بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو بەکەم
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو بەکەم
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/08/16     363 جار بینراوە    


هەر شتێک ئەجەلی خۆی هەیە:

ئێوارەیەکیان دوای نوێژی عەسر لە مزگەوتی (تەییار- الطیار) دانیشتبووم، سەید مستەفا هات (سەید مستەفا، برای سەید ئەحمەدی زاوامان بوو، کەبابچی بوو، لە گەڕەکی قەمبەر عەلی بەغدا، کەبابخانەی هەبوو)، کە چاوی پێم کەوت پەیتا پەیتا دەپژمم، و ئاو بە چاو و بە لووتمدا دێتە خوار، گوتی: مامۆستا ئەوە چیتە؟ گوتم: وەڵڵا کاک مستەفا ئەوە حەساسیەتمە و دەڵێن: ئەویش چارەسەری نییە!

گوتی: بێبەڵا بیت! چۆن چارەسەری نییە؟ فەرموو با بڕۆین بۆ لای ئەو دکتۆرەی من دەیناسم، بزانە چارەسەری دەکات یان نا!

گوتم: باشە.. پێکەوە ڕۆیشتین، بۆ سەر جادەی ڕەشید، لە نزیک شۆریجەوە، لەسەر دەرگای عەیادەکەی نووسرابوو: دکتۆر "جەلال حەمدی" تایبەتمەند لە حەساسیەتدا.

عەیادەکەی دکتۆر لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمدا بوو، بە پلەکاندا سەر کەوتین و عەیادەکەی زۆر قەرەباڵخ نەبوو، ڕۆیشتینە لای دکتۆر، دکتۆر تەمەنی لە پەنجا تێپەڕیبوو، گوتی: بەدرێژی باسی ئەم حاڵەی خۆتم بۆ بکە، منیش هەموویم بۆ باس کرد، ئەویش گوتی: ڕاست دەکەن، چارەسەری تەواو تا ئێستا بۆحەساسیەت نییە، بەڵام خۆپاراستن یارمەتییەکی گەورەت دەدات، لە کەمکردن و پووکانەوەیدا.

دەرمان و پارێزەکانی دکتۆر:

من ئێستا چەند حەبێکت بۆ دەنووسم، لەگەڵ دەرزییەکدا، دەرزییەکە لە خۆت بدە، بۆ سبەینێ لە سەدا پەنجا کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەمشەو حەب مەخۆ، لە سبەی شەوەوە بەکاری بێنە، کە تەواو بوویت سەرم لێ بدەرەوە، ڕەچەتەکەمان وەر گرت و هاتینە دەرەوە.

ڕۆیشتین دەرمانمان کڕی، شرینقەیەک و چەند دەنک حەبێکی ڤیوسیدین (Fucidin) بوو.. ئەو شەوە شرینقەکەم لە خۆم دا، بەیانی نەک لە سەدا پەنجا، بەڵکوو لە سەدا ٨٠ چاک بووبووم، کە حەبەکانم تەواو کرد، دەرد و بەڵام نەما.

ڕۆیشتمەوە بۆ لای و گوتی: چۆنی؟

گوتم: هیچ ئازار و ناڕەحەتیم نەماوە! تەواو چاک بووم!

گوتی: ئەم نەخۆشییەی تۆ بنەبڕ نابێ، بەڵام بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی نەبیت، دەبێ پارێز بکەیت، پارێزەکەشت بەم جۆرەیە:

نابێ ترشی و توونی بخۆیت، نابێ عەمبە و بیبەری توون بخۆیت، نابێ خۆت ماندوو بکەیت، نابێ تەپوتۆز بچێت بە سەرتا، نابێ لەسەر سەرینی پەڕ بخەویت، نابێ بۆنی خۆش بەکار بهێنیت، و دەبێت لە بۆنی ناخۆشیش خۆت بپارێزیت. Fucidin® Tablets،

ئەگەر هات و ئەم پارێزانەت بەکار هێنا، ئەوا دوور دەبیت لە کێشەکە، بەڵام ئەگەر ئەم پارێزانە نەکەیت هەمیشە لە تەکیا دەبیت.

سوپاس بۆ خوا تا ئەندازەیەکی زۆر، چاودێریی خۆمم دەکرد، هەندێک جاریش کە ماندووبوونەکەم تووش ببووایە، ئەویشم تووش دەبوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باش بووم.

دکتۆر و کەبابچی:

ئێستا من دەپرسم: بۆ پیاوێکی کەبابچی (برای زاواکەمان کەبابچی بوو لە بەغدا) کە هیچ پەیوەندییەکی بە دەرمانسازی و کاری پزیشکییەوە نییە، سەر لەم نەخۆشییەی من دەر دەکات، کابرایەکی دکتۆر کە ئەزموون و خیبرەی زیاد لە بیست ساڵی پزیشکی هەیە، لە حەنایا کوێر دەبێت، لە جیاتیی بیرکردنەوە لە چارەسەر، دێت تووڕە دەبێت؟

خۆ ئەگەر تۆزەقاڵێک ژیریی خۆی بخستایەتە کار، دەیزانی من هەڵامەتم نییە، چونکە هەڵامەت ئەگەر دەرمانیشی بۆ بەکار نەهێنرێت، لە ماوەی هەفتەیەک لەگەڵ پشوودا، دەورەکەی بەسەر دەچێت و تەواو دەبێت، دەی خۆ ئەم سێ هەفتە چارەسەری پێ داوم، بۆچ چاک نابمەوە؟

خوای باڵادەست بۆ هەموو دەردێک دەرمانی داناوە، هەندێک جار دکتۆر چاوی کوێر دەبێت، دەرک بە جۆری نەخۆشییەکە ناکات، دەرمانێکی بۆ دەنووسێت، کە هیی ئەو نییە، و بە هۆی کەمتەرخەمیی دکتۆرەوە بێت، یا بە هۆی نەزانینییەوە، چونکە هەندێک بە واسیتە دەبنە دکتۆر، قەدەرێکی دیاریکراو بەدی دێت.

نەقڵبوونم بۆ مزگەوتى حەبیبى عەجەمى:

له‌ ئه‌نجامى هه‌وڵدانێكى زۆر خۆم بۆ مزگه‌وتى حه‌بیبى عه‌جه‌مى نه‌قڵ كرد، كه‌ له‌ نزیكى كولیه‌كه‌ماندا بوو، ماویه‌كى چه‌ند مانگیش له‌وێ مامه‌وه‌. بەڵام بێسوود بوو، چونكه‌ هه‌ر له‌ ماڵه‌كه‌مانه‌وه‌ دوور بوو، ئه‌مه‌ له ‌لایه‌كه‌وه‌، له ‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ حاڵه‌تێكى ده‌روونى هه‌ست به‌ تاوانم بۆ دروست بووبوو، به‌ خۆمم ده‌گوت: ئه‌وقاف پاره‌ت ده‌داتێ بۆ ئیمامه‌ت، واته‌: ئیمامه‌تى به‌یانى و نیوه‌ڕۆ و عه‌سر و مه‌غریب و عیشا، من ناتوانم به‌یانییان بێم، چونكه‌ ماڵه‌كه‌مان زۆر دووره‌، نیوه‌ڕوان ناتوانم چونكه‌ وام بە دەم خوێندنەکەمەوە، عه‌سران یا ئه‌بێ نه‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ ماڵ بۆ نانخواردن، یا ئه‌گه‌ر ڕۆیشتمه‌وه‌ ئه‌ویش ده‌فه‌وتێ، من ته‌نیا پێشنوێژیی مه‌غریب و عیشام به‌ته‌واوى ئه‌كرد.

 به‌ خۆمم ده‌گوت: باشه‌ له‌ ڕۆژى قیامه‌تا چى وەڵامى خوا ده‌ده‌یته‌وه‌؟ چۆن ئه‌و منداڵانه‌ت به‌ نانى حه‌رام په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ واى لێ كردم لیستێك بگرم، بۆ ئه‌و نوێژانه‌ى ئاماده‌یان نه‌بووبوم و به‌ ئیمامه‌ت نه‌مكردبوون، بیانبه‌م بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقاف، كابرا پیاوێك بوو سمێڵپان، لێوى سه‌ره‌وه‌ى دیار نه‌بوو، منیش لیسته‌كه‌م لكاند به ‌داخوازییه‌كه‌وه‌ و پێشكه‌شم كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقاف، له‌ داخوازییه‌كه‌دا نووسیبووم: داواتان لێ ده‌كه‌م: به ‌ئه‌ندازه‌ى به‌شى ئه‌و نوێژانه‌ى له‌ مزگه‌وتا حازر نه‌بووم، له‌ معاشه‌كه‌م ببڕن! با دڵئاسووده‌ بم و به‌ ئیسراحه‌ت بژیم.

ئە‌وە‌ تۆ شێتى؟

بەڕێوەبەره‌كه‌ بانگى كردمه‌ ژووره‌وه‌ و ماوه‌یه‌ك تێم ڕاما، پاشان گوتى: تۆ تێك نه‌چوویت؟ شێت نه‌بوویت؟

گوتم: نه‌وه‌ڵڵا شێت نه‌بووم، ساق و سه‌لیمم! بۆچ ئه‌وه‌ت پرسى؟

گوتى: كوڕم! ئه‌گه‌ر شێت نه‌بووبیت، چۆن به‌ ده‌مى خۆت داوا ده‌كه‌یت له ‌معاشه‌كه‌ت ببڕین؟

گوتم: من معاش وه‌ر ده‌گرم تا له ‌مزگه‌وت ئاماده ‌بم،  پێشنوێژى بۆ خه‌ڵكى بكه‌م، كاتێ له‌وێ ئاماده‌ نه‌بم و پاره‌ى ئه‌وه‌ش وه‌ر بگرم ئاماده‌ بووم، به‌ لامه‌وه‌ حه‌رامه‌، و پێم وایه‌ منداڵه‌كانم نانى حه‌رام ده‌خۆن، ئه‌وان تاوانیان چییه‌، من نانى حه‌رامیان ده‌رخوارد بده‌م؟ ئیمانه‌كه‌م ده‌مكاته‌ به‌رپرسیار و ئازارم ده‌دات! پاشان گوتم: ناهه‌قیشت نییه‌ كه‌ به ‌شێتم بزانى، چونكه‌ پاره‌ خۆشه‌ویسته‌، بەڵام به‌هه‌شت خۆشه‌ویستتره‌،‌ پاره‌لێبڕینیش ناخۆشه‌، بەڵام ئاگرى جه‌هه‌ننه‌م ناخۆشتره‌!

مدیره‌كه‌ سه‌رێكى بادا و هه‌ناسه‌یه‌كى هه‌ڵكێشا و گوتى: بڕۆ، وەڵڵاهى لێت نابڕم!

گوتم: ئاخر له‌ ڕۆژى قیامه‌تدا تۆ لێپرسراو ده‌بیت و تاوانه‌كه‌ى له ‌ئه‌ستۆى تۆدا ده‌بێت! بۆیه‌ من هاتووم و داخوازیم نووسیوه‌، تا له‌و ڕۆژه‌دا تاوانبار نه‌بم!

گوتى: بابه‌ گیان! من به‌رپرس ده‌بم، ده‌ینت به ‌ئه‌ستۆم، ده‌ستى ماڵى به‌ گه‌ردنى خۆیا و گوتى: بڕۆ خوات له‌گه‌ڵ.

نەقڵبوونم بۆ مزگەوتی خەتتاب:

لە بەشی ئوسووڵ دینی کولیەکەی خۆماندا، برادەرێکی دهۆکیمان لە تەکا بوو، بە ناوی "مه‌لا زاهید" ئەم مەلا زاهیدە کوڕێکی باش و مولتەزیم بوو، برایەتیمان خۆش بوو، ئەو لە مزگەوتی خەتتاب بوو، لە گەڕەکی ئەعزەمیە، هاتوچۆکردن بۆ ئەو زەحمەت بوو، منیش لە ئەعزەمیەوە بۆ کەرخ هاتوچۆکردنم زۆر زەحمەت بوو، ئیتر له ‌ته‌ك ئەودا ڕێک کەوتین و جێگه‌كانمان گۆڕییه‌وه‌ و ئەوقافیش ڕازی بوو، ئه‌و هاته‌ حه‌بیبى عه‌جه‌مى و منیش ڕۆیشتمه‌ مزگه‌وتى خه‌تتاب، له‌ گه‌ڕه‌كى ئه‌عزه‌میه‌، ئه‌م مزگه‌وته‌ش هه‌رچه‌ند دوور بوو، بەڵام به‌پاسكیل ده‌متوانى هاتوچۆ بكه‌م. به‌ خه‌یاڵى خۆم پێم وا بوو هه‌ندێ پشوو ده‌ده‌م، بەڵام هه‌ر هه‌مووى زه‌حمه‌ت بوو. 

مەلا "حسەین"ی خەتتاب:

مزگەوتی خەتتاب پێشتر مەلایەکی لێ بوو، بە ناوی مەلا حسەین، ماڵەکەیان لە نزیکی ئەم مزگەوتەوە بوو، ئەم پیاوە ئیمامەتەکەی گوێزرابووەوە بۆ مزگەوتی گەورەی ئەعزەمیە، کە مزگەوتەکەی ئیمام ئەبووحەنیفە بوو، دووکانێکی سەوزەفرۆشییشی هەبوو، خوێندەوارییەکی وای نەبوو، بەڵام بەڕاستی دەنگی بۆ ئیمامەت زۆر خۆش بوو، قورئانێکی بەلەزەتی دەخوێند.

ئەم پیاوە ژووری ئیمامی داگیر کردبوو، ئێواران خۆی و کابرایەکی بەڵێندەر لەوێ دادەنیشتن، منیش ژوورێکی تاریکم هەبوو لە پشتەوە.

   بەڵام ئەم پیاوە کوڕێکی زۆر چاک و ڕێکوپێکی هەبوو، بە ناوی سەباح تا دەست هەڵخەیت کوڕێکی چاک، تێگەیشتوو، بەڕێز و بەئەدەب بوو، دوو لاوی تریشیان لە تەکا بوو، بە ناوی یوسف و ئەیاد، ئەمانیش هاوکار و هاوبیری بوون، زۆر سوودم لێ وەر گرتن، بە هاوڕێیەتییان زۆر دڵخۆش بووم، لەدواییدا بۆم دەر کەوت کە لە ڕیزی برایاندان.

هەموو ڕۆژێک لە ماڵی خۆمانەوە، کە لە گەڕەکی سەفینە بووین، لە پەنای ڕووباری دیجلەوە، دەهاتم بۆ مزگەوتی خەتتاب، ماوەکەش دوور بوو، بەپێ نزیکەی نیو سەعاتێکی دەخایاند، منیش پایسکیلێکم کڕیبوو، بە سواریی پایسکیلەکە هاتۆچۆم دەکرد، جبە و مێزەرەکەم لە حوجرەکەی خۆم دانابوو، بە سەری ڕووت و بە چاکەت و پانتۆڵەوە هاتوچۆم دەکرد.

جارێکیان لە نیوەی ڕێدا لەگەڵ پایسکیلێکی ترا لێکمان دا، من ڕاست دەڕۆیشتم، ئەو لە کۆڵانێکەوە زۆر بەتیژی هاتە دەر، یەکسەر دای لە من و کەوتم، بەڵام زۆر خراپ کەوتم و لە هۆش خۆم چووم، ناو بەناو هۆشم دەهاتەوە سەر خۆ، دەمدی خەلكێک گەیشتوونەتە سەرمان، سەیر ئەوە بوو، پەیتا پەیتا داوایان لە من دەکرد: عەفووی بکەم، بێ ئەوەی چاودێریی وەزعی من بکەن، منیش بێتاقەت بووم و گوتم: ئەوە عەفووم کرد.

ئەو جۆرە بەخشینە لە بەردەم بارەگای دنیادا کەتنکەر ڕزگار دەکات، بەڵام لە بارەگای خوادا هەرگیز ڕزگاری نابێت، بە لای کەمەوە با بزانرێت ئەو کەسەی لێی دراوە چی بەسەر دێت! ئەی نابێ ئەوەی لێی دراوە مافی خۆی وەر بگرێ و تاوانکار بە تۆڵەی خۆی بگات؟

من برام بۆ نەخۆشخانە و لەوێ تیمار کرام، چەند ڕۆژێ لە ماڵەوە کەوتم و لایەکی تەواوم بە لاق و باڵ و دەموچاوەوە ڕووشابوو.

نووسراو و وەرگێڕراوەکانم:

هەر لەم مزگەوتەدا کۆمەڵێک شتم نووسی و کۆمەڵێک نووسراوم وەر گێڕا، یەکێ لەو بابەتانەی وەرم گێرا وتارە ئیمانییەکەی مامۆستا جیلبایە بوو "خاوەن باوەڕ لە بۆتەی تاقیکردنەوەدا" بە نووسین ناردمانەوە بۆ کوردستان و لەوێ سەروسەدایەکی خۆی هەبوو، مامۆستا سەلاح – خوا بیپارێزێت – پێی باش بوو بکرێت بە کاسێت و بە دەنگ بڵاو بکرێتەوە، ئێمەش کردمان بە کاسێت و بە دەنگ بڵاومان کردەوە.

ئەم وتارەم چۆن وەر گێڕا؟

لە مزگەوتی خەتتابدا لەگەڵ برایانی خۆمان هەموو جارێ کۆ دەبووینەوە، ئەم برایانە سەردانیان دەکردم: "م. حەسەن شەمێرانی، م. سەید أحمد عبد الوهاب، م. فاروق ڕەسول یەحیا، م. عومەر حسەین هەڵەبجەیی، م. بەهادین أحمد عارف، م. محمدی کەلاری" هەروەها هاتوچۆیشمان لە تەک "م. عمر حسەین سەنگاوی و م محمد ملا عومەر" و چەند برادەرێکی تریشدا هەبوو پەیوەندیمان پتەو بوو.

ئەو سەردەمە هێشتا مامۆستا "فاروق ڕەسووڵ" خۆی دەستی بە نووسین نەکردبوو، جارێکیان هات بۆ لام و گوتی: مامۆستا کاسێتێکم بۆ هێناویت گوێی لێ بگرە زۆر خۆشە، حەز دەکەم بیکەیت بە کوردی، گوتم: ئەگەر منیش بەلامەوە خۆش بوو دەیکەم بەکوردی، کە گوێم لێی گرت لەڕاستیدا وتارێک بوو زاخاوی دڵ و  دەروونی دەدا، خوا پاداشتی بە خێر بداتەوە، بۆی خستبوومە سەر کاغەز و بۆی هێنام و منیش کردم بە کوردی.

هەروەها "سوهەیبی ڕۆمی" و "بیلالی حەبەشی"م وەر گێڕا، "لێبوردەیی پێغەمبەر"م صلی اللە علیە وسلم دانا، "زنجیرەی باوەڕ" و "زنجیرەی ڕۆشنبیریی ئیسلامی" و هەروەها کۆمەڵێ نامیلکەی تریش.

وتارخوێنی مزگەوتی ڕاوی:

هەر وەک لەم مزگەوتەدا ئیمام بووم، لە مزگەوتی (الراوی)یش وتاربێژ بووم، کرێکارە میسرییەکان لە تەک خۆیاندا - بەدزییەوە- کاسێتی عبد الحمید کوشک و گوڤاری (الدعوە)یان دەهێنا، ئێمەش زۆرمان پێ خۆش بوو، لەگەڵ برایانی خۆمانا دەساودەستمان پێ دەکرد و گوێمان لە کاسێتەکان دەگرت و گۆڤارەکانیشمان بەهەڵپەوە دەخوێندەوە.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure