ژووری لێکۆڵینەوە:
پاشان منیان برد بۆ ژووری لێکۆڵینەوە، لەوێ چاویلکەیان لەسەر چاوم لا برد، لەسەر کورسییەک دایاننام و دەستیان بە پرسیار کرد لێم.
سەباحی مەلا حوسەین:
ئەوەی زۆر بەلامەوە نامۆ و چاوەڕواننەکراو بوو ئەوە بوو: کە گوتی: پەیوەندیت بە "صەباحی مەلا حوسەین"ەوە چۆن بوو؟
گوتم: کاتی خۆی کە لە زانکۆ دەمخوێند لە مزگەوتی خەتتاب ئیمام بووم، باوکی ئەو کوڕەش پێشتر لەو مزگەوتەدا ئیمام بوو، ھەوڵێکی زۆری بۆ چاککردنەوەی مزگەوتەکە دابوو، ژووری ئیمام کە خۆشترین ژوور بوو داگیری کردبوو، منیش کە چوومە ئەو مزگەوتە داوای ژوورەکەم کرد، بەڵام بۆی چۆڵ نەکردم و بوو بە ناخۆشیمان، ئەو کوڕەش لایەنگری باوکی دەکرد، ئا بەوەدا ناسیم، کە ئەمە کوڕی ئەو پیاوەیە، ئەمە ھەموو پەیوەندییەکی من بووە بە سەباحی مەلا حوسەینەوە.
گوتی: لە ساڵی چەند لەو مزگەوتە بوویت؟
گوتم: لە ساڵی ١٩٧٦دا .
صەلاح موحەممەد بەھادین (مامۆستا صەڵاح)
گوتی: ئەی پەیوەندیت لەگەڵ "صەلاح موحەممەد بەھادین"دا چۆن بووە؟
گوتم: لە کۆتایی ساڵی ١٩٧١دا لەو کاتەدا، کە لە دواناوەندیی خوێندنگای ئیسلامیدا دەمخوێند تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٣ لە مزگەوتی "ئەبوبەکری سدیق" لە سلێمانی ئیمام بووم، ئەو کوڕەش لەو کاتەدا سەرباز بوو، شەوانە دەھاتەوە ماڵ مامی، مامیشی لەو مزگەوتەدا بانگوێژ بوو، ناو بەناو ئەم کوڕەش دەھاتە مزگەوت و لە بارەی پێغەمبەرانەوە "صلی اللە علیە وسلم" پرسیاری دەکرد، ڕۆژێکیان لێم پرسی: بۆچی ئەوەند لە بارەی ئەوانەوە دەپرسی؟
گوتی: چونکە نیازم وایە لە بارەی ژیانیانەوە بنووسم، ئەمە ھەموو پەیوەندییەکی من بووە لەگەڵیا، لە مانگی نۆی ١٩٧٣ دا کە من سلێمانیم بەجێ ھێشت ئیتر نەمدیوەتەوە.
حسن شەمێرانی: (مامۆستا حەسەن)
لە بەرانبەر ئەو ئەفسەرە دڵڕەقەوە لێوم وشک بووبوو، تەڕایی لە دەمما نەمابوو، ڕەنگم ھەڵپڕووکابوو، زۆرم لە خۆم کرد و داوای کەمێ ئاوم کرد و گوتم: زارم وشک بووە و زمانم ھەڵناسووڕێ کەمێک ئاوم بۆ بانگ ناکەیت؟
ئەویش مۆڕەکەیەکی لێ کردم و ناوچاوی دا بەیەکدا، چاوی زەق کردەوە، وەک ئەوە پێی ناخۆش بێ، کە من زاتی ئەوەم کردووە، داوای ئاو بکەم! ئینجا بە پاسەوانەکەی گوت: کەمێ ئاوی بۆ بێنە، ھێشتا ئاوەکەم نەخواردبووەوە گوتی: ئەی لەگەڵ "حەسەن شەمێرانی"دا پەیوەندیت چۆنە؟
لەم کاتەدا کە من نەمدەزانی چۆن وەڵامی بدەمەوە و بڵێم چی، زەلامێکی کەتەی زل خۆی کرد بە ژووردا، ھەندێ قسەی لە تەکا کرد، پاش ئەویش پاسەوانەکە ئاوەکەی ھێنا، تا من ئاوەکەم خواردەوە، کابرای کەتە و زل ڕۆیشت، ئەویش پرسیارەکەی دووبارە نەکردەوە و ناوی "حەسەن شەمێرانی"یشی لە بیر چووەوە!
بورھان موحەممەد ئەمین: (مامۆستا بورھان):
ئینجا گوتی: ئەی لەگەڵ "بورھان موحەممەد ئەمین"دا پەیوەندیت چۆن بوو؟
گوتم: من نەمدەناسی، لە کۆتایی ساڵی١٩٨٤دا کتێبێکم کەوتە بەر دەست خوێنەران، ئەم کتێبە لەناو خەڵکیدا دەنگ و سەدایەکی ھەبوو و خوێنەران پێیان جوان بوو، وەک دیارییەک وەر گیرا، لە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، چەندەھا کەس ھاتن بۆ لام، خۆیان پێ ناساندم، یەکێک لەوانە ئەم "بورھان موحەممەد ئەمین"ە بوو، ھات و گوتی: ھەرچەند ئێمە ناسراویی لەوەوپێشمان نییە، بەڵام ویستم خۆمت پێ بناسێنم، من بورھان موحەممەد ئەمینم، کتێبەکەتم خوێندووەتەوە زۆرم بەدڵ بووە، پرسیارم کردووە نووسەری ئەم کتێبە لەکوێ دادەنیشێ؟
لە وەڵامدا گوتوویانە: وەڵڵا ئەوە لەسەر جێ کەوتووە و لاقی شکاوە، ماڵیان لەناو شارە. منیش بە پێویستم زانی سەرت لێ بدەم، وەک دێنییەکی نەخۆش و ھەم خۆیشمت پێ بناسێنم.
منیش بەخێرھاتنێکی گەرمم پێ گوت و خۆشحاڵیی خۆمم بە ھاتنی دەر بڕی.. پاش ئەوە کە ھەندێک دڵخۆشی دامەوە ئیتر ڕۆیشت.
ئەفسەرەکە گوتی: کتێبەکەت باسی چی دەکات؟
گوتم: پێغەمبەرایەتیی پێغەمبەر "صلی اللە علیە وسلم" دەسەلمینێ و خوێنەر قایل دەکات کە: قورئان بە وەحی لە لایەن خواوە ھاتووە، و دروستکراوی ئادەمیزاد نییە، تەمی ئەو گومانانە دەڕەوێنێتەوە کە دوژمنانی ئیسلام، بە دەوری قورئانا دروستیان کردووە.
گوتی: ئەی "بورھان موحەممەد ئەمین" باسی کۆمەڵەی برایانی موسڵمانی بۆ کردیت؟
گوتم: نەخێر.
گوتی: ئەی چۆن ئێوە کۆمەڵتان پێکەوە نا؟
گوتم: ئێمە کۆمەڵمان پێکەوە نەناوە، ئەو ئەگەر گریمان کۆمەڵیشی ھەبووبێ من لەگەڵیا نەبووم.
گوتی: ھەر ئەو جارە ھات بۆ لات؟
گوتم: وا بزانم دوو جاری تر ھاتووە.
گوتی: ئەی چۆن باسی کۆمەڵی برایانی موسڵمانی لەگەڵا کردیتەوە؟
گوتم: لە جاری دووەمیشدا باسی ئەو کۆمەڵەی لە تەکا نەکردم.
گوتی: ئەی باسی چیی کرد؟
گوتم: باسی پاداشتی سەبر و خۆگریی بۆ کردم، ئەگەر یەکێک نەخۆش بکەوێت و سەبری ھەبێت، پاداشتی چەند گەورەیە! لە کۆتاییشدا گوتی: خۆ ئەگەر ئینسان بتوانێت، خزمەتی دینەکەی بکات کارێکی چاکە.
منیش پێم گوتووە: سوپاس بۆ خوا بە نووسینی ئەم کتێبانە و باسکردنی مەسایلی دینی، ئێمەش خزمەت بە دینەکەمان دەکەین.
گوتی: خوا قبووڵی بکات، خۆ ئەگەر لەسەر بەرنامەوە بێت، بەسوودتر دەبێت و ئیتر ڕۆیشت و خواحافیزیی کرد.
ئەفسەرەکە گوتی: ھاتنی جاری دووەمی چەند کات پاش ھاتنی یەکەم جاری بوو؟
گوتم: وا بزانم شەش مانگ بوو.
گوتی: ئەی سێیەم جار؟
گوتم: وا بزانم لە دواین بەشی ساڵی ١٩٨٥دا بوو.
گوتی: چی گوت؟
گوتم: پاش ھەواڵپرسین و دڵدانەوە گوتی: کۆمەڵی برایان دەستیان بە کار کردووە، پێت چۆنە ئەگەر ئێمەش لە تەکیانا کار بکەین؟
گوتم: من ناتوانم.
گوتی: بۆچی؟
گوتم: چونکە حەزم لە سیاسەت نییە، باوکیشم وەسێتی بۆ کردووم کە نەچمە ناو ھیچ حیزب و کۆمەڵێکی سیاسییەوە، ھەر ئەم وەسێتە بوو، کە نەیھێشت بچمە ناو پارتی و ناو حیزبی بەعسەوە، ئێستاش ناچمە ناو ھیچ کۆمەڵێکەوە، داوات لێ دەکەم تۆیش نەچیتە ناو ھیچ حیزبێکەوە، ئیتر زۆری پێ نەچوو ڕۆیشت.
ئەحمەد عەبدول وەھھاب: (مامۆستا سید أحمد)
ئەفسەرەکە گوتی: ئەی کێ دکتۆر عیسامی ھێنا بۆ لای تۆ؟
لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەگەر بڵێم "ئەحمەد عەبدول وەھاب" ھێنای، دەترسم ناوی ئەو تا ئێستا باس نەکرابێت، یا ئەو تا ئێستا دەر نەچووبێت، بۆ ناوی بێنم؟ کاک بورھان لەمێژە قاچاخە وا چاکە ھەر بڵێم بورھان ھێنای.. ئیتر نەمزانی دکتۆر ھیچی نەھێشتووەتەوە، ئەوەشی باس کردووە و گوتوویەتی: من لەگەڵ "شیخ ئەحمەدعەبدول وەھاب"دا ڕۆیشتم بۆ ماڵی حەسەن پێنجوێنی، چونکە ھاووڵاتی و ناسراوی کۆنی بووە! بۆیە گوتم: کاک بورھان دکتۆری ھێنا!
گوتی: چۆن باسیان دامەزراند؟
گوتم: ھیچ باسێکیان نەکرد تەنیا ئەوە نەبێ دکتۆر گوتی: من کوڕی کازم ڕاوی (کاظم الراوی)م، باوکم بیستبووی لە جێگەدا کەوتوویت، زۆر دڵگران بوو بۆت، چونکە قوتابییەکی خۆشەویستی بوویت، دوعای خێری بۆ کردیت و خۆی نەیتوانی بێت، منی ڕاسپارد تا لە جیاتیی ئەو سەرت لێ بدەم!
منیش بەخێر ھاتنم کرد و خۆشحاڵی خۆمم دەربڕی بەھاتنی.
دوای ئەوە ئەفسەرەکە گوتی: لە لایەن (صلاح الدین، محمد بهاالدین) مامۆستا صەلاحەوە نامەتان بۆ دەھات؟
گوتم: نەخێر.
گوتی: با.
گوتم: نەخێر.
گوتی: ڕاست بڵێ.. دەنا سوێند بێ بە خوا ھەڵتدەواسم!! بڕوانە، بڕوانە.. بۆ لای سەرت بڕوانە، کە سەرم بەرزکردەوە دیتم قەنارەیەکی چوار قولاپی ھەڵواسرابوو، دووبارە گوتی: دەنا وەڵڵاھی وەک بەران ھەڵتدەواسم!
گوتم: ئاگام لە نامە نییە.
ئینجا چاوی زەق کردەوە و دەستی کردە قسەی سووک و جنێودان و گوتی: بڵێ، منیش سوێندێکی زۆرم بۆ خوارد و گوتم: ئاگام لە نامە نییە.. بەڵام کاتی خۆی کە بورھان لە دواین جاردا ھات بۆ لام گوتی: ئەوە لە ناوچەی خواروو کۆمەڵ دەستیان بە کار کردووە، متمانەپێکراوێکیشم متمانەی پێیان ھەیە.. ئەوە نەبێ ھیچ نازانم.
گوتی: لەگەڵ (صلاح الدین محمد بهاالدین)دا چۆن کۆمەڵتان دروست کرد؟
گوتم: کۆمەڵی چی و شتی چی؟ من پێم گوتی: لە دوای ساڵی حەفتا و سێوە ئیتر نەمدیوە!
گوتی: ئەی لەگەڵ دکتۆرا بۆ یەکتان نەگرت؟
گوتم: یەکگرتنی چی؟
گوتی: چووزانم، دکتۆر دەڵێ: ئەوان لەبەر مەسەلەی قەومایەتی و ناوچەییبوون لەگەڵ ئێمەدا یەک نەکەوتن!
گوتم: قسەکانی بێ بنجوبناوانن! چونکە ئەو داوای کرد خۆم بڕۆمە ڕیزیانەوە، ئەویش نەک بە سەراحەت، منیش بە کینایە داواکەیم دایە دواوە.
گوتی: بۆ؟
گوتم: چونکە کاتی خۆی باوکم وەسێتی بۆ کردم، کە: نەچمە ناو ھیچ کۆمەڵێکی سیاسییەوە، لەبەر ئەوە نەچوومە ناو کۆمەڵەکەی ئەویشەوە.
گوتی: ڕاستی بڵێ.
گوتم: ڕاستم گوتووە.
گوتی: نە.. ڕاستت نەگوتووە، ھەی... جنێوێکی پیسی دا. پاشان بانگی پاسەوانەکەی کرد و گوتی: حەرەس، حەرەس!
کابرایەکی ڕەشتاڵەی لاواز ھاتە ژوورەوە و گوتی: فەرموو گەورەم!
گوتی: چاوی ببەستە و کارەباشی لێ قایم بکە!
گوتم: "إنا للە وإنا إلیە راجعون" ئیتر چاوی نەبەستم، بەڵام گوتی: ئەگەر ڕاست نەڵێیت، وەڵڵاھی خێزانەکەت دێنین!
گوتم: ھیچ دەسەڵاتێکم نییە!
بەزۆر ئەو ڕەسمەتان گرت؟
پاش ماوەیەک بێدەنگی دەستی کرد بە چەکمەجەیەکدا و کۆمەڵێ وێنەی دەر ھێنا، ماوەیەک تەماشای کردن و دانی بە یەکدا، دوایی بانگی کردمە پێشەوە و وێنەیەکی بە دەستەوە بوو پیشانی دام و گوتی: خاوەنی ئەم وێنەیە دەناسیت؟
کە وردی بوومەوە وێنەی مامۆستا "مەحموود غەریب" بوو زانا و خەتیبێکی بەناوبانگ بوو، گوتم: ئەوە شێخ مەحموود غەریبە.
گوتی: بزانە کار و پیشەی پێشەواکانتان چۆنە؟
گوتم: ئەی بەستەزمان! بەزۆر ئاواتان لێ کرد؟ نازانم چۆن وێرام وا بڵێم؟ کە من ئەو قسەیەم کرد لەژێرەوە بزەیەک گرتی و گورج ناوچاوی تاڵ کردەوە.. لەوانەیە بپرسیت: ئەو وێنەیە چی بوو؟
ئەو وێنەیە وێنەی زانای پاک و خواویستی ناودار "مەحموود غەریب" بوو، بەزۆر ڕووتیان کردبووەوە و تەنیا پەشتەماڵێکیان بە بەرەوە ھێشتبوو، یەکێک لە بەعسییەکانی خۆیان -کە ھیچیان لە بەرا نەھێشتبوو - لەپەوڕوو خستبوو، ئەو زانا پایە بەرزەشیان لەسەر خوار سمتی ئەو دانابوو، گوایا مامۆستا دەیەوێ کاری نێربازی لەگەڵا بکات! بەڵام لەناو وێنەکەدا نیشانەی شەرم و تەریقی، لە ڕواڵەتی مامۆستادا بەدی دەکرا.
ئەم زانایە خەڵکی عێراق نەبوو، لەناو ھەموو عێراقدا شۆرەت و ناوبانگی دەر کردبوو، پیاوێکی ڕاست و حەقوێژ و خواویست بوو، لە شەڕی ئێران و عێراقا داوایان لێ کرد لایەنگیری بەعس بێ دژی ئێران، بەڵام ئەو کارەی نەکرد، لەبەر دنیای خەڵک دینی خۆی نەدۆڕاند، حیزبی بەعسیش بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو پیاوە پێش ئەوەی لە عێراق وەدەرینێ گرتیان، لە دایەرەی ئەمن ئا بەو جۆرە وێنەیان گرت.. تا ئەگەر چووە دەرەوەی عێراق نەوێرێ باسی بەعس و زوڵم و تاوانەکانی بەعس بکات، نەتوانێ پەردە لەسەر ڕووی قیزەونیان لا ببات، خۆ ئەگەر لە دژی بەعس قسەی کرد، بۆ پەرچدانەوەی قسەکانی بڵێن: ئەوە بۆیە لە دژمان دەدوێ چونکە کاری ئاوەھا ناشیرینی کردووە، ئەگەر بڕوایش ناکەن ئەوە وێنەکەی! ھەروەھا تا بە خەڵکی ڕابگەیەنن: بابە! ئەوانەی دژی ئێمە دەدوێن و دوژمنایەتیمان دەکەن ئا لەم جۆرە کەسانەن!! ([1])
[1]- لەسەرەتای نووسینی ئەم یاداشتەدا نووسیبوم: دەی سا خودایە! بەعس و بەڕێوەبەرانی و پێشەوایانی، سەرشۆڕ بکەیت، لە دنیادا پێش قیامەت خەجاڵەتیان بکەیت، نەک ھەر خۆیان، بەڵکوو ئەوانەش کە ئاوەھا دەیانناسن، بەڵام لایەنگیرییان دەکەن و خۆشیان دەوێن و حەز بە مانەوەیان دەکەن.
بەڵام ئیستا دەڵیم: خودایە ئەوانە و هەموو زاڵمێکی تریش ھیدایەت بۆ چاکە بدە، و بیانخەرە سەر ڕێی ڕاستی ئیسلام.