ژووری ٢١ لەگەڵ دکتۆر عیسامدا:
ھاوەڵەکانی ژووری بیست و یەک لێیان پرسیم: چەند ڕۆژ تەنیا بوویت؟
گوتم: بڵێن: چەند مانگە؟ دوو مانگی تەواوە بەتەنیام!
زەکەریا گوتی: چۆن توانیوتە خۆت بگری؟
گوتم: برام! واقیعێکە و تێی کەوتووین! ئەگەر ئینسان خۆی بۆ نەگیرێ دەبێت یا شێت ببێت، یا خۆی بکوژێت، شێتی ڕووخان دەنوێنێ و خۆکوشتنیش جەزاکەی ئاگری جەھەننەمە! دەی بۆ خۆڕزگارکردن لە ناڕەحەتییەکی کۆتاییدار ماقووڵ نییە ئینسان خۆی بخاتە ناو ئازار و سزای ھەمیشەیی دۆزەخەوە!
گوتی: نا، نا من ھەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نیم ئینسان خۆی بکوژێت.
گوتم: ئەی تۆ چەند بەتەنیایی مایتەوە؟
گوتی: من وام دەزانی، کەس لە من زیاتر بەتەنیایی نەماوەتەوە! کەچی تۆ لە من زیاتر ماویتەوە! گوتی: من چل و دوو ڕۆژ بەتەنیایی مامەوە، بەڵام وەخت بوو دیق بکەم و شێت ببم! لە سەری چلەمین ڕۆژا وازم لە خواردن ھێنا، ھەر خواردنێکیان بۆ دەھێنام وەرم نەدەگرت و دەمگوت: ناخۆم!
ھەڕەشە و گوڕەشەی زۆریان لێ دەکردم و دەیانگوت: چۆن دەتوانی واز لە خواردن بێنیت و مان بگریت؟ نازانی مانگرتن لە زیندانا قەدەغەیە و بە تاوانێکی گەورە دادەنرێت، حوکمەکەی ھەڵواسین و کوشتنە و ھەرکەس کاری وا بکات، چاوپۆشیی لێ ناکرێت؟
گوتی: منیش پێم گوتن: ئەگەر سزای تاوانم کوشتنە، بمکوژن، خۆ ئەگەر وایش نییە، بەتەنیا داممەنێن! چونکە ئیتر توانای خۆگرتنم نەماوە، بۆیە مانیشم گرتووە تا بمکوژن و لەم تەنیاییە ڕزگارم ببێت!
بۆ سبەینێ ئەبودیرع ھات وگوتی: بەشەرەف سبەینێ دەتگوێزینەوە دە ئیتر نانەکەت بخۆ، منیش لای ئەو گوتم: باشە، بەڵام ئەو ڕۆژەش نانم نەخوارد، ئیتر بۆ ڕۆژی دوایی ھێنامیان بۆ ئێرە. زۆرم پێ سەیرە چۆن تۆ ئیدارەت کردووە؟ چۆن توانیوتە بژیت؟
گوتم: منیش زۆر ناڕەحەت بووم بەڵام کە دەسەڵات نەبوو چار چییە؟ دەبێت ئینسان خۆی بگرێت، ئینجا ھەرکاتێکیش زۆر بێتاقەت ببوومایە بە دەنگی بەرز قورئانم دەخوێند، بەو جۆرە خەمی دڵی خۆم بە با دەدا، لەو کاتەشدا کەمێک قورئانم خوێند.
گوتی: ئەمە تۆ بووی بە دەنگی خەمبارەوە ئەو قورئانەت دەخوێند؟
گوتم: بەڵێ.
گوتی: ناوبەناو ئەم دەنگە حەزینەم دەبیست، ھەموو گیانم دەکرد بە گوێ و دڵم زۆر پێی دەکرایەوە.
گوتم: سوپاس بۆ خوا.
ڕۆژێک لە دکتۆرم پرسی: ئەرێ دکتۆر خۆ من لە تەکتانا نەبووم، بۆچی ناوی منت ھێنا؟ تۆ بۆ لە خوا نەترسایت؟ ئاخر دەزانی چەندە ئازاری لاشەیی و دەروونیم پێ چێژراوە؟ ماڵ و منداڵم چەند ناڕەحەت بوون؟
گوتی: کاکە گیان! باوەڕت ھەبێ زۆر بەسادەیی ناوی تۆم ھێناوە، بەڵام یەک شت ھەیە دەبێ بیزانیت، ئەوەش تاوانی منی تیا نەبووە!
گوتم: چۆن؟
گوتی: کاتی خۆی من لە ھەولێر بووم، مەلا (....) و مەلا (....) و مەلا (....) – ئێستا ئەمانە هەرسێکیان مردوون خوا لێیان خۆش بێت - ھاتن بۆ ماڵمان، ئەمانە دەزانی کێ ھێنابوونی بۆ ماڵمان؟
گوتم: نەوەڵڵا.
گوتی: جەنابی دکتۆر(.......) ھێنابوونی.. ھاتنە ماڵەوە و دانیشتن، پاش ماوەیەک د..... گوتی: من کەمێ کارم ھەیە، دەبێ بڕۆم، منیش ھەستام و خواحافیزیم کرد، لە داڵانەکەدا لێی تووڕە بووم و گوتم: تۆ لە خوا نەترسایت؟ بۆچی کاری وات کرد؟ بۆچ ئەم پیاوانەت بۆ ماڵی ئێمە ھێنا؟ خۆ ھیچیان ماڵی ئێمەیان نەدەزانی؟
ئەویش گوتی: بە خوا، بە قورئان خۆیان زانیویانە و بەزۆریش منیان ھێناوە!
گوتم: تازە ھەرچی بڵێم بێسوودە، لە پاش باران کەپەنک.. چیت پێ بڵێم؟ ئیتر ئەو ڕۆیشت و منیش گەڕامەوە بۆ لای سێ کەسەکەی تر.. ئەم سێ کەسە بە حساب بۆ ئەوە ھاتبوون، کە من لە ڕێکخراوەی پەیوەندیی زانایان (رابطة العلماء)دا ببمە ھاوکاریان. ھەرچیم زانی پێم گوتن، ئامۆژگارییەکی زۆرم کردن، بۆ نموونە گوتم: بنیادەم ئەگەر بییەوێ کارێ بکات پێویستە سەربەخۆیی خۆی تیا بپارێزێت، چونکە یارمەتیی وەرگرتنی بێ قەید و شەرت، چاولەبەری بەشوێنەوەیە و دەبێتە ھۆی جڵەولەدەستدان و نەھێشتنی سەربەخۆیی.
ھەروەھا پێم گوتن: ئەزموون و تاقیکاری سەلماندوویەتی: ئەو ئێرانەی ئێوە پشتی پێ دەبەستن، شیاوی پشتپێبەستن نییە! چونکە موفتیزادە پێش ئێوە تا توانیی یارمەتیی دان، بەڵام ئەوان غەدریان لێ کرد، دڵنیا بن ئەو غەدرەش لە ئێوە دەکات، پێغەمبەر "صلی اللە علیە وسلم" فەرموویەتی:" لا يُلْدَغُ الْمُؤْمِنُ مِنْ جُحْرٍ وَاحِدٍ مَرَّتَيْنِ" ئیماندار لە کونێکا دوو جار ناگەزرێت. (عنْ أَبِي هُرَيْرَةَ عَنِ النَّبِيِّ صلی اللە علیە وسلم أَنَّهُ قَال:...." أخرجه البخارى في كتاب الأدب برقم: 5668. ).
پێم گوتن: من وەک تاکە موسڵمانێک ئەم ئامۆژگارییەتان دەکەم. (یەکێکیان) گوتی: کاکە گیان! تۆ تەنیا نیت و بەڵکوو لە کۆمەڵدا دەژیت، کۆمەڵێکی ڕێکوپێکیشت ھەیە، بۆچی نازانین تۆ دێیت بۆ سلێمانی و دەچیتە ماڵ "بورھان محەممەد ئەمین و حەسەن پێنجوێنی"یەوە؟ ئێمە دەمانەوێ وەک کۆمەڵ لەگەڵمانا بن!
گوتی: منیش پێم گوتن: بڕواتان ھەبێ من کۆمەڵم نییە و ھیچ پەیوەندییەکی ڕامیارییشم بە "حەسەن پێنجوێنی"یەوە نییە، ئەو پیاوە کاتی خۆی لە زانکۆدا قوتابیی باوکم بووە و خۆشی ویستووە، بیستبووی نەخۆشە و لە جێگەدا کەوتووە، منی ڕاسپارد تا لە جیاتیی خۆی سەردانی بکەم، چوونی من بۆلای ئەو تەنیا وەھا بووە.. بەھەرحاڵ ئێمە لە قسەکانمانا یەک نەکەوتین و ئامۆژگارییەکانی منیان بەدڵ نەبوو، ئیتر ھەستان و ڕۆیشتن.
ئەگەر ڕاست نەڵێیت خێزانەکەت دێنین!
ڕۆژگار ھات و چوو، بیستم ئەو برایانەی بەغدا گیراون، ھەندێک کاری پێویستم ھەبوو، ویستم جێبەجێیان بکەم و پاشان بۆی دەر بچم، بەڵام من فریا نەکەوتم و لەناو زانکۆدا گیرام.
کاتێ ھێنامیان بۆ بەغدا فایلەکەی خۆمیان پیشان دام، فایلەکەم قەبە و قەڵەو بوو، گوزارشی زۆری تیا بوو، دوو یا سێ شریتی تەسجیلی پێوە چەسپ کرابوو، لە سەرەتاوە ھەرچییان لێ دەپرسیم ئینکارم دەکرد و خۆم وا پیشان دەدا، کە ئاگام لە ھیچ جۆرە شتێک نییە.
لە ئەنجامدا لێدانێکی زۆرم خوارد و ئازارێکی باش درام، پاشان گوتیان: ئێمە دەزانین خێزانەکەت ٩٠ لە سەدی ئیشوکارت دەزانێ، ئەگەر ڕاستمان پێ نەڵێیت خێزانەکەت دێنین! لە ژوورەکەیشا گوێم لە زریکەی چەند ئافرەتێکەوە بوو، کە گیرابوون، دە ڕۆژ لەوەوپێش ڕووداوێکی دڵتەزێنم بیستبوو... زۆر پێی ناڕەحەت بووم.
گوتم: ئەو ڕووداوە چی بوو؟
دڕندەکانی مێژوو:
گوتی: خوشکێکی دکتۆرە بۆی گێڕامەوە و گوتی: شەوێک ئافرەتێکیان ھێنا نیشانەی ژنیەتی و دەزگای جینسی تێک چووبوو، بەتەواوی پەکی کەوتبوو! منیش خەفەر بووم دەرمانم دەکرد، پێم گوت: ئێوە ھەر وەک لە خوا ناترسن و ئەم کارە پیسە ئەنجام دەدەن، بۆ بەزەییتان بە خۆتاندا نایەتەوە و ئاوەھا خۆتان کەساس و کەنەفت دەکەن؟
ئەویش پێی گوتم: بۆچی تۆ وا دەزانی من خۆفرۆشم؟ خوشکی باش! منیش وەک تۆ دکتۆرەم و وەک تۆیش موسڵمانم و وەک تۆیش لەچک بەسەرم، بەڵام بە تۆمەتی ئەوە کە لە حیزبی دەعوەدام گیراوم، داوایان لێ کردووم شت بڵێم و ناوی خەڵکی بڵێم، کەسانێکی بێگوناح تووش بکەم، منیش بوختانم بۆ خۆم نەکردووە و کەسی بێگوناحیشم تووش نەکردووە، لەسەر ئەوە پانزە حەیتەی بەعسییان کردووەتە لام و ئاوایان لێ کردووم کە دەیبینی! خوا ھەقم لە بەعس بسێنێت، وەڵڵاھی خوشکم من داوێنپیس نیم و لەسەر ئەوە وام لێ کراوە، کە موسڵمانم.