسەر، برایەکی لە خۆی گەورەتری هەبوو، بە ناوی ئەبوبەکر- ئەم برایە نەدەبینرا و هەر لە ماڵەوە بوو، وەک ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بووبێت، ئاوەها بوو- مستەفا خۆی و ئەو برایەی و دایکی لە ماڵەکەدا بوون.

ئەم باکگراوەندە شوێنەواری خۆی لەسەر مستەفا دانابوو، مستەفا ئامادەیی پیشەسازیی تەواو کردبوو، خووڕەوشتی جوان بوو، بەکورتی کەسێکی پێبەند بە ئیسلام بوو.. ئەم کوڕە لە قوتابخانە  ناواندییەکەی سەنگەسەر وەک کاتب دامەزرا.

لەو کاتەدا کە لە سلێمانی خوێندبووی ئاشنایی لەگەڵ قوتابخانەی برایاندا پەیدا کردبوو، نەک وەک ڕێکخستن، چونکە ڕێکخراو نەبوو، بەڵام ئەو برادەری و برایەتییەی لەگەڵ برایاندا، هۆشیارییەکی ئیسلامیی بۆ دروست کردبوو، بەتایبەت کە خۆێشی باکگراوەندێکی پاکی هەبوو.

من کە لە ناوەندییەکە دەرسم دەگوتەوە و ئەویش وەک کاتب لەوێ دامەزرا، پەیوەندیمان پێکەوە خۆش بوو، ناو بەناو چاومان بە یەکتر دەکەوت، دادەنیشتین پێکەوە.

لەو سەردەمەدا شۆڕشی ئێران سەر کەوت، لە جیهانی ئیسلامیدا کەشوهەوایەکی شۆڕشگێڕی دروست بوو، منیش زۆر موعجەب بووم بە ئێران و شۆڕشەکەی – داواکارم خوا لەو هەڵەیەم خۆش ببێت – منیش حەزم لە چەکداری و شۆڕش دەکرد، بەتایبەتیش کە برایانی مەزڵوومی کوردستانی ئێران بە دەست کۆمەڵەوە قەتڵی عام کران، بە ناسۆرترین ئازار سزا دران.. من دەمگوت: بۆچ ئێمەش وامان بەسەر بێت و بەزەلیلی بمانکوژن، ئێمەش با چەک هەڵبگرین و کۆمەڵێکی چەکداری دروست بکەین.

برایانی خۆمان پیاوانی ئێرانیان دەناسی، لەبەر ئەوە هیچ نرخێکیان بۆ دانەدەنان، منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو، تومەز ئەوان بە نووری خوا دڵیان ڕوون بووبووەوە، و قەڵبی و فێڵبازیی ئەوانیان بۆ دەر کەوتبوو، بەڵام ئێمە وا نەبووین.

لەبەر ئەوە من چەند جارێک لە سەنگەسەرەوە ڕۆیشتم بۆ خورماڵ، داوام لەم مامۆستا سەلاحەدین کرد: کە شۆڕشێکی چەکداری دروست بکات و وەک هێزێکی ئیسلامیی چەکدار بوونمان هەبێت، بەڵام ئەو بە مەسڵەحەتی نەدەزانی، لە دواین جاردا ڕۆیشتمەوە بۆ لای و پێم گوت: ئەگەر بڕیاری شۆڕشگێری و چەکداری دەدەن باشە، دەنا من ئیتر خواحافیز و جارێکی تر نایەمەوە بۆ لات، لەگەڵ برایاندا نابم!

ئیتر من هاتمەوە بۆ سەنگەسەر و بە حسابی خۆم وازم لە برایان هێناوە، لەو ماوەیەدا لەگەڵ "سەید مستەفا" ڕێک کەوتین، کە بزوتنەوەیەکی چەکداری دروست بکەین و پەیوەندیمان بە زۆر کەسەوە کرد، بۆ ئەوەی لەگەڵماندا بن و پشتگیریمان بکەن. لەوانە "سەید مستەفای ڕانیە" و مامۆستا مەلا "عەبدوڕەحمانی میرزا ڕۆستەمی کۆیە" و چەند کەسێکی تریش بەڵام خوا لوتفی وا بوو، کە هیچ کامیان بە ئەرێ وەڵامیان نەداینەوە.

"سەید مستەفا" ڕۆیشت بۆ ئێران و لەوێ سەری لە کاک "ئەحمەدی موفتیزادە" دابوو، باسی بۆ کردبوو کە ئێمە بزووتنەوەیەکمان هەیە مامۆستا حەسەن سەرۆکایەتی دەکات، یەک دوو لە دەستخەتەکانی منی بردبوو، لەوێ چاپیان بکات.

مامۆستا سەلاح لەگەڵ شارەزوری و کرێکاردا ڕۆیشتبوون بۆ ئێران، بۆ ئەوەی بتوانن کارێک ئەنجام بدەن، مامۆستا کە زانیبووی مستەفا ئەو کتێبانەی منی پێیە، لێی سەندبوو، گوتبووی ئەوە کاتێک نووسیویەتی ئیخوان بووە، لەبەر ئەوە من ئیجازە نادەم، تۆ چاپیان بکەیت، و لێ سەندبووەوە.

سەید مستەفا لەوێ پەیوەندیی کردبوو بە بەرپرسانی ئێرانەوە، بارێک چەکی هێنابوو، بۆ ئەوەی بیهێنێتەوە بۆ پشدەر، لە ڕێگەدا هێزەکانی یەکیەتی گرتبوویان و بارە چەکەکەیان لێ سەندبوو، کە هاتەوە زۆر شپرزە بوو، بەڵام ئەمەی بۆ من نەگێڕایەوە، من لە شوێنێکی ترەوە ئەو هەواڵەم پێ گەیشت. 

لەو ماوەیەدا منیش سەردانی کۆمەڵگاکان و خەڵکیم دەکرد، کەسی وام بۆ پەیدا نەبوو، ئەنجا کەوتمە بیرکردنەوە، باشە ئەو کەسانەی ئێمە دەمانەوێت چەکیان بدەینێ، دەبێت کێ بن؟ ئایا ئەگەر کەسێک بە پەروەردەیەکی ئیمانیی پتەو پەروەردە نەکەین، دەتوانین چەکی بدەینێ؟ نەخێر نەوەڵڵا ناتوانین، چونکە ئەگەر ئەو پەروەردە ئیمانییەی نەبوو، کێ دەڵێ لەبەر خاتری مشتێ پارەوپووڵ، خودی خۆت ناکوژێت؟ دەی باشە خۆ برایانیش ڕێیان لە پەروەردە نەگرتووە، کە وا بوو من شوێن کڵاوێکی بابردوو کەوتووم، بەو جۆرە من لە بیرۆکەی چەکداری پەشیمان بوومەوە.

سەردانی م. سەلاح و م. ئیبراھیم و م. شارەزووری:

ئێوارەیەک هەرسێ برای ئازیزم: مامۆستا سەلاحەدین و مامۆستا ئیبراهیمی ڕێشاوی و مامۆستا موحەممەدی شارەزووری، هاتن بۆ ماڵمان بۆ سەنگەسەر منیش زۆرم پێ خۆش بوو، شەو خەڵکی گەڕەک ئەوانەی پەیوەندییان لە تەک مندا پتەو بوو، هاتن بۆ لای میوانەکانم، مامۆستا شارەزووری و مامۆستا ڕێشاوی، لە تەک میوانەکانی ترا مەشغووڵ بوون، من و مامۆستا سەلاحیش، پێکەوە قسەمان  دەکرد.

من حاڵ و وەزعی خۆمم بۆ باس کرد و گوتم: گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی پێشتر باسم کرد، ئەویش زۆری پێ خۆش بوو دەستی بە ڕیشیا هێنا و گوتی: سوپاس بۆ خوا، کە بە فکری خۆت گەیشتوویتە ئەو قەناعەتە، ئێمە سەردانێکی (موسڵ)مان کرد، لە هەیبەسوڵتانەوە هاتین، کاک "ئیبراهیم" و "مەلا موحەممەد" گوتیان: با بڕۆین سەرێک لە کاک حەسەن بدەین لە سەنگەسەر، من ڕازی نەبووم بێم بۆ لات، بەڵام ئەوان بەزۆر هێنامیان.. بەڵام ئەلحەمدولیللا خێری تیا بوو.   

#   #   #

گواستنەوەم بۆ دواناوەندیی شۆڕش:

 دوای پشووی نیوەی ساڵی ١٩٨٢ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانییەوە، فەرمانی گواستنەوەم دەر چوو لە ناوەندیی سەنگەسەرەوە بۆ دواناوەندیی شۆڕش لەناو شاری سلێمانی.

ئەم قوتابخانەیە قوتابییەکانی پێکهاتەیەک بوون لە منداڵی کەسایەتی و مووچەخۆرە باڵاکان، ئەوانەش کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهاتن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە "م. شەوکەت حەمدی" بوو، دوو یاریدەدەری هەبوو هەردووکیان ناویان "کەمال عەلی" بوو، یەکێکیان مامۆستای کوردی بوو، ئەوی تریشتیان کۆمەڵایەتی بوو.

لە پۆلی یەک و دوو و چواردا دەرسیان بۆ دانام، منیش وەرم گرت و دەستم بە دەرسوتنەوەی خۆم کرد، زەبتوڕەبتێکم هەبوو لە کلاسەکاندا، بە تایبەت کە پۆلەکان جیاواز بوون و منیش بەنیسبەت ئەوانەوە مامۆستای نوێ بووم، دەبووایە بەعەرەبییش دەرس بگوترایەتەوە، چونکە کۆمەڵێک لە قوتابییەکان عەرەب بوون، زۆر جار بەڕێوەبەر - وەک خۆی باسی دەکرد- دەهات لە پشتی دەرگاکەوە گوێی دەگرت، تا بزانێت دەرسەکە چۆن دەگوترێتەوە و مامۆستا چۆن قسە دەکات؟ زەبتوڕەبتی هەیە، یان فەوزایە؟

سوپاس بۆ خوا لەگەڵ هەموو مامۆستاکاندا نێوانمان باش بوو، بەتایبەت لە تەک مامۆستا "فەهمی" و مامۆستا "کەمال عەلی کوردی"دا.. تەنانەت لەگەڵ مامۆستایەکی تری دەرسی عەرەبی لەوێ هەبوو بە ناوی تۆفیق، زۆر جار پرسیارم لێ دەکرد و ڕێزم دەگرت، بەڕێوەبەر زۆری پێ سەیر بوو، دەیگوت: ئەم هەڵسوکەوتەی ئێوەم زۆر بەدڵە، چونکە من مامۆستای عەرەبیم دیوە، بۆ ئەوەی مامۆستاکەی هاوکاری بشکێنێت، پرسیاری داوە بە قوتابییەکانی تا لە مامۆستایان بپرسنەوە، بۆ ئەوەی لە بەرچاو قوتابییەکاندا ئیحراجی بکات!

منیش گوتم: مامۆستا ئەوەی بییەوێ ڕێزی خۆی بگرێت، ڕێزی بەرانبەرەکەی دەگرێت، ئێمەش لە ژیانی ڕۆژانەماندا و بە واقیع دەیبینین لە ژوور هەموو زانایەکەوە زاناترێک هەیە، قورئانیش بۆمان باس دەکات "فوق کل ذي علم علیم". دەبێت بۆ من ڕێزی کەسێک نەگرم کە زانیاریی زیاتری پێ بێت؟ با من سوود لە زانیارییەکەی وەر بگرم! بۆچ ببمە نەیاری و هەوڵی شکاندنی بدەم؟ ئینجا ئێمە دینەکەمان پێمان دەڵێت: موسوڵمان ئەوەیە خەڵکی لە خراپەی دەست و زمانی بێوەی بن.

ئەوەشی پێ گوتم: زۆرم پێ خۆشە کە بە عەرەبی فوسحا دەرسەکانت دەڵێیتەوە، لەناو پۆلدا قسەی پێ دەکەیت! گوتم: بۆیان باس کردیت؟ گوتی: خۆم هاتووم لەم دیو دەرگاکەوە گوێم لێ گرتوویت.. مامۆستا فڵان و مامۆستا فڵانمان لە لا بوو، بەعەرەبی جڵفە و عامییانە دەرسیان دەگوتەوە، لەبەر ئەوە زۆرم پێ خۆشە کە تۆ بە فوسحا قسە دەکەیت!

خولی زمانی عەرەبی:

نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٨٢مان لە سانەویی شۆڕش تەواو کرد، لە هاوینەکەیدا دەورەیەکی زمانی عەرەبی لە بەغدا کرایەوە بۆ پێشەنگەکانی زمانی عەرەبی، تا ئەم پێشەنگانە لەو خولەدا بەشداری بکەن، کە گەڕانەوە خۆیان لە پارێزگاکەی خۆیاندا، خۆل بۆ مامۆستاکانی تر بکەنەوە. 

م. نووری کە (مفتش)ی زمانی عەرەبی بوو، ڕووی لێ نام بۆ بەشداریکردن لەو دەورەیە، منیش سوپاسم کرد و گوتم: مامۆستا! من خەریکی خانووکردنم، خانووەکەم گەیشتووەتە گەچکاری، ئەگەر یارمەتیم بدەیت کەسێکی تر لە جیاتیی من بنێریت، زۆر مەمنوونت دەبم! بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ڕۆیشتنم، زۆر متمانەی پێم هەبوو، زۆر لوتفی بەرانبەرم هەبوو، ئیتر دڵیم نەشکاند و بەشداریمان کرد.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure