بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو نۆ
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستو نۆ
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/09/05     475 جار بینراوە    


کتێبخوێندنەوە و خەیاڵەکانم:

لە تەمەنی منداڵێمدا بە خەیاڵ، لە هەرپێنچ پارچەکەی کوردستاندا، دەوڵەتی کوردستانم دروست دەکرد، بەو چوار پارچەی کە دیارە و ئەو پارچەیەشی، کە ستالینی نەفرەتی لەناوی برد، خەڵکەکەی تەفروتوونا کرد، بەتایبەت ئێمە لە دوکانی باوکمدا نیوەی دوکانەکەمان عەتار-ی بوو، نیوەکەی تریشی کتێبفرۆشی بوو، زیاتر حەزم لە بابەتە مێژووییەکان بوو، دەمخوێندەوە، لەو تەمەنە منداڵییەدا زۆر حەزم دەکرد کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند ببێت، نووسینی کوردی و بابەتە کوردییەکان زۆر ببن، ڕۆشنبیریی کوردی پەرە بسێنێت، بەشی زۆری شۆڕشەکانی کوردم خوێندبووەوە، پاش ئەوە کە باوکیشم شەهید بوو – بەڕەحمەت بێت – مامۆستاکان کە دەهاتنە دوکان بۆ لام، هانم دەدان بۆ ئەوەی بەکوردی بنووسن، جارێکیان مامۆستا "مەلا موحەممەدی هەرگێنە" – بەڕەحمەت بێت- بۆی گێرامەوە و گوتی: کاک حەسەن! بە هۆی تەشویق و تەشجیعی تۆوە بوو، من کتێبی "تاج الأصولم" وەر گێڕا بۆ کوردی!

نووسینەکانم:

خۆیشم هەر کتێبێکی کوردی دەر بچووایە دەمکڕی، بۆ نموونە: مامۆستا "شاکیر فەتاح" کۆمەڵێک نامیلکەی بڵاو کردەوە لە کۆتایی شەستەکاندا بەشی زۆریم کڕیبوو، ڕۆژێکیان بە بەردەم کتێبخانەی پرشنگدا تێپەڕیم، کە لام کردەوە کتێبخانە بوو، بەشێک لە کتێبەکانی مامۆستا شاکیری تیا هەڵواسرابوو، ڕۆیشتم و لەبەر جامخانەکەدا وەستام و سەرنجم دەدان، ئاگام لێ نەبوو، کە مامۆستا هاتووەتە پێشەوە و ئەویش سەرنجی من دەدات!

چۆنوچاکی لەگەڵدا کردم، گوتی: دیتم سەرنجی ئەو نامیلکانەت دەدا، نووسەرەکەیان دەناسی؟ گوتم: وەک ناسینی شەخسی نایناسم بەڵام نووسینەکانیم پێ خۆشە! و بەشی زۆریانم کڕیوە و ئێستاش سەرنجم دان بزانم کامیانم نییە تا بیکڕم.

ئەویش خۆی پێ ناساندم و گوتی: من شاکیر فەتاحم.. منیش خۆشحاڵیم بە ناسینی دەر بڕی و فەرمووی لێ کردم و هەندێک پێکەوە دانیشتین.

سوودم لە ئەزموونەکەی وەر گرت:

پاش ماوەیەک قسەکردن گوتم: مامۆستا من پرسیارێکم بۆ دروست بووە، لە بارەی ئەم نامیلکانەی بەڕێزتانەوە.

گوتی: فەرموو..

گوتم: زۆر زوو لەدوای یەک دەکەونە بازاڕەوە، ئایا بەڕێزتان چۆن وا بەزوویی بۆتان دەکرێت وەری بگێڕن و لە چاپی بدەن و بیخەنە بازاڕەوە؟

گوتی: کاک حەسەن! ئەمانە کاری ئێستام نین، زووتر ئەنجامم داون، ئامادەم کردوون، بەڵام لەبەر هۆیەک لە هۆکان ئەو سەردەمە نەمتوانیوە لە چاپیان بدەم، ئەمە کە نەمتوانیوە لە چاپیان بدەم، لە نووسین و وەرگێڕان سست و ساردی نەکردوومەتەوە، گوتوومە من ئێستا کاتم هەیە دەیاننووسم، ڕۆژێکیش توانام بوو لە چاپیان دەدەم، وا ئێستا ئەو ڕۆژە هاتووە.

زۆر دڵم بە تەجروبەکەی خۆش بوو، بۆیە دەستخۆشیم لێ کرد و بۆ نووسینەکانی خۆیشم سوودم لێ وەر گرت.

لە سەنگەسەر زۆر شتم نووسیبوو، لە مێشکی خۆمدا نەخشەی داڕشتنی ئێستا دڵنیام کێشابوو، بەڵام دەرسگوتنەوە و سەرقاڵی، بواری نەدەدام جێبەجێی بکەم، تا لە کاتی لاقشکانەکەمدا دەستم بە پاکنووسیی کرد، کۆمەڵێک لە چیرۆکە پەروەردەییە کانمان پاکنووس کرد و لە چاپمان دا، سوپاس بۆ خودا.

کاکی زێڕینگەر

کاکی زێڕینگەر کێ بوو؟

لەو کاتی لاقشکانەمدا خەڵکێکی زۆر بۆ هاوسۆزیم سەردانیان دەکردم و دڵنەواییان دەکردم، منیش ئەو کتێبانەی کە دەمخوێندەوە بەدەمی بۆ ئەوانم باس دەکرد، عەوداڵی ڕاستەقینەم تازە تەرجومە کردبوو ناو بەناو بۆ میوانەکانم باس دەکرد، حاجی موحممەدی حاجی نەجیب، خوا پاداشتی خێری بداتەوە، یەکێک بوو لەو برادەرانەی موحیببەتی زۆری دەنواند، کە منیش باسەکم بۆ کردن و زۆریان پێ خۆش بوو، کاک موحەممەد گوتی: ئەی مامۆستا بۆ لە چاپی نادەیت؟

گوتم: کاک محمد من ئەوە وەزعەکەمە و چاپیش سەرمایەیەکی دەوێت!

زۆر مەردانە گوتی: من ئامادەم پارەی چاپەکەی بدەم و کاتێ فرۆشرا پێم بدەنەوە!

گوتم: وەڵڵا ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە و دوعای خێرت بۆ دەکەین. ئەو مەبلەغەی پێویست بوو بۆ لەچاپدانی پێی داین و ئێمەش ناردمان بۆ بەغدا، لەو کاتەدا دکتۆر سەید ئەحمەد لە بەغداد بوو، ئەرکی سەرپەرشتیی لەچاپدانی گرتە ئەستۆ، لە پشتی کتێبەکەوە سوپاسی مامۆستا "سەید ئەحمەد"مان کرد کە هە‌ڵەگیریی کردووە و سەرپەرشتیی لەچاپدانی کردووە، سوپاسی کاکی زێڕینگەریشمان کرد کە ئەرکی لەچاپدانی گرتە ئەستۆ و نەیویست ناوی ببەین. خودا بە فیردەوسی باڵا پاداشتیان بداتەوە.

لە هەربەرهەمێک سێ هەزار دانەمان لێ چاپ دەکرد، لە ماوەی سێ مانگدا تەواو دەبوو، زوو دەفرۆشرا. چونکە بە نرخی تێچوو دەمانفرۆشتەوە، تەنیا لە سەدا بیستی کتێبخانەکانمان دەخستە سەر کە بۆیان دەفرۆشتین، موراعاتی گیرفانی خوێنەرەکانمان دەکرد. سوپاس بۆ خودا توانیمان بەو پارەیە چەند کتێبێک چاپ بکەین، پاشان پارەکەمان دایەوە و خوا نموونەیان زۆر بکات.

ئەڵبەتە هەر ئەم کاک موحەممەدە پیاوەتییەکی تری لە تەکما کرد، (کارگەی هێلم) کە لە جێی خۆیدا باسی دەکەم، خودا بە فیردەوس پاداشتی بداتەوە.

شێخ سدیقی شارباژێڕی:

یەکێکی تر لەو گەورەپیاوانەی یارمەتیداین بۆ چاپکردنی بەرهەمەکان خێرەومەندێکی تر بوو، بە ناوی: کاک شێخ صدیق.

لە ساڵی هەشتا و چواردا پاش دووساڵ لە ڕانوردبوونەکەم هێشتا هەر لەسەر جێگە و لە ماڵەوە کەوتبووم، لە ساڵی ١٩٨٤دا ویستمان"ئێستا دڵنیام" لە چاپ بدەین، قەوارەکەی قەوارەی کتێب بوو، نەک نامیلکە ئەو کاتەش پارە کەم بوو، خوایە چۆن پارەی بۆ پەیدا بکەین؟

مامۆستا "جەمالی شارباژێڕی" – خوا پاداشتی خێری بداتەوە - گوتی: من چەند دەوڵەمەندێکی خێرخواز و خێرەومەند دەناسم، پێیان دەڵێم، بەڵکوو بەقەرز بماندەنێ!! پاش ماوەیەک هاتەوە و گوتی: کاک "شێخ صدیق" ئامادەیە، دووهەزار دینارت بداتێ بە قەرز، تا کتێبەکە دەفرۆشرێت، کە فرۆشرا پارەکەی بدەینەوە، ئێمەش لەگەڵ سوپاسێکی زۆردا، گەلێ دوعای خێریشمان بۆ کرد.

کاتێ کتێبەکە کەوتە بازاڕەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سێ هەزاری لێ فرۆشرا، ویستمان پارەکە بنێرینەوە بۆ کاک "شێخ صدیق" و بەم جۆرە نامەیەکم بۆ نووسی:

برای بەڕێزم کاک شێخ صدیق پێشکەش:

سەرەتا جوانترین سڵاوت ئاڕاستە دەکەم جوانترین سڵاویش سڵاوی خودایە: السلام علیکم ورحمة اللە.

برای بەڕێز! سوپاس بۆ ئەو خوایەی کە ئیسلامی بۆ ناردین و دڵی هەزارەها و ملیۆنەها نەدیوی پێکەوە بەستووە، بە هۆی ئەو ئیسلامەوە خۆشەویستیی تۆی لە دڵمانا جێگیر کردووە، ئەو ئیسلامەی کە بووە هۆی ئەوە: تۆ دوو هەزار دینار بۆ من بنێری بێ ئەوەی بمناسی و خزمایەتی و ناسراوی و پەیوەندییەکی ڕابردوو لە نێوانماندا هەبێت، لەبەر هەموو ئەمانە پڕ بەدڵ سوپاست دەکەم و لە پەروەردگاری مەزن دەپاڕێمەوە: تەمەندرێژ و لەشساغ و بێوەی و عاقیبەتخێرت بکات، بە گەورەیی خۆی پاداشتت بداتەوە، براگیان کتێبەکە چاپ کرا، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا نزیکەی سێ هەزار و شتێکی لێ فرۆشرا، ئەمەش لوتفی خودایە.

بۆ گێڕانەوەی پارەکەش بەم زوانە دەگاتەوە دەستت لەگەڵ کۆڵێک سوپاس و دوعای خێردا.

ئەوەش بزانە دوو کتێبی ترمان لەژێر چاپدایە، بە ناوی: ١- گوڵێکی ژاکاو. ٢- دوا بڕیارم. ئەگەر حەزتان کرد لە خێری نەبڕاوەی ئەمانیشدا هاوبەش بن، بە مامۆستا جەماڵدا ئاگادارمان بکەنەوە، تا پارە لە کەسی تر وەر نەگرین.

ئیتر هیوام خۆشی و بەختەوەری و سەرکەوتنتە لە دنیا و قیامەتدا. وا بەرگێک لە کتێبەکەم بۆ ناردیت، تا یادگاری بێت لە لات.

برات حەسەن پێنجوێنی

١٧/٠٨/ ١٩٨٤

ئەم دوو وێنەیەی سەرەوەم بۆیە خستە پێش چاو، تا هەڵوێستی جوامێرانەیان وەک وەسیقەیەکی زیندوو لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار بکەین، بە نەوەکانمان بڵێین: ئەوانە نموونەی پەیامدارانی ڕەسەن و ئیماندارانی دڵسۆز و خاوەن هەڵوێستی گەش و پرشنگداری  نەتەوەکەمان بوون. خوا وێنەیان زۆر بکات.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure