بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو دوو
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو دوو
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/08/16     450 جار بینراوە    


لوتفی خوا لە تەکماندا:

هیچ کاتێک خۆمان بە هەژار و نەدار نەدەزانی، لە بەغدا معاشێکی ئیمامەتی ئەوقافم هەبوو، معاشێکی خەطابەی ئەهلییشم هەبوو، ئێمە میوانمان زۆر بوو، زۆر کەم معاشەکە بەشی دەکردین تا سەری مانگ، هەندێک مانگ پارەم لێ دەبڕا، دوکاندارێکی بەڕێز لە دوکانەکەی مزگەوتا بوو، لەوم قەرز دەکرد، کە معاشم وەر دەگرت، بە سوپاسەوە بۆم دەبردەوە. هەندێک لە هاوڕێکانیشم معاشی خەطابەیان نەبوو، تەنیا معاشی ئیمامەتەکەیان بوو لەوەش پاشەکەوتیان دەکرد، هەندێک جار سەرکۆنەی منیان دەکرد و دەیانگوت: ئێمە پرتەقاڵ و سێو ناخۆین، لە کەسیش قەرز ناکەین!

ئاڵەم حاڵەتەدا پارەی زەکاتیان بۆ دەهێنام، وەرم نەدەگرت و خۆم بە دەوڵەمەند دەزانی، و پێم وا بوو کە پێم ناشێ.. هەندێک جار هەتەرییان دەکرد کە وەری بگرم، بۆ نموونە دەیانگوت: دە باشە، خۆت کێ بە موستەحەق دەزانی، بیدە بەو! ئیتر منیش لێم وەر دەگرتن و  دەمبرد بۆ یەکێک لەو برادەرانەی خۆمان، کە لە واقیعدا پێیان دەشیا.

ئاواتمان بۆ خانوو یا ترۆمبێل نەخواستووە:

هەرگیز نەخۆم و نەخێزانم، ئاواتمان بۆ خانوو یا ترۆمبێل نەخواستووە، هەرگیزنەمان گوتووە: خۆزگا ئەو خانووە هیی ئێمە بووایە، هەرگیز نەمانگوتووە خۆزگا ئێمەش ترۆمبێلێکی وەهامان ببووایە! لەڕاستیدا ئەمەش لوتفێکی گەورەی خودا بوو لە تەکماندا.

ئومێد و ڕووناکمان لە بەغدا لە دایک بوون:

  ئومێدمان لە مانگی یەکی ١٩٧٥دا لە ئەعزەمیەی بەغدا لە دایک بوو، لەو کاتەدا کە نسکۆی شۆڕشی میللە تەکەمان ڕووی دا و ئیعلانی ئاشبەتاڵ کرا، پێشمەرگەکان بە کۆڵێ خەفەتەوە چەکەکانیان دەهێنا و تەسلیمی هێزەکانی حیزبی بەعسیان دەکرد، مەگەر هەر خوا خۆی بزانێ چ خەم و ناخۆشییەک ڕووی تێکردین، بەتایبەت لەو کاتەدا کە ئاوارەکانی ئێران دەگەڕانەوە و حیزبی بەعسیش بەرەو خوارووی عێراق سوار زیلی عەسکەریی دەکردن و دووری دەخستنەوە..! ئەوەی ئێمە بینیمان یاخوا کەس نەیبینێت.. پاش پانزە ساڵ شۆڕش و سووتانی هەزاران ئاوایی و شارۆچکە و کوژرانی هەزاران کەس لە میللەتە کڵۆڵەکەمان، پێشمەرگە بە سەری شۆڕەوە و بە لارەملییەوە پۆل پۆل دەهاتنەوە خۆیان دەدا بە دەستی بەعسەوە!

ئا لەو وەزعە ناخۆشەدا ئێمە ماڵمان لە بەغدا بوو، ئومێدمیشمان لەوێ لە دایک بوو، ڕووناکیشمان لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٧لە ئەعزەمیەی بەغدا لە دایک بوو.

کاتی خۆی کە من لە سێمانییەوە هاتم بۆ بەغدا بەو نیازەوە هاتم، تا شتێک لە زانیاری و زانست فێر ببم و بەو زانیارییەوە خزمەتی دینەکەم و میللە تەکەمی پێ بکەم، زانكۆم ته‌واو كرد، ئەو کۆمەڵگەی من تیایدا ژیابووم جیاواز بوو لە کۆمەڵگەی بەغدا، لە بەغدا غەریب بووم ئاگاداری و زانیاریی تەواوم لە بارەی خەڵکەکانەوە نەبوو، دەسەڵاتی بەعسیش لەوپەری قودرەتیا بوو، وەختێک کە شۆڕشی کوردی لەناو بردووە و نەیارەکانی زەلیل کردووە، دەستی خستووەتە بینی ئیسلامییەکانەوە، دەیەوێت بەتەواوی بیانخنکێنێت، لەم بیئەیەدا من کاری ئیسلامیم بۆ نەدەکرا و وەک تەجمید تەجمید کرابووم، لەملایشەوە لە کوردستانەوە ڕۆژ بەڕۆژ هەواڵم پێ دەگەیشت، کە دوژمنانی ئیسلام چۆن دەیانەوێت میللە تەکە کافر بکەن و لە دین لای بدەن، دوژمن چەکی لێ سەندوون و دەسەڵات و قودرەتی لێ داڕنیون، ئەوانیش لەو لاوە دەیانەوێت دینەکەیان لێ دابڕنن و زەرەرمەندی دنیا و قیامەتیان بکەن!

لەبەر ئەوە زۆر بێتاقەت بووم، دەمویست بە هەرجۆرێک بووە بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، چونکە بیئەی خۆمە و دەوروبەرم ناسراوە، ئەگەر ناسراویش نەبێت نامۆ نییە.. هەستام داخوازییەکم پێشکەش بە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەوقاف کرد، لە داخوازییەکەمدا نووسیبووم، داواتان لێ دەکەم نەقڵم بکەنەوە بۆ یەکێک لە پارێزگاکانی ناوچەی کوردستانی حوکمی زاتی! بەڵام داخوازییەکەم بە وەڵامی لانوافق پەرچ درایەوە!

پاش ئه‌وه‌ی زانكۆم ته‌واو كرد و ویستم به‌و زانیارییه‌ نوێیه‌وه‌، به ‌مه‌لایه‌تی بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كوردستان، ئەوە بوو پاش چەند مانگێک داوام کرد بمنێرنەوە بۆ کوردستان، بەڵام داواکەیان ڕەفز کردم.

لە کۆتایی مانگی ٣/١٩٧٨دا داخوازییەکم پێشکەش کردەوە بە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەوقاف، تیایا نووسیبووم: داوتان لێ دەکەم ئیمامەتەکەم نەقڵ بکەنەوە بۆ یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان، ئەگەر نەقڵیشم ناکەنەوە وازهێنان لە وەزیفەم قبووڵ بکە.

جێگری سەرۆکی ئەوقاف پیاوێکی کورد بوو، بانگی کردم و گوتی: بەڕاستە ئەگەر نەقڵت نەکەین وازهێنان لە وەزیفەت قبووڵ بکەین؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: ئەوا قبووڵمان کرد.. و لەسەر داخوازییەکەی منەوە نووسی قبووڵی ئیستیقالەکەیمان کرد.

لەوەوپێش کە نەقڵیان نەدەکردم دەیانگوت: لە کوردستاندا مەلا زۆرە، و لە خواروو و ناوەڕاست مەلا کەمە، وەک سەر و ڕیشەکەی بردناشۆیان لێ هاتووە.. ئەویش ڕێشێکی پڕی درێژی هەبوو، سەرێکی ساف و ڕووتاوە لە قژ.

ئەو موافەقەتەم زۆر پێم سەیر بوو، ئەمە چ عەقڵییەتێکە؟ خۆ ئەگەر موافەقەی بکردایە لەسەر نەقڵکرنم، هەر وەک ئەوە وا بوو موافەقە بکات لەسەر ئیستیقالەکەم، لە هەردوو حاڵەتەکەدا من لە بەغدا نامێنم!

دامەزراندنم لە وەزارەتی پەروەردە:

ئەوقاف نەقڵی نەکردم و ئیستیقالەکەی قبووڵ کردم، ئەی خوادایە! ئێستا من بەبێ وەزیفە و معاش لە بەغداد چی بکەم؟

ڕۆژی ١/٤/٧٨ ڕۆیشتم بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ به‌غدا و لە ئیستیعلاماتەکە داوام کرد، دەمەوێت بچم بۆ بەشی ئیدارە، لەوێ پرسیارم کرد: ئایا ئێوە پێویستان بە مامۆستای زمانی عەرەبی هەیە؟

گوتیان: ئەرێ وەڵڵا، هەر زۆر پێویستمان پێیەتی! گوتم: بۆ کوێ؟ بۆ سلێمانی. گوتم: موشکیل نییە.. خزمەتە! گوتیان دە بڕۆ ئەوراقەکانت بێنە تا داتبمەزرێنین. شهادة الجنسیة، عدم المحکومیة، شهادة التخرج من الجامعة و چەند وێنەیەکیش.

تەنیا پێویستم بە عدم المحکومیة کە هەبوو، ئەوانی ترم هەبوو، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەویشم تەواو کرد و هەموویانم بۆ بردن، ئه‌وانیش یه‌كسه‌ر فەرمانی وەزارییان بۆ دەرکردم بە دامەزراندم لە پەروەردەی سلێمانی.

لە٢٠/٤/١٩٧٨ فەرمانی وەزاریم وەر گرت و لە ٢١/٤دا ڕۆیشتم بۆ سلێمانی، لە سلێمانی ڕۆیشتمە پەروەردە و بەشی (ذاتیة الثانویة)، ئەوانیش بەخێرهاتنیان کردم و گوتیان: تەنیا ناوەندی سەنگەسەرمان هەیە مامۆستای عەرەبی نەبێت.

منیش هەرچی شار و شارۆچکەی دەوروبەری سلێمانی هەیە هاتبوو بە خەیاڵمدا سەنگەسەر نەبێ، هەندێک بەلامەوە ناخۆش بوو. بەڵام ناچار بووم و گوتم: باشە و کیتابیان بۆ کردم، سەرلەبەیانی ڕۆژی٢٢/٤/ ڕۆیشتم بۆ نەقڵیاتی پشدەر و لەوێ سوار پاسێکی ١٨ نەفەری بووم.

پەیوەندیکردنم بە ناوەندییەکەی سەنگەسەرەوە:

لەناو ترۆمبێلەکەدا لە گەڵ مامۆستا "محمدی میرزا ڕۆستەمی"دا بووین بە هاوڕێی سەفەر، ئەو خەڵکی ئەوێ بوو منیش ئەوە یەکەم جارم بوو بڕۆمە سەنگەسەر، لە دوکان بەولاوە نەڕۆیشتبووم، دیمەنێکی زۆر جوان و دڵڕفێنم بینی، لە خەلەکان تێپەڕین ئەملاولای جادەکە درەختی داربەڕوو بوو، تازە گۆپیتکەکانی دەمیان دەکردەوە، سەرزەوییەکە تارایەکی ناسک و تەنکی سەوزی بەسەرا درابوو، نم نم باران دەباری، ئێستا کە ئەو بیرەوەرییە دەنووسمەوە ٤٣ ساڵی تەواوی بەسەرا تێپەڕیوە، باوەڕم پێ بکەن هێشتا تاموچێژی ئەو خۆشییەم لە بیر نەچووەتەوە، بە دەمەتەقێ مامۆستا محمد هەندێک شتی لە بارەی قوتابخانەکە و ناو شارەوە بۆ باس کردم، منیش کە دابەزیم یەکسەر ڕۆیشتم بۆ قوتابخانەکە، ئەو کاتە ناوەندییەکە بە شێوەیەکی کاتی لە دوو خانووی شارەوانیدا بوو، لە دوور ئاواییەوە لە لای پۆلیسخانەکەوە.

ڕۆیشتمە ژووری ئیدارە و پاش سڵاو و خۆپێناساندن، کە من وەک مامۆستای عەرەبی و ئاین هاتووم تا دەوام بکەم، مامۆستا "عەلی مەجیدی کفری" بەڕێوەبەر بوو، ئەوراقەکانی لێ وەر گرتم و زۆر خۆشحاڵیی بە هاتنم دەر بڕی، مامۆستا "نەجمەدین جەمیل"ی عەرەبی لەوێ بوو، کە لەگەڵ خۆماندا هاوپۆل بوو، تومەز ئەو هەوڵی دابوو، کە من لە سەنگەسەر دابنرێم، بۆ ئەوەی ئەو بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، پاشان مامۆستا "مەجیدی کەرکووکی"ی مێژوو و مامۆستا "قادر ڕەشید"ی زیندەوەرزانی و مامۆستا "بەختیار"ی ئینگلیزی، ئەمانە لەوێ مامۆستا بوون.

بەرگ و باوی ئەو سەردەمە:

ئەو سەردەمە باوی لاجانگی پێنچ پەنجە، پرچی درێژ، زوڵفی شۆڕ، شەرواڵی تەسک، و دەرەلنگی پان و پێڵاوی پاژنەبەرز بوو، مامۆستا "عەلی مەجید"  بەڕێوەبەر و مامۆستا "مەجید" و مامۆستا "بەختیار" بەو جۆرە بوون، مامۆستا "عبدالقادر ڕەشيد" و "مامۆستا نەجمەدین جەميل" وا نەبوون.

مامۆستا عەلی مەجید بەگەرمی خوڵکی کردم:

کە ڕۆیشتمە سەنگەسەر کەسم لەوێ نەدەناسی، ئەوێش ئۆتێلی تیا نەبوو، کە دەوام تەواو بوو، مامۆستا عەلیی بەڕێوەبەر، زۆر بەگەرمی خۆڵکی کردم و گوتی: منیش ژن و منداڵم لە تەکا نییە و پێکەوە دەچینەوە بۆ ماڵی خۆمان، دەوامی ئەمساڵ یەک مانگی ماوە، ئەوەتە قوتابییانی پۆلی سێمان ئیجازە داوە، بۆ ئەوەی بڕۆن سەعی بکەن.. ئەم یاک مانگە لای من بە، لە سەرخۆ خانوویەک بۆ خۆت بگرە، منیش زۆر سوپاسم کرد و پێکەوە مەسرەفمان دەکرد، ئەو کاتە لە ژوورێکی خانووی "حەمەی سەید ئایش"دا بوو.. لەو ماوەیەدا منیش خانووی "حەمەی بایز ئاغا"م گرت، بۆ ئەوەی کە پاش پشووی هاوین هاتینەوە یەکسەر بچینە ئەوێ.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure