بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو پێنج
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو پێنج
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/09/05     351 جار بینراوە    


دێهاتەکان داگیران بۆ کۆمەڵگای توو سووران و بەستەسێن.

لە سەرەتای ساڵی خوێندنی ٧٩- ٨٠ دا قوتابیمان زۆر بوو. دەواممان بوو بە دوو دەوامی تەواو، من تاقی بەیانیان ٤ دەرسم هەبوو، تاقی ئێوارانیش ٤ دەرس، چونکە حیزبی بەعسی سۆشیالیست هەموو دێهاتەکانی پشدەری داگرت، لە چەند کۆمەڵگایەکدا کۆی کردنەوە، دوو لەو کۆمەڵگایانە لە نزیکی سەنگەسەرەوە بوون: کۆمەڵگای تووەسووران و کۆمەڵگای بەستەسێن، ئەو کۆمەڵگایانەش قوتابخانەی ناوەندییان تیا نەبوو، لەبەر ئەوە قوتابییەکانیان دەهاتن بۆ لای ئێمە، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە من چالاکیی زیاتر بنوێنم، سەردانم بۆ ئەم دوو کۆمەڵگایە و دروستکردنی هاوەڵی نوێ.

هەموو توانای خۆمم خستە کار:

هەر وەک باسم کرد بەیانیان چوار دەرسم هەبوو، دوانیوەڕوانیش چوار دەرس، زیاد لەوە کۆمەڵێک قوتابیی مزگەوتم هەبوو، لەنێوان مەغریب و عیشادا  دەرسی قورئان و شەرع و فەرموودە و ئادابی ئیسلامیم پێ دەگوتن، شەوانە ماوەیەک پاش نانخواردن لە تەک منداڵەکانا دادەنیشتم، هەندێک قسەم بۆ دەکردن، کە ئەوان دەخەوتن، من دەڕۆیشتمە ژوورە تایبەتەکەی خۆم و لەوێ کتێبم دەخوێندەوە و بابەتم ئامادە دەکرد بۆ سبەینێ، بۆ ئاگاداری و ڕۆشنبیریی خۆم، یا بابەتێکم  دەنووسی  یا بابەتێکم وەر دەگێڕا.

لەو کاتەدا کە لەوێ بووم چەند زنجیرەیەک شتم نووسی، هەندێکیان وەک دانراو هەندێکیشیان وەک وەرگێڕراو، بە ناوی باوکی ئومێدەوە دەمنووسی و دەمدا بە برادەرەکان، داوام لێ کردبوون ئەوانیش هەریەکە چەند نوسخەیەکی لەبەر بگرێتەوە، ئەو کاتە فتوکۆپی نەبوو، دەبوو بە دەست بماننووسیایەتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی تریش سوودی لێ وەر بگرێت.

زنجیرەکان:

ئەمە بووە هۆی ئەوە کۆمەڵێک زنجیرە لە دایک ببن، وەک  زنجیرەی ڕۆشنبیریی ئیسلامی، ئەمە دە ئەڵقەی لێ دروست بوو، وەک ئیسلام و دەرەبەگ، ئیسلام و کۆنەکاری(الاسلام و الرجعیة). ئیسلام و کۆیلایەتی...تاد. هەروەها زنجیرەی برایەتیی ئیسلامی؛ ئەمەش چوار ئەڵقەی لێ دروست بوو، زنجیرەی باوەڕ ئەمیش شەش ئەڵقە بوو، باوەڕ بە خودا، باوەڕ بە فریشتەکان، باوەڕ بە کتێبەکان، باوەڕ بە پێغەمبەران سڵاوی خودایان لێ بێت، باوەڕ بە ڕۆژی دوایی، باوەڕ بە قەزاوقەدەری خێر و شەڕ، هەروەها زنجیرەی هاوەڵان؛ ئەمیش بریتی بوو لە عەمماری کوڕی  یاسر، بیلالی حەبەشی، سوهەیبی ڕۆمی و سەلمانی فارسی  تەنیا ڕۆژانی هەینی دەرسم نەبوو، ئەویشم دانابوو بۆ سەردانی دۆستان، لە تووەسووران و بەستەسێن.

پرسەکەی ئاشوران:

کاک عەباس لە سەنگەسەردا وەک سەرەک هۆزێک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو، ناوچەی سەنگەسەریش یەکیەتی زاڵ بوو بەسەریا، لەبەر ئەوە ئەویش ببووە چەکداری دەوڵەت و دوژمنێکی سەرسەختی یەکیەتی بوو لە ناوچەکەدا.. من لەبەر ئەوەی پەیوەندیم لە تەکیا نەبوو، ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی ترەوە چەکی بۆ دەوڵەت هەڵگرتبوو، ئەگەر لە ڕێگەدا پێی بگەیشتمایە سەلامم لێ نەدەکرد، بەڵام ئەو لەدڵەوە منی زۆر خۆش دەویست.

ئێمە لە ماڵی ئامۆزایەکیدا – بە ناوی حەمە ئاغا- کرێچێ بووین، حەمە ئاغا پرسەیەکی لە ئاشووران هەبوو، منیش لەبەر حەمەئاغا دەبوو بڕۆیشتمایە بۆ پرسەکە، کاتەکەش ڕەمەزان بوو، کە ڕۆیشتینە ئەوێ سەیر دەکەم ئاو دەگێڕن! منیش پاش فاتیحەکە باسێکم دامەزراند لە بارەی مردن و حیکمەتی مردنەوە، باسێکی ڕۆحیی خۆش بوو، کۆتاییەکەم بەوە هێنا کە ئێستا ئێمە لە جیاتیی سوودی لێ وەرگرین فەرمانی خوا دەشکێنین لە ڕۆژی ڕەمەزاندا و لە پرسەدا ئاو دەگێڕین!

کاتێ من قسەیشم دەکرد تف لە دەمما وشک بووبوو، زمانم بەباشی وەر نەدەچەرخا، هەندێک لە هەرزەی جاشەکان ڕۆێشتبوون بۆ لای کاک عەباس و پێیان گوتبوو: ئیجازەمان بدە با بڕۆین تۆزێکی  لێ بدەین و بێدەنگی بکەین!

ئەویش پێی گوتبوون: وەڵڵا ئەوەی قسەیەکی پێ بڵێت گوێچکەی دەبڕم، ئەو پیاوە دوژمنایەتی لە تەکماندا نییە، پێم وایە تەنیا لەبەر خاتری خوا ئەو قسانە دەکات، کەس بێڕێزی نەنوێنێ بەرانبەری!

مامۆستا یوسفی کەرکووکی:

لە ساڵی ٧٩دا مامۆستایەکی کیمیامان بۆ هات بە ناوی مامۆستا یوسف، مامۆستا خەڵکی کەرکووک بوو، لە حیزبی سۆشیالیستی کوردستانا بوو، هێشتا ژنی نەهێنابوو، دایکی لە تەک خۆیدا هێنابوو بۆ بنەوان، منییش دەعوەتم کردن بۆ ماڵەوە، چاوی بە کتێبخانەکەم کەوت زۆری پێ خۆش بوو، کە ئەو کتێبخانەیەم هەیە، گوتی دەتوانم کتێبێکیان ببەم ئەمشەو بیخوێنمەوە؟ گوتم بەڵێ، دەتوانیت دووانیش ببەیت.

ئەم مامۆستایە ناو بەناو باسی مارکسیستی دەکرد، بۆیە منیش (فلسفتنا)م دایێ، و شەوێ ڕۆیشتنەوە، سبەینێ کە ڕۆیشتم بۆ قوتابخانە، هەر لە دوورەوە هات بۆ پێشوازیم و باوەشی پیا کردم و توند گوشیمی بە خۆیەوە، و گوتی: ئەمشەو هەر لاپەڕەیەکم خوێندووەتەوە، لەبەر خۆمەوە گوتوومە ڕەحمەت لە باوکت مامۆستا حەسەن!! هەی ڕەحمەت لە باوکت مامۆستا حەسەن!! گوتم: بۆچ؟

گوتی: مامۆستا ئەو قسەکانی "کارل مارکس"ی هێناوەو بە پەڕۆیەکی پیس کلکی گرتوون و فڕێی داوەنەتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، ئێمە وامان دەزانی دەقی قورئانە، و ڕەتکردنەوەیان نییە، وەڵڵا بە ژیربێژی وای لێ کردووە ئابڕووی بردووە، خۆزگە ئەوانەی خۆیان لەم کوردستانەدا بە مارکسی دەزانن، ئەم کتێبەیان  بخوێندایەتەوە.

منیش گوتم سوپاس بۆ خوا، کە ئەو کتێبە سوودی پێ گەیاندوویت، جێی خۆیەتی مرۆڤ شوێن حەق بکەوێ بە چاوکراوەییەوە، بە کوێرانە شوێن کەس نەکەوێت،

ناکۆکیی سێ ئامۆزاکە:

لەناو قوتابخانەکەدا سێ قوتابی تیا بوو بە ناوەکانی "ئومێد، کانەبی، سەباح" یەکێکیان لە من لالووت بوو، ئەم سێ قوتابییە ئامۆزا بوون، خۆیان بە شت دەزانی، هەرسێیان گەورە و هەرزەکار بوون، لەگەڵ هیچیاندا دەمەبۆڵەم نەبوو، ئومێدەکەیان نەیدەخوێند، منیش کە بە شێوەیەکی گشتی ڕێزم لە قوتابییان دەگرت، چاوەڕوان بوو بەناحەق دەرەجەی بۆ دابنێم، منیش لە جیاتیی ئەوە ئامۆژگاریم دەکرد کە سەعی بکات بۆ ئەوەی لە ژیاندا دوا نەکەوێت، ئەم قسانەی گرتبووە دڵ و زۆر ئازاری پێ گەیاندبوو، دەمزانی لالووتە، بەڵام نەمدەزانی ئەوەندە پێی ناڕەحەت بووە.

تا ڕۆژێک ئامۆزایەکی تری بە ناوی کانەبی بە ڕووی مامۆستای کیمیا مامۆستا یوسف کەرکووکیدا هەڵشاخابوو لە پۆلدا، مامۆستایش لە ئیدارە شکاتی لێ کرد، بەڕێوەبەریش ناردی بە شوێنیا و هەرسێکیان هاتن، وەک جۆرێک لە هەڕەشە هەڕەشەیان دەکرد، مامۆستاکان هەموومان ڕۆیشتین بۆ مەرکەزی پۆلیس و لەوێ شکاتمان لێ کردن، هەرچەند من ئەوەم پێ ناخۆش بوو، دەبوو ئێمە لە ئیدارە حەلمان بکردایە و نەماندایە بە پۆلیس، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموویان وایان پێ باش بوو، منیش لەگەڵیان ڕۆیشتم، قۆمیسەرەکە کابرایەکی کەتەی زلی عەرەب بوو، ناردی بە شوێنیاندا و هەرسێکیان هاتن، لە بەرچاو ئێمەدا هەندێک قسەی ناشیرینی پێ گوتن و یەکی دوو زللـەی لێ دان، ئیتر ئەم سێ زەلامە، کە لە ئیدارە لای ئێمە دەمیان گەرم بوو، وەک بت لە بەردەم ئەو قۆمیسەرەدا وەستابوون، بەبێ ئەوە فززەیان لە دەم دەر بێت.. لەڕاستیدا من ئێشم پێ گەیشت و زۆرم پێ ناخۆش بوو. هەڕەشەی لێکردن و گوتی: ببیستم بێئەدەبییەک بەرانبەر ئەو مامۆستایانە بکەن، ئاوەها و ئاوەهاتان پێ دەکەم.. کەفالەتی لێ وەرگرتن و بەرەڵڵای کردن.. ئیتر هەرسێکیان وازیان لە خوێندن هێنا و پاش ماوەیەک ڕۆیشتنە دەرەوە.

چەپەکان و ئێستا بەختیارم:

لە ساڵی ٧٨دا "ئێستا بەختیار"م وەزارەتی ڕاگەیاندن ڕەزامەندی پیشان دا لەسەر چاپکردنی، کە من ڕۆیشتم بۆ سەنگەسەر مامۆستا "عومەر عبدالعزیز" و مامۆستا "فاروق ڕەسووڵ" –ئەو کاتە هەردووکیان قوتابیی زانکۆ بوون - سەرپەرشتیی لەچاپدانی کتێبەکەیان دەکرد، خوا خێریان بنووسێت، لە ساڵی ٧٩دا لە سەنگەسەر و ڕانیە و قەڵادزەدا بڵاومان کردەوە، ئەو کاتە ناوی خۆمم بەم شێوەیە لەسەر نووسیبوو: نووسینی "حەسەن محمد أمین پێنجوێنی" چەپەکانی سەنگەسەر کتێبەکەیان کڕیبوو، لە شانەکانی خۆیاندا باسیان کردبوو، پاش چەند مانگێک یەکێکیان پێی گوتم: تۆ ئەزانی مامۆستا! من وام زانی ئەم کتێبەی تۆ کتێبی حەمەمین پێنجوێنییە؟


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure