هەندێک یادگاریم لە تەک مامۆستا سەید نەجمەدیندا بەڕەحمەت بێت.
لەو کاتانەدا کە لە مزگەوتی "خلیل اللە" بووم و لەو گەڕەکەدا نیشتەجێ بووم، زۆر دڵمخۆش بووم بە کارەکەم، ئەڵبەت مزگەوتەکەمان مزگەوتێکی زۆر شیک و جوان بوو، کاتێ من ڕۆیشتمە ئەوێ، چەند کەسێکی پیر و پەککەوتە لە تەمەنی ئێستای خۆمدا دەهاتن بۆ نوێژ، بەڵام لە فەزڵی ئەڵڵاوە پاش ماوەیەک بووە یەکێک لە مزگەوتە قەرەباڵخەکانی ناوشار، بە لاوان و تازەپێگەیشتووان.. کۆمەڵێ فەقێمان هەبوو، ئەوانیش کۆمەڵێ شاگردیان هەبوو، هەرچەند بەدەگمەن نەبێ من دەرسم پێ نەدەگوتن، (ئەوەش هەڵەیەکی گەورە بوو لە منەوە، دەبوو خۆم دەرسم پێ بگوتنایە، هەرچەند لە پاکستانا فریای ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە کەوتم و لە زانکۆدا دەرسم دەگوتەوە.. بەڵام لەوێ دەرسم پێ نەدەگوتن) دەمناردن بۆ لای مامۆستا سەید نەجمەدین.
لە بۆنەکاندا دەرسی گشتیمان هەبوو، بۆ ڕۆشنکردنەوەی بیروبۆچوونی خەڵکەکە، لە بۆنەکاندا قسەمان دەکرد و وتارمان دەدا.. لە بۆنەی میعراجدا، لە نیوەی شەعبان و یادی لەدایکبوون و کۆچ و سەری ساڵی کۆچی و...هتد.
لەکۆڕ و کۆمەڵەکانی ترەوە بانگیان دەکردین بۆ قسەکردن.. تا ئەندازێک خۆشەویستیمان لە دڵی خەڵکەکەدا بۆ دروست بووبوو. چەند کەسێک هەڵگری بیری مارکسیستی خوا هیدایەتی دان و چەند کەسێکی تر دوور لە نوێژ و عیبادەت بوونە عابیدی ناو مزگەوت.
لەو سەردەمەی ئێمە لەوێ بووین، ناو بەناو هەواڵی بەچێژ و دڵخۆشکەر دەهات، یەکێک لەو هەواڵانە بەرەوپێشچوونی خەڵکی بەلووچستان بوو، لە گەڵ قورئان لەبەرکردندا، بۆ نموونە: و لە ڕۆژی ٣٠/٠٣ /٨٩ دا ڕۆژنامهى ئیتیلاعات له ژمارهى (18720) ڕۆژى پێنچ شهممهدا بڵاوى كردهوه كه: كیژێكى ده ساڵهى بلووچستانى به ناوى زوبهیده، ههموو قورئانى لهبهر كردووه، خوشكه بچكۆلهكهى تریشى ههژده جزمى لهبهر كردووه.
مزگەوتەکەی مامۆستا سەید نەجمەدینیش لە مزگەوتەکەی ئێمە قەرەباڵختر بوو.. ناوبەناو مامۆستا بۆ پێکەنین قسەی خۆشی بۆ دەکردم، جارێکیان گوتی:
کاک حەسەن ئێستا پێمان دەڵێن ئەم شەلوکوێرە باش ئەم شارەیان تێک داوە!
منیش گوتم: قوربان! چیمان پێ دەڵێن، با بڵێن.. گرنگ ئەوەیە خوامان لێ ڕازی بێت و ویژدانمان ئاسوودە بێت!
یەکێک لەو فەقێیانەی مولتەزیم و پەیامدار بوو، بووبووە مەلا لە ئاواییەکی نزیک سنەدا پێیان دەگوت: مهره بزان، ئێمەش لە تەک مامۆستادا ڕۆیشتین بۆ سەردانی مامۆستاكهى ئهوێ، بۆ تەقویەت و پشتیوانیکردنی.
هەروەها جارێکی تر مەلایەک لە برایانی مەکتەبی قورئان، بووبوو بە ئیمام لە دێی میانە، ئەم ئاواییەش زادگای مامۆستا سەید نەجمەدین بوو، خزم و کەسوکاری لەوێ بوون، ڕۆژێکیان مامۆستا گوتی: کاک حەسەن چەند کەسێک لە برایانی مەکتەب داوایان لێ کردووم: سەردانێکی میانە بکەم و داوا لە خزمان بکەم، مامۆستاکەیان خۆش بوێت و پشتیوانی بکەن و هاوکاری بکەن لەو پڕۆژانەیدا، کە دەیەوێت ئەنجامی بدات.. کارێک بکەین لای خەڵکەکە خۆشەویست بێت.. جا پێم خۆشە بە یەکەوە بڕۆین.
منیش گوتم: کارێکی چاکە و هەنگاوێکی پەسەندە، و ان شاء اللە پێکەوە دەڕۆین. ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێککەوتی ١- ٦ – ١٩٨٩ سەعات حەوتی سەرلەبەیانی لەگەڵ مامۆستا سەید نەجمەدینی ڕەحمەتیدا و کۆمەڵێ لە برادەران ڕۆیشتینە گەراجی مەریوان تا سوار ترۆمبیل ببین و بۆ ئاوایی (میانە) بچین، لە سەعات حەوت و چارەکدا ترۆمبێلەکەمان کەوتە گەڕ و بەڕێ کەوتین.. شەوێ خەڵکەکە هاتن بۆ بەخێرهاتنی مامۆستا، ئەویش هەزاران ڕەحمەت لە ڕۆحی بێت بە شێوازە جوانەکەی خۆی هەندێک قسەی جوان و بەسوودی بۆ کردن، سوپاس بۆ خوا، ئیتر ئێمە بۆ سبەینێ هاتینەوە.
یەکێکی تر لە یادگارییەکانم لە تەک مامۆستا سەید نەجمەدیندا سەفەرەکەی هەمەدان بوو.
مامۆستا کچی خۆی دابوو بە کوڕێکی خەڵکی سلێمانی بە ناوی سالار، کاک سالار کوڕێکی مولتەزیم بوو لە هەمەدان دادەنیشت.. ماڵ ئێمەش لەگەڵ ماڵ مامۆستادا ڕۆیشتین بۆ هەمەدان بۆ پاشتێلانەی کچەکەی.. ئەڵبەتە گەشتی هەمەدان بەجێ دێڵم بۆ یادگاریم لەگەڵ مامۆستا حەمەیوسفدا.
ئەڵبەتە یاگاریم لەگەڵ مامۆستادا زۆرە ئینشا ئەڵڵا لە کاتێکی ترا باسیان دەکەین.