بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سی و سێ
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سی و سێ
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/10/25     352 جار بینراوە    


ئەمنەسوورەکەی عەقاری و هەندێک لە تەحقیقەکەم:

 

تازە ڕۆژ ئاوا ببوو، دنیا بەتەواوی تاریک نەبووبوو، دۆست و دوژمن لێک دەکرانەوە، خستمیانە ناو لاندگرۆزەرێکەوە و لە دەرگای پشتەوە دەر چووین، کاتێ لە خانووە بەرزەکانی زانکۆ دەر چووین، دیتم حسێنی برام ھێشتا وەستاوە و چاوەڕوانە کاکی بێتە دەرەوە و پێکەوە بەرەو ماڵ بڕۆنەوە!

بە ئەمنەکانم گوت: پیاوی چاک بن، با بەو برایەم بڵێم: لەوێدا نەوەستێ و چاوەڕوانی نەکات.

گوتیان: ئاسانە، ھەر زۆر سادە و ئاسانە، با ئێستا بڕۆین کە گەڕاینەوە ئێمە لە جیاتیی تۆ پێی دەڵێین! ئیتر تا ھێزی تیا بوو پێی بە بەنزیندا ناو بەرەو گەڕەکی عەقاری گڤەی کرد.

بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی پارێزگا، بینایەکی گەورەیان لە گەڕەکی عەقاری دروست کردبوو، بە ڕەنگێکی سووری تێر ڕەنگ کرابوو، لە دواییدا ناوبانگی بە ئەمنەسوورەکە دەر کرد، بردمیان بۆ ئەوێ، لەو کاتەدا ئەمنی ئابووری تیا دادەنیشت، کە منیان بردە ئەوێ وەریان نەگرتم، گوتیان: ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، تەلەفۆن و تەلەفۆنکاری و زۆر ھەتەریکردن (إصرار) تا گلیان دامەوە، پشکنیمیان ھیچم پێ نەبوو، ئینجا چاویان بەستم و بردمیانە نھۆمی سێیەم.

کە دەرگای سەرەکییان کردەوە چاویان کردمەوە، کردمیانە ژوورێکەوە بە تەنیا و دەرگاکەیان داخستەوە و گوتیان: دەچیتە ئەو ژوورەی بەرانبەرت و تێکەڵ بە حەپسییەکانی تر نابیت. 

ژووریش چۆڵوھۆڵ، ھەندێ کارتۆن و مقەبا شڕەی تێدابوو، ئیتر نە مافوور و نە پەتوو، نە حەسیر و نە بەڕە، نە ئاگر نە ھیچی تیا بوو.. منیش ترسم لێ نیشت و بیرم کردەوە ئا بەم حاڵە چۆن ئەمشەو بژیم؟

لەو نھۆمەدا سێ ژووریان بۆ بەندیخانە بوو، بە ھەرسێکیان حەمام و ئاودەستێکیان ھەبوو، ھەرسێکیان لەسەر ڕاڕەوێک بوون، ڕاڕەوەکەش دەرگایەکی قایمی لە شیشی ئاسن بۆ دروست کرابوو، ھەر ژوورەش دەرگای تایبەتیی خۆی هەبوو، لە نوێژی مەغریبەوە تا نوێژی عیشا دەرگای سێ ژوورەکان دەکرایەوە، تا ئەگەر زیندانەکان پێویستی سەرئاویان ھەبێ بڕۆنە حەمام، یا دەموچاو بشۆرن. ھەر وەک زیندانییەکان باسیان دەکرد بەیانیانیش لە سەعات ھەشتەوە بۆ نۆ دەرگاکانیان بۆ دەکردنەوە.

ئەو سێ ژوورە یەکێکیان عەرەبی تیا بوو، ئەوی تریان کورد، سێیەمیشیان چۆڵ بوو، لەو بەینی مەغریب و عیشایەدا دەستنوێژێکم گرت، سەرێکم لە ژووری کوردەکان دا، قەدەری خوا وا بوو، تا من ھاتمەوە دەرگای ژوورەکەیان قفڵ دابوو، ئیتر من لە لای ئەوان مامەوە، کاتێ نانیان ھێنا گوتیان: ئەم پیاوەش تازە ھێنراوە، ویستیان بمکەنەوە ژوورەکەی خۆم، بەڵام کە دییان داخراوە ئیتر بردمیانەوە بۆ ناو ئەوانی تر.

شەوێ دڵم گیرابوو، نانم بۆ نەدەخورا ھەر زۆرم لە خۆم دەکرد بۆ ئەوەی چەند پاروویەک بخۆم، پاش نانخواردن نوێژی عیشام بەئیمامەت بۆ ھەندێکیان کرد.

پاشان کەوتینە قسەکردن لێم پرسین ئێوە لەسەر چی گیراون؟ بەزۆری لەسەر قاچاخچیەتی و گرانفرۆشی گیرابوون! دەستیان کردە دۆمینەکردن، ھیچم نەوت، تا یەک دوو دەست یارییان کرد، ئینجا گوتم: برایان! ئەگەر یەک دوو قسەتان بۆ بکەم گوێم بۆ دەگرن؟ یا واز لە دۆمینەکەتان دێنن؟

گوتیان: بەڵێ.

منیش ھەندێک لە ژیانی ھاوەڵەکانی پێغەمبەرم "صلی اللە علیە وسلم" بۆ باس کردن، وا دیار بوو باسەکەیان پێ خۆش بوو، ئینجا دەستیان کردە پرسیارکردن، منیش وەڵامم دانەوە، پاشان گوتیان: مامۆستا گیان! ئەگەر کەسێ ببووایە ئاوەھا قسەی بۆ بکردینایە، بۆ خەریکی دۆمینە دەبووین؟

ئەمنی پارێزگا:

شەوێ لە سەعات دەدا چاویان بەستمەوە و بەرەو ئەمنی پارێزگا (مدیریە أمن المحافظە) بردمیان، کە لە ترۆمبێلەکە دایانبەزاندم دەستم بە دەستی ئەمنێکەوە بوو، ئەو دەستەکەی تریشم بە گۆچانە ئاسنەکەمەوە بوو، وەک کوێر دەڕۆیشتم، چونکە چاوم بەسترابوو، ھیچم نەدەبینی، بەدەم ڕێگەوە ھەندێک دوعای قورئانیم دەخوێند، لەپڕ تا ھێزیان تیا بوو مشتێکیان ماڵی بە پشتمدا و جنێوێکی زۆر ناشیرینیان پێ دام و گوتیان: ئەم باوک... کە دەگیرێن چۆن دەبنە موسوڵمان!

منیش بە دەنگی بەرز گوتم: وەڵڵا من تازە موسڵمان نیم و ھەر موسڵمان بووم و مامۆستای دەرسی دینیشم، ئیتر مشتەکان دووبارە نەبوونەوە.

 بردمیانە بەردەم ژووری لێکۆڵینەوە (غرفە التحقیق) وەستاندمیان، پاش ماوەیەک بردمیانە ژوورەوە، ئەو ئەفسەرەی کە بەڕێوەبەری ئەمنی ناوشار بوو، پرسیاری لێ دەکردم و گوتی: مامۆستا گیان! چیت لێ دەپرسین بەڕاستی وەڵاممان بدەرەوە، تا ئێمەش بۆت بنووسین، کە یارمەتی داوین، ئەوانیش خاترت بگرن و حوکمی زۆرت نەدەن! ئێستا پێمان بڵێ کاک ئازاد سەڕاج کە مووچەخۆرە لەناو شاری سلێمانی، لە چ دایەرەیەکدایە؟

گوتم: نایناسم.

گوتی: بەڵێ، دەیناسیت.

گوتم: باوەڕت ھەبێ نایناسم.

گوتی: با دەیناسیت، جوان بیر بکەرەوە، ئەوەتە ئێمە بۆمان نووسراوە: "کاکە ئازاد.. موظف فی السلیمانیە، یعرفە حسن پێنجوینی"جا تۆیش ئازارمان مەدە و پێمان بڵێ لە چ دایەرەیەکدایە؟

گوتم: بڕواتان ھەبێ من کەسێکی وا ناناسم مووچەخۆر بێت، من نەخۆش بووم و لە جێگەدا کەوتووم، لەوانەیە سەدان کەس ھاتبن بۆ سەردانم و ناوم نەزانیبن، ھەڵدەگرێ ئەو کاک ئازادەش کە ئێوە دەڵێن یەکێکی وا بێت، ئەو کەسەی بۆ ئێوەی نووسیوە لە ماڵی ئێمە دیبێتی و وای زانیبێت پەیوەندییەکی بەتینم لە تەکیا ھەیە!

گوتی: دە باشە ھاوناوێکی ئەومان پێ بڵێ کە دەیناسیت!

گوتم: کەسێک بەو ناوە کە من بیناسم، دوو ھەفتە لەمەوبەر، بەدوو فەردە شەکرەوە گیرا،  لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا لە تەوارییەکە کوژرا، لاشەکەیان بە واسیتە دایەوە بە ماڵی باوکی! (ئەو کوڕەی من مەبەستم بوو: ئازادی سه‌عه‌ی مینه‌ نێیی بوو) کوڕێکی پێنجوێنی بوو، نه‌خۆشیی شه‌کره‌ی هه‌بوو، له‌ زیندانا حه‌به‌کانیان نه‌دابوویێ ئیتر بۆ خۆی مردبوو. مه‌به‌ستم ئه‌و بوو.

لە کاتی ئەم پرسیار و وەڵامەدا سێ چوار ئەفسەری تر بەدەوریا دانیشتبوون، بە یەکێکیانی گوت: ئەوەتا لەناو خەڵکیدا وا بڵاو بووەتەوە، کە ئێوە کوشتووتانە!

ئەویش گوتی: بە خوا ئێمە نەمانکوشتووە، خۆی بە نەشارەزایی ڕۆیشتووە و کەوتووەتە خوارەوە و مردووە. 

لێکۆڵەر (محقق)ەکە دوو ئەمنی بانگ کرد و گوتی: بیبەنە دەرەوە با چاوەڕوانی بکات.

وا دیار بوو لێکۆڵەرەکە تەلەفۆنی بۆ ئەمنی عامی بەغدا کرد، پێی گوتن: گەورەم دەڵێ: من ئەو ئازاد ناوە ناناسم.. ئەوانیش وا دیارە دکتۆریان ھێنابوو، کە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بکات، ئینجا بانگیان کردمە ژوورەوە و گوتیان: وەرە لەگەڵ ھاوەڵەکەتا قسە بکە و تەلەفۆنەکەیان دایە دەستم.

گوتم: بەڵێ فەرموو.

پاش سڵاوکردن - دەنگی دکتۆر بوو- گوتی: کاکە گیان! خوا ئاگای لێیە: نە خیانەتم بە ئێوە کردووە و نە بە ئیسلامیش! بەڵام ھەموو ئیش و کارێکمان زانراوە و ئەو ماوەیەش لەژێر چاودێریدا بووین، جا من چیم زانیوە وتوومە، و تۆیش چی دەزانی بیڵێ، خوا کەریمە، بەڵکوو دەروویەکمان لێ بکاتەوە.

منیش تا ھێزم تیا بوو نەڕاندم بەسەریا و گوتم: کاری چی و ئیشی چی؟ ئاخر من چ پەیوەنییەکم بە تۆوە ھەیە؟ تۆ تەنیا جارێک ھاتوویتە ماڵی ئێمە بۆ دڵخۆشیدانەوەم، کە لەو کاتەدا من نەخۆش بووم، لەسەر جێگە کەوتبووم، ئیتر چی دەزانم تا بیڵێم؟

گوتی: ئیتر کەیفی خۆتە.

ئەفسەرەکە تەلەفۆنەکەی لێ وەرگرتم، و گوتی: گەورەم! لە قسەکانیەوە وا پیشان دەدات کە گوایا: نایناسێت و ھیچ پەیوەندییەکی پێوە نییە، وا دەزانێ ئێمە بەو قسانە دەخڵەتێین!


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure